عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
بەعس و سەدام، بە پیلان و بەرنامەو نەخشەیەکی دارێژراویی ورد، کاریان لەسەر تێکشکانی کەسێتی مرۆڤی کورد کرد، بۆهەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای کوردی و نەریت و کلتووری کوردەواری.
دەیان (سەرەک خێڵ و سەرەک هۆزو سەرۆک عەشرەت و تیرەو کەسێتیی ئاینیی و شێخی تەریقەتیان بە پارەو ئیمتیاز کڕیی، بە پلەی ( مستەشارو ئامرفەوج و ئامر مەفرەزە و ئامرسریەی خەفیفە) هەموویان کرد بە جاش.
زۆربەی ئەو( سەرۆک عەشرە ت و تیرەو شێخانە ) بوون بە کۆیلە و جاش و جاسوس، دژ بە خەباتی رزگاری خوازیی گەلەکەیان لە پێناوی دەسکەوت و حەزو ئارەزووی ژیانی تایبەتی خۆیان، دەیان و سەدان گەنجیان لە فەوج و مەفرەزەو سریە کانیان بە جاش تۆمار کرد.
ئەم سەۆک جاشانە لەسەردەمی سەدام و عەلی حەسەن مەجیدا، هەر خەریکی ماستاو و رازاندنەوەی سفرەی خوان و( دیوەخان و تەکیەکان) و قەرەباڵغی بوون. بە شانازییەوە خیانەتیان لە نیشتمان و نەتەوەکەیان دەکرد. لە رۆژنامەو گۆڤارو تەلەفیون، بە وێنەی خۆیان و سەدام بروسکەیان بۆ سەدام دەنارد، مەدح و سەنای قائیدیان دەکرد، بۆ یارمەتی جەنگی عێراق لە گەڵ ئێران، بە کیلۆ ئاڵتونیان دەبەخشی بە قادسیەی سەدام.
دەیان ریپۆرتاژ، بە ناو و وێنەی ئەم موستەشارانە لە ئەنفالی ( یەک و دوو و سێ و چوارو پێنج و شەش و حەوت و هەشت ) لە رۆژنامەی ( هاوکاریی و سەورەو جمهوری و عێراق بڵاو کراوەتەوە، لە ناو ئەو گوندانەی خاپوورو تاڵان کراوەی ئەنفالدا، بروسکەی سەرکەوتنیان بۆ سەید رەئیس ناردوە.
ئەمە یادەوەری و مێژوویی ژیانی ئەم موستەشارو ئامر فەوج و ئامرسریەیانەیە. دوای راپەڕین سەرکردەکانی کورد بۆ یاریی کردن و بۆ دەنگ و رەنگی هەڵىژاردن و کورسی پەرلەمان، گەورەترین پێشوازیان لەم سەرەک جاش و سەرەک عەشرەتانە کرد، بوونە هاوڕێی دەسکەوت و تاڵان کردنی سامانی نیشتمان. سەرکردە سیاسییەکانی کورد و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم رۆڵی گرنگیان بەم سەرەک جاش و سەرەک عەشرەت و شێخانە – دا، لە ئۆرگانی حیزبەکان و کایەکانی حکومەتی هەرێم دا.
ئێستا ئەوسەۆک جاشانەی هاوڕێی سەدام بوون بەو سەرۆک عەشرەت و کەسایەتیە دیارانە هاوڕێی سەرکردەکانی کورد، وەک سەردەمی سەدام، لەبۆنە تایبەتیەکان، سەر سفرەو خوانەکانیان جمەی دێ. لەهۆڵە گەورەکان و دیوەخان و تەکیەکانیانەوە، لە گەڵ سەدام ئاساکاندا، لە شؤسیال میدیاکانەوە عەرزی عەزەڵاتی کەسایەتی دیاری خۆیان پەخش دەکەن.
رۆژانە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالەکان و پێشمەرگە دێرینە نمونەییەکان، ئەم کۆکتێلی سەرەک جاش و سەرەک عەشرەتانە دەبین، وەک جاران بە غرورەوە وەک چۆن لە پاڵ سەدام نوێنەری کۆمەڵ کوژی کورد بووین، لەئێستاشدا ئاوا ، لەپاڵ سەرکردەکانی کوردا، دیوەخان و هۆڵ و تەکییەکانیان، لە سەر ئیسک و پروسکی شەهیدان و ئەنفال جمەی دێ لە سەرکردەو فەرماندەکان و خەڵک.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژه هروئەنفال، سێیهمین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژههرو ئەنفال، سێ یهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: ڕەشهبای ژههر ئەنفال، سێیهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان / بەشی دووەم.
- All Posts