بەهرۆز جەعفەر: ئەقڵ و دیکتاتۆر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیکتاتۆر بارووت و سەربازی دەوێ، بانگەشەی درۆی حەز لێیە؛ ئەوەندە میدیای دەوێ کە فەزای گشتی بۆگەن بکات و سەرقاڵیان بکات بە شتی پڕوپووچ و هەواڵی چالاکییە سواوەکانی ڕۆژەوە. زۆربەی دیکتاتۆرەکان ئەقڵیەتی “خێڵ” و عەشیرەتیان هەیە، ڕاستە خێڵ و عەشیرەت و خزمایەتی و بەهاو لێبوردەیی گرینگن، بەڵام ئەقڵییەتی خێڵ هەرگیز بۆ حوکمداریی نابێت، چوونکە خێڵ و دیکتاتۆرەکان ڕقیان لە دامەزراوە “موئەسەسات”ە، دوژمنی ئەقڵ و پرۆژەو پێشنیارن؛ وڵات بە بێ دامەزراوەو ئەقڵ دەبێتە چ دارستانێکی ترسناک؟! ئەگەر بێت و پێشنیاری ئەقڵانی و ڕێگەی بە‌هێز بخەیتەڕوو؛ بەگوومانەوە لێت دەڕوانن، بە کەناڵی جیا-جیا چاودێریت دەکەن، بە مەترسیت دەزانن، چۆن دەبێت کەسێک “ئاقڵ” بێت و هەندێ جموجوڵ بکات و بەشێک نەبێت لە ئێمە؟!
سەیری بکە، ساڵی 1983 کاتێک هونەرمەندەکە پەیکەرە بەناوبانگەکەی “مۆنۆمێنتی شەهید”ی لە بەغدا درووستکرد، لەسەردەمی خۆیدا بێوێنە بوو لە ناوچەکەدا، هونەرمەند یەک کاتژمێر باسی ئەم هەوڵەی بۆ “سەدام حوسێن” کرد، کە بوەتە یەکێک لە هێماکانی بەغداو چەندە کاریگەر و شارستانییەو، لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە؛ سەددام پێی وت ” جا.. چییە.. بارووت درووست دەکات؟”، ئەو کە دیکتاتۆرە، بارووت و چەکی دەوێ تا بەرگریی لەخۆی پێ بکات نەک ئاڵاو نیشتیمانەکەی، تۆ هاتویت پەیکەر و هونەری چی شەرح دەکەی؟ دیکتاتۆر هیچ کات گەلەکەی بۆ گرینگ نییە، تەنها خۆی، لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە حیزب یان چەند کەسێک لە بنەماڵە یان عەشیرەتەکەی پێ گرینگ بێت، لەوە بترازێ مرۆڤ هیچ بەهایەکی لای ئەو نییە؛ ئەو سامانی وڵات هەمووی بە مووڵکی خۆی دەزانێت، نێرجسییەو تەنها دڵی لەخۆی چوە، وەک ئەوەی بینیتان بەشار ئەسەد ئامێری دانا بوو بۆ پرێس کردنی مرۆڤ، بە زیندوێتی دەیبردنە ژوورەوە وەکو پارچە تەختەی ڕێک دەیهێنانە دەرەوە! خەڵک لای ئەوانە گرینگ نییە تەنها خۆیان نەبێت، هەموو شوێنێکی نیشتیمان دەکەن بەقوربانی بۆ گەڕەک و عەشیرەت و بەردەرگاکەی خۆیان. جا بۆیە ئەگەر تۆ بیردەکەیتەوە، ئەگەر ڕەخنەت هەیە، ئەگەر بڕوانامەت هەیە، تێگەیشتن و ڕوانگەت هەیە؛ دەبێ بەئاگا بیت! بزانیت لە کوێیت ئنجا قسە بکەیت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت