ئومید ناسح جیهانی: کورتە مێژووییەکی ناوچەکە و لە ناوچوونی ڕژێمی سوریا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانلی دا تەواویی شام و یەمەن و لوبنان، و هەندێک سەردەم تەواویی عێراق و هەندێک قۆناغیش زۆربەی خاکی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانلیدا بوو. (ململانێ و جەنگی عوسمانلی و سەفەویی لە سەر شوێنە پیرۆزەکانی عێراق). تەنانەت دوای کەوتنی عوسمانلی لە جەنگی یەکەمی جیهاندا و دابەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانلی ئەو ووڵاتانە شیعە تێیدا باڵا دەست نەبوو، بەڵکو دەسەڵات لای سوننە بوو. تەنانەت ڕژێمی پەهلەویی ئێرانیش کە بە کودەتایەکی ڕەزا شاه دژی قاجارییەکان دروست بوو، ڕاستە شیعە مەزهەب بوو، بەڵام ڕژێمی پەهلەویی زیاتر هەوڵی بەخۆرئاواییکردنی ئێرانی دەدا نەک بە مەزهەبیکردنی ئێران.
کوردستانیش کە دابەش کرا لە لۆزانی ساڵی 1923 دا، کورد لە ووڵاتی خۆیی و لەو پارچانەی کە کرا بووە کەمینە و ژێر دەستە، ئیمپریالیزم دابەشیکرد، بەڵام چوار ووڵاتی سەردەستە جینۆساید و ئیتنۆسایدیان کرد بە درێژایی زیاتر لە سەدەیەک. ئەمە بۆ ئەوە ئاماژە پێدەدەین تا دواتر کە دێینە سەر دۆخی کورد بەرچاو ڕوونییەک هەبێت.
کاتێک لە ساڵی 1979 شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و کۆتایی بە ڕژێمی پەهلەویی هێنا، دواتر خومەینی و هاوەڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ڕاگەیەندرا. سەرانی شیعەی ئێران کاریان لەسەر هەناردەکردنی فکرەی شۆڕشەکە دەکرد بۆ دەرەوەی ئێران، بەتایبەت لەو ووڵاتانەی شیعەی تێدایە، یان تێدا زۆرینەیە (عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن)، یەکێک لەو ووڵاتانەی فکرەکەی تێدابڵاودەکرایەوە عێراق بوو. هەر ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق. ئێران پشتیوانی حیزبی دەعوە و ئەنجومەنی باڵایی ئیسلامی و فەیلەقی بەدر و خەڵکی شیعەی دەکرد بۆ ڕووخاندنی حکومەتی بەعس. تەنانەت لە کانوونی دووەمی ساڵی 1986 (کۆنگرەی پشتیوانی گەلی عێراق) لە تاران لە ئوتێل ئیستقلال ڕێکخست، چەند پارتێکی دەستکردی ئێران وەکو حیزبوڵڵا و جوندوڵڵا و پارتە شیعییەکانی دیکە بەشداربوون، لە نێو پارتە کوردییەکاندا (یەکێتی و پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی و ئاڵای شۆڕش و حسک) بەشداربوون. چەندان پیلانگێڕی و کۆنگرەی دیکەی پارتە شیعییەکان لە ئێران دژی ڕژێمی سوننی بەعسی سەددام حسێن ئەنجامدا. چەندین پارتی کوردیش، یان لە ئێران دروست بوون، یان هاوکاریی ماددیی و سەربازییان لە ئێرانەوە وەردەگرت دژی عێراق، تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەش ئەوە بوو کە پارتە کوردییەکان گرێدراویی ئێران بوون، شەڕیان بۆ شیعەی ئێران دەکرد دژی بەعسی سوننی.
ساڵی 2003 کاتێک ڕژێمی بەعسی ستەمکار لەلایەن هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا ڕوخێنرا، ئەم ڕووداوه مێژووییە گەورەیە بە قازانجی نفوزی ئێران شکایەوە کە لە مێژە کاری لەسەر دەکرد. شیعە بووە خاوەن هێز و دەسەڵات و ئابوری. تەنانەت پێش دەرکەوتنی داعش لە ساڵی 2014 دا حەشدی شەعبی بە فەرمانی ئێران وەکو پاسداران بۆ قایمکردن و زاڵکردنی دەسەڵاتی شیعە بە سەر حکومەت و سوپا دا دروستکرا، تا ئەوەی میلیشیاکانی حەشد شەعبی بوونە خاوەن پێگە و نفوزێکی گەورە لە نێو عێراق دا و ساڵی 2017 پەلاماری هەرێمی کوردستانیشیان دا و ڕیفراندۆمیان هەڵوەشاندەوە.
ئێران دوای دروست بوونی کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە شەڕەکانی لە دەرەوەی سنورەکانی ئەنجام بدات، کێشەکانی هەڵداوەتە دەرەوەی خۆی، لەم پێناوەدا چەندین میلیشیایی توندڕەوی خوێڕێژی تینوو بە خوێنی سوننەی دروستکردوە و هاوکاری گەورەی ماددی و سەربازی کردون.
لە دوای ساڵی 2003 و دوای بەهاری عارەبی ساڵی 2011 بەشێکی گەورەی ڕووداوەکانی ناوچەکە ئێران بە تەواویی ئامادەگییەوە هەوڵیداوە لە قازانجی نفوزی خۆیی و شیعەدا بیشکێنێتەوە. لە یەمەن میلیشیایی حوسییەکانی دروستکرد و بوونە خاوەن هێز و خاک، تەنانەت بوونە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی سعودیا و ئیسڕائیل. لە لوبنان هاوکارییەکی گەورەی حیزب الله دەکرد، تا ئەوەی لە لوبناندا بوونە دەوڵەت لە ناو دەوڵەت دا، بوونە مەترسی لەسەر ئیسڕائیل. دوای سەرهەڵدانی جەنگی سوریا، ئێران چەندین میلیشیایی تێدا دروستکرد، یان هێزی بۆ پاڵپشتی ڕژێمە ستەمکارە شیعییەکەی بەشار ئەسەد نارد و لەگەڵ ڕوسیا و حیزب الله دا تا ئەم کۆتاییە پاراستین لە کەوتن. ئەو (یەمەن و عێراق و سوریا و لوبنان)انەی جێ نفوزی عوسمانلی بوون و دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش بوونە دەوڵەت – نەتەوە دەست و هەژموونی ئێرانی پێگەیشت و سوننەی تێیان دا کوشت و بڕ دەکرد، ماڵ و مزگەوت و شار و گوندی سوننەی وێران دەکرد، سوکایەتیی بە پیرۆزییەکانی سوننە دەکرد و ژن و کچی سوننەی ئەتک دەکرد. ئیسڕائیل چەندە ستەمکاری و منداڵکوژی و ژنکوژی و وەحشیگەرایەتی بەرامبەر خەڵکی مەدەنیی فەلەستین و غەززە کردوە، ئێران چەندان قاتی ئیسڕائیل سوکایەتی و وێرانکاری و جینۆسایدی سوننەی لەو ووڵاتانە کردوە.
دژایەتی و جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ عێراق، و ئێران جیاوازییەکی گەورەیی هەیە. عێراق هیچ کلک و باڵێکی لە دەرەوەی سنورەکەی نەبوو، لەبەرئەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ پەلاماریاندا. بەڵام شەڕ لەگەڵ ئێراندا جیاوازە، دەبوو سەرەتا لە دەرەوەی ئێران شەڕی بکەن، چونکە خاوەنی چەندین میلیشیا و کلک بوو، بێ لەناوبردن و لاوازکردنی ئەوانە ئەستەم بوو ئێران لە قاڵب بدرێت. واتە بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناوخۆ دا دەبوو لە دەرەوەی ئێران لێبدرێت و مەترسییەکانی لەسەر ئیسڕائیل و ناوچەکە بنەبڕ بکرێت، بەڵام عێراق دەبوو ڕاستەوخۆ پەلامار بدرێت تاکو هەڕەشەکانی لەسەر دەرەوە کۆتایی پێ بێنرێت.
جەنگی حەماس و ئیسڕائیل خەون و پلانگێڕی ئیسڕائیل بوو بۆ باڵادەست بوونی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێران بۆی فەراهەمکرد. نەک وەکو ئەوەی بەشێک لە خەڵکە بێ لۆژیکەکە بە بانگەشەی سەرکەوتنی ئیسلام و کۆتایی ئیسڕائیل وێنەیان دەکرد. ئاخر لەو جەنگەدا نە حەماس و نە ئێران بستێک خاکیان ئازاد نەکرد، دیلێکی فەلەستینیان لای ئیسڕائیلی ئازاد نەکرد! زەڕبەیان لە پێگەیەکی گرنگی ئیسڕائیل نەدا، ئابوری ئیسڕائیلیان دانەتەپان، هێزی سەربازی ئیسڕائیلیان لاواز نەکرد. بەڵکو ئیسڕائیل وەحشیگەرانە تەواوی غەززەی وێرانکرد. سەدان ژن و منداڵ گورگانخوارد کران، ناتانیاهۆی منداڵکوژی نەفرەتی ژێرخانی شارەکەی تەخت کرد، بەشێکی گەورەی سەرکردایەتی حەماس تیرۆرکران. حیزب اللەی کرێگرتەی ئێران ویستی نمایش بکات و وەکو بەرگریکار لە غەززە دەرکەوێت، ئەویش بەر هێرش و پەلاماری سوپایی ئیسڕائیل کەوت و بەشێکی گەورەی سەرکردایەتیان کوژران، لوبنان نزیک بوو لە وێرانەیی، بەڵام هەر زوو حیزب الله ملکەچ بوو بۆ خواست و مەرجەکانی ئیسڕائیل. بەشێکی گەورەی سەرکردایەتی سەربازی ئێران لە سوریا کوژران. دەبێت ئەوەش بڵێین کە پەل بڕینی ئێران لە دەرەوە، سەرەتا لە کوشتنی (قاسم سلێمان)ەوە دەستی پێکرد.

کورد لە خۆرئاوای کوردستان
لە پاش کودەتا سامناکە سەربازییەکەی ساڵی 1980ی تورکیا، ئەندامانی پەکەکە پەنایان بردە بە خۆرئاوای کوردستان، لەوێوە چوونە دۆڵی بیقاعی لوبنان، ئەوێ لە ژێر قەڵەمڕەوی پارتە لوبنانییەکاندا بوو، پەناگەیەکیش بوو بۆ بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانی فەلەستین. لە بیقاعی لوبنان ئەندامانی پ*ەک*ەک*ە زەمینەیان بۆ ڕەخسا لەوێدا کەمپی ڕاهێنانی تایبەت بە خۆیان دروستکرد، واتە حافز ئەسەد دۆڵی بیقاعی بۆ فەرهەمکردن لە دژی تورکیا.
پ*ەک*ەک*ە لە ساڵی 1990 جگە لە لوبنان چەند بنکەیەکی لە ناوچەکانی شام لە سووریا کردەوە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە لوبنانەوە بەرەو شام گەڕایەوە و بە بەردەوامی سەردانی ناوچەکانی خۆرئاوای کوردستانی دەکرد. ڕژێمی سوریا، حافز ئەسەد و دواتر بەشار ئەسەد هاوکاری بەردەوامی پ*ەک*ەک*ە- یان دەکرد دژی تورکیا.
تا ساڵی 1998 ئۆجەلان لە وڵاتی سووریا بوو، دواتر کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا تێکچوو، تورکیا ھەڕەشەی هێرش و پەلاماری سەربازی پ*ەک*ەک*ە لە سووریا کرد بە وەی کە پشتگیری لە دەکەن. دەوڵەتی تورکیا بە هەزاران سەربازی ڕەوانەی سنورەکانی لەگەڵ سوریادا کرد بە هەموو کەلوپەلێکی سەربازی پێشکەوتوویی سەردەمەوە. لە 16ئەیلولی 1998 دا جەنەڕاڵ (ئەتیلا ئاتەش) سەردانی بەرەکانی جەنگی کرد و وتی: ئارامیمان بەسەرچوو“. ئۆجەلان نزیکەی دوو دەیە بوو لە سوریا بوو، بەڵام بۆ یەکەمجار حکومەتی سوریا نیگەران بوو لە هەر کاردانەوەیەکی نەخوازرا و بە هۆی داڵدەدانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە.
ئەو کاتەی پ*ەک*ەک*ە لە دۆڵی بیقاعی لوبنان بوو، لە جەنگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی فەلەستین و ئیسڕائیلدا بەشدار بووە و لە پێناو فەلەستیندا شەهید داوە، هەر ئەم هاوکارێیەی پ*ەک*ەک*ە بۆ بزووتنەوە فەلەستینییەکان بووە هۆی تۆڵەکردنەوەی ئیسڕائیل لە پەکەکە بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی 15 شوباتی ساڵی 1999 بۆ داستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا. بەڵام باشی پەیوەندی پ*ەک*ەک*ە و ڕژێمی سوریا لەوەدایە کە پ*ەک*ەک*ە ئەو پەیوەندیی و هاوکارییەی حافز ئەسەد و بەشاری کوڕی، لە دژی کوردی خۆرئاوا بەکارنەهێناوە، واتە کە هاوکارییان لە سوریا وەرگرتووە بۆ شۆڕش لە باکوری کوردستان، لە بەرامبەردا دژایەتی کوردی خۆرئاوایان نەکردوە و کوردکوژی و سەرکوتکارییان نەکردوە بۆ ڕژێمی سوریا، هەروەکو ئەوەی پارتەکانی باشور گرێدراویی ئێران بوون و پێشمەرگە و سەرانی کۆمەڵە و دیموکراتیان دەکوش بۆ ئێران، کۆمەڵە و دیموکراتیان بۆ خاتری ئێران لە باشور کەمپنشین کرد. بەڵکو پەکەکە لە خۆرئاوا خەریکی ڕێکخستن و پەروەردەکردنی خەڵک بووە. لە (20ی 9ی 2003) ( پارتی یەکێتی دیموکراتی – پەیەدە)ی لە خۆرئاوای کوردستان دامەزراندوە. ئەو ئەزمونەی ئێستا لە خۆرئاواش هەیە بەر مەبنای ئەو مێژوو و ڕۆژگارەیە، دەنا چۆن لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سوریا دا دەتوانرا خۆرئاوا ڕزگار بکرێت و خۆسەری بنیادبنرێت و ئەو هەموو جەنگەی دژی پەلامارەکانی تورکیا و بەرەی نوسرە و داعش و سوپایی نیشتیمانی و ڕژێمی سوریا بکرایە؟ لە ڕاستیدا ئەو خۆسەرییە ڕیشەکەی بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە.

لە پشتی ئەو جەنگەی سوریاوە چەند ئامانجێک هەبوو:
جەنگی سوریا درێژکراوەی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا و ئیسڕائیل + بەرەی مقاومە (حەماس و حیزب الله و حوسییەکان، حەشدی شەعبی و سوریا و ئێران)ە. ململانێ، یان ڕێککەوتنێکی ڕوسیا و ئەمریکا هەیە لەلایەک بۆ پاراستنی ئیسڕائیل و دوورخستنەوەی ئێران و هەڕەشەکانی ئێران لە سوریا و لوبنانەوە بۆ سەر ئیسڕائیل. لەلایەکی دیکە چۆڵنەکردن و نەکشانەوەی ڕوسیایە لەو ناوچە و هەرێمانەی ئۆکرانیا کە ڕوسیا داگیرکردوە.
یەکەم/ ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەدی ستەمکار لە (8ی 12ی 2024) لەلایەن گروپە توندڕەوەی سوننییەکان و (هەیئەی تحریر شام – هەتەش) و بە ئۆکەی ئیسڕائیل. کە لە (2011)ەوە گروپە سوننەکان بە هاوکاریی تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی نەکرا، ئیسڕائیل بە کەمتر لە دوو هەفتە ئەنجامیدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئیسڕائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە تەواویی بنکە سەربازییە گرنگەکانی سوریایی خاپورکرد، تاکو ئەو کەلوپەلە سەربازییە مەترسیدارانە نەکەوێتە دەست گروپەکان و ببنەوە هەڕەشە له سەر ئیسڕائیل. واتە لە ئاسمانەوە ئیسڕائیل و ئەمریکا شەڕ دەکەن دژی بەرەی مقاومە، هەتەش و سوپایی نیشتیمانی مورتەزەقەیی تورکیا لە زەوییەوە شەڕ دەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکا و تورکیا.
دووەم/ دوورخستنەوەی هەڕەشەی ئێران و گرێدراوەکانی لە سەر ئاسایشی ئیسڕائیل، بە ڕێککەوتنی ئیسڕائیل و تورکیا و ئەمریکا و ووڵاتانی کەنداو.
سێیەم/ کۆتایهێنان بە پێگە و ڕۆڵی ڕوسیا لە ناوچەکەدا لە لایەک و تۆڵەکردنەوەی ئۆکرانیا لە ڕوسیا لە سوریادا.
چوارەم/ ئامانجی تورکیایی ئەردۆغانی منداڵکوژی چنگ بەخوێن لەم جەنگەدا، بێ دوو دڵی دژایەتیکردن کورد و لەناوبردنی ئەزمونی بارۆسە. تەنها لەو پێناوەشدا ئەم هەنگاوەی ناوە بەو شپرزەییە ناوخۆیی و ئابورییە داتەپیوییەوە. ئیسڕائیل تەواوی منداڵی سوننە بکوژێت دۆستی ئەردۆغانە گەر هاوکاری تورکیا بکات لە دژی کورد و بە تایبەت خۆرئاوای کوردستان. لە یەکەم ڕۆژی پەلاماری هەتەش بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد، تورکیا ئاڕاستەی پەلامارەکانی لە خۆرئاوایە لە ڕێگەی چەتەکانی سوپایی نیشتمان و فڕۆکەوە، ئەمەش بەشی دووەمی پیلانگێڕییەکەی ئیسڕائیل و ئەمریکا و تورکیایە. تەنانەت کاتێک ئیسڕائیل و ئەمریکا باسی پاراستنی بارۆس دەکەن، ئاماژە بە هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنەکانی تورکیا ناکەن، لە کۆبانێ و مەنبج. بەڵکو دەڵێن: دەبێت کورد لە هێرشی گروپە تیرۆرستییەکان بپارێزرێت. وەکو بڵیت تورکیا کاولکاری و قڕکردن ئەنجامنادات، بەڵکو کورد گوڵباران دەکات. لە کاتێکدا تورکیا خۆی بە براوە نازانێت تاکو کۆتایی بە دەسەڵاتی کورد لە خۆرئاوا نەهێنێت. ئەمە لە کاتێک دا سوریا بە هی خۆی دەزانێت هەروەکو چۆن دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە وتی: تا کڕۆک حەڵەب هی تورکە.

کێ لە کەوتنی ڕژێمی سوریا زەرەدمەندە؟
گەلانی سوریا ستەمکارێکیان لە کۆڵەوە بوو، بەڵام سەردەمێکی تاریک چاوەڕێیانە، چونکە ئازادی سەتڵێک ئاو نییە لە ئاسمانەوە ببارێت! پەرەوەردەیی نەریتێکی ستەمکارین و گروپە مەزهەبییە سوننیە توندئاژۆ دەمارگیرە کرێگرتەکان تێیدا باڵادەست دەبن! سوریا بە عێراق بوونی دوای سەددام حسێن-ی لێ دێت. بنەماڵەی ئەسەد سەلمێنەری ناوەکەیان بوون، وەکو دڕندە مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە! گروپە چەکدارەکانیش دەیانەوێت بە خوێن شوێنەواری ئەو دڕندەیە بسڕنەوە!
لەم جەنگە دا زەرەمەندیی یەکەم، بنەماڵەی ئەسەد بوو کە دوایی زیاتر لە پەنجا ساڵ ستەمکاری تاروماربوون. زەرەمەندیی دووەم، گەلی فەلەستین بە تایبەت غەززەیە، کە کەیسەکەیان بۆ ماوەیەکی درێژ داخرا و ووڵاتانی بەشدار لە پیلانگێڕییەکەدا خەڵکی غەززەیان کردە قوربانی دەستکەوتە سیاسییەکانیان ئەمەش گۆبەنی ئێران بوو. زەرەدمەندی سێیەم ئێرانە کە هیلالی شیعی پچڕا و کۆتایی بە هەژمونی هات لە سوریادا و گەر مەحاڵ نەبێت زۆر قورسە بتوانێت دەستی بگاتەوە سوریا و حزب الله. زەرەدمەندی چوارەم حیزب الله-یە کە کۆتایی بە هەژمونی هات وەکو دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا، بەڵکو دەبێت وەکو میلیشیایەکی ملکەچی خواستەکانی ئیسڕائیل مامەڵە بکات. بۆ کورد هەم مەترسی گەورەی تورکیا و گروپە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی لەسەرە، هەم ستەمکارێکی لەکۆڵ بوویەوە و ستەمکارێکی دیکەش لاواز بووە. گەورەترین کێشەی هەسەدە ئەوەیە بکەرێکی نادەوڵەتییە، زلهێزان و ووڵاتانی هەرێمیش پشتیوانی بکەرە دەوڵەتییەکانن.
لە جەنگی حەماس – ئیسڕائیل دا تەواویی مسوڵمانی سوونەی ناوچەکە هیوایان لە سەر ئێران هەڵچنیی بوو تا ئیسڕائیل تەمبێ و موشەکباران بکات، ئێرانیان بە فریادڕەس و ڕزگارکەر دەبینی! هێرش و وەڵامەکانی ئێرانیان وەکو هەواڵی بەپەلە دەبینی! لەکاتێکدا حەماس نەزانانە کەوتە ناو پیلانگێڕی ئێرانەوە و ئێران خەڵکی غەززەی بۆ سوپایی ئیسڕائیل و ناتانیاهۆی منداڵکوژ بەجێهێشت! ئێستاش کە (هەتەش) بە پیلانگێڕی (ئەمریکا و ئیسڕائیل و تورکیا و ووڵاتانی کەنداو و ڕوسیا) بەقارانجی پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل دژی بەشار ئەسەدی ستەمکار جەنگان و میلیشیا تیرۆرستییەکانی ئێران و سوپایی ئەسەدی ستەمکاری شیعی گرێدراویی ئێران تیاچوون، بەشێک لە کورد لە ژێرکاریگەری ئایدیایی ئیخوانی سوننیی دا شاگەشکە بوونە بە لاوازی ئێران و پێ بزانن، یان نا لە ڕووخانی بەشار ئەسەددا ستایشی ڕۆڵی ئیسڕائیل دەکەن.
لە ڕاستیدا کەوتنی هەر ستەمکارێک بۆ خۆیی ڕووداوێکی مێژوویی گەورەیە و مایەیی دڵخۆشییە، بەڵام دەبێت خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ ڕووداوەکان بکرێت و کۆدەکانی پشت ڕووداوەکانیش شرۆڤە بکرێت و هەڵبسەنگێندرێت تا ئەوەی توڕەیی جەماوەر کە ستەمکارێک ڕادەماڵێت، دواتر پیلانگێڕییەکان دەرگا لە سەر چەند ستەمکارێکی دیکە نەکەوە، لە هەناوی شۆڕش و ڕاپەڕینەکەدا چەند ستەمکارێک دروست نەبێت، ووڵات نەبێتە ئاگر و نەکوڵێت و نەبێتە جەنگەڵی تیرۆرستان و هەمیشە لە بە (عێراق بوون) دوایی سەددام نەترسین!

بارودۆخی ڕۆژاڤا دوای کەوتنی ڕژێم
قۆناغی داهاتووی سوریا لەهەموو لایەک زیاتر مایەی مەترسییە بۆ هەسەدە و ڕۆژاڤا، چونکە ئەو هێزانەی ئێستا لە گۆڕەپانەکەن گرێدراویی تورکیا و جێبەجێکاری ئەجێندای تورکیان و بێگومان لە قۆناغی داهاتوودا پەلاماری کورد دەدەن. ڕاستە کورد پێشڕەوی کردووەو 40٪ ی سوریای کۆنترۆڵکردووە، بەڵام گروپە توندڕەوە سورییەکان و تورکیاش کە یاریکەری سەرەکی سوریایە ڕێگە نادات ئەو دۆخە هەروا بمێنێتەوە. بەتایبەت بە هاوکاریی نەکردنی ئەمریکا بۆ هەسەدە، یان بە پیلانگێڕییەکی تورکیا و ووڵاتانی کەنداو و ئیسڕائیل و هاوپەیمانان. بەڵام، لایەنێکی دیکە ئەو جەنگ و ململانێیەیی سوننە و شیعە ئەوەیە: شیعە لاواز بووە لە ناوچەکەدا، شیعە و ئێرانیش نایانەوێت شەڕی کورد بکەن. کورد دووجار لە مێژوودا زەبری کوشندەی لە شیعە داوە. جاری یەکەم لە سەردەمی عەباسییەکاندا و لە سەردەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی، کۆتایی بە دەسەڵاتی فاتمییەکان هێنرا لە میسڕ. جاری دووەم کورد بووە هاوپەیمانی عوسمانییەکان دژی سەفەوییەکان بە سەرکردایەتی مەولانا ئیدریسی بەدلیسی لە جەنگی چاڵدێرانی ساڵی (1514 ی عیسایی) دا ، هاوکاری کورد بووە هۆی سەرکەوتنی عوسمانییەکان لە جەنگەکەدا. لەبەرئەوە شیعە بۆ گەڕانەوەی باڵانسی هێزی شەڕی کورد ناکات، پێویستە کورد لاوازی شیعە نەکاتە دەرفەتی جەنگ دژی شیعە! بەڵکو بیکاتە دەرفەتی سیاسەتێکی ژیرانە و سەرکەوتوانە لە ململانێ سوننە و شیعە دا. چونکە گەر ئێرانی و شیعەش بۆ ماوەیەک بکەون، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ئیسڕائیل ناهێڵن شیعە بکەوێت! بۆ ئەوەی هەمیشە باڵانسی هێز لە نێوان سوننە و شیعەدا پارێزراو بێت، ڕێگە نادەن سونە ببێتە جەمسەرێکی مەزن لە ناوچەکەدا و ببێتە هەڕەشە و مەترسی لە سەر بەرژەوەندییەکانیان! لە پیلانگێڕی ئەواندا، دەبێت ئەم دوو بەرەیە هەبن، تاکو بەردەوام بن لە پێکدادان و ناوچەکەش جەنگی خوێناوی لێنەبڕێت.

کورد چی بکات؟
لەم کاتەدا حکومەتی باشوری کوردستان لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مێژوویی و نەتەوەیی دایە، بەوەی ئامادەکاری بکات بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارەکان، لەلایەکی دیکەوە بەهیچ جۆرێک سنور بە ڕووی خۆرئاوادا دانەخات.
سەرکردایەتی بارۆس تەواوی هەوڵ و پەیوەندییه سیاسی و دبلۆماسییەکانیان بخەنە کار لە سەر ئاستی ناوچەیی و ئەوروپا و ئەمریکا بە ئاڕاستەی بە دەستهێنانی پشتیوانی زیاتر بۆ بارۆس، کە لەم ڕووەوە کاری سیاسی گەورە ئەنجام دراوە.
هەسەدە شەڕڤانان و کورد بە ئارامی لەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە بەرگریکردن تێیدا قورسە و گەیاندنی هاوکاری سەربازی پێیان ئەستەمە و ناوچەیی کوردستانی نیین، هیچ پێویست نییە جەوانی کورد بۆ عارەب بە کوشت بدرێت. دەستپێشخەری نەکات لە هێرش بۆ سەر چەتەکان و سوپایی فاشستی تورکیا. بەرگرییەکی ڕەوا لەو ناوچانە بکات کە ناوچەی ستراتیجین.
ڕەوەندی کورد لە ئەوروپا دەست بکات بە خۆپیشاندانی گەورە بە ئامانجی بە دەستهێنانی پشتیوانی لە خۆرئاوای کوردستان. پ*ەک*ەک*ە و دەم پارتی خۆپیشاندان و چالاکی گەورە لە شارەکانی باکوری کوردستان ئەنجام بدەن، هەروەکو چۆن لە کاتی پەلاماردانی کۆبانێ لەلایەن چەتەکانی داعش و عەفرین لەلایەن سوپایی تورکیایی فاشیستەوە کوردی باکور چالاکی مەزنیان بەڕێوەبرد.

سیاسەتی نوێی ئێران چۆن دەبێت؟
بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای ئەم شکستەی ئێران و شیعە، ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆرئاوا، ئەمریکا و ئیسڕئیل باش دەکاتەوە لە ڕێگەی ملکەچی و تەنارولاتی گەورەوە، بەئامانجی ئەوەی شەڕەکە نەکەوێتە ناوخۆیی ئێران و لە ناوخۆ دا تووشی شکست نەبێت. هەروەکو ئەوەی مەسعود پزیشکیانی لە پەڕلەمانی ئێران دا وتی: “ئەگەر ئێران بڕوخێت کوردەکان دەوڵەتی کوردستان و بلوجەکان دەوڵەتی بلوجستان و عارەبەکان و ئازەرەکان دەوڵەت دروست دەکەن و ئێران نامێنێت”.ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە تاکو بەرەکانی شەڕی کەمکاتەوە و فشارەکانی سەری لاواز بێت و خۆی بۆ ململانێی تورکیا و گروپە سوننییەکان یەکلایی بکاتەوە. هەروەکو ئەوەی چۆن کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیەندرا، ئێران لە 4ی تشرینی 1979 دا گەمارۆی باڵوێزخانەی ئەمریکای لە تاران دا و (53) دبلۆماتکاری ئەمریکی بە بارمتە گرت لە بەرامبەر ڕادەستکردنەوەی محەمەد ڕەزا شاهی پەهلەویی بە کۆماری ئیسلام و داوای لێبوردنکردن لە گەلانی ئێران لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی لەگەڵ شاه بەرامبەر ئێران ئەنجامیان داوە، بەڵام ئەمریکا تەواوی داواکانی ئێرانی ڕەتکردەوە. هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل پچڕاند و باڵوێزخانەی ئیسڕائیل لە تاران درا بە فەلەستین. بەڵام لە جەنگی عێراق – ئێراندا، تانک و زرێپۆشەکانی سوپای عێراق تەنگیان بە سەرباز و سوپایی ئێران هەڵچنی بوو، لەبەرەی باشوری خۆرهەڵاتدا. چەندین کیلۆمەتر چوونە ناو خاکی ئێرانەوە، لەو کاتەدا سوپایی ئێران پێویستییەکی زۆری بە موشەکی دژە تانک و زرێپۆش هەبوو، حکومەتی ئێران کە لە دژایەتیکردنی توندی ئیسڕائیل دا بوو، هەڕەشەی فڕێدانە ناو دەریای لە هەموو جولەکەکانی ئیسڕائیل دەکرد، لەو دوژمنە بە شەیتانکراوەی خۆیدا تروسکاییەکی ئومێدی دۆزییەوە و توانی پاڵپشتییەکی لۆجستیی باش لە دوژمنە ئیسڕائیلییەکەوە بە دەستبخات.
ئیسڕائیل لە ڕێگەی (عەمید نەمرودی) کە ئەفسەرێکی کارایی دەزگای هەواڵگیری ئیسڕائیل مۆساد بوو، پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا بەست. ئیسڕائیل زیرەکانە هەوڵیدا کە لە ڕێگەی پێویستی ئێران بەو چەکانە، مامەڵەی دامەزراندنی پەیوەندییەکی ژێربەژێر لەگەڵ ئێران دابمەزرێنێتەوە، کە لە دوای هاتنە سە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەرەسیهێنا بوو. ئەڵقەی ئەم پەیوەندییەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران عەمید نەمرودی بوو، کە لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی تایبەتی خۆیەوە توانی ئەو چەکانە بگەیەنێتە ئێران و لە گرێبەستێکی (135)ملیۆن دۆلاری دا، بڕێکی زۆر لە چەکە ئەمریکییەکانی خۆی بە ئێران فرۆشت. ئەم گرێبەستە بە ڕەزامەندی شیمۆن پیرێز و ئیسحاق ڕابینی وەزیری بەرگری و ئیسحاق شاهیری وەزیری دەرەوە ئیسڕائیل و ئەمریکا و ئەوروپا ئەنجامدرا.
ئەم مامەڵەیەیی نێوانیان هەر لە ساڵی (1980)ەوە دەستیپێکرد بوو، بەڵام لە ساڵی (1982)دا زە ئەنجام گەیشت، گرێبەستەکە کۆمەڵێک موشەک و بۆمبی پێشکەوتویی لە خۆ گرتبوو، لەوانەش (50) موشەکی زەمین بە زەمینی جۆری (MGM) کە زۆر پێشکەوتبوو لە دووری چەندین کیلۆمەترەوە ئامانجەکەی دەپێکا، هەروەها چەندین جۆری جیاوازی (تامبێلا و کۆپێرهید و هیراب و هۆک)ی لە خۆگرتبوو. ئەم چەکانە بە ڕێی ئەوروپا دا نێردران بۆ ئێران و بە ڕێگەی دەریاوە بردران و خرانە ناو سندوقی تایبەتەوە لە ژێر ناوی کانزادا گومرگ کران و ڕەوانەی ئێران کران. کاتێک ئەو چەکانە گەیشتنە دەستی سوپایی ئێران، هاوسەنگی هێزی لە شەڕی لەگەڵ عێراقدا یەکسانکردەوە و هەر بەو هۆیەشەوە سوپایی ئێران توانی شاری (خوڕەم شەهر) ڕزگار بکات و سوپایی عێراق لە وڵاتەکەی بکاتە دەرەوە لەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەیی کە بە (فەتح) ناسرا بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت