ئارپاک سەرگەتی: ناکۆکیەکانی سووریا و داهاتووی ئەو وڵاتە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قسەکانی ئەمڕۆی ئەردۆغان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە مەبەستی گرووپە چەکدارەکان، داڕمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە. بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنجە، داهاتووی ئەم وڵاتەیە کە زۆر ناڕوون و ئاڵۆزە و هەموو دەسەڵاتدارانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە بۆسەدان بۆ ئەوەی کە زۆرترین سوود و قازانج لەم گۆڕانکاریانە وه‌رگرن.

ڵەرووی ناوخۆییەوە؛
هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژ بە ئەسەد زۆرن و هەرکام لەوانە خاوەن ئایدیۆلۆژیای جیاواز و دژ بەیەکن، هەرچەن محمد جولانی لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ کەنالی ئەمریکی باسی لە حکومەتی فراوان و جەماوەری کرد بەڵام دوور نیە دوای کەوتنی ئەسەد هەرکام لەم گرووپانە بۆ سەروەری خۆی، هەوڵی سڕینەوە ئەویتر بدات.
سوپای سووریای دیمۆکرات کە بە هاوپەیمانی ئەمریکا دادەنرێت لە ئێستادا لە جووڵەدان دژ بە ئەسەد و باشترین بژاردەن بۆ کۆنترۆڵ کردنی داعش لەم کاتەدا، بەڵام ئایا تورکیا کاردانەوەی چۆن دەبێت بەرانبەر بە ئەوان؟ ئایا دوای دامەزراندنی سوپای نوێی سووریا و کۆتایی هاتنی داعش ئەمریکا وەکوو پێش پشتیوانی ئەم گرووپە دەکات؟ ئایا تورکیا رازی دەبێت به‌هەرێمێکی سەربەخۆی کوردی لە سووریا؟

لەڕووی ناوچەییه‌وه‌؛
بە کەوتنی ئەسەد پێدەچێت بەخێرایی ئیسرائیل بە بیانووی بوونی گرووپە جیهادیەکان باشووری سووریا داگیر بکات و بەم کارە تا ڕادەیەک لە خولیای ئیسرائیلی گەورە نزیک ببنەوە.
بەرەی خۆڕاگری گەر کاردانەوەیەکی نەبێت بە تەواوی لاواز دەبن و ئەو هێڵە کە ناسراوە بە هێڵی بەڕەی خۆڕاگری و لە ئێرانە بە تێپەڕبوونی بە عێراق و سووریادا دەگەشتە لوبنان لە ناو دەچێت.، پێم وانیە ئەم بەرەیە بە ئاسانی و لە ترسی کاردانەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئەو ڕادەیە بێ دەنگ بن، مەگەر ئەوەی ئێران لەم ڕۆژانە خەرێکی درووست کردنی چەکی ئەتۆم بێت.
تورکیا چاوەڕوان دەکات زۆرترین بەرژەوەندی هەبێت لە داهاتووی سووریادا. بەدڵنیایێەوە کوردانی خۆرئاوا لە داهاتوودا دەبێت خۆیان بۆ هەڕەشەکانی تورکیا و پێکدادانەکانیان لەگەڵ گرووپی تحریرشام ئامادە کەن.

لەڕووی نێودەوڵەتییەوە؛
ڕووسیا لە جەنگی درێژخایەنی لەگەڵ ئۆکرانیا تەواو هیلاکە و وەکوو جەنگی یەکەمی سووریا توانایی ئەوەی نیە پشتیوانی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد بکات. بۆیە لە داهاتووی ئەم وڵاتە ناتوانێ ڕۆڵێکی ئەوتۆی هەبێت. بەکەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد ئەمریکا و ئیسرائیل زۆرترین قازانجی لێدەکەن. یەکەم، بە ئاسانی زنجیری بەڕەی خۆڕاگری دەپچرێت و تواناکانی ئێران لە ناوچە کۆتایی پێدێت.
دووەم کەوتنی ئەسەد شکستێکی گەوڕەی سەربازی و لۆجێستیکییە بۆ رووسیا و جارێکی دیکە ئەمریکا دیسەلمێنێت کە تاکە ئەکتەری کایەی سیاسی لە جیهاندا خۆیەتی وتەواو. هەروەها زمینەی گۆڕینی نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە ئاراوە….
ئەمانە هەمووی گریمانەیە و داهاتوو هەموو ڕووداوەکان دیاری دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت