بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
لەمیانەی پێشهاتە ناوچەییەکانی ئەمدواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، چەندین لێدوانی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە بۆ کوردو لەبەرژەوەندیی کورد میدیاکانی جیهانیان تەنیوەتەوە، بەشێکی ئەم میدیا ناوخۆیی و جیهانییانە ئەو پرسیارەیان ناردووە “ئایا ئیسرائیل بەڕاستییەتی؟ کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکات؟ ئەو ماوەیە بەهۆی ڕەوشی تەندرووستییەوە نەمتوانی وەڵامیان بدەمەوە. پێش هەرشتێک؛ بۆچی ئامرازەکانی میدیا ئەو پرسیارە لە من دەکەن؟ چوونکە:
1- ماستەرنامەکەم لەساڵی 2016 ەوە بە ئینگلیزیی و کوردیی و عەرەبی چاپکراوە بەناونیشانی “پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل لەسەردەمی حوکمڕانی پارتی دادوگەشەپێدانی تورکییدا (2015- 2022).
2- دکتۆرانامەکەم، سەبارەتە بە ئاسایشی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و کاریگەری بەسەر بازاڕی ئابوریی جیهانییەوە. کە ئیسرائیلیش وەکو تورکیاو قوبرس و سوریاو لوبنان و ئوردون و دەستەڵاتی فەلەستین دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپییەوە.
3- دوایین کتێبی ئەکادیمی ئێمە لە 130 دەوڵەتی جیهاندا بەردەستەو لەلایەن گرووپی ئیمراڵد کەبارەگای سەرەکی لە بەریتانیاو ئەمریکایە بڵاوکراوەتەوە، بەناونیشانی “کۆدەکانی داینامیکییەتی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی”.
4- ماوەی هەشت ساڵ زیاترە ناوەندێکی توێژینەوەمان بەناوی “پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی” دامەزراندوە، بە سێ زمان و خۆبەخشانە سەدان لێکۆڵینەوەو شیکاریی بڵاوکردۆتەوە. (مێدیتریانە- دەریای ناوەڕاست-Mediterranean).
واتە، وەکو توێژەرێک و ئاکادیمیستێک میدیاکان پرسیار دەکەن نەک وەکو موفتییەک یان سیاسییەک. جگەلەوەش دوانزە ساڵە وەک پسپۆڕێکی ئاسایشی وزە لە هەندێک لەو میدیانەدا قسەمکردوە؛ ئێستا ئیسرائیل خواستی ئەوەی هەیە گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا دابین بکات (ئەگەرچی بڕەکەی کەمیش بێت)، ئیسرائیل و قوبرس و میسر هەرسێکیان سنوری ئاوی هاوبەشیان هەیەو لە 2010 ەوە دەستیان داوەتە دۆزینەوەو دەرهێنانی گازی سرووشتی لەکەناراوەکانی دەریای سپی و، گەرەکیانە وڵاتانی دەوروبەریش بکەنە بەشێک لە کوتلەکەو، ئیتر خۆرئاوا کاری بەڕووسیا نەمێنێت. ئیتر میدیایەو هەریەکەو لە شوێنێکەوە و بۆ مەبەستێک ئاڕاستەی دەکرێت، گوێچگەی وڵاتان سووک بووە لەمکاتەدا؛ بەڵکو عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەک دابینکەرێکی گازی سرووشتی قسەیەکیان هەبێت!
ساڵی 2021 لە زوومینگ وتم: ئیسرائیل زۆرجار ڕاستی نەکردوە کە بەرگریی لەگەلانی ناوچەکە کردوە، بۆ نموونە لەسەرووبەندی یەکەمین جەنگی جیهانیدا هانی ئەرمەنەکانی دەدا بجەنگن دژی خەلافەت و دەوڵەتی عوسمانی و لەدژی دەوڵەتی سەردەست بوەستنەوە، دواتر کە تورکەکان جینۆسایدی ئەرمەنەکانیان کرد، جوولەکە سوودیان لەدەرفەتەکە وەرگرت دژی تورکەکان. لە نەوەتەکانی سەدەی پێشوو بەهێزترین پەیوەندیی ئیسرائیل لەجیهاندا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بوو، ئەوان چوون ڕێبەرێکی کورد “عەبدوڵا ئۆجەلان”یان دەستگیرکرد و ڕادەستی تورکیایان کردەوە! لەساڵی (2017) کاتێک کورد لەعێراقدا ڕیفراندۆمیان کرد، عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، کەسێک کە توانای هەڵکێشانی پانتۆڵەکەی خۆی نەبوو لە پرۆتۆکۆڵدا لێزمەی دەدا، کەچی بەپاڵپشتی ئێران و گڵۆپی سەوزی ئەمریکاش پەلاماری کوردی دا، ئیسرائیل هیچی بۆ کورد نەکرد؟! لەوێدا، کەسێکی جولەکە وتی تۆ “بەهرۆز: ناوەکەت فارسییە” دیارە بۆچی ئەو قسانە دەکەی! ئەو وتی لەبەرئەوەی پەکەکە لە سوریا درووست بوە، لە بیقاع بوون و حافز ئەسەد پاڵپشتی دەکردن، جارێکیان چوون لەگەڵ سوریادا لەسەرەتای هەشتاکان بەهاوتایی لەگەڵ لوبنانییەکان پەلاماری ئیسرائیلیان داوە! ئێستا نە 2017 یەو نە دەیەکانی ڕابردوو، وەک دەبینینن بەشار ئەسەد ڕووخاوە، ئێران لەناوچەکەدا لاواز بوەو تورکیاش هەر لاوازە؛ بردنەوەیەکی کاتیی هەیە؛ دەیەوێ سەرمایەگوزاریی زیاتری پێوە بکات. لەدەرئەنجامی ئەو ماستەرنامەیەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا هاتوە : “تورکیا بۆ ئیسرائیل گرینگە، بەڵام ئیسرائیل هەرگیز متمانە بە تورکیایەک ناکات کە ئەردۆگان سەرۆکی بێت.”
لەدوای 2011ەو، گەرمبوونی قەیرانی سوریاوە، ساڵانێکە، پێشکەشکردنی ڕاهێنانی سەربازی و چەک و ئامێر و هاوکاری دارایی لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە و سوودەکانی وەبەرهێنان لە هاوکاریکردنی هاوبەشە متمانەپێکراوەکانی نیشانی داوە کارە راستەکەیە.
ئێستاو ئەمجارەیان کارگەیشتوەتە ئەوەی یەکێک لە سەرکردەو بیرمەندە کاریگەرەکانی جوو لە جیهاندا “گرێگ ڕۆمان-Gregg Roman” دەڵێت: پێویستە کنێست واتە پەرلەمانی ئێسرایل ڕێگە بە بەرنامەیەکی هاوشێوە بدات بۆ چەکدارکردن و هاوکاریکردنی کورد، دابینکردنی چەک و پاڵپشتی هەواڵگری و داکۆکیکردنی دیپلۆماسی. هاوبەشییەکی لەو شێوەیە دەتوانێت بەرپەرچی دەستدرێژی تورکیا بداتەوە و فراوانبوونی تورکیا تێکبدات و یەکێک لە هاوپەیمانە بەتواناکانی ناوچەکە بەهێزتر بکات.
بەهەرحاڵ، وەڵامی “ئایا ئیسرائیل بەڕاستییەتی؟” لە سێ خاڵی سەرەکیدایە:
یەکەم: لە رۆژگارێکی وادا کە هەوڵەکان بۆ وەرچەرخانی جەمسەرگیریی جیهانی چربونەتەوە، وەڵامی هەموو پرسیارێک پەیوەستە بە کورد خۆیەوە، ئەگەر ئیمڕۆ ئێران و ئیسرائیل و تورکیاو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتوەیەکگرتوەکانیش پاڵپشتی کورد بکەن، کورد خۆی ئامادە نەبێت، دامەزراوەی نەبێت، بیری تیژی نەبێت، لەگەڵ رۆحی سەردەمەکەدا نەگونجێت، بێگومان نەک دەرئەنجامی باش، بەڵکو ئەوەشی کورد هەیەتی نامێنێت، وەک دەیبینین هەمان تاس و باسی شەستەکان و نەوەتەکان لای کوردی عێراق هەرماوەو، سەرکردایەتی کورد بەهەمان کەرەستەو میتۆدەکانی پێشوو لە هەرێمی کوردستان و لەکەرکوک دەیەوێ سیاسەت بکات و بیربکاتەوە!
دوەم: بۆچی سەیر و مەترسیدار بێت کورد پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت؟ هەموو وڵاتانی عەرەبی بەدوای کەناڵێکدا دەگەڕێن نیزیکیان بکاتەوە لە ئیسرائیل، لەناو ئێراندا دەیان هەزار جوولەکە دەژین، ئازەربایجان بستێک لە ئێرانەوە دوورە و باڵوێزخانەی ئیسرائیلی لێیە، ئیماراتی عەرەبی چوار پەنجە لە ئێرانەوە دوورە کەچی بەهێزترین پەیوەندیی ئابوریی ئاشکراو پەیوەندیی هەواڵگریی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، قەتەر بەهەمان شێوە. تورکیا یەکەمین دەوڵەتی خاوەن زۆرترین نفووسی ئیسلامییە کەساڵی (1948) پیرۆزبایی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کردوە؛ بەئێستاشەوە چاوی لەوەیە بەهێزترین پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، هەموو کاتێک تورکیا وەک حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەی سەیری ئیسرائیل دەکات تا لێوەی بچێت بۆ واشنگتۆن. ئوردون و میسر لە کۆتایی حەفتاکان و نەوەتەکانەوە پەیوەندیی فەرمیان هەیە، هەموو جیهان وەکو هەر بابەتێکی ئاسایی ئەم پەیوەندییە دەبینێت، بەڵام بۆ کورد نەک هەر حەرامەو مەترسیدارە پەیوەندیی فەرمی هەبێت، بە شێوەیەکی زۆر نافەرمی و زۆر ناڕاستەوخۆش دەبێتە جێگەی گومان و مەترسیی؟ ئەم دوالیزمەیە پێویستە ڕاست بکرێتەوە. کورد دەبێت لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکییەوە تواناکانی خۆی بوێرتر بکات، پراگماتییانەتر مامەڵە بکات، ئێران و تورکیا دراوسێمانن، ئاسایشی هاوبەش و سنوری هاوبەشمان هەیە، بەڵام ڕووبەر و خواستی جیاوازیشمان هەیە. ئەگەر ئیسرائیل دەتوانێت گرەنتی دەستخستنی بەرژەوەندییەکانی کورد بکات لە ئیدارەی ترامپ دا، کورد و ئیسرائیل لێرەدا پێویستە کەناڵی گفتوگۆیان هەبێت، وە ئەگەر ئیسرائیل هەر وەکو ساڵانی (2008- 2010) وتەبێژەکەی “ڕەعنان غیتیسین” مەسەلەی کوردی بۆ قسەکردن دژی ئەردۆگان بەکاردەهێنا، ئەم بەوی دەگوت تۆ فەلەستینی دەکوژی، ئەویش بەمیانی دەووت تۆ منداڵی کورد دەکوژیت! ئەوە مانای وایە ئیسرائیل پرسی کورد بەکاردەهێنێت دژی ناحەزەکانی ڕۆژگاری خۆی.
سێهەم؛ وەکو داڤود ئۆغلۆ گوتی کورد هەرێمێکی سەربەخۆی هەبێت لە سوریا هەڕەشە نییە لەسەر تورکیا، ئەمە بۆ ئێرانیش وەهایە. پێویستە وەکو جەستەی مرۆڤ کە هەموو بەشەکانی دەبێت ئیش بکات، ئاوها هەموو سێکتەرەکان و دامەزراوەکان، لە هەموو کەناڵەکانەوە کورد کاری خۆی لەم وەرچەرخانە جیۆپۆڵەتیکییەدا بکات، بێ ئەوەی ببێتە هەڕەشە بۆ دەوروبەری خۆی.
ئەگەر ئەودیوی ڕوونکردنەوەکەی کابرای جوولەکە (کە پێی وابوو ناوەکەم فارسی دیارە!) ببیندرێ دەڵێ: پەکەکە لەگەڵ سوریاو لوبنان پەلاماری ئیسرائیلیان داوەو، پەکەکە لە باوەشی حافز ئەسەد درووستبوە؛ مانای وایە دەبێت ڕۆژئاوای کوردستان خۆی دووربخاتەوە لە پەکەکە: نابێت پەکەکە بە کەم بگرین وەکو کورد: چوونکە ئەوان نەبوونایە ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆسەر ئێستا نەدەبوو؛ ئەوان نەبوونایە ئەو ناوچە کوردییانە ئێستا داعش و گرووپە تورکییەکان دەیانبرد بەڕێوە: ئەوان بوون لە دوای 2011ەوە کوردیان لەسوریا سازدایەوەو بەرخۆدانیان کردو، ملیۆنەها کوردیان پاراست. ئیتر قۆناخەکە وا دەخوازێ بە ڕووکەشیش بێت پەکەکە دوور بێت لە ڕۆژئاوای کوردستان، چوونکە ئایدۆلۆجیای پەکەکە هەر دژ نییە بە تورکیاو قەتەر، دژە بە ئیسرائیل و ئەمریکاو هەموو خۆرئاوا.
بەگشتی، ئیسرائیل و جوولەکە دیفاکتۆیەکی تەواون، هێزێکی ئامادەی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ناوچەیین. ئەگەر ئێستا تورکیاو ئیسرائیل پەیوەندییەکی بەهێزیان هەبوایە؛ چارەنووسی ملیۆنەها کوردی باکورو ڕۆژئاوای کوردستان چۆن دەبوو!؟ بۆیە لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی کوردەوە، لە پاڵ پراگماتیزمانەی کارکردنەوە، کورد پێوییستی بەوەیە لەهەموو کەناڵەکانەوە بۆ پاراستنی خۆی، بۆ زامنکردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی خۆی بجووڵێت، ئێران و تورکیا دراوسێمانن، بەڵام ئیدارەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی هاوپەیمانمانن، پارێزەرن، دابینکەرن. بەکورتییەکەی ئەو پەندە باوە “جیهانیانە بیربکەوە، ناوچەییانە هەڵسوکەوت بکە.
- Latest Posts by بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.
-بەهرۆز جەعفەر: کورد یان ئەردۆگان دەرفەتیان زۆرترە؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئەقڵ و دیکتاتۆر.
- All Posts