نەوزادی موھەندیس: ئەرێ بەڕاست کەی و چۆن، کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم پێکدێت؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
وەک دەوترێت دوای بەرەژانێکی زۆر و ململانێ و کێشمەکێشمی سیاسی لەنێوان پارت و سەرکردە سیاسیەکانی ھەرێمدا ھەرچۆنێکبوو توانرا کە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەمی لە2. 10. 2024 دا ئەنجامبدرێت،کە زۆر لایەن و سەرکردە کە لە پێشتریش ڕازینەبوون بێنە ناو پڕۆسەکەوە ھەر گرەویان لەسەر کردن و نەکردنی ھەڵبژاردنەکە دەکرد،سەرەڕای بوونی تانە و گلەیی و ڕەخنە و بۆڵەبۆڵی ھەموانەوە ھەریەکە بەبیانویەکەوە کە گوایە تەزویر و ساختەکاری و دەستێوەردانی ئەنجامەکان وکەمکردنەوە و زیادکردنی ژمارەی کورسیەکان و بەخشینەوە و ئاڵوگۆڕکردنی کورسی و دەنگی لایەنەکانی تیاداکراوە بە قازانجی ھەندێک لایەن و دژایەتی و بچوککردنەوەی ھەندێک لایەنی تر.بەھەرحاڵ کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکەی ڕاگەیاند و وەڵامی ھەموو تانەکانی دایەوە و بەمەش ئەنجامەکان بونە فەرمی و بەڕازی و ناڕازیەوە قبوڵیان کرد .
وەک ھەنگاوێکی دەستوریش سەرۆکی ھەرێمیش ڕێکەوتی 2. 12. 2024 ی دیاریکرد بۆ یەکەم کۆبونەوەی پەڕلەمان و سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی پەڕلەمان بە فەرمی. ھەموو ئەم ھەنگاوانە کاری ڕاستودروستی یاسایی و دەستورین بۆئەوەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە تاکۆتایی بەئەنجامبگات نەک وەک ئێستا بەنیوە ناچڵی ماوەتەوە.
ئەوەتا ماوەی 10 ڕۆژی ڕێکە کۆبونەوەی یەکەم بەکراوەیی ماوەتەوە بەبێ ئەوەی ڕوناکی و تروسکاییەک ببینرێت و ھەستپێبکرێت بۆ ڕێکەوتنی لایەنە سیاسیە براوەکان بۆ ھەنگاونان بەرەو ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و دواتریش ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و پاشانیش ڕاسپاردنی کەسێک لەلایەنی براوەی یەکەم یان کوتلەی گەورەترینی پەڕلەمان بۆ تەکلیفکردنی بۆ پێکھێنانی کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەمەش ھەرێم و قەوارە دەستوریەکەی لە ناوچوون و ھەڵوەشانەوە دەپارێزرێت و دامودەزگاکانیش لەم دۆخە ناھەموار و دژوارەی کە ھەرێم و عێراق و ناوچەکەشی پیادا تێپەڕدەبێت،گرنگە کە لەھەرێمی کوردستاندا ھەموو سەرکردە و پارتە سیاسیەکان پێکەوە کاربکەن و بگەنە ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتن دەربارەی دیزاینکردنی کابینەی شەشەم و بەزووترین کات ھەوڵی پێکھێنانی بدەن.چونکە ھەرێم جەنگێکی حەتمی بەردەرگای گرتوە و ڕەنگە پەلاماردان و پشێوی ناوخۆیش ڕووبدەن بەھۆی نالەباری دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و ڕووخاندنی ڕێژێمی سوریا و پەلھاویشتنی ئاگری ئەو شەڕە بۆ ھەرێم و عێراق و وڵاتانی تریش.
ھەربۆیە ئەم وێسگە گرنگ و ھەستیار و مەترسیدارە،پێویست بەیەک دەنگی و یەک ڕەنگی و کاری پێکەوەیی و خەمخۆری و کوردایەتیەکی ڕاستەقینە ھەیە بۆ ئەوەی ئەزموون و دەسەڵات و قەوارەی 33ساڵەی ھەرێم لەدەستنەدرێت وھەموو دەسکەوت وقوربانیدانەکانیش بەفیڕۆنەچنەوە.
گرنگە ھەردوو سەرکردە و پارتی یەکەم و دووەمی براوەی ھەڵبژاردنەکان پێکەوە و وەکو ساڵانی ڕابوردوو و ھەموو کابینەکانی تر لەنزیکەوە دابنیشن و ھەموو گرێ و گرژییەکان خاوبکەنەوە و بە نیەتێکی ڕاستەقینەی کوردانە و خزمەتکردن و دوورکەوتنەوە لە قۆڵبادانی یەکتری و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی و ھاوسەنگکردنەوەی ھێز و دەسەڵاتەکان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پیاداچوونەوە بەھەڵە و کەمتەرخەمی و کەموکوڕیەکانی ڕابووردوو لەپێناو متمانەوەرگرتنەوەی جەماوەر و سەپاندنی دادپەروەری لە دووبارە دابەشکردنەوەی سەروەت وسامان و ڕەخساندنی ھەلەکانی کار و ژیان بەبێ جیاوازی ناوچەکەکان و دوورکەوتنەوە لە گیانی حیزبایەتی تەسک و غرور و عینادی سیاسی،و ڕێکخستنەوەی پەیکەری حکومەت لەھەموو دامودەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریشدا,ولەسەرووھەموانیشەوە پەڕلەمان بکرێتە دەزگایەکی کارا و چالاکی یاسادانان و لێپرسینەوە و چاودێریکردن بەشێوەیەک حکومەت و ھەموو دامودەزگاکانی ملکەچی ئەو چاودێریە پەڕلەمانیە بن و ئیدی وەک ڕابووردوو حکومەت خۆی نەسەپێنێت و ملھوڕی نەکات لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
کارێکی زۆر باشتریش دەبێت کە کابینەی حکومەت زۆرترین حیزب و نوێنەرانی جەماوەری تیادابێت ھەریەکە بە قەوارە و شایستەی ھەڵبژاردنەکە،بەڵام وەک سیستەمێکی حوکمڕانی ساغەڵەم و تەندورستیش گرنگە کە ھەردوو جەمسەری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەی بەھێزیش ئامادەگیان ھەبێت،بۆئەوەی ھەم ئازادی و دادپەروەری و ھاوسەنگیش لە حکومڕانیدا پیشان بدرێت و بسەپێنرێت و پارێزگاریشیان لێبکرێت و چیدی گەندەڵی و قۆرخکاری و تاریکاندن و خۆسەپاندنی ھیچ سەرکردە و لایەنێکیش ڕێگەی پێنەدرێت.
لەکۆتایدا،کات لە قازانجی ھەرێمدا نیە و نابێت چیدی خاوەخاولە پێکھێنانی کابینەی حکومەتدا بکرێت بەبیانوی بێ ئەرزشەوە و ھەرچی کراوە دەبێت حکومەتی ھەرێم بەزوویی پێکبھێنرێت و خۆئامادەبکرێت بۆ قۆناغی گۆڕانکاریە گەورەکانی ناوچەکە بە بەھێزی و یەکدەنگی و یەکڕیزیەوە،ئەگینا ئەوەی ھەشمانە لەدەستی دەدەین و دواتریش مێژوو بەزەیی بەکەسدا نایتەوە و لەلاپەڕە ڕەشەکانی خۆیدا تۆماری دەکات کێ و چ سەرکردە و لایەنێک خەمخۆر وپەرۆشی یەکڕیزی و یەک ماڵی و یەک بڕیاری کورد وئایندەکەی بوەو کێش دژبەر وناحەزی خواست و مافە ڕەواکان و سەروەری و دەسەڵاتی نەتەوە و نیشتیمان بوە و خۆچەمێنی داگیرکاران و دوژمنانیش بوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی