حه‌مه‌ئازاد به‌رزنجی: ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد له ئێستادا بۆ پشتگیری کوردانی ڕۆژاوا.
هه‌مومان ده‌زانین کوردانی ڕۆژاوا له ئێستادا له قۆناغێکی هه‌ستیاری گوازراوهدان، بۆ به ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان. هه‌روه‌کو چۆن، سوریاش به هه‌مان قۆناغدا ده‌روات و تێده‌په‌ڕێت . وه چۆن ده‌بێ به‌زوترین کات فرسه‌ته‌کان بقۆزرێنهوهو کات به فیڕۆ نه‌درێت و هه‌وڵبدرێت له ماوه‌یه‌کی کورتا زۆرترین سودیان لیوهربگیرێن. هه‌رچه‌نده له‌م کاته‌دا و تاکو ئێستاش شه‌ڕی نه‌خوازراو به‌رۆکی به‌رنه‌داون . به‌ڵام بێجگه له به‌رخۆدان و به‌رگری و کاری سه‌ربازی، ئێستا کات کاتی کاری دیبلۆماسی و گفتوگۆ‌و دانوستانی ناوخۆ و ده‌ره‌کی و ئقلیمی و جیهانیشه . کاتی هیواشکردنهوهی توندوتیژی و وازهێنانه له دروشمی بریقه‌دارو هه‌ڵسوکه‌وت و هه‌ڵوێستی ئستفزازیانه به‌رامبه‌ر هه‌ر لایه‌نێک و پارت و ڕێکخراو و ده‌وڵه‌تێک بێت. ئه‌مه به‌گوێره‌ی کوردان و ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆراوا. له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێ هه‌مو تاکێکی کورد له هه‌ر شوێنێك بێ، به‌تایبه‌تی ڕۆشنبیران، ودڵسۆزانی ناو کۆمه‌ڵ و پارت و ڕێکخراوه کوردیه‌کان، هه‌ر یه‌که‌ی له‌و بواره‌ی تێیدا کار ده‌کات و به‌و شێوه‌یه‌ی بۆی ده‌لوێ، وه خاوه‌نی هه‌ر بیر‌و باوه‌ڕێک بێ، ده‌بێ ئه‌سپی خۆی تاوبدات و ڕۆڵی خۆی بنوێنێ وتوانای خۆی خۆی پێشکه‌ش بکات. چ له ناوخۆ یان، ده‌ره‌وه‌ی کوردستان.
له ناوخۆی باشور ئه‌و چالاکیه میدیایانه‌ی به‌دی ده‌کرێت به تایبه‌تی کۆڕ‌و کۆبونه‌و چاوپێکه‌وتنه‌کان ، ڕه‌وتێکی زۆر باشی گرتوه و له گه‌ڵ قۆناغه‌که‌دا ده‌ڕۆن. ئه‌وی ده‌بینرێت، تا ئێستا ئه‌رێنییه . که‌ناڵی ئاسمانی ته‌له‌فزیۆنی نییه به‌رنامه‌ی له‌سه‌ر بارودۆخه‌که نه‌بێت. به کۆڕ‌و کۆبونه‌وه و شیته‌ڵ کردنی بار‌و دۆخه‌که و پێشکه‌شکردنی ئامۆژگاری و باش و ڕێنماییکردنیان تا هه‌نگاو بنێن وبه‌ره‌و ڕوگه‌ی ڕون، پێشنیاری باشیش ده‌خه‌نه به‌رده‌م پارته سیاسیه‌کان به‌تایبه‌تی پارته‌کانی باشور و ڕۆژاوا و باکوریش . که ئه‌وی له ده‌ستیان دێ بیکه‌ن و هه‌ڵوێستیان هه‌بێت. وه لاوازترین هه‌ڵوێستیش ئه‌وه‌یه ( گه‌ر گوڵ نه‌بن ، ڕۆلێ درکیش نه‌بینن ). ئه‌وی هه‌مو لایه‌ک هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن و داوای ده‌که‌ن، باشترکردن و ئاساییکردنه‌وه‌ی نیوان پارته سیاسیه‌کانه . به‌تایبه‌تی تر نێوانی ( پارتی دیموکراتی کوردستان و په‌که‌که ) یه. چونکه کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر ئاسایکردنه‌وه‌و به‌ره‌و پێشچونی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ( هه‌سه‌ده و ئه‌نه‌که‌سه ) له ڕۆژاوا . چونکه گه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندیه باش بێت و ئه‌وا به‌یه‌ک وه‌فد و یه‌ک هه‌ڵوێست ده‌چنه گفتوگۆکانی دیمه‌شق و دانوستان له‌گه‌ڵ ( جبهه تحریرالشام ) ده‌که‌ن، و ئه‌نجامی باشیش ده‌چننه‌وه.
بێجگه له که‌ناڵه ئاسمانیه‌کانی ناوخۆ ، ئێستا که‌ناڵه ئقلیمی و جیهانیه‌کانیش وه زۆر به‌تایبه‌تی تر که‌ناڵه ئاسمانییه عه‌ره‌بییه‌کان سه‌رقاڵن، به کێشه‌ی سوریا‌و دواڕۆژی سیاسی و بهڕێوهچونهکهی و چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوره‌که‌ی وڕۆڵی پێکهاته ئایینی و نهتهوایهتیهکانیش له ئایندهی سوریادا تاوتوێ ده‌کرێت. جابۆیه پێوسته به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد خۆیان بگه‌یه‌ننه ئه و کۆڕ‌و کۆبونه‌وانه. ئه‌وه‌ی سه‌رنج ده‌درێ که‌ناڵه‌کان به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بیه‌کان خۆیان به‌دوای ڕۆشبیرهکوردهکانهوهن . ئه‌مه کارێکی باشه، به‌ڵام ده‌بێ ڕۆشنبیرانی کوردیش بێ شه‌رمکردن به تۆپزیش بێ و ، به هه‌ر شێواێك بێ خۆیان په‌یوه‌ندی به‌و که‌ناڵانه‌وه بکه‌ن. به تایبه‌تی ڕۆشنبیره کورده، عه‌ره‌بی زانهکانمان که چ له ناوخۆی هه‌رێـم یان له‌ده‌روه‌ی، به‌تایبه‌تی له ئه‌وروپاو ئه‌مریکا وه ژماره‌یه‌کی باشیشمان هه‌یه . له‌لایه‌ک بۆده‌ربڕینی بیر‌و باوه‌ڕی خۆیان و گه‌یاندنی ڕاستیه‌کان، وگهیاندنیان به شه‌قامی عه‌ره‌بی، له‌لایه‌کی دی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی بیری شۆڤینیانه‌ی ڕۆشنبیره تورکه‌کان. که هه‌ر به‌زۆر ده‌یانه‌وێ ڕوی کورد ناشرین پیشانبده‌ن . وه به تیرۆریست له قه‌ڵه‌میان بده‌ن ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که خۆیان پشتگیری ڕاسته‌خۆی تیرۆر و ده‌سته‌و تاقمه تیرۆرستهکانن. وه ئه‌وی سه‌رنج ده‌درێ ڕۆشنبیره عه‌ره‌به‌کان ، تا ئه‌م کاته به گشتی ڕایان خراپ نیه‌و وه‌ک تورکه‌کان توند نین. وه هه‌ست ده‌کرێ شه‌قامی عه‌ره‌بیش له‌م کاته‌دا زۆر دژی کورد نین. هه‌رچه‌نده سۆزیان بۆ ڕژێمه زۆرداره‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د نییه، به‌ڵام پێیان خۆش نییه که سوریا وسوپای سوریا ئاوا به‌ده‌ست توورک و توندڕه‌وه ئیسلامیه‌کانی سه‌ر به‌تورکیا قڵپ بکرێته‌وه. وه ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌کرێ ته‌نها قه‌ته‌ره ده‌ستی له‌گه‌ڵ تورکیادا تێکه‌ڵکردوه ده‌یانه‌وێ ئاراسته‌که به ویست و ئاره‌زوی خۆیان بگونجێنن و ئاڕاسته‌ی بکه‌ن . به کورتیه‌که‌ی به‌پاره‌ی قه‌ته‌رو ئه‌جندای کۆنه پاریزی تورکیا ده‌یانه‌وێ گه‌وره‌ترین ڕۆڵیان هه‌بێ . تورکیا له ڕوی ئابورییه‌وه ئه‌و توانا گه‌وره‌یه‌ی نییه‌و دراوه‌که‌ی هه‌ر له دابه‌زیندایه ئه‌وه‌تا فشارێکی زۆری خستۆته سه‌ر قه‌ته‌رو ده‌یه‌وێ کاره‌بای حه‌ڵه‌بی پێچاکبکاتهوهو وێستگه‌ی نوێی پێ دابنێ . وه گه‌ر ئیسرائیل ڕۆڵی ههبوبێ له‌م شکسته‌ی سوریادا ئه‌ویش به‌هیچ جۆرێ ئاڕاسته‌که‌ی ئێستا و ئه‌م هه‌یمه‌نه‌یه‌ی تورکیایان ، پێ هه‌رس ناکرێ و پێیان خۆش نییه، نه ئیسرائیل و نه ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کانیش. هه‌ر بۆیه به په‌له کۆبونه‌وه‌ی (عه‌قه‌به) له ئوردن گرێدرا . به ئاماده‌بونی چه‌ندان ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی باڵا ده‌ست و به‌هێز له ناوچه‌که‌دا و به ئاماده‌بونی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆ سوریا‌و و نوێنه‌ری ئه‌وروپاو، کۆمکاری عه‌ره‌بیش . وه به‌یاننامه کۆتاییه‌که‌شیان ئاسۆیه‌کی باشێ لێوه به‌دی ده‌کرا. که ده‌ڵێ نابێ هیچ پێکهاته‌یه‌کی سوری پشتگوێ بخرێت و ده‌بێ گفتوگۆی سوری ، سوری ده‌ستپێبکات و سوریه‌کان خۆیان بڕیار بده‌ن . جابۆیه له‌م کاته‌دا چ له ڕێگای کۆمکاری عه‌ره‌بیه‌وه بێت یان له ڕێگای په‌یوه‌ندی کردن به ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کان به‌تاک، کارێکی زۆر باشه له ڕێگه‌ی دیبلۆماسی کوردیه‌وه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت . بۆ پشیگیری کورد له‌لایه‌ک و له لایه‌کی دی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ژمون و هێرشی تورکیا که ئامانجی له ناو بردن یان له قاڵبدانی خواستی کورده له ڕۆژاوا و له هه‌ر پارچه‌یه‌کی دی کوردستاندا بێت.
ده‌بێ ڕۆشنبیرانی کورد ڕۆڵیان هه‌بێ تا سیاسه‌تمه‌دارانی ڕۆژاوا ، سود له ده‌ستوری ئێراقی وه‌رگرن ، به‌تایبه‌تی ئه‌و ماده‌و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندیان به کورده‌وه هه‌یه و بۆ کورد ئه‌رێنین . بهدراسهی قوڵه‌وه بۆیان ئاماده بکرێت و بۆیان بنێردرێت . وه ئاگادار بکرێنه‌وه له گه‌مه و فرتوفێڵه‌کانی دانوستان و هه‌نگاو به هه‌نگاو له گهڵێاندا بن و گه‌ر لیژنه‌یش پێکبهێنرێت بۆ ئه‌و کاره خۆ ئه‌وه زۆر باشتر ده‌بێ . وه‌ئاگادار بکرێنه‌وه له هه‌ر گۆڕانکاریه‌ک یان هه‌ڵوێستی نه خوازراو یان پلانی له ناکاو که دوژمنانی کورد بۆی له که‌میندان ئاگادار بکرێنه‌وه و هه‌ڵوێستی به په‌له و بێ پلان له خۆیانه‌وه نه‌نێن. واته هه‌نگاوه‌کان کورت و ورد و پوخت و له‌سه‌ر خۆبن و پلان بۆدانراوبن. نه ک هه‌نگاویی به‌په‌له‌ی درێژی بێ به‌رنامه که‌دوایی ناچار بن بۆی بگه‌ڕێنه‌وه و بۆشاییه‌کان پڕ بکه‌نه‌وه.
ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌داران ده‌توان له‌م کاته‌دا ڕۆڵیان هه‌بێ له‌سه‌ر په‌که‌که بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی چالاکییه سه‌ربازییه‌کانی ،. لێدوانی توند و تیژ نه‌ده‌ن . هه‌رچۆنێک بێت هه‌وڵی ئاشتی بده‌ن له‌گه‌ڵ تورکیا . به‌ڵگه نه‌ده‌نه ده‌ست تورکیا . هه‌وڵی کهمکردننهوهی وێنه‌و دروشمه‌کانیان بن له سوریا ، وه گه‌ر فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی باکوڕ هه‌بێ له سوریا له‌م کاته‌دا زۆر ده‌رنه‌که‌ون و بیانگه‌ڕێننه‌وه بۆ باکور . چونکه به‌ڕاستی ئه‌وی له‌سه‌ر چزهو ده‌یه‌وێ ڕۆڵی کورد نه‌هێڵێ له سوریا ته‌نیا و ته‌نیا هه‌ر تورکیایه‌و بیانوه‌که‌شیان ڕۆڵی سه‌ربازی په‌که‌که‌یه .
ڕۆشنبیران ده‌توانن شه‌قامی ناوخۆ ئاماده که‌ن بۆ هه‌ڵوێست و کۆمه‌ک و پشتگیری کوردانی خۆرئاوا‌و که‌مکردنه‌وه‌ی گرژییه ناخۆییه‌کان . فشار خستنه سه‌ر هه‌ردو پارته سیاسیه سه‌ره‌کیه‌که‌ی باشور تا به په‌له له په‌ڕله‌مان کۆببنه‌وه و حکومه‌تی نوێی هه‌رێم پیک بهێنن له گه‌ڵ پارته‌کانی دی . چونکه هه‌ر کێشه‌یه‌ک له‌هه‌ر پارجه‌یه‌ک هه‌بێ ڕاسته‌وخۆ کار له ڕۆژاوایش ده‌کات.
هه‌وڵ بدرێ تورکیا له‌و هه‌ڵوێسته‌ی خاو بکرێته‌وه له ڕێگه‌ی دیبلۆماسی ده‌ره‌کی یان ناوه‌کی. ده‌توانرێ وه‌فد له حکومه‌ت وپه‌ڕله‌مانی هه‌رێم و نوێنه‌ری حزبه‌کان پێکبهێنرێ و سه‌ردانی تورکیا بکه‌ن . ده‌توانرێ له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کان و ئه‌وروپاو ئه‌مریکاو ته‌نانه‌ت له ڕێگه‌ی ئیسرائییشهوه بێ فشار بخرێته سه‌ر تورکیا . . ده‌توانرێ وته‌ی سه‌رۆکی وڵاتان و وه‌زیره‌کانیان یان هه‌ندێ بڕگه‌ی ئه‌و کۆنوسی کۆبونه‌وانه‌ی که ده‌به‌سترێت و له سودی کوردانی سوریادان ، گه‌وره‌بکرێن و بڵاوبکرێنه‌وه‌و له میدیا کان په‌خش بکرێن . به تایبه‌تی وته‌ی ئه‌م دواییه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاو فه‌ره‌نسا ، وته‌ی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا ، وته‌که‌ی سه‌رۆکی ( جه‌بهه‌ی ته‌حریری شام )که وتی کورد‌و عه‌ره‌ب دو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کین له‌سوریا کورده‌کان مه‌ینه‌تییان زۆر چه‌شتووه‌و ده‌بێ له دوا ڕۆژی سوریادا ڕۆڵیان هه‌بێ . یان وته‌که‌ی دوایی سه‌رۆکی داهاتوی ئه‌مریکا تره‌مپ . که هه‌رچه‌نده به شان و بازوی ئه‌ردۆغانی زۆر هه‌ڵداو به که‌سێکی زیره‌کی ناوزه‌ند کرد‌و وتی سودمه‌ندی سه‌ره‌کی تا ئێسات تورکیایه . که میدیای تورکیا ئه‌مه‌ی قۆزته‌وه . به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا به دێڕێک سهرزهشتی تورکیای کرد‌و وتی کرده‌یه‌کی سه‌ربازی نادۆستانه‌ی کرد له ڕێگه‌ی ئه‌و ملیشیایانه‌ی که سه‌ر به‌ون ئه‌مه ده‌قه عهرهبیهکهیهتی ( نفذت عملیة أستیلاء غیر ودیة ، عبرة سیطرة الفصائل المسلحة علی سوریا )
ڕۆڵی هه‌مو وڵاتان بدهبێ به‌هه‌ند وه‌ربگیردرێت و په‌یوه‌ندیان پێوه‌بکرێت . به‌ڵام ئه‌وی که کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر تورکیا هه‌یه له‌م کاته‌داو حسبیان بۆ ده‌کات بهراستیهکهی ئه‌مریکاو ئیسرائیله . به‌هه‌ر جۆرێک بێت کورد نابێ ئه‌و پشتگیریه له کیس خۆی بدات ، به‌تایبه‌تی ئه‌مریکا و کاری بۆ بکرێت . له هه‌مان کاتیش‌دا نابێ ڕۆڵی ڕوسیا‌و ئێرانیش به نادیده بگیردرێت ، چونکه ئه‌م دوانه زه‌رمه‌ندی یه‌که‌م و دۆڕاوی یه‌که‌من له کێشه‌ی ئێستای سوریادا . وه زۆر په‌ستن له تورکیا و هه‌وڵی تۆڵه سه‌ندنه‌وه ده‌ده‌ن .