عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا: کۆمەڵگا چیە؟ ئایا کۆرد بووە بە کۆمەڵگا؟ ئەگەر نەبووە بە کۆمەڵگا چۆن و ئەو بارەی تێیدا دەژی چۆن پێناسە دەکرێت و دەکەوێتە کوێی پەرەسەندن و گەشەی کۆمەڵایەتیەوە؟ خاسێتە دیارەکانی ئەو بارەی تێیدایە چین و لە کوێی خاسێتەکانی کۆمەڵگادان؟
لە سادەترین پێناسەدا کۆمەڵگا بریتیە لە کۆمەڵی خەڵک کە پێکەوە لە پێکهاتەی زۆر یان کەم رێکخراودا پێکەوە دەژین. بەڵام ئەم پێناسەیە بۆ هەر کۆمەڵە زیندەوەرێک لە ئاژەڵ یان باڵندە یان ئەوانەی لە دەریادا دەژین و تەنانەت بۆ هەنگ و مێروولەش راستە، چونکە لە سروشتدا دەبینین کە زۆرینەی زیندەوەران لە شێوەی دەستەو کۆمەڵ پێکەوە دەژین و سیستێمی رێکخراوی ژیانیان هەیە و ئاسایی بەڕێوەی دەبەن و هەمووانیش بەشدارن لە بەڕێوەبردنیدا، تەنانەت ئەگەر ئەو پێکەوەژیان و کۆبوونەوەیە لە دەوری یەکتر لەژێر کاریگەری پاڵنەری غەریزەشدا بێت. کەواتە لێرەدا دوو جۆر کۆمەڵبوون هەیە، کە کۆمەڵایەتیبوون دەرئەنجامی ئەو دووجۆرەیە. کۆمەڵایەتیبوونی غەریزیی و کۆمەڵایەتیبوونی بەئاگایانە یان هوشیارانە.
لە فەرهەنگی کامبریجدا کۆمەڵگا بەمجۆرە پێناسە دەکرێت: کۆمەڵگا بریتیە لە کۆمەڵێکی گەورە لە خەڵک، کە بە شێوازێکی رێکخراو پێکەوە دەژین و بڕیاردەدەن لەبارەی ئەوەی چۆن شتەکان ئەنجام بدەن و چۆن بەشداری بکەن لەو کارەدا کە پێویستە ئەنجام بدرێت. هەموو ئەو خەڵکانەی کە لە وڵاتێکدان یان لە چەند وڵاتێکی هاوشێوەدان، دەتوانرێت وەکو کۆمەڵ ئاماژەیان بۆ بکرێت(١). لە فەرهەنگی بەریتانیکا کۆمەڵگا پێناسەدەکرێت بەوەی کە: بریتیە لە خەڵکێک وابیریان لێ دەکرێتەوە لە کۆمەڵی رێکخراودا پێکەوە بژین و یاساو رێساو نەریت و بەهای هاوبەشیان هەبێت، یان خەڵکی وڵات و رووبەرو سەردەمێکی دیاریکراوە، بەتایبەتی وەکو کۆمەڵێکی رێکخراو بیریان لێ دەکرێتەوە(٢). وشەی کۆمەڵگا دەشێ درێژبکرێتەوە یان تەسک بکرێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر پێکهاتەیەک لە خەڵک یان کۆمەڵێک کەس بگرێتەوە کە هەر ئاستێک لە بەرژەوەندی و بەها، یان ئامانجی هاوبەشیان هەیە. لە سەدەی نوۆزدەیەمدا کۆمەڵگا بە مانای چینە باڵاکان دەهات(٣). کۆمەڵگا گروپێکە لە تاکەکەس لە کارلێک و پەیوەندی ناوکۆیی بەردەوامدان، یان بریتیە لە دەستەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی کە هاوبەشن لە هەمان خاکی تایبەتی و بنەما کۆمەڵایەتیەکان و لە چاوەڕوانیە کەلتوریە باڵادەستەکاندا. کۆمەڵگاکان دەناسرێنەوە بە نموونەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو تاکەکەسانەی کە بەشدارن لە کەلتوری جیاوازو دامەزراوەکاندا(٤).
دەتوانرێت چەندین پێناسەی تر بۆ کۆمەڵگا بکرێت، کە بەگشتی لەوەدا یەکدەگرنەوە کە کۆمەڵگا لە کۆبوونەوەو پێکەوەژیانی خەڵک پێکدێت کە بەشدارن لە کەلتورو نەریت و شیوازی ژیانداو پێکەوە رێکخراون یان لەگەڵ بەردەوامی ژیاندا گەیشتوونەتە ئاستێکی رێکخراو. بێگومان ئەو رێکخستنە کە لە شێوەی پێکەوە ژیاندا بەرجەستە دەبێت، دەردەکەوێت لە ئاستی یەکەمدا پێداویستیەکانی ژیان بەرهەمی دەهێنێت یان دەیسەپێنێت، کە ئەویش لە ئاستی یەکەمدا پێداویستی خۆپاراستن و مانەوە یان زیادبوونە کە مەبەست لەمەشیان وەچەخستنەوەیە. کەواتە پاڵنەری یەکەمی دروستبوونی یەکەم شانەی کۆمەڵایەتیبوون کە لە نێوان تەنیا نێرو مێیەکاندا روویداوە، پاڵنەری مانەوەی رەچەڵەکە کە لە جووتبووندا دەگاتە ئەنجام، کە ئەوەش مانای پێکەوەبوونە کە دەشێ بگوترێت ئەم یەکەم پێکەوەبوون یان کۆبوونەوەیە بۆ زیندەوەرانی تریش راستە کە پاڵنەرەکەی غەریزەیە. لایەنی دووەمی پێویستبوون یان ناچاربوون بۆ کۆبوونەوەو پێکەوەبوون و پێکەوە ژیان خۆپاراستن بووە، ئەویش لە ئاستی یەکەمدا خۆپاراستن لە مەترسی رووداو و کارەساتە سروشتیەکان و لە زیندەوەرانی ترو تەنانەت بە گوێرەی مرۆڤ خۆپاراستن لە مرۆڤەکانی تر، چونکە غەریزەی لە ناوبردن و سڕینەوەی ئەوانی تر، غەریزەیەکی ئامادەیە لە بوونی مرۆڤ و دەشێ کۆی زیندەوەرانی تریشدا کە ئامانجیش لەوە فەراهەمکردنی ژیانێکی باشترو بەدەستهێنانی ئاسایش و دڵنیاییە لە بوون و مانەوە.
ئاشکرایە کاتێ باسی کۆمەڵگا دێتە ئاراوە، لەگەڵ خۆیدا ئەو بۆچوونە هەڵدەگرێت کە کۆمەڵگا دامەزراوەیەکی رێکخراوی لە ناوەوەڕا گونجاو و لەناوخۆدا سازاوەو پەیوەندی نێوان ئەندامانی هەر کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بەجۆرێکە کە ئەو کۆمەڵگایە وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو نیشان دەدات. بەڵام لێرەدا راستەوخۆ ئەو بۆچوونە دێتە ئاراوە کە مەبەست کۆمەڵگای مەدەنی یان کۆمەڵگای شارستانی یان کۆمەڵگای شارە. کەواتە راستەوخۆ لەبەرامبەر ئەم بۆچوونەدا جۆرێکی تر لە کۆمەڵگا لە خەیالدا بەرجەستە دەبێت کە دەشێ بە کۆمەڵگای ناشاری یان ناشارستانی یان کۆمەڵگای دواکەوتوو، یان کۆمەڵگای سەرەتایی و پێش نووسین ناو ببرێت، کە لە تێزی هیگڵیدا کۆمەڵگای شارستانی یان شاری وەکو کۆمەڵگای باش رێکخراو و بەرهەمهێنی دەوڵەت باس دەکرێت و کۆمەڵگای دواکەوتوو یان سەرەتایی یان نەگەیشتوو بە ئاستی کۆمەڵگای شار یان شارستانی بە کۆمەڵگای پێش دەوڵەت ناودەبرێت. کەواتە ئێستا ئێمە لەبەردەم دوو جۆر کۆمەڵگاداین، کۆمەڵگای دەوڵەت کە دەشێ بە کۆمەڵگای شار یان شارستانی ناوی ببەین، لەگەڵ کۆمەڵگای دەرەوەی دەوڵەت یان پێش دەوڵەت یان بێ دەوڵەت کە دەشێ بە کۆمەڵگای سەرەتایی یان لادێ ناوببرێت. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە بزانین کۆمەڵگای سەرەتایی چیەو خاسێتەکانی چین و ئایا ئەگەری ئەوەی هەیە کۆمەڵگای سەرەتایی یان کۆمەڵگای پێش دەوڵەت پەرەبسەنێت و بگاتە ئاستی کۆمەڵگای شارستانی و ببێتە کۆمەڵگای دەوڵەت. یان چۆن کۆمەڵگای سەرەتایی دەگوازرێتەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر کە کۆمەڵگای شارستانیە؟ هەروەها ئامانجی قسەکردن لەم بابەتە ئەوەیە ئایا کۆمەڵگای کوردی وەکو کۆمەڵگای دەرەوەی دەوڵەت، ئەگەری ئەوەی هەیە بگوازێتەوە بۆ ئاستێکی پەرەسەندووترو ببێتە کۆمەڵگای شارستانی و بەرهەمهێنی دەوڵەت؟ هەروەک ئێمە لەپاڵ گەڕان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوەدا دەمانەوێت بە دوای گەیشتن بە وەڵامێکی قایلکەردا بگەڕێین بۆ بۆچوونێکی باو لەناو کوردەواری خۆیدا کە کار دێتە سەر رەخنەگرتن لە کۆمەڵگای کوردی، بۆچوونی لەوجۆرە دەخرێتە ڕوو کە گوایە کۆرد نەبووەتە کۆمەڵگا، یان کورد کۆمەڵگایەکی سەرەتاییەو تەنانەت دەگوترێت خاسێتەکانی کۆمەڵگای نیەو لەبەرئەوە ناشێ بتوانێت خۆی بەڕێوەببات، یان تواناو عەقڵی خۆبەڕێوەبردن و دەوڵەتداری نیە. بۆیە هەوڵدەدەین لەم باسەدا هەم پێناسەی کۆمەڵگا و هەم پێناسەی کۆمەڵگای سەرەتایی بکەین و لە خاسێتەکانی هەریەکەیان بدوێین و لەوێشەوەو لەسەر بە پێوانە کردن و بە بنەماکردنی خاسێتەکانی کۆمەڵگای سەرەتایی و خاسێتەکانی کۆمەڵگا کورد هەڵبسەنگێنین و رووناکیەک بخینە سەر راستی یان ناڕاستی ئەو بۆچوونە باوە کە نەک هەر بە تەنیا بەشێك لە کورد خۆی بەڵکو لای کوردناسانیش بۆچوونی لەوجۆرە دەبینرێت کە کورد وەکو کۆمەڵگایەکی سەرەتای سەیر دەکات.
سەبارەت بە کۆمەڵگای سەرەتایی لە فەرهەنگی کۆڵن دا هاتووە: سەرەتایی بوون مانای گەڕانەوەیە بۆ کۆمەڵگایەک کە تیایدا خەڵک بە شێوەیەکی زۆر سادە دەژین. ئاسایی نە پیشەسازییان هەیە نە سیستێمی نووسین(٥). ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کۆمەڵگای سەرەتایی تەنانەت لە ئێستاشدا ئەگەر بسەلمێنرێت کۆمەڵگای لەم جۆرە هەبێت یان مابێت، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ پێکەوەبوونی سەرەتایی ئادەمیزاد پێکەوەو ژیانی بە کۆمەڵ یان پێکەوەیی لە قۆناغەکانی پێش مێژوودا. کە مەبەست لە قۆناغەکانی پێش مێژوویش، قۆناغی پێش تۆمارکردنە لە رێگای نووسینەوە، واتە قۆناغی پێش ئەوەی کۆمەڵگا نووسینی هەبێت یان توانانی نووسینەوەو تۆمارکردنی رووداوەکانی هەبێت. ئەمەش بەلای ئەو بۆچوونەدا رامان دەکێشیت کە: مرۆڤی سەرەتایی، واتە مرۆڤی پێش مێژوو، ، زۆربەی کات خەڵک وەکو دڕندە وێنای دەکەن (٦).هەروەک کاتێ ئێمە باسی کۆمەڵگای سەرەتایی دەکەین واتە: باسی گەلانی سەرەتایی دەکەین، ئەو گەلانەی سەر زەوی کە نووسینیان نەبووە. ئەمەش مانای ئەوەیە، ئەو گەلانە بەراورد بە ئێستای ئێمە پەرەسەندوو نەبوون، ئەمەش لە زۆر رووەوە راستە، بۆ نموونە لە رووی خوێندنەوەو نووسینەوە، لە رووی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە. لەوانەیە ئەوە بە ئاستی جیاواز لە هەندێ لە کەلتورەکانداو لە هەندێ لایەنی پەرەسەندنی رەفتارو دامەزراوەکاندا راستبێت(٧). زارەوەی “سەرەتایی- primitive ” بەشێوەیەکی گشتی ئاماژە بۆ نەبەکامی و نەبوونی پەرەسەندن و زبری و نزمی جۆر دەکات(٨). سەرەتایی لە رووی زمانەوە دەشێ مانای زوو یان سەرەتا یان یەکەم یان ئەسل-رەسەن- یان کۆن و دێرین، یان یەکەم سەرچاوە بگرێتەوە، کە هەندێجار قۆناغی ژیانی کۆمەڵگای سەرەتای وەکو سەردەمی ساوایی یان منداڵی کۆمەڵگا سەیر دەکرێت. بەهەرحاڵ سەرەتاییبوون مانای بەردەوامبوونی هەندێ خاسێتە بۆ ماوەی میژووویی دوورو درێژ، بە کەمترین گۆڕانکاری شیاوەوە. ئەمەش بەو مانایە وەسف دەکرێت کە خاسێتی دەرەوەی کاتە، بەجۆرێک هەندێ لە گەلان وادەردەکەون کە بەوجۆرە وەسف دەکرێن کە لە دەرەوەی کات بن(٩). سەرباری چەندین پێناسەی هاوشێوە بۆ بوونی کۆمەڵگای سەرەتایی کە بەگشتی جەخت دەکەنە سەر شێوازی سادەی ژیان و لاوازی ئاستی کۆمەڵایەتیبوون و پشبەستن بەوەی لە سروشتی دەست لێنەدراودا هەیە بۆ ژیان، واتە نەبوونی سادەترین کاری دروستکردن یان بەرهەمی پیشەسازی و لەپاڵ ئەمانەشدا نەبوونی نووسین، واتە نەتوانینی یان نەبوونی تۆمارکردن و خوێندنەوە، بەڵام هەندێ ئەنترۆپۆلۆجیستەکان پێداگری ئەوە دەکەن کە شتێک نیە بە ناوی کۆمەڵگای سەرەتایی، بەڵکو ئەوەی هەیە جیاوازیە لە ئاستی پەرەسەندن و گەشەکردندا. سەرەتاییبوون پێناسە دەکرێت وەکو بەستنەوە بە سەرەتاو دەستپێکەوە یان بە ئەسڵ و رەگوڕیشەوە، یان بە سەردەمانی زووەوە، یان دەناسرێتەوە بە شێوازو سادەیی و کاڵی یان خاوی سەردەمانی سەرەتاو شێوازی کۆن وەکو ئامرازە سەرەتاییەکان(١٠).
ئیدوارد تایلەر وەکو ئەنترۆپۆلۆجیستێکی ناودار، لە کتێبەکەیدا بە ناوی ئەنترۆپۆلۆجیا کە ساڵی ١٨٨١بڵاوی کردۆتەوە، کاتێ باسی پەرەسەندنی کەلتووریی دەکات، لە بارەی سێ قۆناغەوە دەدوێت: یەکەم قۆناغی کێویی بوون، کە دەناسرێتەوە بە ژیان لەسەر رووەک و ئاژەلە کێویەکان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی سەردەمی بەردین. دووەم قۆناغی بەربەری- دڕندەیی- کە دەناسرێتەوە بە دەرکەوتنی کشتوکاڵ و ئامێری کانزایی و جۆرێک لە ژیانی بە کۆمەڵ لە گوندو شاردا. سێیەم، قۆناغی بە شاریبوون کە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە مرۆڤ هونەری نووسینی دۆزیەوە(١١). یەکێک لەو ئەنترۆپۆلۆجیستانەی کە پێناسی سەرەتاییبوون دەکات دیامۆند ستانلیە کە دەڵێت: هەموو گەلان بەگوێرەی راڕەوی مێژووی هاوچەرخ سەرەتایین، ئەوەش بەهۆی ئەو بابەتە رووداوانەوە، کە بە پلەی یەکەم پەیوەندییان بە شوێنی نیشتەجێبوونەوە هەیە. بەم مانایە دەشێ وا سەیری سەرەتاییە هاوچەرخەکان بکرێت کە باپیرانی هاوچەرخی ئێمەن لە پێش بەمەدەنیبوونماندا(١٢).
لە کۆی ئەم پێناسانەو چەندین پێناسەی تریش بۆ سەرەتاییبوون دەردەکەوێت کە جۆرێک هاوبۆچوونی سەبارەت بە کۆمەڵگای سەرەتایی هەیە، کە ئەویش سادەیی ژیان و پەیوەندی خزمایەتی و نەبوونی پیشەسازی و نەبوونی بنەماکانی شارستانی و شێوازی کۆنی ژیان و نەبوونی نووسین کۆیان دەکاتەوە. ئاشکرایە کاتێ باسی زاراوەی سەرەتاییبوون دەکرێت لە پاڵ زاراوەی کۆمەڵگای سەرەتایدا چەندین زاراوەو دەربڕینی تر دەبینرێت کە سەرەتاییبوونیان لەگەڵدایە وەکی مرۆڤی سەرەتایی، ژیانی سەرەتایی، گەلانی سەرەتایی، رەگوڕیشەی سەرەتایی، ئایینی سەرەتایی، سرووتی سەرەتایی، ئابووری سەرەتایی، کەلتووری سەرەتایی، دامەزراوەی سەرەتایی، پەیوەندی سەرەتایی، عەقڵی سەرەتایی، سیاسەتی سەرەتایی، بیری سەرەتایی. رەفتاری سەرەتایی، پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرەتایی …. هەروەک لەم پێناسانەوە بۆ سەرەتاییبوون یان بۆ کۆمەڵگای سەرەتایی، دەتوانین خاسێتەکانی کۆمەڵگاکانی نێو سروشت دەستنیشان بکەین. کە سەرەکیترینیان ژیانی سەرەتایی سادەو ساکارو ئاستی لاوازی نیشتەجێبوون و پشتبەستن بە بەرهەمی ناو سروشت و کۆکردنەوەی بەروبوومی دارودرەخت و گیاو راوکردنی ئاژەڵەکانی ناو سروشت و بوونی مرۆڤی سادەیە لە رووی ژیان و پەرەسەندنەوەو بەهێز لە رووی جەستەو تواناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکانی ناو سروشت و زیندەوەرانی تری ناو سروشت کە ئەوەش پێویستی بەهێزی زیاتر هەیە، نەک بیرکردنەوەو عەقڵ.
سەرباری ئەوە کە ئەنترۆپۆلۆجیا بریتیە لە لێکۆڵینەوەی گەلانی سەرەتایی، بەڵام ئەنترۆپۆلۆجیستەکان لە سەر بەکارهێنانی وشەیی ” سەرەتایی” ناراکۆکن، ئەویش لەو روانگەیەوە کە سەرەتایی یان سەرەتاییبوون لە لایەن زانایانی بایۆلۆجی و ئەوانەی لەبارەی پەرەسەندنەوە دواون وەکو هاوواتای کێویبوون یان بەربەری بەکارهێنراوە، کە ئەوەش مانای نائاساییبوون لە رووی پەرەسەندنەوە دەبەخشێت. لە کاتێکدا لەو پێناسانەی سەرەوەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە مەبەست لە سەرەتاییبوون چەمکێکە پەیوەندی هەیە بە چەمکەکانی سەرەتا، دەستپێک، ئەسڵ، درێرینترین لە رووی کاتەوە، یەکەمین، وەکو دەگوترێت مرۆڤی چاخی یەکەمین، یان کۆنترین سەردەمی ژیان، ئایین، هونەر، یان ئامرازی کۆن، رەفتاری کۆن. هەروەک سەرەتاییبوون دەناسرێتەوە بە خاسێتە سروشتی و خاوێن و سادەکان کە ئەوەش دەمانباتەوە بۆ ئەو لایەنگیری ئەو بۆچوونەی ژیان لە سروشتدا بووە، یان لە سەر سروشتی خاوێن و رەگەزو بەرهەمەکانی سروشت وەکو ئەوەی هەبوون بنیادنراوە. ریدفیڵد لە کتیبی” جیهانی سەرەتایی و گۆڕانگارییەکانی”دا، “سەرەتاییبوون” وەکو هاوواتای زاراوەی ” پێش نووسین” بەکاردەهێنێت(١٣). بێگومان ئەوەش هەم لە رووی مێژووییەوە ماوەیەکی درێژ دەگرێتەوە، هەم ئەو قۆناغەی ژیانیش لەو بۆچوونە جیادەکاتەوە کە پێیوایە ژیانی مرۆڤ جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە لەگەڵ ژیانی ئاژەڵە کێویی و دڕەندەکاندا، لە کاتێکدا هەندێ لە ئەنترۆپۆلۆجیستەکان “سەرەتاییبوون” یان وەکو هاوواتای کێویی و دڕندە بەکارهێناوە. لە هەمان چوارچێوەدا رۆسۆ لە سەر زمانی مۆلێرەوە لەبارەی سەرەتاییبوونەوە دەڵێت: خەڵک بەرەو کۆمەڵگا سەرەتاییەکان دەچن بە مەبەستی ئاشکراکردنی سرووشتی مرۆیی لە باری “بێگەردی”دا، بەڵام لە راستیدا ئێمە ئەو بارە سروشتیە نادۆزینەوە، بەشێوەیەک کە بەسەر هەموو ئادەمیزاددا پیادەبکرێت، بەڵکو لە بری ئەوە، جۆراوجۆریەکی سەیر دەبینین لە شێوازی ژیاندا، کە زۆربەی کات پشتگوێخستنی پڕ لە ناسۆری یاسا دانراوەکانی سرووشتی مرۆیین(١٤).
هەر لەبارەی “سەرەتاییبوون”ەوە جۆرج دۆگلاس ئارجیڵ دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە باری سەرەتاییبوونی مرۆڤایەتی لە سێ بابەتدا کۆدەبیتەوە. یەکەم بابەتی ئەسڵی مرۆڤ لە رووی چەشنەوە، دووەم بابەتی دێرینیی مرۆڤ، سێیەمیان باری عەقڵی و ئیتیکی و فیکری کاتێ کە بۆ یەکەمجار ئەفرێندراوە(١٥). بێگومان ئەم باسی یەکەم مرۆڤ دەکات، کە باپیری هەموو مرۆڤایەتیە. واتە لێرەوە ئەوە ئاشکرایە کە ڕیشەی مرۆڤایەتی یەکە، کەواتە ئەوەی جیاوازی دروستکردووە بوونی مرۆڤە لە واقیعدا. هەروەک رێکەوتنێکی تەواو لەسەر زاراوەی “سەرەتاییبوون” نیە، بەڵام لە رووی بەکارهێنان و ئەو مانایانەی هەڵیدەگرێت سەرباری ئاماژەیەکی کەمی سوکایەتی و بە کەم بەها سەیرکردن، بەڵام لە رووی ماناو دەلالاتەوە جیاوازی هەیە لە وشەی کێویی و دڕندە، کە ئەم دووانەیان بەتەواوی ئاماژە بۆ ئاژەڵەکانی نێو سروست دەکەن بە تایبەتیش ئەوانەیان کە مەترسیدارن. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیە کە لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆجیەکان زاراوەی سەرەتاییبوون – Primitive – بە کەمی باکاردەهێنن و لە بەکارهێنانیشیدا زیاتر بە مەبەستی یەکەمین، کۆنترین، ئەسڵی، خاوێن، باپیری مرۆڤایەتی بەکاری دەهێنن و لەو رووەشەوە لە هەموو مەبەستێکی بەکەم سەیرکردن، یان سوکایەتی پێکردن دووری دەخەنەوە.
ئێمە بەردەوام رووبەرووی ئەو بۆچوونە دەبینەوە کە گوایە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی سەرەتاییەو بەکارهێنانی ئەم وشەیەش واتە وشەی سەرەتایی بۆ کۆمەڵگای کوردی هەرگیز بەو مانایە ناگوترێت کە ئەنترۆپۆلۆبیستەکان مەبەستیانە، واتە بەمانای یەکەمین، ئەسڵی، دێرین، خاوێن، بەڵکو زیاتر لە روانگەی بەکەم سەیرکردن و جۆرێک لە سوکایەتی پێکردنەوە بەکاردەهێنرێت، کە ئەوەش دەرئەنجام و دەرهاوێشتەی مانەوەی کوردە لە دەرەوەی مێژوو، یان روونتر بیڵێین مانەوەی کوردە بەبێ گەیشتن بە ئاستی بەرهەمهێنانی دامەزراوەی دەوڵەت. کەواتە جێگای خۆیەتی لێرەدا ئەو پرسیارە بەرزبکەینەوە، ئایا کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی سەرەتاییە بەو ماناو ئامانجەی کە گوێمان لێی دەبێت، یان کۆمەڵگایەکی سەرەتاییە بەو مانایەی کە ئەنترۆلۆجیستەکان مەبەستیانە، یان کۆمەڵگایەکی ئاساییەو لە چوارچێوەی هیچ کام لەو دوو بۆچوونەدا جێگای نابێتەوە؟ یان بەشێوەیەکی تر ئەگەر مەبەست لە کۆمەڵگای سەرەتایی کۆمەڵگای پێش نووسین بێت، ئایا کۆمەڵگای کوردی دەبێتە کۆمەڵگایەکی سەرەتایی، بە تایبەتی کە مێژووی نووسین بە کوردی هەرچەندە بەراورد بە کۆمەڵگاکانی تر زۆر درەنگ دەرکەوتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند سەدەیەکی تێپەڕانددوە؟
لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئێمە بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێین و هەوڵدەدەین بە خوێندنەوەی رابردووی ئەم کۆمەڵگایەو شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنی ئەوەی وەکو بەڵگە بەکاردێت، چی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی سەرەتایی بێت یان بە پێچەوانەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی سەرەتایی نیە. راستە رابردووی دووری کورد بە باشی تۆمار نەکراوە، بەڵام بە پێی مێژووی زارەکی و خوێندنەوەی کۆنەست و یادەوەری و سرووتە کۆمەڵایەتیەکان و بە پێی سەیرکردنی باری ژیان و کەلتورو کەلەپوورو ئەوەی بەجێماوەو ئەوەیشی کە کوردنادسان و مێژوونووسان رەچەڵەکناسان بە ئەرێنی یان بە نەرێنی تۆماریان کردووەو ئامادەبوونی کوردیش لە مێژوودا، دەشێ بوارێک بۆ ئاخاوتن لەسەر رابردووی ئەم پێکهاتە ئیتنیکیە هەبێت.
بیار کلاستەر پێناسەی کۆمەڵگای سەرەتای لەو پێناسانەی پێشتر کران جیادەکاتەوەو ئەو پێیوایە: کۆمەڵگای سەرەتایی ئەو کۆمەڵگایانەن کە دەوڵەتیان نیە.. واتە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان ئەو کۆمەڵگایانەن کە کەموکورتیەکیان هەیە ئەویش نەبوونی دەوڵەتە(١٦). لێرەدا کلاستەر سنوورێکی ئاشکرا لە نێوان کۆمەڵگای سەرەتایی و کۆمەڵگای ناسەرەتایی یان شارستانیدا دەکێشێت و زۆر بە ئاسانی لە یەکتریان جیادەکاتەوە. ئەو کۆمەڵگایەی دەوڵەتی نەبێت بەلای ئەوەوە کۆمەڵگای سەرەتاییە، ئەو کۆمەڵگایەشی دەوڵەتی هەبێت کۆمەڵگای شارستانیە. هەر بە بۆچوونی ئەو هەموو کۆمەڵگایەک لە رێگای دروستکردنی یان بەرهەمهێنانی دەوڵەتدایە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەموو کۆمەڵگا سەرەتاییەکان لە جوڵەی بەرەو بوون بە کۆمەڵگای شارستانیدان. لەم بارەیەوە کلاستەر دەڵێت: ناشێت ئێمە خەیاڵی بوونی کۆمەڵگای بێ دەوڵەت بکەین، واتە دەوڵەت چارەنووسی هەموو کۆمەڵگایەکە(١٧). واتە هەموو کۆمەڵگایەک لە رەوتی پەرەسەندندایە، بەڵام خێرایی ئەو پەرەسەندنە جیاوازەو پەیوەستە بە هۆکارو کارکەرەکانی تری پەرەسەندنەوە. بەڵام ئاشکرایە مێژوو بەرەو خاڵێک یان ئامانجێک دەڕوات کە بەشارستانیبوونی کۆمەڵگاکانە کە ئەوەش قۆناغی بەرهەمهێنانی دەوڵەتە.. مێژوو یەک ئاراستەی هەیەو چارەنووسی هەموو کۆمەڵگاکان ئاڵاندنە لەو مێژووەوە کە بڕینی قۆناغەکانە، کە لە کێویبوون و دڕندەییەوە دەستی پێکردووە تا گەیشتووە بە شارستانێتی. هەموو گەلانی شارستانی ئێستا پێشتر کێویی و دڕندە بوون(١٨). ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە هەموو کۆمەڵگاکان بێ وەستان لە پەرەسەندندان و سەرئەنجام دەبن بە کۆمەڵگای شارستانی. ئەگەر لە روانگەی ئەم تێزەی کلاستەرەوە سەیری کۆمەڵگای کوردی بکەین، ئەوا سەرباری بڕوابوون بەوەی کە ئەم کۆمەڵگایەش وەکو هەر کۆمەڵگایەکی تر لە پەرەسەندندایە، بەڵام یەکەم لەبەرئەوەی تاکو ئێستا دەوڵەتی دروست نەکردووە، واتە کۆمەڵگایەکی سەرەتاییە. هەروەک ناشێت بۆ هەتاهەتایە لەباری سەرەتایبووندا بمێنیتەوە چونکە مادەم هەموو کۆمەڵگاکان یەک ئاراستەی پەرەسەندنیان هەیە لە مێژوودا کە ئەویش جوڵەی بەردەوامی بەرەو پێشەوەجوون یان پەرەسەندنە کە سەرئەنجام دەگەن بە کۆمەڵگای شارستانی کە ئەویش قۆناغی بەرهەمهێنانی دەوڵەتە.
ئەم بۆچوونەی کلاستەر تا ئەندازەیەکی ئاشکرا هاوشێوەی تێزی سیانەی هیگڵە لەسەر پەرەسەندنی کۆمەڵگا کە بە خێزان دەستپێدەکات و بە کۆمەڵگای شارستانیدا تێدەپەڕیت تا دەگات بە دەوڵەت. واتە لای هیگڵ مێژووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە رەوتی خۆیدا یەک ئاراستەی هەیەو بەرەو یەک خاڵ یان یەک ئامانج دەڕوات کە ئەویش گەیشتنە بە بەرهەمهێنانی دەوڵەت، کە ئەوەش گەیشتنی رۆحی گشتی کۆمەڵگایە بە بەرزترین ئاستی کە لوتکەی بڵندبوونێتی. واتە لای هیگڵ بەرزترین خاڵ کە رۆحی گشتی لە بڵندبوونیدا پێی بگات دەوڵەتە. سیانەی هیگڵی لە رەوتی مێژوودا یان لە پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیدا لە سێ قۆناغ پێکدێت کە ئەو بەمشێوەیە ریزیان دەکات: یەکەم رۆحی سرووشت کە بریتیە لە خێزان، دووەم لە لێکترازان و دیمەنی بینراویدا کە بریتیە لە کۆمەڵگای مەدەنی- شارستانی-، سێیەم دەوڵەت بەوەی کە ئازادییەکی گشتی و بابەتی بێت لە قەوارەی خودی-زاتی- ئازادیی ئیرادەی تایبەتدا. ئەم رۆحە هەنووکەیی و ئۆرگانیە، یەکەم بۆ گەلێکە لە گەلەکان، دووەم لەپەیوندیدایە بە رۆحە نەتەوەییە تایبەتەکانەوە، سێیەم دەبێتە شتێکی ئێستایی و وەکو رۆحێکی گەردوونی لە مێژووی گشتیدا دەکرێتەوە(١٩). ئەگەر لە روانگەی تێزی هیگلەوە سەیری کۆمەڵگای کوردی ئێستا بکەین، ئەوا بە ئاشکرا دیارە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی سێیەم کە قۆناغی بەرهەمهێنانی دەوڵەتە. کەواتە بەوپێیە کۆمەڵگای ئێستای کوردی لە قۆناغی پێش دەوڵەتدایە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هێشتا کۆمەڵگای کوردی نەگەیشتووەتە ئەوەی کە ئازادییەکی گشتی و بابەتی یان ئازادی ئیرادەی هەبێت. ئەمەش لەبارێکی تردا پێمان دەڵێت هیچ کۆمەڵگایەک بێ بوونی ئازادی کۆمەڵگایەکی تەواو یان پێگەیشتوو نابێت. لەم رووەوە کۆمەڵگای کوردی ئەگەر لە دەرەوەی پێناسەی کۆمەڵگای سەرەتاییش دابنرێت بەڵام ناتوانرێت بە کۆمەڵگایەکی تەواو دابنرێت. هەروەک کلاستەر دەڵێت: ئەو کۆمەڵگایانەی دەوڵەتیان نیە کۆمەڵگایەکن پێکهاتنێکی تەواویان نیە، واتە بەشێوەیەکی راستەقینە کۆمەڵگای تەواو نین(٢٠).

تێبینی/ سەرچاوەکان لەگەڵ دوا بەشدا دادەنیین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت