نوری بەشێڕ: کێشەی کوردستانی سوریا لەناو کێشەیەکی گەورەتردا؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لەسوریا روویدا بەپێی رێکەوتنێکی پێشوەختەی ئەمریکا، تورکیا و روسیا و هەروەها لەرێگای تورکیاوە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام بۆ لابردنی بەشار ئەسەدو مانەوەی پاشماوەی دەسەڵاتەکەیەتی بەهاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک گروپ و حزبی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرست، لەسەریانەوە هەیئەی تەحریری شام، واتە رژێمێک نەڕووخاوە، بەڵکو لەچوارچێوەی بەرنامەو بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی؛ ئەمریکا و روسیا لەلایەک و وڵاتانی تری کۆنەپەرست و سەرکوتی سەمایەداری ناوچەکە لەوانە؛ تورکیا و ئیسرائیل، سات وسەودایەك بەڕیخراوە؛ بەشار ئەسەد لابراوەو گوێزراوەتەوە بۆ وڵاتی روسیا و بە هێنانەپێشەوەی هێزێکی کۆنەپەرست بەسەرکردەیەکی پێشینە داعش و قاعیدەی وەک محەمەد جۆلانی، کە قەرارە لەلیستی تیرۆری ئەمریکادا دەربهێنرێت بۆبردنەپێشەوەی ئەو بەرنامەیەی کە دایانناوە بۆ سوریاو لەوێوە بۆ نەخشەیەکی گەورەتر لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەبەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانە بپارێزێت.
لەگۆڕانکاریەکی وادا، بەمانەوەی بەشێکی زۆری دامودەزگاکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، وەک سەرۆک وەزیران محەمەد غازی جەلالی و بەشێکی زۆری تری وەزیران و سەرانی دامودەزگا سەربازی و ئەمنیەکان، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر دەسەڵاتی جۆلانیدا، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی نوێی هێزێکی ئیسلامی لەسوریا کە تەجروبەیەکی باشیان لە پێشڕەویی و شکستی هێزە ئیسلامیەکانی پێشوو و لەپەیوەندیەکانیان بە ئەمریکاوە وەرگرتووە تا بەهێزکردنی دەسەڵاتیان. ئەم ئاڵوگۆڕانە لەقسەکانی محەمەد جۆلانیدا زۆر بە ئاسانی هەستی پێدەکرا لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سی ئێن ئێن دا، بەڵام رۆژی گواستنەوەی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ لە 8ی دیسەمبەردا کە لە وتارەکەی لە مزگەوتنی ئەمەوی لە دیمەشق، چووەوە سەر ئەسڵەکەی خۆی وەکو سەرکردەی هێزێکی ئیسلامی و داعشی و قاعیدەیی.
قوربانیەکانی ئەم ساتوسەودایەی ئیسلامیەکان و باقی هێزە کۆنەپەرستەکان و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، لەپێشیانەوە تورکیاو ئیسرائیل، خەڵکی مەدەنی سوریاو کوردستانی سوریا و ناوچەکەیە. کەواتە لەم لابردنەی بەشار و هێنانی هێزی ئیسلامیەکاندا، لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا، ئەوا خەڵکی جارێکی ترو بەشێوەیەکی دیکە دەکەونەوە بەردەم پشێوی و هەڕەشەی ئەم هێزە نوێیانە لەژێر ناوی روخانی دەسەڵاتی 54 ساڵەی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆردا. واتە هاوکاتی سەرکوت و ترساندن و دروستکردنی فەزای شەڕوپێکدادانی هێزەکان لەسوریادا؛ ئەمریکا لەژێرناوی دژایەتی تیرۆر کە بەحساب مەبەستی داعشە، لەسوریا دەمێنێتەوە. تورکیا لەژێرناوی دژایەتی تیرۆر هێرشەکانی بۆناوچە کوردیەکانی باکوری سوریا درێژەپێدەدات کە هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەی لێیە. ئیتر هێزە ئیسلامیەکانی تری سەر بە جۆلانی لە سبەینێیەکدا هێرشەکانی لەژێرناوی بەرگری لەدینی ئیسلام، دژی جیاوازیخوازی، دژی ژن و بێدینی، توندەکاتەوەو ئەوکات تورکیاو ئیسرئیل و ئەمریکاش ئەمە بەڕەسمی دەناسن بۆی وەک مەسەلەی ناوخویی سوریاو هەروەها بۆ ئەمن و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سوریا لەقەڵەمی دەدەن. کاریگەریەکانی ئەمەش بۆناوچەکە لەچوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریکاو تورکیاداو ئیسرائیلدا دەبەنە پێشەوە.
لەیەکەم رۆژی راگەیاندنی جێهێشتنی دیمەشق لەلایەن بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل لە باشورەوە بەرزاییەکانی جۆلانی تێپەڕان و نزیکەی 14 کیلۆمەتر هاتۆتە ناوخاکی سوریاوە. تورکیاش لەباکوری سوریاوە هێرشی کردۆتەوە سەر ناوچە کوردیەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە. لەئاوا هەلومەرجێکدا جێگاوڕێگای کوردستانی سوریا، کە جێگایەکە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و لەژێرناوی ئەوەی کوردەکان هاوبەشمانن، بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا دەکرێت ئەم پەیوەندیە لەوەباشتر بێت کە لە 11 ساڵی رابردوودا راگیراوە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای تێداچووەتە پێشەوە و پارێزراوە، ئایا ئایندەی خەڵکی کوردستانی سوریا لەناو گێژاو و سەرگەردانی و ئایندەی تاریکی ژێر دەسەڵاتی هێزە دینی و قەومیە کۆنەپەرستەکانی سوریادا بەرەو کوێ دەڕاوت و رێگای پارێزگاری لەخەڵکی ئەم ناوچەیە و ئایندەی چۆن پارێزراو دەبێت؟.
سەرەتا دەبێت ئەو هێزو حزبە کوردیانەی کوردستانی سوریا کە ماوەیەکە سیاسەتی خۆیان گرێداوەتەوە بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە لە سوریادا، ئەوە بزانن کە دۆخی سیاسی و ئەمنیی داهاتووی سوریا بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە کە دوورنیە ئەمریکا لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا لەگەڵ تورکیا لە ناوچەکە و لە سوریادا هەمان ئەزمونی هێنانەوەی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ گیانی خەڵکی ئەفغانستانیان دووبارە نەکاتەوە. یان وەکو چۆن لە پرۆسەی ریفراندۆمی کوردستانی عێراقدا پشتی کردە ناسیۆنالیستە کوردەکان لەبەرخاتری تورکیاو عێراق و دەستی حەشدی شەعبی و ئێرانی ئاواڵەکرد بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان.
بێگومان لەهەلومەرجێکی ترسناکی وادا کە خەڵكی سوریاو ناوچەکە لەژێرسایەی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا دەدرێتە دەستی دەسەڵاتێکی ئیسلامی وەک هەیئەی تەحریر شام، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەناوەکەیدا دەیکات، ناکرێت هیچ چاوەڕوانیەک و خۆشخەیاڵیەک بە ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی سوریا بەگشتی و خەڵکی کوردستانی سوریا چاوەڕوان بکرێت.
ئەوەی لە راگەیاندنی ژمارە یەکی ئەو هێزانەدا هاتووە کە ناوەرۆکەکەی بڕیاری2254ی جنێفە بۆچارەسەری کێشەی سوریا کە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وڵاتانی؛ روسیا، تورکیاو ئێران لە دۆحە، تەئکیدی لێکرایەوە، هیچ شتێک نیە جگە لەچاو بەست و فریوکاری و دەیانەوێ ڕوو بەجیهان بڵێن کە چارەسەری شەڕی ناوخۆی سوریا و دامەزراندنی ئارامی سیاسی و حکومەتێکی جێگاپەسەندی خەڵکیان مەبەستە! بەڵام راستی ناوەرۆکی خاڵەکانی ئەم راگەیاندنە ئەگەرچی ئیشارە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان دەکات، بەڵام هیچ جێگاوڕێگایەکی تایبەتی بۆ مافەکانی خەڵكی کوردستانی سوریای تێدا نیەو ناشبێت، بەتایبەت کە لەخاڵی یەکەمیدا باسی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات.
ئەم فەزا ترسناکەی سوریا دەرگا بەڕووی جۆرەها گروپ و دەستەجاتی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرستدا دەکاتەوە لەسوریا کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی وڵاتە جۆراوجۆرەکان بکەن و ببنە هۆی شەڕو کوشتارو ماڵوێرانی بۆ خەڵکی سەراسەری سوریاو خەڵكی کوردستاینش، ئەگەر خراپتر نەبن ئەوا هەمان چارەنوسیان دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ناوچەکەش بگرێتەوە. بەتایبەتی ئەوەی کە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و سەرجەم میدیا بۆرژوازیەکانیان لەدەورەی 27ی نۆڤەمبەر تا 8ی دیسەمبەر، رۆژی گوێزانەوەی بەشار ئەسەد بەشێوەی نهێنی بۆ روسیا، هێزی هەیئەی تەحریرزی شامیان بەجۆرێک گەورەکرد، کە ئەبو محەمەد جۆلانی بوو بەبەڕێز ئەحمەد شەرع و لە میدیاکانەوە گەورەیان کرد، پاشەکشەکانی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ناوچەکان و گرتنی لەلایەن هێزەکانی تەحریری شامەوە گەورەکران و بە دەستکەوت و پێشڕەوی ئەم هێزە بەدنیایان ناساد! لەکاتێکدا ئەم هێزە ئیسلامیە ئامادەکراوە دەورێکی وای نەبوو، هەمووی سیناریۆی پێشوەختەی ئامادەکراو بوو. ئەم هێزە جیا لە رابردویەکی ڕەش، شتێکی تری نەبووە. بەڵام بۆ یەکجاریش هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەیان وەکو هێزێکی کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سوریا لە دژایەتیکردنی تیرۆرو داعش باس نەکرد، ئەمەش دیارە کە بۆ ڕازیکردنی تورکیایەو هەروەها نیشانەی زاڵبوونی سیاسەت و دەوری تورکیایە لەم ئاڵوگۆڕانەو دەوری لە داهاتووی سیاسی سوریادا!.
ئەوەی لەبەردەم ئەم خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی سەراسەری سوریادا و هەموو ئەو هیزانەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە ئایندەیەکی ڕۆشن و یەکسان و ئینسانی بۆ کۆمەڵگای سوریا ئامانجی خەباتیانە، ئەوەیە کە لە دەرەوەی سیاسەت و ئەجێندای هەموو ئەو لایەنە جیهانی و ناوچەییانەدا دەست بۆ گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران و لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتەدا بەرن. دەبێت خەڵکی سوریا چاوی لە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بێت نەك لە ساتوسەودای دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بۆرژوازیی ناوچەیی و هێزە کۆنەپەرستە نەتەوەیی و ئیسلامیەکان… ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازی دنیاو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیە کە لەپاڵ خواستە ڕەواکانی خەڵکی سوریادا بوەستنەوە بۆ ئایندەیەکی یەکسان و ئازاد و خۆشگوزەران… دوور لە شەڕ و کارەسات و تەدەخولی سیاسی و سەربازی و ئەمنی دەوڵەتانی بۆرژوایی جیهانی و ناوچەیی!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت