سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
ڕووداوەکانی چەندڕۆژی ڕابردووی سوریا و کەوتنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، ڕووداوگەلێکی چاوەڕوانکراوبوو. ئەمە نەک تەنها لەبەرئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە سوریا لەبەردەم قەیرانێکی قوڵی سیاسی و برینداری جەنگێکی دورودرێژە، بەڵکو ئەو قسەیەی ئایەتوڵڵا خامنەیی، کە دوو ڕۆژ بەرلەئێستا لە دیدارێکدا لەگەڵ هەزاران کەس له خەلکی ئێران وتی؛ ڕووداوەکانی سوریا بەرهەمی ژووری فەرمانی هاوبەشی ئەمریکا و ڕژێمی ئیسرائیلە”، کە ئەمە حەقیقەتێکە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لەو ڕاستییە بکات و دەشزانین چەند دەوڵەتێکی دیکەش لە داڕشتنی پلانی کەوتن و لە ناوچونی دەسەڵاتەکەی “ئەسەد” دا بەشداربوون، کە دیارە سیاسەتی ئەمەریکا بە تایبەت، هەر ئەوەندە ماوەی بە مانەوەی سەرۆکی سوریا دابوو، ئاشکرایە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی دیکەش کە لە ڕابردوودا هەمان ڕووداوی سوریا بەرۆکی گرتن لەناوچونیان وابەستە بوو بەو سیاسەتەوە.
ئەوەی لێرەدا زۆر مایەی هەڵوێستە لەسەرکردنە ئەو ڕۆڵە کاریگەر و بەشدارییە سەرەکییەی تورکیایە لەم هاوکێشەیەدا، کە بینیمان و ئێستاش دەبینین لە یەکەم چرکەساتی کەوتنی دەسەڵاتەکەی ئەسەدەوە تائێستا چۆن تورکیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش لەڕێگەی هێزە شەڕکەرەکانی دیکەوە پێی خۆی لە سوریا قایم کردووە و دەیەوێت ئامانجەگەورەکەی بەتایبەت بەرامبەر بە ڕۆژئاوا بەدیبێنێ کە ئاشکرایە ئامانجیشی لە قاڵبدانی کوردەکانە لە ڕۆژئاوا.
هەرچەندە بۆ ڕۆژئاوا ئەم ڕۆژانە سەختن و چرکەساتەکان پڕن لە ترس و دڵەڕاوکێ، بەڵام بەدیوێکی دیکەدا دەکرێت هەستێکی خۆشبێت بۆ هەسەدە کە دەزانن دواجار لە شوێنێکدا دەبێت سنورێک بۆ سوپای تورکیا و هێزەشەڕکەرەکانی سەربەتورکیا دابنرێت و ئیدی هاوشێوەی باشووری کوردستان دوای ڕاپەڕین کە چۆن هێزەکانی هاوپەیمانان سنورێکیان بۆ ڕژێمەکەی سەدام حسین دانا و لەوە بەدوا باشوری کوردستان بەیەکجاری ئازادبوو لەدەست زوڵمی ڕژێم، ئاواش ڕۆژئاوا دەگەن بەو ئازادیی و بەهارەی خۆیان، هەرچەندە دۆخی سوریا زۆر جیاوازترە لە عێراقی سەردەمی سەدام حسین.
ئەوەی تائیرە قسەمان لەبارەیەوە کرد ئەو ڕووداو و دیمەنانەن کە دەبێت هەر ڕووبدەن و بیانبینین، بەڵام لەپشت هەموو ئەو ڕووداوانەوە تارماییەکی دیکەی مەترسیدار بەدی دەکرێت، کە ڕەنگە لەداهاتوودا ڕوونتر ئەم تارماییە ببینین، ئەویش ئەوەیە ئێران لە سوریا ئەوڕۆڵەی جارانی نەماوە، لەکاتێکدا سوریا بەلای ئێرانەوە یەکێک بوو له میحوەرە گرنگ و کاریگەرەکان، ئێستا تورکیا ئەوڕۆڵەی ئێران دەگێڕێت و لەوێ باڵادەستە کە ئەمە مایەی نیگەرانی ئێرانییەکانە، ئێران هەرگیز ئامادەنییه بۆ هەتاهەتایە دەسبەرداری سوریا ببێت و لەداهاتوودا هەوڵی گەڕانەوە دەدات بۆ ناوچەکە ئەگەربێت و لەم ڕووداوانەدا ئێران لەنێونەچێ ، لە بەرامبەرئەمەدا تورکیا ئێرانی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پشتیوانی لە پەکەکە دەکات لە قەندیل، هەروەک چۆن(یەشار گولەر)، وەزیری بەرگریی تورکیا وتی: “ئێران چاوپۆشی لە مەترسییەکانی پەکەکە دەکات سەرەڕای ئەو بەڵگە و زانیاریانەی کە دەیاندەن بە تاران سەبارەت بە چالاکییەکانی پەکەکە لە عێراق”.
ئەم نیگەرانیانەی تورکیا لە چاوپۆشیکردنی ئێران لە پەکەکە و ئەو خەمەی ئێرانیەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ سوریا، دەکرێت لەداهاتوودا ببێت بە هۆکارێک بۆ لێک نزیکبوونەوەی هەردوولا و ڕێکەوتن لەگەڵ یەکدی، چونکە تا ئەم چرکەساتە تورکیا لە هاوکێشەکانی سوریادا ڕۆڵی هەیە و پێدەچێت بۆ داهاتوش ئەوڕۆڵەی تاڕادەیەک هەربمێنێت، کە ئەمە وادەکات دەستپێکردنی مامەڵەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسانتربێت لە جاران بۆ گەیشتن بە قازانجی خۆیان، ئەگەر بێت و مامەڵەیەکی لەم جۆرە ڕووبدات ئەوا بەدڵنیاییەوە ساڵ لە قەندیل هەر زستانی سەخت دەبێت.
ئەم ترس و گومانانە دوای ئەوە زیاتردەبێت کە بیستمان، محەمەد عەلى ئەبتەحى، جێگرى سەرۆککۆمارى پێشووترى ئێران لەبارەی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵی ئێران بۆ سوریا وتی؛ لەوانەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا، ئێران بییەوێت ئەوکارەبکات و لەگەڵ تورکیا بگەنە ئەنجامێک، وتیشی:” پێویستە لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی دیکە لە تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق، بەپێی بارودۆخەکە هەڵسوکەوت بکرێت” کە ئەمە دێڕێکە پڕە لە کۆد و ڕەمزی نهێنی.
- Latest Posts by سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
-سەردەشت محەمەد: هەڵبژاردنێکی سەخت، بەڵام پڕگۆڕانکاری.
- All Posts