زاهیر باهیر: بەرنجامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس هەر ئەوە نییە کە ڕوویداوە و دەیبینین.
ئەو جەنگەی نێوانی ئیسرائیل و حەماس گۆڕانکاری گەورە و گرنگی لە ناوچەکەدا کرد کە تا ئێستا کۆتایی نەهاتوە. ئەمەی کە ڕوویدا بەڕای من کۆتایی پرۆژە گرنگەکە نییە کە لێکدانەوەی جیا جیای بۆ دەکرا، بەڵکو چەند دیاردە و ڕووداوێکی دیکەیشی یە دوای خۆیدا هێناوە یا دەیهێنێت، کە تا ئێستا بۆ زۆربەمان ناڕوون و شاراوەیە.
هاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکم لە کۆتایی هەفتاکانی چەرخی رابوردوودا گەر چی لە لای زۆرێك لە چەپەکانی جیهان بە شۆڕش ناوزەدە کرا بەڵام لە ڕاستییدا نەك هەر شۆڕش نەبوو بەڵکو ڕەدیەکی گەورە بوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کولتوری خەڵکی ئێراندا. هەندێك لەو ئاڵوگۆڕانەش تا ڕادەیەك ناوچەکە و بگرە هەندێك شوێنی دیکەی جیهانیشی گرتەوە.
هاتنی ئەوان بۆسەر حوکم و جەنگیان لەگەڵ عێراق دا باشترین چەک بوو بۆ لێدانی بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی لە ئێراندا و تا ڕادەیەك لە عێراق – یشدا. هەناردەکردنی بەناو شۆڕش بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروشمێکی زۆر جددی گەورە بوو کە لەلایەکەوە بووە هۆی داکوتان و بەرقەراربوونیان لە حوکمکردنیاندا بە هەناردەکردنی قەیرانەکانیان و سەرقاڵکردنی ئێرانییەکان بە جەنگەوە و پرزە لێبڕینیان، لە لایەکی دیکەشەوە کاراساتێکی گەورە بوو کە بەسەر گەلانی عێراق و ناوچەکەشدا هات.
حوکمڕانی ئەمان پەیامێکی گەورەش بوو بۆ سعودییە کە ڕابەر و پێشڕەوایەتی سوونەی جیهان بوو. ئا لەم بارەدا ئێران و سعودییە کەوتنە بەرانبەر بەیەك کە هەر یەکەیان نوێنەر و ڕابەری لایەنێکی ئیسلام بوون، ئیڕان شیعە و سعودییە سوونە. بۆ ئەمەش پێویستیان بە دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی نوێ بوو لە هەر شوێنێک بۆیان بکرایە، هاوکاتیش بەهێزکردنی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە وجوودیان هەبوو.
پێویست ناکات من دەستنیشانی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بکەم کە بە هاوکاری و پارەی هەردولایان لە عێراق و شوێنی تریشدا دروست کران. لە لایەکی دیکەوە بەشداریکردنیان لەو جەنگەی کە لە ئەفغانستان دژ بە ڕژێمەکەی نەجیبوڵا کردیان کە بە وەکالەتی ئەو حیزب و لایەنانە کران کە هەردوولایان هاوکاری کۆمەڵەکانی خۆیانیان دەکرد.
جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس جگە لەوەی کە تا ئێستا چی بەدوای خۆیدا هێناوە و چی لەناو بردووە و چی خولقاندوە، دوو دیاردە یاخود ڕووداوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گەورەشی بە دوای خۆیدا هێنا کە کارایی خۆیان لەسەر خودی وڵاتەکانیان و ناوچەکەش دادەنێن و هەر ئاواش لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا یاخود ئەوەی کە خۆیان بە ‘ کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی’ ناوی دەبەن. ئەو دوو دیاردەیەش؛
یەك/ وەکو ئاشکرایە تورکیا گەر ڕۆڵی سەرەکی نەبووبێت لەوەی کە ئێستا لە سوریا خولقاوە ئەوە یەکێك بووە لەو لایەنانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بووە. هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا لەو جەنگەی ئیسرائیل و حەماس و ئەمەی کە ئێستاش ڕووی دا ئەو براوەی دووهەمە ئەگەر یەکەم نەبێت دوای ئیسرائیل.
ئەوەی کە ڕوویدا هاوکێشەی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕی. نکوڵی ئەوە ناکرێت کە ئێران زەرەرمەندی یەکەم بوو هێشتاش لە زیانەکانی داهاتووش دەرباز نەبووە و پاشەکشەی گەورەی کردووە و لە پاشەکشەی زیاتریشدایە . ئەو چی تر توانای بەڕێکرن و هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستەکانی ناو عێراق و حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان و گروپگەلی دیکەی نەما و بۆ هەمیشە ڕژێمی ئاخوندەکان ئەو ئیرادە و توانا و وزەیەیان لە دەست دا پاش بنکەنکردنی بناخە دەرەکییەکانی حوکمەکەیان لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی.
ئێران چی تر ناتوانێت بەردەوامی بە سیاسەتی پێشتریان بدەن ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ململانێ گەورەیەی کە بناخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئەو چەند سەدەیەی نێوانی شیعە و سوونە لەسەر دەستی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانی دا، لانی کەم بۆ چەند دەیەیەکی دیکە بەم شێوەیەی کە لەم چوار دەیەیەی پێشوودا بینمان خەفە کرا و ئەو کارەسات و نەهامەتییە گەورەیەی کە ئەم ماوە درێژە کە تا ئەم ڕۆژانەش میللەتانی ئەم ناوچەیە بە دەستییەوە دەیانناڵاند ، لە کۆڵ کرانەوە، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ململانێی نێوانی گروپە سوونییەکان لە داهاتوودا ڕوونادات. بە هاتنی ئەم بارودۆخەش ئەو پرۆژانەی کە ئێران بە هاوکاری دەوڵەتانی دیکە بە دەستیوە بوو بیکات وەکو هیلالی شیعیی ئەوەش بەسەر چوو.
دوو/ گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە کە ڕویداوە، کە نازانینن تا چەندێك دەوام دەکات ، دۆڕانی پێگە و پلەی دینی و ڕابەرایەتی تەرەفی سوونیی سعودییە. ڕووداوەکانی ئەم دوایە ڕۆڵی ئێرانی وەکو دەوڵەتێکی چالاك لەو بوارەدا نەهێڵاو ئێستا ئەو ڕۆڵ و چالاکی و هێزە بە دەوڵەتی تورکیا و لە بری پاشای سعودییە بە خەلیفەی عوسمانی، ڕەجەب ئەردۆغان، شوێنی دەگیرێتەوە.
لەمەولا ئەوە تورکیایە کە ڕابەرایەتی تەریقە و نەهجی سوونیی دەکات، ئەردۆغانە ڕۆڵی پیاوە ئەفسانەییەکە، سوڵتانەکەی سوونە و سوونەگەریی دەبینێت، ئیتر ڕێکخراوە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان و زانکۆ ئیسلامییەکان بە ئەزهەر و کۆمەڵە دینیەکان و زاناکان بە یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانیشەو لە لایەن ئەردۆغانەوە هاوکاری دەکرێن بە تایبەت لە کاتێکدا کە دکتۆر عەلی قەرەداخی بووە کەسی یەکەم لەو دەزگەیەدا، ئەوانیش بە ڕۆڵی خۆیان خزمەتی سوڵتان دەکەن.