دلێر محەمەد نوری: دەسەڵاتی ڕیش لە کابولەوە بۆ دیمەشق.
ڕووداوەکانی ئەم دوواییەی سوریا هێندە خێرا و کت و پڕ بوون، هەتا نووسیم داهاتووی ڕژێمی ئەسەد بەرەوکوێ؟ حەلەب گیرا! پڕم دایە پێنووسەکەم باس لە گرنگی حەلەب بکەم بۆ کەوتنی دیمەشق، حەسەکەش گیرا! فریا نەکەوتم باسی شەڕی مان و نەمانی دیمەشق بکەم، ئەسەد هەڵهات و دیمەشق بە بێ تەقەکردن کەوت! ئەمەش وای کردووە کە پێشبینی سیاسی بۆ ڕووداوەکانی دوای کەوتنی دیمەشق بە دەگمەن چوون یەک یان نزیک لە پێکان بکەوێتەوە. بەڵام لە گەڵ ئەوانەی سەرەوەشدا، لە کۆی ئەو ڕووداوانەی ئەم دوواییەدا، هەندێ ئاماژە هەن کە بتوانین بە هەند وەریان بگرین بۆ پێشبینی داهاتووی سیاسی و ئیداری دیمەشق.
گەر بیرمان نەچووبێتەوە، لە دوای جێهێشتنی ئەفغانستان لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ بزوتنەوەی تاڵیبان. لە سەرەتای ساڵی 2022دا، نوێنەرانی تاڵیبان بانگهێشتی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کران. تاوەکو گفت و گۆ لە گەڵ چالاکوان و نوێنەرانی لۆبی ئەفغانی لە وڵاتی نەرویجدا بکەن. ئەمەش بۆ داهاتووی پرینسیپەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە ئەفغانستاندا.
ئەودەم نوێنەرانی تاڵیبان لە دەرفەتی داناپیانان دەگەڕان و خۆیان لە مەسەلەی ئازادی و مافە تاکەکەسی و مافەکانی ژنان ئەدزییەوە. هەر لەو دانیشتنانەشدا سووکە بەڵینی دابینکردنی ئەو مافانەیان دەدا، لە وێنەی ڕێگەدان بە ژنان بۆ چوونە قوتابخانە و زانکۆ.
ئەو دەم لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاخۆ بۆچی تاڵیبان بانگهێشتی ئۆسلۆ کراوە؟ وەزیری دەرەوەی نەرویج ئانیکن هیوت فێڵد وتی: ئەفغانستان ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بووەتەوە و داهاتووی ژنانیش لە مەترسیدایە. هەر بۆیە ڕاستەوخۆ لە گەڵ تاڵیبان قسە دەکەین و بەشداری لە گفت و گۆی نێوان تاڵیبان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤی ئەفغانستان دەکەین. بەڵام تاڵیبان نەک دۆخی مافی مرۆڤ و دۆخی ژنانی باشتر نەکرد بگرە هەر ئەوەی کرد کە بە پێوانەی ڕیشی خۆی بە ڕەوای بینی.
ئەمڕۆ دۆخی ژنان لە ئەفغانستان لە هەڕەتی خراپیدایە. ڕۆژانە دەیان یاسا و ڕێسای سەیر و سەمەرە دەبیستین کە دەرهەق بە ژنان دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە کە مەگەر هەر لە هەسارەی ئەفغانستان هەبن. چونکە ئەو یاسایانە بە ڕیش پێوانە کراوە نەک بە عەقڵ.
تاڵیبان هەر تاڵیبانەکەی دوێنی و پێرێی خۆی دەرچووە بگرە خراپتریش. ئەوەی تەنها لە دوای هاتنی تاڵیبان گۆڕا، نەمانی تەقینەوە و کردەوەی تیرۆریستی بووە. چونکە ئەوانەش هەموو کردەوەی خۆیان بوو. هەر بۆیە هەتا تاڵیبان بە ڕیشەوە ببینینی، دۆخی ژن و دۆخی ئازادی و مافی مرۆڤ لەوە باشتر نابن. تاڵیبانێک بە ڕیشەوە لە دایک بووبێ ناتوانی وەکو جەنتڵمان لە پێدانی مافەکانی مرۆڤ و ژناندا هەست نەرم بێت.
ئەمڕۆ هەمان ڕووداوی تاڵیبان لە کابوڵ بەڵام ئەمجارە لە دیمەشق و بە جۆرێکی دیکە دووبارە ئەبێتەوە. هێزگەلێک بە سەرکردایەتی ئەبو محەمەدی جولانی، دەسەڵات ئەگرنە دەست کە خودی سەرۆکەکەیان، لە دامێنی قاعیدەوە لە دایک بووە، لە باوشی داعش پێی گرتووە و لە ماڵی ئەردۆغان چاوی کردۆتەوە، تۆ بڵێی ئەمە لە شەو و ڕۆژێکدا لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا سێکولارتربێ؟
هەر ئەمڕۆ کۆمەڵێک بڕیاری مرۆڤ دۆستانە و ژنان پارێزی لە سەر کاغەز دەرکرد، کە گوومان دەکرێ تا سەر بن و لە سەر زەوی ڕەنگ بدەنەوە.
باوەڕ مەگەر هیچ کەسێک کەوتنی دکتاتۆرێکی وەکو بەشار ئەسەدی پێ ناخۆش بێ، بەڵام ئەوەی من لێی ئەترسم هەمان ترسی شێرکۆ بێکەسی شاعیرە لە شیعری “ترسان” لە دیوانی “خێراکە مردن خەریکە بگات”دا، کە زۆر دوربین باس لە سەردەمی دوای ئەسەدی، بە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا کردووە، کە لە خوارەوە ئەو تێکستە دەنووسم، کاتێ دەڵێت:
ترسان
تۆ
ئەشێ شەوی سوریا
بکوژیت و
دەست بەریت و
لە هەناوی ڕەشی ئەوا
خۆر دەربێنی و خۆر هەڵبێنی،
بەڵام ئەوەی
کە شیعری من لێی ئەترسێ
ڕیشی درێژت و
ئایینی ئەو پەڕ گیرت
وا کوێرت کا
لە بەر ڕۆشنایی خۆریشا
جگە لە ڕیشەکەی خۆت و
حەفتا حۆرییەکەی خەیاڵت
ئیتر هیچی تر نەبینیت.
میسرییەکان ئەڵێن ئەو هەواڵەی ئەمڕۆ بە پارەیە، سبەی بە خۆڕاییە. گەر ئارام بگرین، سبەی دەریدەخات کە داعشی دوێنی ناتوانێ لە شەو و ڕۆژێکدا ببێ بە عەلمانی و مافی تەنوورەی کورت لە پێکردن بپارێزێت.