کۆژین بەهادین مەحموود: ئەنجومەنی پارێزگاکان، مۆنۆمێنتێک بۆ گەندەڵی و ڕێگریکردن لە کارکردن.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کوردستاندا ئەرکە سەرەکییەکەى ناکات و لەبەرمبەردا گۆڕاوە بۆ سیمبولی هەڵخەڵەتاندن و گەندەڵی و بێبایەخکردنی ئاشکرای بەها دیموکراسیەکان. سەرەڕای یاساکان کە چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەبێت بکرێت، بەڵام لە ماوەی 20 ساڵدا تەنیا دوو هەڵبژاردن ئەنجام دراوە- یەکێکیان لە ساڵی 2005 و ئەوی دیکەیان لە ساڵی 2014، ئەم ئەنجومەنانە لەبری ئەوەی وەک دامەزراوەیەک کاربکەن کە خزمەت بە خەڵک بکەن، بوونەتە ئامراز بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکانى پارتی و یەکێتی، بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی وەبەرهێنانە قازانج بەخشەکان بۆ سەرکردەکانیان و حیزبەکەیان.
ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئاسایی بە ڕێکەوت نییە؛ هەنگاوێکی حیسابکراوە لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتدارەوە بۆ پاراستنی دەستگرتنیان بەسەر دەسەڵاتدا. ساڵانێک یاساکانی هەڵبژاردن بە بیانووی ئاستەنگى سیاسی و یاسایی هەڵپەسێردرابوون، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری دەکرد. ئەنجوومەنەکان کە مەبەست لێی دەزگای یاسادانانی ناوخۆیین، دەسەڵاتی خۆیان لێسەندراوەتەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. ناتوانن یاسا دەربکەن بۆ خزمەتى ئەو شارانەى کە دەبوو بەڕێوەى بەرن، ناتوانن بودجە بەڕێوەببەن و ناتوانن یاسا جێبەجێ بکەن. ئەوان تەنها بە ناوەوە بوونیان هەیە، وەک قەوارەیەکی بێدەسەڵات لە پۆشاکێکی دیموکراسی دێن و دەچن لە کاتێکدا بڕیارە ڕاستەقینەکان لەلایەن نوخبە حزبییەکانەوە دەدرێت.
نموونەیەکی بەرچاوی ئەم شکستەش، دۆسیەی هەڤاڵ ئەبوبەکرە، کە لە ساڵی 2017ەوە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەدەستەوەیە، کە زۆر زیاتر لە ماوەی یاسایی کە چوار ساڵە. لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستاش، تۆمەتەکانی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن بەربڵاو بووە لە نێو پارێزگاکەى و ئەو ئەنجومەنەى کە سەرپەرشتى دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە کە دەبوو لە دواى ئەو هەموو کێشانە ئەرکى بەرپرسیارێتى بنواندایە و دەستى لە کار بکێشایەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو لایەنە سیاسییە دەکات کە ئەوی دامەزراندووە. ئەم جۆرە حاڵەتانە نائاسایی نین؛ بوونەتە بابەتێکى یاسایى!. پارتی و یەکێتی ئەو ئەنجومەنانەیان کردووە بە میکانیزم بۆ دەوڵەمەندکردنی تۆڕەکانی خۆیان و پاراستنی باڵادەستی خۆیان. وەبەرهێنان و سامانی گشتی و سەرچاوە ناوخۆییەکان بە توندی لەلایەن ئەم لایەنانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و بەمشێوەیەش بوارێکی کەم بۆ شەفافیەت و لێپرسینەوە دەمێنێتەوە.
دەرئەنجامى ئەم کێشە ئیدارییە خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایین. ئەنجومەنەکان کە بڕیار بوو حوکمڕانی لە خەڵک نزیک بکەنەوە، تەنانەت نەیانتوانیوە سەرەتاییترین بەڵێنەکانیش جێبەجێ بکەن. بێتوانایی ئەوان لە کارکردن وەک ئۆرگانی سەربەخۆ، متمانەی گشتی لە پرۆسەی دیموکراسیدا تۆراندووە. لەوەش خراپتر، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش کە لە ئێستا و ڕابردوودا نوێنەرایەتی هیوای هاووڵاتیانی ئاسایییان دەکرد، دواى بەرژەوەندییەکانى خۆیان کەوتوون تەنانەت کار گەشتۆتە ئەوەش زۆرکات ئەندامێکى حیزبێکى ئۆپۆزسیۆن لە بەرژەوەندى حیزبەکەى هەڵدەگەڕێتەوە و دواى بەرژەوەندى و کورسى و دەسەڵات دەکەوێت وەکو لە هەڵبژاردنەکانى کوردستاندا ئەندام پەرلەمانى دەرچووى حیزبى کۆمەڵى ئیسلامى (هێرۆ عەتار) دژى ویستى حیزبەکەى بەشدارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستانى کرد و چەندین ڕەخنە و هەڕەشە بەدواى خۆیدا هێنا و کۆتاییەکەشى دوورخستنەوەى ناوبراوبوو لە حیزبەکەى و ئیستاش کورسییەکەى لە بازاڕى ڕەشدا دەفرۆشرێت بەو لایەنەى زۆرترین پارە بدات، لەمەوە دەرەکەوێت کە ئۆپۆزسیۆن ناتوانن تەحەدای پێکهاتە چەسپاوەکانی دەسەڵات بکەن.
بۆچوونى منیش وایە ,ئەم مەسخەرە نابێت بەردەوام بێت. ئەنجومەنی پارێزگاکان لەم دۆخەی ئێستایاندا گاڵتەکردنە بە دیموکراسی و خیانەتکردنە لە خواستەکانی خەڵک.هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵبژاردن گەندەڵییەکى ئاشکرایە و قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەبێت کۆتایی پێبێت. خەڵکی کوردستان شایەنی ئەو دامەزراوانەن کە ڕێز لە سەروەری یاسا بگرن و پێداویستییە گشتیەکان لە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکان دابنێن. پێویستە لە زووترین کاتدا هەڵبژاردن بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت