هۆشیار جەمال: وانەی هۆشیاری یاسایی چۆن لە چاکسازیەکانەوە تا ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پرۆگرامی خوێندن؟
کاتێك پۆلێنبەندی بۆ سزادراوانی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت ئەو مادانەی کە پێی سزادراون و تەمەنی سزادراوان، تێدەگەین لەوەی لە ئێستادا سزادان بە مادەکانی یاسایی تیرۆر، یاسایی مادەهۆشبەرەکان و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لە گرنگترین ئەو مادانەن کە گەنجان و تازەپێگەیشتوان ڕوو لە زیادبوونی بەردەوامە. ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەم گەنج و تازەپێگەیشتوانە، زۆربەیان کاتێک خوێندنەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرێت، تێدەگەیت لەوەی هێندەی قوربانی نەبوونی هۆشیاری یاساین، هێندە کەسانی تاوانکارنین کە ببنە مەترسی بۆ سەر هەرێـمی کوردستان. هەربۆیە پێویستە و گرنگە کە لەدوای سزادانیان لە لایەن دادگاکانەوە وردتر بۆ ئەم بابەتە بڕوانین و چارەسەری هەنووکەی و مەودا کورت و دوورمەودای بۆ دابنرێت. چونکە ئەم کێشانە بەردەوام لە زیادبووندایە و چارەنووسی گەنجان و تازەپێگەیشتوان کە وزەی ئایندەی وڵاتن بەرەونادیار دەڕوات، هەربۆیە دەتوانرێت ئەم کێشە گەورەییەی کە لە دەرگای هەموو خێزانەکانە بە کەمترین تێچووی مادی، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی گەورە لە لایەن بەرپرسانی حکومەتەوە چارەسەربکرێت، کە ئەمەش بەشێكی سەرەکی چارەسەرەکەیە کە من لە چەند خاڵێکدا کورتم کردۆتەوە و ئاماژەی پێدەکەم. دەکرێت کەسانی یاساناس و شارەزایی بەڕێوەبردن و کارەبەدەستان، بە پێشنیازی تر بابەتەکە دەوڵەمەند بکەن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی.
یەکەم/ وەک چارەسەری هەنووکەی لە ناو چاکسازیەکانی کوردستان کە لە ئێستادا بە شێوەی فەڕمی بریتییە لە شەش چاکسازی کە ئەوانیش چاکسازی گەورانی (دهۆک، هەولێر، سلێمانی)، هەروەها چاکسازییەکانی ژنان و منداڵانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆک)ن، کە دەکرێت لە ڕێگای بەشی یاسایی بەڕێوبەرایەتییەکانەوە یاخود ڕێکخراوە حکومی یان ڕێکخراوە ناحكومییەکان و کەسانی یاسایی خۆبەخش خول و سیمینار و وانەی تایبەت بە سزادراوان بوترێتەوە، تا بڕگە بە بڕگەی مادە یاساییەکانی تیرۆر، مادەی هۆشبەر، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و پاشان یاساکانی تری سزادانی عێراقیان پێ ئاشنا بکرێت لە پێناو ئەوەی دووبارە هەمان تاوان نەکەنەوە یاخود تاوانی ترنەکەن.
دووەم/ وەک چارەسەری کورت مەودا بۆ ساڵی ئایندەی خوێندن لە نێو چاکسازییەکاندا کە سەرجەمیان خوێندنگایان تێدایە وانەی هۆشیاری یاسایی بخوێنرێت و بکرێتە وانەیەکی سەرەکی بۆ سزادراوان و بە پێی گرنگی یاساکان و بەربڵاوی تاوان و یاسا شکێنیەکان قۆناغ بە قۆناغ وانەی هۆشیاری یاسایی بخوێنرێت هاوشێوەی وانەکانی تر، کە جێ بەجێ کردنی ئەم خاڵەش زۆر ئاسانە تەنها لە ڕێگای ئەو مامۆستایانەی لە نێو چاکسازیەکاندا وانە دەڵێنەوە دەتوانرێت جێ بەجێ بکرێت، لە ئێستاشەوە پاش تەواوکردنی ڕێکارە کارگێرییەکان پلانی وانەوتنەوەی دابنرێت و یاسا گرنگەکان بە پێی ئاستەکانی خوێندن و قۆناغەکانی لە دووتوێیی کتێبێکی پڕۆگرامی خوێندن چاپ بکرێت بۆ فێرخوازانی سزادراو.
سێیەم/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەشی پلانەوە زۆنی تاوانەکان و دەرچوون لە یاسا دیاری بکات پاڵپشت بە ئاماری سزادراوان، بەو واتایەی ئەگەر پارێزگایەک یاخود قەزایەک یاخود ناحییەک سزادراوی مادەی هۆشبەر یان تیرۆری زۆربوو لە ڕێگای ڕێکەوتن لەگەڵ دامودەزگاکانی تری حکومەت هەوڵی کردنەوەی خول و سیمینار بدات بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان لە پێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی لە ناو فێرخوازەکاندا، چونکە چەندێک گرنگە سزادراوان بە چاکسازکراوی بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا سەد هێندە گرنگە هەوڵبدرێت کە لە دەرەوەی چاکسازیەکان چارەسەرێک بۆ ئەم یاسا شكێنیە بکڕێت.
چوارەم/ چارەسەری درێژخایەن و بنەڕەتی، لای وەزارەتی پەروەردەیە کە بۆ ساڵی ئایندە وانەی هۆشیاری یاسایی لە قۆناغی حەوتی بنەڕەتی تا نۆی بنەڕەتی بخوێنرێت، کە گرنگترین ئەو یاسایانە بکرێن بە پڕۆگرامی خوێندن کە گەنجان و تازەپێگەیشتوان ئەگەری هەیە سەرپێچی بکەن و دووچاری تاوان ببنەوە. پاشان لە قۆناغی ئامادەی وانەی هۆشیاری یاسایی بخوێنرێت و بەشێک لە یاساکانی تریش کە گرنگن بۆ ئەو تەمەنە بکرێتە پڕۆگرام، تاوەکو کە دەچنە زانکۆ یاخود پەیمانگا هۆشیاریەکی یاسایی زۆرباشیان هەبێت و دووربن لە هەر سزادانێکی یاسایی.
پێنجەم/ هەرچی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، تاوەکو وەزارەتی پەروەردە نەوەیەکی نوێ کە هۆشیاری یاسایان هەیە دەنێریتە زانکۆ و پەیمانگاکان، لە پێناو دوورکەوتنەوەی فێرخوازان لە تاوان و سەرپێچی یاسایی، هاوشێوەی وانەی کوردۆلۆجی کە لە سەرجەم کۆلێج و بەشەکانی زانکۆ حكومییەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنرێت لە قۆناغی یەکەم، بەهەمان شێوە وانەی هۆشیاری یاساییش بخوێنرێت، دەکرێت جگە لە یاساکانی تیرۆر و خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و مادەی هۆشبەر کە کرۆکی ئەم بابەتەی لەسەر بونیاد نراوە، یاساکانی تریش بخوێنرێت بە گوێرەی گونجانی لەگەڵ پسپۆریەکانی زانکۆ، ئەم دێرانەی کە نووسراون و دەکرێت وەک پڕۆژەیەکی بچوک بەڵام گرنگ سەیربکرێت، ئەگەر ئیرادە هەبێت بۆ جێبەجێکردنی دڵنیام لەوەی بە سوودی گشتی تەواو دەبێت و کەمترین تێچووشی دەبێت.