زاهیر باهیر: قەیرانی حکومەتەکانی ئەوروپا.
حکومەتەکانی ئەوروپا هەر لە ئەڵمانیاوە تاکو فەرەنسا، بریتانیا، پۆڵۆنیا، هەنگاریا زۆری تریشیان لە قەیرانێکی سیاسی گەورەدا دەژین و ڕەنگیشی لەسەر بارودۆخی ئابووریشیان داوەتەوە، هەندێکیشیان قەیرانە ئابوورییەکە قەیرانی سیاسیشی بۆ دروست کردوون.
بەڕای من هەردوو قەیرانەکە، هەردوو پرسەکە واتە پرسی سیاسی و پرسی ئابووری تەواوکەری یەکدین و ئەمیان بەویانەوە بەستراوەتەوە و هیچ کام لەم دوو قەیرانە بێ ئەوی دیکەیان زەحمەتە بوونی هەبێت.
دەتوانم بڵێم لەم جارەدا قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خولقاندوە. بە قسەی من لەسەر قەیرانی ئابووریی تەواوی سیستەمەکە نییە، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابووریەیە کە لەسەر هاووڵاتیان و دانیشتوانیانەو باجەکەی دەدەن، لە کاتێکدا حکومەت یاخود حکومەتی جێگرەوە وەکو خۆی دەمێنتەوە کە دەکرێت کورد وتەنی بڵێین بۆ هاووڵاتیان هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت.
چۆن قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خوڵقاندوە؟
جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا لەلایەن ناتۆ و تەواوی وڵاتانی ئەوروپای سەر بە بلۆکی سەرمایەداری غەربی هەروەها زۆرێکیش لە ئابووریناسان و ڕۆشنبیرانی ڕؤژئاوا و کوردیش وا پێشبینییان دەکرد کە لە ماوەیەکی کەمدا ڕوسیا تێدەشکێ و مونافیسەکانی و دوژمنەکانی هەر لەو ماوە کەمەدا ئەوەی کەی دەیانخواست بەدەستیدەهێنن و ئەو کاتەش دەکەونە دابەشکردنی غەنیمەکە. بەڵام جەرەیانی ڕووداوەکان تەواو تەواو پێچەوانەی خواستی ئەوان کەوتەوە تا ئەو رادەیەی کە لە هەفتەی پێشوودا زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڕاگەیاندنێکیدا، کە پێدەچێت ئەوە حەلی دۆناڵد ترامپ بێت، دەریبڕی کە ئامادەیە بە کردنی گەورەترین سازش، ئەویش دەستبەردار بوونی بەشێك لە خاکی ئۆکرانیایە بۆ ڕوسیا بە شێوەیەکی کاتیی. سەبارەت بە بەشە داگیرکراوەکانی تری لە ئایندەدا لە ڕێگەی دیالۆگ و چالاکی دیبلۆماسیانەوە دەستیان دەکەوێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی کە لە ئێستادا ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا قەبوڵ بکرێت.
درێژەدانی ئەم جەنگە نەك هەر درزێکی گەورەی خستە ناو دەوڵەتانی ئەوروپا و کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستاشی دروست کرد کە بووە هۆی دەرکردنی وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە لایەن چانسڵەی ئەڵمانیاوە، ئێستاش متمانە سەندنەوە لە میشێڵ بارنیەر (Michel Barnier ) سەرەک وەزیرانی فەرەنسا کە بە 331 دەنگ توانرا ناچاری دەست لە کار کێشانەوەی بکەن. ئەمەش دووەم جارە لە ساڵی 1962وە لە فەرەنسەدا ڕوودەدات لە دوای متمانە سەندنەوە لە حکومەتەکەی جۆرجس کۆمپیدۆ .
چۆن قەیرانە ئابورییەکەی فەرەنسا لەسەر دەستی قەیرانە سیاسسیەکەیدا ڕویدا و بۆچی قەیرانی ئابوورییە؟
دوای ئەوەی بە بڕیاری ئیمانوێڵ ماکرۆن هەڵبژاردنیێکی کتوپڕ لە حوزەیران دا کرا تاکو چی تر بیانویەك لە حوکمڕانییەکەیدا بۆ متمانە پێکردنی لە لایەن فەرەنسییەکان و بەرە و لایەنەکانی دیکەوە نەمێنێتەوە، لەو هەڵبژاردنەدا هیچ حیزب و لایەنێك ئەوەندە دەنگیان نەهێنا تاکو حکومەت پێكبهێنن. دواتر هەرچۆن بوو میشێڵ بارنیەر کرا بە سەرۆك وەزیران. ئەمە لە کاتێکدا کە ئابوری وڵات بەرەو خراپتر دەڕۆیشت و دەبێت چارەسەرێك بکرێت.
بێ گومان چارەسەر لە لای حکومەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ بۆ پڕ کردنەوەی بوجە و نەکردنی قەرزی دیکە تەنها دوو تا سێ چارەسەرە: زیادکردنی باج، کەمکردنەوەی مەسروفات لە خزمەتگوزارییەکانی وەکو بەشی تەندروستی و خوێندن و پارکەکان، بەشی هاتوچۆ و بەشی خانوو بەرە و دەستە و دایەرەکانی دەوڵەتیی، هەروەها کەمکردنەوەی یاخود بڕینی بیمەکان. هەر هەموو ئەمانەش لەسەر کرێکاران و هەژاران و خەڵکە ئاساییەکە دەکەوێت نەك دەوڵەمەندەکان و چینی باڵادەست.
لەم بارەدا میشێڵ بارنیەر بۆ پڕکەکردنەوەی 60 ملیار یورۆ، بە پشتی بڕگەی 49.3 لە دەستوری فەرەنسەدا دەتوانێت ئەوانەی سەرەوە بکات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان. هاوکاتیش دەستور ماف دەدات بە پەڕلەمان کە ئەگەر ڕازی نەبوون ئەوە دەتوانن متمانە لە سەرەکوەزیران و حکومەتەکەی بسەننەوە. ئەم بڕیارەی سەرەك وەزیران و کاردانەوەی پەڕلەمان بووە هۆی دەستکێشانەوەی خۆی و حەلبوونی حکومەتەکەی.
زۆرێك لە ئابووریناسان و سیاسییەکان قسەیان لەسەر ئەوە کردوە کە لە ئەمساڵدا فەرەنسا سەقامگیر نەبووە. ئێستاش دەڵێن ماوەیەکی دیکەی دەوێت تاکو ئەو سەقامگیرییە خۆی دەسەپێنێت.
باری ئابووری بریتانیا لە فەرەنسە باشتر نییە و ئەمانیش وەکو پێشتر باسم کردوە کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی کە لە موچەدا هەبوو کاتێک کە حیزبی کرێکاران هاتە سەر حوکم هاتن چەند ڕیفۆرمێکیان کرد و بە تەماشن لە ساڵی ئایندەدا زیاتر بکەن. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژی و نزیکەی 11 ملیۆن کەسیش هەر لە هەژاریدا دەژین کە زۆرێکیان ئییشیش دەکەن، خزمەتگوزارییەکان لە کەمبوونەوەدان و نرخی وزە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 9 سەرکەوتووە. هەڵئاوسانی پارە دابەزی بەڵام لە مانگی ڕابوردووەوە سەرکەوتەوە ، ڕێژی سوو تا ئێستاش هەر زۆر بەرزە کە کارایی خۆی لەسەر وەبەرهێنان و هەژراکردنی زیاتری خەڵك لە دانەوەی سلفەی عەقار و بەرزبوونەوەی کرێ و قەرزی سەیارە و پێویستی ماڵ داناوە. بەڵام لەبەر ئەوە حیزبی حوکمڕان هێشتا لە مانگی هەنگوینیدایە زۆر کەمتر میدیا و نقابە لێی دەخوێنن. هاوکاتیش حکومەت خۆی پابەندی هاوکاری دارایی ئۆکرانیا بە بڕی 3 ملیار پاوەندساڵانە تا ساڵی 2030 کرد.
بار و دۆخی ئابووری پۆلۆنیاش لەمانی دیکە باشتر نییە ئەمە جگە ناڕەزایەتی خەڵکەکەی بە هۆی ئەوەوە. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی مافی ژنان لە دەرهێنانی کۆرپەلەدا گرفتێکی سیاسی گەورەیە بۆ دەسەڵات. هەنگاریا، گەر چی ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی دڵی بۆ روسیا دەسوتێ و نزیکە لە ڕوسیاوە ئەمەش سەریەشەیەکی دیکەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا.
ئەم بارودۆخە ئابوری و سیاسییە لە ئەوروپادا لەوە ناکات کە بەرە و باشی بڕوات بە هاتنی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ کە لە شەڕی باج و مامەڵەی بازرگانییدایە لە گەڵ تەواوی ئەورپا و چین و کەنەدا و مەکسیکۆ و هەروەها وڵاتانی بریکس(BRICS ) کە 38 کە وڵاتگەرلێکی زۆرن. ترامپ بڕیارە لە یەکەم ڕۆژی حوکمکردنیا لە سەدا 25 گومرگ لەسەر مامەڵەی بازرگانی لەسەر مەکسیکۆ و کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپی دابنێت و لەسەر چین بە لە سەدا 10 زیاتر و لەسەر وڵاتانی بریکس لە سەدا 100 تاکو دراوی بریکس جێ بە دۆلار شلۆق نەکات. هەموو ئەمانە هێمای خراپتربوونی ئابووری ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەیە.
لە لایەکی دیکەوە بوونی شەڕی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان و ئێران و ئێستاش کە ئەم بارودۆخە تازەیە لە سوریا خولقاوە و لەوە دەکات کە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تێوە بگلێ، ئابووری چەند وڵاتێك تا ڕادەیەك بەرەو داڕمان دەبات و هێشتاش نازانین چی دەبێت.
هەموو ئەمانە قەیرانە ئابوورییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپی و هەندێك لە وڵاتانی دیکە قوڵتر دەکاتەوە، ئەم قەیرانەش ئەم حکومەتانە بەرەو قەیرانی سیاسی گەورە دەبات.