ريبوار ياسين فتاح: پارتي و يه كيتي، قەیرانی موچەو کاریگەری لە سەر شیرازەی کۆمەڵگەو دروست كردوو!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
نەبوون و لێبڕینی مووچە بۆ ئێستای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆتە خەمێکی گەورە و کاریگەری خراپی لەسەر شیرازەی کۆمەڵایەتی و باری دەروونی تاک دروست کردووە،چونکە ئەم بابەتە بۆتە دیاردەیەکی ترسناک و زیاتر لە دە ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە، ئەم سیاسەتە بە تایبەتی بارتي ويه كيتي لە دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2014 ەوە ئابووری سەربەخۆی ڕاگەیاند سەری هەڵداو لە دوای ئەوەش لە ساڵی 2015 ئیتر لێبڕین و پاشەکەوتکردنی مووچە دەستی پێکرد، ئەو مووچەیەش کە هەتا ئێستا پاشەکەوت کراوە بڕەکەی دەگاتە 26 ترلیۆن دینار، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەر لە کاتی ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆوە دامەزراندن بە شێوەی فەرمی وەستاوە، لە ئێستادا نزیکەی 700 هەزار گەنجی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان هەن کە بێکارن و کەمێکیان بە کرێکیەکی کەم لە مارکێت و شوێنە تایبەتەکان کار دەکەن ، بەشێکیان ڕێگەی مەرگیان هەڵبژاردووە و بەرەو هەندەران کەوتوونە تەڕێ و لەو ڕێگەیەشدا هەزاران کەسیان خنکاون یان مرد وو بێ سەر و شوێن بوون.
نەبوون و لێبڕینی مووچە و فراوانبوونی ڕێژەی بێکاری گەنجان، بوەتە هۆی ئەوەی کە فەرمانبەران و گەنجان هەست بە ئارامی نەکەن بۆ داهاتووی خۆیان و نەوەکانیان ،ئەو فەرمانبەرەی کە مانگانە مووچەکەی وەرناگرێت، ناتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دابین بکات، ناتوانێت هیچ پلانێک بۆ ئایندەی خۆی و خێزانەکەی و نەوەکانی دابنێ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ڕووی دەروونییەوە بکەوێتە دۆخێکی نەخوازراو لە ڕەشبینی و دڵەڕاوکێ و تووڕەیی و نائارامی،. لەبەر ئەوەش کە لە ئێستادا زیاتر لە 1.250.000 فەرمانبەر هەیە و دابەش بوون بە سەر هەموو فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمدا، کەواتە لە ئەم ڕێگەیەوە گرفتەکە هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لە ڕاستیدا، فەرمانبەران چینە هۆشیارەکەی کۆمەڵگەن، کەواتە زۆر بە ڕوونی کاریگەری لەسەر کۆی کۆمەڵگە دەبێت. بە پێی تیۆری ماسلۆ ، مرۆڤ کۆمەڵێک پێداویستی بنەڕەتی و سەرەتایی هەیە، ئەرک و بەرپرسیاریەتی حکوومەتە کە ئەو پێداویستیانەی بۆ دابین بکات،کە ئەوانیش پێداویستی خواردن و خواردنەوە و سێکس و نیشتەجێبوونن، پاشان دەبێت ئارامی بۆ دابین بکات لە بواری سایکۆلۆژی و ئابووری و سیاسی،کە ئەمانەشی بۆ دابینکرا، دەبێت ڕێگەی بۆ خۆش بکرێت بۆ وەگەڕخستنی تواناکانی و هێنانەدی هیواکانی لە هەر بوارێکدا کە دەیەوێ، بەڵام حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان هەر خۆیان هۆکارن بۆ ئەوەی ڕێگە بگرن لەوەی کەداویستییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان دا بین بکات. دیارترین پلانیشیان نەدانی مووچەیە لە کاتی خۆیدا و زۆر جاریش بە نەدان و لێبڕین و چەندان شێوازی تر پلانی حکوومەتی هەرێم ئەوەیە کە هاوڵاتییان بخاتە دۆخێکی ناهەمواری دەروونی ،لەم ڕێگەیەوە پلانێکی کۆنی ئیمپریالیزمی پیادە دەکەن کە دەڵێت،سەگەکەت برسی بکە شوێنت دەکەوێت،کە ئەویش لە ڕێگەی هەژارکردنی فەرمانبەرانەوەیە، بەمەش بازاڕیش تووشی دۆخێکی شکست و کەوتن بوە، واتە تەواوی کۆمەڵگە دەخاتە دۆخێکی خراپ،کە ئەوەش ڕێگە دەگرێت لە گەشەپێدان و پێشکەوتنی کۆمەڵگە.
نەدانی موچە کاریگەریە سلبیەکانی دەچێتە نێو خێزان و سایکۆلۆژیای مناڵ و گەنج و ژن و هەموو چین و توێژەکان، واتە بەپلان زۆرینەی کۆمەڵگە دەخەنە نێو دۆخێکی هەژاری ،سەرچاوە سەرەکییەکەشی دابەشنەکردنی مووچەیە بە تەواوی لە کاتی خۆیدا، بەمەش ڕۆڵی باوک و دایک لە خێزاندا لاواز دەبێت و مناڵەکان وەک پێویست گوێیان بۆ ناگرن و لە لایەکی تریش هۆکارە بۆ لێکترازانی خێزانەکان بە جیابوونەوە و لادانی گەنجان و ڕووکردنە مادە هۆشبەرەکان یان پەنابردن بۆ توندوتیژی و زۆر جاریش هۆکارە بۆ گەشەکردنی گرووپە توندڕەوەکان .کاتێک فەرمانبەر لە کاتی خۆیدا مووچە وەرناگرێت و بەم هۆیەوە بایکۆت دەست پێ دەکات و دڵسۆزی نامێنێت و هەمووان ڕەشبین دەبن بەرامبەر بە حوکمڕانان و نەتەوە و نیشتمان و هەموو شتێک کە پێویستە ببێتە سەرچاوەی شوناس و ئینتیما بۆ تاک.
کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە دواخستن و نەدان و پاشەکەوتی مووچە، تەنها ئەوە نیە کە بەرپرسانی ئێستای حکوومەت بە پاساوی جۆر بە جۆرو سادە و نازانستی و بێ بنەما وەڵامی دەدەنەوە، چونکە هەموان دەزانن کە دەستکەوتی دارایی لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ ئەوەش کەلە بەغداوە دێت زۆر بە ئاسانی بەش پێدانی موچە دەکات، بەڵام گەندەڵی و بێ پلانی و نەبوونی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەخەڵک وای کردوە کە گوێ بە شوێنکاریە سلبیەکانی قەیرانی موچە نەدەن و هەوڵی چارەسەریی نەدەن.
لە کاتێکدا کە ئەم قەیرانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵە کێشەیەک کە کۆمەڵگە و خێزان و تاک هەمووی بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە دەروونی تاکدا ڕۆژ بۆ ڕۆژ بوغز و ڕق کۆبکاتەوە، بەمەش تاک تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی جەستەیی و دەروونی دەکات و ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکات کە لە هەر چرکە ساتێکدا تەقینەوەیەکی گەورە دروست بکات و تەڕ و پووش بە یەکەوە بسووتێنێت.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە