زاهیر باهیر: ڕاگەیاندنەکانی لایەنە جیا جیاکانی سوریا و سەرنجێك.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەکو دەبینرێت رووداوەکان زۆر بە خێرا تێدەپەڕن و ڕاگەیاندنی جیا جیا لە گەلێك لە لایەنەکانەوە ڕادەگەیەنرێت.

لەو ڕاگەیاندنانە:
دوێنێ سێشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، پابەندبونی پتەومان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لەسەرتاسەری سوریا هەیە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئامادەیی خۆمان نیشانده‌ده‌ین بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لەشاری کۆبانێ، ئامانجیش له‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، بۆ چارەسه‌رکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیایە، مه‌زڵوم عه‌بدى ئەوەشیخستەڕوو، ئامادەین بۆ دوبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا”.
مەزڵوم عەبدی پێشنیار دەکات لەپێناو سەرکەوتووی پڕۆسەی ئاگربەست لە سوریا، لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریکا ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لە کۆبانێ پێکبهێنرێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ پابەندبوونمان بە راگرتنی شەڕ لە تەواوی ناوچەکانی سوریا، ئامادەین بۆ پێکهێنانی ناوچەی لەچەک داماڵراو لە شاری کۆبانێ. ئەوەشیخستەڕوو ” ئامادەین بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا.”
مەرهەف ئەبو قەسرە فەرماندەی سەربازیی ده‌سته‌ى تەحریر شام کە ناسراوە بە”ئەبو حەسەن ئەلحەمەوی”، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسیی هەڕەشەی ئەوەیکردوە “ئەو ناوچانەی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەستی” هێزەکانی سوریای دیموکرات” (هەسەدە)دایە، دەخرێتە ناو ئیدارەی نوێی سوریا، ده‌شڵێت: هەموو جۆرە فیدڕاڵییەتێک ڕەتدەکەینەوە.
ئەبو قەسرە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس كه‌ لەشاری لازقییە ئەنجامیداوە وتویەتی: گەلی کورد یەکێکە لەپێکهاتەکانی گەلی سوریا، بەڵام کێشەکە لەسەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە. ئه‌وه‌شى وتوه، “پەیامی ئێمه‌ ڕونە، سوریا دابەشنابێت‌و هیچ جۆرە فیدراڵییەتێکی تێدا دروستنابێت. ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)دان، ان شا‌ء الله دەخرێنە ناو ئیدارەی نوێی وڵاتەوە.
ئەبوو قەسرە لەسەر قسەکانی دەڕوات و دەڵێت؛ دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربازیی کە هەموو کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژێر ئاڵاکەی کۆبکاتەوە، هەنگاوی داهاتوو، دەبێت دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد لەهەر وڵاتێکدابێت دەبێت هەموو یەکە سەربازییەکان لەژێر چەتری یەک دامەزراوەدابن.
ئەنەکەسەش مەرجی خۆیان هەیە بۆ دانیشتن و جۆرێك لە یەكکەوتن لەگەڵ هەسەدەدا، قسەکەریان، نەواف رەشید، ئاوا دەڵێت؛ مەزڵووم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد و رۆژئاوای کوردستان بناسێنێت و بڵێت من نوێنەری کوردم و لە رۆژئاوای کوردستانم، نەک نوێنەری منبج و رەققە، هەروەها دەبێت مەزڵووم عەبدی بە تورکیا بڵێت؛ ئەوان پەکەکە نین، هەروەها دەبێت بە روونی پێیان بڵێت کە ئەوان دژی تورکیا نین.”
لە لایەکی دیکەوە ئەمەش هەیە کە دەستەی تەحریری شام بە دەمی ڕایانگەیاندوو ” تەحریری شام ناوچە کوردیەکانی بەفەرمی خستەوە ڕیزی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشەوە. بەمەش بۆشایی ئەو گرژیانەی نەهێشت کە پێشتر لەسەردەمی ئەسەد دا هەبوو. تەحریری شام ئەم هەنگاوەی بە دژی هێرشەکانی تورکیا نا و ئەمریکا پشتیوانیی دەکات”.

سەرنجی من:
ئەمانە بڕێکن لەو ڕاگەیاند و قسانەی کە لەم یەک دوو ڕۆژەدا کراون کە هیچ کام لەمانە تەنانەت ئەوەی مەزڵوم کۆبانی-ش مایەی دڵخۆشی نیە و هیوایەكی گەش بۆ ڕۆژائاوا نییە.
هەموومان دەزانین دەستەی تەحریری شام یەک دەستە یا یەك گروپ نین تاکو پابەند بن بە قسە و لێدوانی سەرکردە سەرەکییەکەوە کە ئەبو موحەمەد جۆلانییە ، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم هەتا ئەگەر جۆلانی-یش با بڵێین هەڵوێستی گۆڕا بێت بەرانبەر ڕۆژئاوا گروپەکانی دیکە هەمان هەلوێستی ئیسلامگەرایی توندو تیژیان هەیە، دیدو کرداریان بەرانبەر بە کورد بە گشتی و ڕۆژئاوا زۆر دوژمنانەیە.
من ڕام وایە ئەبو موحەمەد جۆلانی شەڕی چەکدارانە لەگەڵ ڕۆژئاوا ناکات بەڵکو شەڕی ئیداری لەگەڵدا دەکات، بە یاسا نەك بە چەك، واتە بوونی ڕۆژئاوا بە بەشێکی نەبچراو لە سوریا ، لەو بارەشدا هەموو سەرۆکایەتی سەراپای دەزگە ئیدارییەکان، هەموو خزمەتگوزارییەکان، هەموو قوتابخانە و خەستەخانەکان و شارەوانییەکان دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی مەرکەزی و هەسەدە و ئیدارەی ئێستای ڕۆژئاوا هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێت و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ، ئەو بەرنامەی خۆیندن و پڕۆگرمانەی کە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا لە ڕؤژئاوای ئێستادا هەیە هەر هەموی هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت یەك پلان و یەك مەنهەجی خوێندن و پەروەردە لە هەموو سوریادا هەبێت، تەنانەت هەموو وێنەکانی ئۆجەلان و ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە هەر هەمووی فڕێ دەدرێت، هەموو سرودەکانی کوردایەتی و ئەوەی کە بە ئۆجەلان و سەرۆكدا هەڵدەدرێت نەك هەر نامێنێت بەڵکو حەرامیش دەکرێت.
چەمکی فیدراڵییەت و کۆنفیدراڵیزم، پرسی ژنان و فێمێنیستی، پرۆژەی ئیکۆلۆجی و ژینگە دۆستی هەر هەمووی هەڵدەوەشێتەوە و بەتاڵ دەبێتەوە . لە لایەکی دیکەوە ئابوری ئەوێ و پرسی کۆمەڵایەتی و دەزگەی داد دادگا و یاسا چی تر لای هەسەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا نامێنێت، ئەو عەقد کۆمەڵایەتییەی کە ئیدارەی ڕۆژئاوا ساڵێك لەمەوبەر نوێی کردەوە گەرچی خراپترو دواکەوتوترە لەوەی پێشتری 2014 ی ، ئەوەش نە کاری پێدەکرێ و نە لە هیچ شوێنێك دەڕوات، چونکە حکومەتی نوێی ئیسلامی باوەڕی بە فیدراڵیەت نییە ، باوەڕی بە یەکێتی سوریا و ئیسلام هەیە، ئەو لەژێر سیاسەت و ڕێنمایی و پلانی تورکیادا دەڕوات و تورکیاش سیاسەتی نەگۆڕ و پلانی دۆززەخی بۆ کورد لە هەموو شوێنێکدا هەیە .
ئابووری ڕۆژئاوا کە لە دەستی ئیدارەکەی ئێستادا هەیە بە هەر ناوێکەوە بێت: هەرەوەزیی، حکومیی، خۆسەریی. هەر هەمووی دەبێت بە گوێرەی یاسا بگەڕێتەوە ژێر دەستی حکومەتی مەرکەزی و ئەو سەرپەرشتی بکات.
بەڵام من باوەڕم وایە عەفرین لەژێر دەستی تورکیا دەردەهێنرێت و تورکیا پاشەکشەی لێدەکات ، بەڵام ئەردۆگان مەرجی هەیە لەسەر حکومەتی نوێی سوریا ئەویش دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و هەسەدەیە ، ئەردۆگان هەنگاوێك ناچێتە دواوە ئەگەر دوو هەنگاو قازانجی تێدا نەبێت . ئەوەش گرنگە کە بڵێین لە هەموو سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی سوریا، ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا پشتگیری لێدەکەن. هەسەدە و ڕۆژئاوا ئەو پێگە گرنگەی نامێنێت و هەر وەکو بە لاوازبوون و نەمانی داعش لە سوریا هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لەناوچوونی خودی هەسەدە و ڕۆژئاوا. ئەمان چی تر پێویستیان بە هەسەدە وەکو جاران نامێنیت.
بەداخەوە کە من زۆر ڕەشبینم لە بارودۆخی نوێ ، ڕەشبینییەکەشم هۆکار و پاساو و بناخەی خۆی هەیە . لەو بارەشدا ڕۆژئاوا ، هەسەدە دەبێت ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئایا ڕازی دەبن بەوەی کە لە سەرەوە وتم یاخود شەڕدەکەنەوە؟ کە شەڕکردنیان دۆڕاندنی خۆیان و وێرانکردنی هەموو ڕۆژئاوا و ڕەنگە پەلیش بهاوێت بۆ باشووریش.
هیوادارم ڕەشبینییەکانی من بێ بنەما و بێ ئایندە بن. قسە و لێکدانەوەکەی من بە گوێرەی ئەو راگەیاندن و هەڵوێست و بارودۆخەی ئێستایە کە سوریای پیادا تێدەپەڕێت، لە هاتنەپێشەوەی بارودۆخی نوێدا بێگومان لێکدانەوەی نوێ دەبێت بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت