عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی کۆنی کورد چ وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی، یان وەکو ئیتنۆسێکی پێگەیشتوو چ وەکو کۆمەڵگا مێژوویەکی تەمومژاویە. ئەوەی هەیەو کوردناسان و مێژوونووسانی کوردیش پێوەی خەریکبوون، ئەوەیە کە رەگوڕیشەی کورد دیاری بکەن. لەو رووەشەوە لە ئاستی یەکەمدا پەنا بۆ مێژووی زارەکی براوە. بۆ نموونە؛ کاتێ گەزنەفۆن بە خۆی و دە هەزار کەسەوە بە چیاکانی زاکرۆسدا تێدەپەڕێت، لە رۆژهەڵاتی رووباری کەنتریتە چاوی بە کاردۆخییە بەنێوبانگەکان دەکەوێت. ئەم رووبارە هەمان ناوچەی بوهتانی – بۆتان- ئەمڕۆ دەگرێتەوە، کە زەوییەکانی دەوروبەری کوردەکانی تێدا دەژین.، کەواتە کوردەکان نەوەی کاردۆخیەکانن(21). باسیلی نیکیتین لەبارەی رەگوڕیشەی کوردەوە دەڵێت: گوتراوە کاردۆخیەکان کە گەزنەفۆن لە گێڕانەوەکەیدا سەبارەت بە پاشەکشەی بەناوبانگی دە هەزار کەسی لە نێوان ساڵانی 400- 401ی پپێش زاین بە کوردستانی ئێستادا بۆ دەریای رەش باسی کردوون، باپیرەی راستەقینەی کوردەکانن.. چیایی تووندو تیژ بوون، هەمان شێوەی کوردەکان لە هەمان ناوچەدا دەژیان و ناوێکیان هەبوو لێکچووی ناوی کوردەکان بوو(22). رۆژهەڵاتناسی روسی ب. لیرخ لەبارەی رەگوڕیشەی کوردەوە دەڵێت: کوردەکان وا دەبینین کە نەوەی خاڵدیە- کاڵدیە- ئێرانیە جەنگاوەرو تووندەکانن کە دانیشتوانی چیاکان بوون و گیانێکی جەنگاوەرانەی بەرزیان هەبووە، لە هەزارەی سێیەمی پێش زایندا دابەزیون بۆ دەشتی دیجلەو فورات(23). جۆرج بلەچ و هارڤی مۆریس لەبارەی رەگوڕیشەی کوردەوە دەڵێن: ئەوەیە کە لە کتێبی ئاناباسیسی گەزنەفۆندا هاتووە، کە تۆمارێکی سەردەمی گەشتە ئەفسانەییە دە هەزار کەسیەکەی یۆنانە لە ساڵی ٤٠١ی پێش زایندا، کە هێرشیان کردە سەر ئیمپراتۆرێتی فارسی و لە دوای شکستی کۆرش، بەرەو دەریای رەش رێگایان گرتەبەرو لەو گەڕانەوەیەدا رووبەڕووی خەڵکانێکی دڕند-بەربەری- بوونەوە، گەزنەفۆن و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون چوونە هەرێمی کاردۆخیەکانەوە. دوای بیست و چوار سەدە ناسنامەی ئەم بەربەریە دێرینانە هێشتا دەشێ تەمومژاوی بێت، بەڵام ناوو شوێنیان باکووری موسڵی ئێستایە، کە پەیوەستە بە کوردەکانی ئەمڕۆوە. ئەم خەڵکانە بەپێی بۆچوونی گەزنەفۆن لە چیاکاندا ژیاون(24). سەرباری پێداگری ئەم سەرچاوانەو دەیان سەرچاوەی تریش سەبارەت بە رەگوڕیشەی کوردو گێڕانەوەی بە تەنیا بۆ کاردۆخیەکان یان بۆ میدییەکان یان هەر پێکهاتەو ناوێکی تر، من ئەو بۆچوونە سەبارەت بە رەگوڕیشەی کورد لە هەموو بۆچوونەکانی تر بەراستتر دەزانم کە دەڵێت: کورد وەکو نەتەوە پێکهاتووە لە کۆی کۆمەڵێک گروپی جۆراوجۆری کۆنی میسۆپۆتامیاو زاکرۆس و ئەناتۆڵیا وەکو مانی، لۆڤی، سۆمەری، هوری، کاسی، گۆتی، لۆلۆ و هیتی و میتانی و میدی و کاردۆخی. لە سەدەی سێیەمی زاینەوە ناوی کورد دەرکەوتووە و زیاتر بەو خێڵانە گوتراوە کە لە باکوری میسۆپۆتامیاو ئەناتۆڵی رۆژهەڵات و زاکرۆس ژیاون بەڵام ئەو ناوەش لە سنورێکی دیاری کراودا بەکارهاتووەو ناشێت هەموو ماکەکانی نەتەوەی وەرگرتبێت، بە تایبەتی زمان کە نەک هۆی یەکگرتنی ئەو پێکهاتانە نەبووە بەڵکو هۆی دابەش بوونی زیاتریان بووە(25). ئەم بۆچوونە جێگای لەسەر راوەستانێکی گرنگە چونکە لە خاڵێکدا دابڕان و جیابوونەوەیە لەگەڵ بۆچوونی سەرجەم کوردناسان و مێژوونووسانی کوردو روانینە لە رووبەرێکی ترو بە عەقڵ و روانینێکی ترەوە چونکە رای باو ئەوەیە کە زمانی کوردی زمانێكی تەواوی نەتەوەییەو هۆی مانەوەی کوردو یەکبوونیەتی، لە کاتێکدا راستتر ئەوەیە کە فرە زاری زمانی کوردی هۆی دابەشبوونی زیاتری کوردە بۆ ئێستاو دەشێت بۆ سەردەمی دەرکەوتنی ناوی کوردیش نەیتوانیبێت ببێتە زمانی هەموو خێڵ و پێکهاتەکان فرە رەگەزی کورد یان بەشداریکردنی توخم و رەگەزی جۆراوجۆر لە پێکهێنانی ئیتنۆسی کوردیدا هۆکاری فرە زاریی قسەکردن بێت لای کورد، بەجۆرێک کە ئاستی تیگیشتن و پەیوەندیکردن لە نێوان زارە جیاوازەکاندا زۆر لاواز بێت.
لە رووی راستیەوە کۆی بۆچوونی مێزوونووسان و کوردناسان سەبارەت بە رەگوڕیشەو رەسەنی کورد تاکو ئێستا نەک نەگەیشتووە بە خاڵێکی جێگیر بەڵکو بۆچوونن لە چوارچێوەی خەیاڵ و تەنانەت ئەفسانەدا، بە تایبەتی لەبەرئەوەی کە نە لە مێژووی دێریندا ئەوانی تر میژوویەکیان بە ناوی مێژووی کوردەوە تۆمار کردووە. نە کورد خۆیشی لە کۆمەڵگای پێش نووسینەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگای نووسین، هەتا لەبارەی خۆیەوە، لەبارەی رەگوڕیشەیەوە، لەبارەی ئەو رووداوانەی بەسەریدا هاتووە تۆماری هەبێت و بە زمانی خۆی بوون و مێژووی خۆی تۆمار بکات. واتە لە رووی پشتبەستن بە گەڕان بە دوای رەگوڕیشەو رەسەنی کوردداو لەپاڵ قسەکردن لە رەچەڵکی کورد بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمەڵگای کوردی هەتا پێشی چەند سەدەیەک کۆمەڵگای دەرەوەی نووسین بووە، دووەم زیاتر لە چیاو سروشتدا ژیاوەو پشتی بە کۆکردنەوەی بەروبوومەکانی نێوسروشت و راوکردن بەستووە، سێیەم کۆچەری بووەو شارو شارستانێتی بنیاد نەناوە. چوارەم لە هەندێ لەو سەرچاوانەدا کە باسی رەچەڵەکی کورد کراوە بۆ نموونە لە لایەن گەزنەفۆنەوە وەکو دڕندەو کێویی ناوبراوە. کە ئەمانەش هەمان ئەو خاسێتانەن کە زۆرێک لە ئەنترۆپۆلجیستەکان داونیانەتە پاڵ کۆمەڵگای سەرەتایی. کەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە: ئایا کورد کۆمەڵگایەکی سەرەتایی بووە؟ ئەگەر کۆمەڵگای سەرەتایی بووە ئایا لە جۆری ئاسکیمۆو هیندیە سورەکان و…بوو؟
بیلیزو هاری هۆجەر سەبارەت بە کۆمەڵگای سەرەتایی دەڵێن: کۆمەڵگای سەرەتایی ئەو کۆمەڵگایەیە لە رووی ژمارەوە کەمە، شوێنی ژیانی بچووکە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی سنووردارە. ئامرازی تەکنیکی سادەی هەیەو پسپۆری لە کاری کۆمەڵایەتیدا کەمە، زیاتر کەلەپوری نووسراوی نیە(26). بێگومان جارێکی تر دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەینەوە کە نەک مێژووی کۆنی کورد بەڵکو میژووی نزیکیشی هیچ تۆمارێکی ئەوتۆی نیە کە لە رووی زانستیەوە بۆ ئاخاوتن لەسەر باری کۆمەڵایەتی یان بە کۆمەڵایەتیبوونی بکرێتە بنەماو پشتی پێببەسترێت. بۆ نموونە سەرباری ئەوەی کە باسکردنی رەچەڵەکی کورد زیاتر لەوەی بابەتێکی زانستی سەلمینراوی بڕواپێکراوی پشتبەستوو بێت بە بەڵگەی ئەنترۆپۆلۆجی و مێژوویی، زیاتر پشتی بە خەیاڵ بەستووەو نزیکە لە ئەفسانە. بەگشتی ئەو تۆمارانەی لە مێژووی نوێدا لە لایەن کوردناسان و مێژوونووسانی کوردەوە سەبارەت بە رەچەڵەک و باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری کوردی نووسراون یان تۆمارکراون لە جیاتی باسکردنی کورد وەکو کۆمەڵگا یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکی زیاتر تۆماری دەستەو گروپی چیایی و کۆچەری و جەنگاوەرو دواتریش بنەماڵەو تیرەو خێڵ و عەشیرەتە. کە لە رووی راستیەوە رایەڵەو بنەمای پەیوەندی و پێکەوەبەستن لە نێوان ئەم گروپ یان پێکهاتانەدا هەبووەو نەک بۆ قۆناغە دێرینەکانی مێژوو، بەڵکو بۆ مێژووی زانراو و ئاشکرای ئەو جوگرافیایەی کە کوردی تیادا ژیاوەو جوگرافیاکانی دەوروبەریشی. نەتەوەو ئیتنۆسەکانی تر یان کۆمەڵگاکانی تر توانیویانە یەکێتی و یەکبوونیان هەبێت و دامەزراوەی دەوڵەت و تەنانەت ئیمپراتۆریەتیش دروست بکەن. بۆ نموونە سۆمەری و بابلی و ئاشووری و ئەکەدی و فارس و یۆنانی لە مێژووی پێش زایندا خاوەنی دەوڵەت و دەسەڵاتی بەرفراوان بوون و زۆرێکیش لەو دەوڵەتانە لە ئەنجامی پێکهاتنی فیدراسیۆنی خێڵەکان پێکهاتوون. بەڵام کورد لەو مێژووەدا مەگەر بە نزیککردنەوەی ناوی جۆراوجۆر لە وشەی کوردەوە وەکو کوردۆیەن و کۆردۆین و کۆردۆئەن و کاردۆو کەردۆو قەردۆو کاردۆخی و کورتی و کۆرتی ئاگینا وەکو ناوی ئیتنۆس یان گەلێک بوونی نەبووەو گێڕانەوی کوردیس بۆ تاکە پیکهاتەیەکی وەکو مادەکان بە ئاسانی ناسەلمێنرێت، بۆیە لە مێژوودا بە ناوی کوردەوە شتێکی ئەوتۆی بەرهەمنەهێنراوە. هەرچەندە باسی درستبوونی دەوڵەتی مید لەسەر بنەمای فیدراسیۆنی خێڵایەتی دەکرێت، بەڵام شوناسی دەوڵەتی مید بۆ کورد بە تەواوی و بە بەڵگەی سەلمینەر یەکلایی نەبووەتەوە.
ئەم مانەوەی کورد بە دەستەو گروپی بچووک و ژیانیان لە چیاکان یان ژیانیان وەکو کۆچەری و وەسفکردنیان وەکو جەنگاوەری ئازاو تەنانەت تووندو تیژو دڕندە، دەمانباتەوە بۆ لایەنگیری ئەو بۆچوونەی کە لە بنەڕەتەوە کورد لە پێکهاتەو سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە پەیدابووەو مەرج نیە هەموو کورد لە هەمان خوێن و دەمار بێت، هەربۆیە دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەتی کوردی تایبەتمەندی خۆیانیان هەبووەو هەیەو جیاوازن لە دامەزراوەی خێڵ و عەشیرەتی نەتەوەو ئیتنۆسەکانی تری ناوچەکەو یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی ئەو جیاوازییەش لاوازی پاڵنەری یەکگرتن و یەکبوونە، کە بۆ زۆر میلەت و کۆمەڵگای تر لە شێوەی فیدراسیۆندا بەرجەستەبووەو دەوڵەتی دروستکردووە. دروستبوونی ئیمپراتۆرێتی بابلی نموونەیەکی دیاری بەرهەمی فیدراسیۆنی خێڵایەتیە. هەروەک دەولەت میدیا لە فیدراسیۆنی عەوت خێڵ یان پێکهاتە دروستبووە، کە تیایدا میدیەکان خێڵ یان بنەمالەی فەرمانڕەوابوون. دەشێت دواتر پاشماوەی ئەو پێکهاتەو خێڵانە بەشداری پیکهێنانی ئیتنۆسی کورد یان میلەتی کوردیان کردبێت، بەڵام بەرێژەی کەم نەک وەکو ئەوەی کە تاکە باپیری کوردی دواتر بن.
سەرباری رێکنەکەوتن لە سەر بەکارهێنان و چۆنێتی بەکارهێنانی زاراوەی سەرەتاییبوون، کتێبی ” سیمای کەلتوورە سەرەتاییەکان” کە ساڵی 1958 بێاوکراوەتەوە، ناوی زۆرێک لە گەل و کۆمەڵگا سەرەتاییەکانی هێناوە کە ئەنترۆپۆلۆجیستەکان وەکو گەل و کۆمەڵگای سەرەتایی باسیانکردوون چونکە ئاشکرایە ئەو زانستەی ئەوان پێوەی خەریکن، کە زانستی ئەنترۆپۆلۆجیایە بریتیە لە “توێژینەوەی گەلانی سەرەتایی”، ئەو گەل و کۆمەڵگایانەی وەکو سەرەتایی باسکراون بریتین لە ئەرونتا، یاهگان، ئیندامان، ئاسکیمۆ، تەنگۆ، شایان، نەویر، نافاهۆ، خیفارۆ، نوتکا، تروبریاندر، تاهیتین، کالنگا، مایا، ئینکا، ئاشانتی، هەندێ لادێ لە یۆکاتان، مەراکیش، چین، هیند. لە نێوکۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا ناوی کورد نەهاتووە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم ناونەهێنانە ببێتە بەڵگەی یەکلاییکەرەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی سەرەتایی نیە، بەڵکو دەبێ ئەو گریمانەیەش دابنرێت کە کۆمەڵگای کوردی نەبووبێتە جێگا بایەخی ئەنترۆپۆلۆجیستەکان و لە راستیشدا توێژینەوەی زانستی دیارو لەبەرچاوی ئەنترۆپۆلۆجی لەسەر رابردوی کورد نابینرێت. بەهەرحال هەرچۆن یەکلاییکردنەوەی رەگوڕیشەی کورد هەتا ئێستا لەبەردەم گوماندایەو تەمومژاویە، بەهامان شێوە کۆمەڵایەتیبوونی کورددش یان مێژووی کۆمەڵایەتیبوون و گەشەی کۆمەڵایەتی و سروشتی کۆمەڵگای کوردی لە رابردوودا، هەر ئەوەندەی لەبارەوە زانراوەو لەبەردەستدایە وەکو ئەوەی گەزنەفۆن دەیگێڕیتەوە، یان رۆژهەڵاتناسان لەسەر بنەمای خەمڵاندن کردوویانە کە ئەوەش لەبری ئەوەی پشت بە بەڵگەی بەرجەستەی بینراوو زانستی ببەستێت، زیاتر پشتی بە خەیاڵ بەستووەو وەکو جۆریک لە ئەفسانەی لێکراوە. بۆ نموونە مێژووی ئەژدیهاک و کاوەی ئاسنگەر، بەراورد بە چاخەکانی پێشتر مێژوویەکی هێندە کۆن نیە، بەڵام تاکو ئێستاش ئەوەی بە گوێرەی کورد لەسەر ئەژدیهاک و کاوەی ئاسنگەر باس دەکرێت لە چوارچێوەی ئەفسانەدایە، نەک لە چوارچێوەی مێژوو یان ئەنترۆپۆلۆجیادا. هەروەک زۆرێکی تریش لەو بۆچوونانەی سەبارەت بە رابردووی کۆمەڵایەتیبوون و رابردووی بوونی کورد لە لایەن کوردناسان و مێژوونووسانەوە باس دەکرێت یان تۆمارکراوە، لەسەر بنەمای لێکچواندن بەوانی ترو هاوشێوەکردنی کورد لەگەڵ ئەوانی تردا کراوە، کە دەشێ ئەوانی تر تۆماری رابردوی پەسەندکراو و دانپێدانراوی خۆیانیان هەبێت، کە مەرج نیە ئەو تۆمارانەی رابردووی ئەوان بۆ کورد راست بێت، چونکە هەر پێکهاتەو دەستەو گروپێکی ئیتنیکی کۆمەڵایەتی ئایینی تایبەتمەندی خۆیی هەیە، رووداوی خۆیی هەیە، چیرۆک و بەسەرهات و ئەفسانەو بەگشتی کەلتووری خۆیی هەیە بەو ئەندازەی کە بوونی جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوانی تردا.
ئێمە پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر لەو خاسێتانە بڕوانین کە کراون بە بنەما بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگای سەرەتایی یان کۆمەڵگای سەرەتاییان پێ دیاریکراوە، ئەوە دەشێ هەندێ لەو خاسێتانە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانیشدا بدۆزینەوە. هەروەک دەشێ هەندێ خاسێتی کۆمەڵگای پێشکەتووش لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا ببینرێت. لەم روانگەیەوە کۆمەڵگای کوردی نەک بۆ رابردووی دوور بەڵکو بۆ ئێستاش هەندێ لە خاسێتەکانی کۆمەڵگای سەرەتایی تێدایە. پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە زاراوەی سەرەتاییبوون ئاماژەیە بۆ کاڵ و کرچی وەکو مادەی خاو و نەبوونی گەشەکردن و تووندو تیژی و نزمی چەشن یان چۆنێتی. ئەگەر کۆمەڵگای کوردی بەم بنەمایانە بپێوین ئەوا دەبینین کە نەک بۆ رابردووی دوور تەنانەت تاکو ئیستاش لە رووی بنیادی تاکەکەسی و کۆمەڵیشەوە لاوازەو هەر بکەرێکی دەرەوە دەتوانێت راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ چۆنی بووێت بەوشێوەیە بەکاریبهێنێت. هەرچۆن مادەی خاو بەکاردەهێنرێت لە جۆرە جیاوازەکانی پیشەسازیدا. لە مێژووی زانراو و تەنانەت نووسراودا، کورد لە لایەن کۆمەڵگاکانی دەوروبەرییەوە یان لە لایەن ئەو دەسەڵاتانەی کە کۆمەڵگاکانی بەرامبەری دروستیان کرددوون بەکارهێنراوە. ئیمپراتۆرێتەکانی فارسی و بابلی و ئاشووری لە پاڵ بەکارهێنانی گەلانی خۆیاندا ئەو گەل و پیکهاتە رەسەنانەی باکوری میسۆپۆتامیاو زاکرۆس و ئەناتۆڵیایان بەکارهێناوە کە بەشدارییان هەبووە لە پێکهێنانی ئیتنۆسی کوردیدا، هەروەک چۆن پێکهاتەکانی تری سایەی قەڵەمڕەوی خۆیانیان بۆ ئامانجی جۆراوجۆر بەکارهێناوە. سوپای ئیسلام بە جەنگ دەستی بەسەر خێڵ و پێکهاتە پەرت و بڵاوەکانی کوردو میلەتانی تریشدا گرتووە. میلەتانی تر پاش ماوەیەک لە مانەوەیان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیدا گەڕاونەتەوە بۆ ناو بوون و قەوارەی خۆیان و خۆیان دروستکردووەتەوە. لە مێژووی نوێدا فارس و تورکەکان چۆنیان ویستووە کوردیان بەکارهێناوە بۆ ئامانج و مەرامەکانی خۆیان. تاکو ئێستاش کورد لە لایەن داگیرکەرانی وڵاتەکەیەوە بۆ ئامانج و بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانە بە شێوازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت. واتە هەتا ئێستا کورد خاسێتی مادەی خاوی هەیە کە ئەوەش خاسێتی بوونێکی سەرەتایی یان کۆمەڵگای سەرەتاییە.
یەکێکی تر لە خاسێتەکانی کۆمەڵگای سەرەتایی نەبوونی گەشەکردن و پەرەسەندنە، کە مەبەست لەوەش پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، کەلتووری، عەقڵی، سیاسی و ئابووریە. وەک ئاشکرایە پەرەسەندنی ئابووری و پیشەسازی و تەکنۆلۆجیا بنەمایەکی سەرەکیە بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و عەقڵی. ئەگەر بە وردی سەیربکرێت، کۆمەڵگای کوردی لە رووی ئابووریەوە کۆمەڵگایەکە پەرەسندنی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیووە، لەو رووەوە تاکو ئێستاش کۆمەڵگای کوردی سەرباری دابەشکردنی بەسەر چەند دەوڵەتێکدا نە سیستێمی ئابووری سەربەخۆی خۆیی هەیە، نە ئابووری لە کوردستاندا کۆبووەتەوە، نەک لە بواری پیشەسازیدا بەڵکو لە بواری کشتوکاڵیشدا کە سەرچاوەی سەرەکی ژیانی خەڵک بووە پەرەسەندنی ئەوتۆی لەبەرچاو رووینەداوەو سروشتی ئابووری لە کوردستاندا خاسێتی ئابووری بەشی خۆکردنی هەیە. ئەمەش سەرباری لایەنی ئەرێنی بەڵام لایەنی نەرێنیشی هەیە کە لاوازکردن و کوشتنی پاڵنەری گەڕانە بە دوای پەرەسەندن و گەشەکردندا. دەشێ ئەم هۆکاری بەشی خۆکردنە لە کۆنەستی کوردیدا -ئەگەر لەبەر ناڕوونی رەچەڵەکی هاوبەش و نەبوونی بنەمای یەکبوون شتێک هەبێت بە ناوی کۆنەستی کوردی-، رازیبوون بە باری هەبووی دروستکردبێت، ئەوەش جۆرێک لە دڵنیای لە رووبەری ئەو کۆنەستەدا بەرهەمهێنابێت کە سروشتی دەوڵەمەندی جوگرافیای ئەم پێکهاتەیە پێداویستیەکانی ژیانی دەستەبەر دەکات، ئیتر پێویست نیە بەدوای لەوە زیاتردا بگەڕێت. واتە مرۆڤی کورد وا پەروەردە بووە کە ئەگەر ئەو بەو ئەندازەی لە توانایدایە لە نێو سروشتی خۆیدا خۆی خەریک بکات، پێداویستیەکانی ژیانی بەرهەم دەهێنێت و کۆششی زیاتری ناوێت. واتە لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونە گریمانەکراوە مرۆڤی کورد وای بینیووە ژیانی مسۆگەرەو هەوڵی زیاتری ناوێت و ئەو شێوەی ژیان و کارکردنی سروشتێکی جێگیری هەبووەو تەنیا ئەوەندەشی ویستووە کە بژی. لەم رووەوە کاری مرۆڤی کورد جۆرێک لە هاوشێوەبوونی کاری زیندەوەرانی وەکو هەنگ و مێروولەی هەبووە لە رووی جێگیری و روونەدانی گۆڕانکاری دیار تیایدا، کە ئەم وەستان و بەردەوام خولانەوەیە لەسەر بازنەیەکی داخراو خاسێت و سرووشتی پێکهاتە سەرەتاییەکانە. کە ئەمەش نیشاندەری نەبوونی گەشەکردن و پەرەسەندنی ئاشکرایە.
لە ئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، کۆمەڵگا جیاوازەکان لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی خۆیاندا سیستێمی ئابووری و پەیوەندی بەرهەمهێنانی خۆیانیان بنیادناوە. هەر لە سیستێمی کۆیلایەتیەوە بۆ سیستێمی فیودیالی و لەوێشەوە بۆ سیستێمی سەرمایەداری. لەبارەی رابردووی کوردەوە بۆ ئاخاوتن لەسەر سیستێمی کۆیلایەتی هیچ باس و خواس و زانیارییەکی دەولەمەندو بڕواپێکراو لە ئارادا نیە. بەواتا هەرچۆن رەچەڵەک و رەگوڕیشەی کورد تەمومژاویەو یەکلاییبوونەوەی ئەوەی کە بزانرێت کورد کێین جێگای پرسیارەو تاکو ئیستاش وەڵامی قایلکەری زانستی بۆ ئەو پرسیارە نیە، بەهەمان شێوە باسکردنی کۆرد لە قۆناغی کۆیلایەتیدا جگە لە خەیاڵ هیچی تر نیە. هەر بەوپێیەش ئەو رابردووە نەزانراوەو پێشناچێت سیستێمیکی لەو جۆرەی هەبووبێت، بەتایبەتی کە ئێمە وای بۆ دەچین ئەم لە پێکهاتەی جۆراوجۆرو لە مێژوویەکی درەنگتردا پیکهاتبێت یان ناوی کوردی پێدرابێت. لەم بارەیەوە کتیبی) رەچەڵەکی کورد لە نووسینی رۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی تیۆدۆر نۆڵدیکە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا و کتێبی رەچەلەکی کورد لە نووسینی ڤیڵچێڤیسکی لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی رابردوودا کە زیاتر بۆجوونەکانی نزیک لە ن.ی.مار داڕشتووە لەگەل جەندین کوردناسی تردا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی رەگوڕیسەی کوردیان کردووە. بەڵام ئەوەی بە ئاشکرا باسی دەرکەوتنی ناوی کورد وەکو ناوی ئیتنۆسێکی جیاواز دەکات و ئەو مێژووە بە مێژووی دەرکەوتنی راستەقینەی کورد وەکو پێکهاتەیەکی یان ئیتنۆسێکی خاوەن بنەما باس دەکات و مێژووی ئەو دەرکەوتنەس دەگێڕێتەوە بۆ سەدەی سێیەمی زاینی و پێداگریس لە سەر فرە بنەمایی یان بەشداری توخم و رەگەزی جۆراو جۆر لە پێکهێنانی کورددا دەکات ڤیلچێڤیسکیە، کە وردتر لەوانەی پێشتر باسی کوردو رەگوڕیشەی کوردی کردووەو بە روونی ئەو سەرچاوانە دەخاتە روو کە لە بەشدارییان لە پێکهێنانی ئیتنۆسی کوردیدا کردووە. هەرچەندە بۆجوونی لەوجۆرەش هەیە لە رووی پەیوەندی زمانەوە گۆتی و سۆمەری و میدەکان دەبەستیت بەیەکەوەو پێداگری ئەوەش دەکات کە ناشێت میدەکان لە رۆژهەڵاتەوە هاتبنە ئەو ناوچەیەی کە ئێستا پێی دەگوترێت کوردستان.. هەڵبەت ئەم بۆچوونەش لەسەر بناغەی تیۆریی ئاریەکان دانراوە کە لە ناوەندە ئەکادیمیەکاندا، میدەکان بە بەشێک لە نەتەوە ئاریە سەرەتاییەکان دادەنرێت(27). هەڵبەت هەرچۆن لای کوردی ئێستا جۆرێک لە شانازیکردن بە دەوڵەتی میدو میدەکانەوە هەیە، بە ئەندازەی ئەوە شانازیکردنیش بە ئاریبوونی میدەکانەوە هەیە، ئەمەش وەکو پڕکردنەوەی جۆرێک لە گرێی هەست بەکەمی کردن خۆی دەنوێنێت، کە گوایە کورد لە رەچەڵەکی ئاریە کەواتە لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە بە تایبەتی رەچەڵەکی سامی کە عەرەب سەربەوەو ئەڵتاییەکان کە تورک و ئازەری سەربەون جیادەبێتەوەو ئەم لە رەچەڵەکی ئاریە کە هیندۆ-ئیرانی و زۆرێک لە نەتەوە دیارەکانی ئەورپا دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی سۆران حەمە ڕەش، بیرۆسوس کە پیاوێکی کلدانی ئایینی پەرستگاکانی بابل بووەو مێژووی بابلی بە یۆنانی نووسیووەو لە سەدەی سێیەمی پێش زایندا ژیاوە.. رابردووی بابل دەگێڕێتەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ پێش زاین، ئەو دەڵێت: لە سەرەتای حکومڕانی بابلدا میدەکان دەسەڵاتداربوون(28). بەڵام ئەوەی سەرجاوەکان باسی دەکەن و دواتر بە وردی لێیان دەدویین دەرکەوتنی میدیەکان ناگەڕێتەوە بۆ پێش سەدەی نۆیەمی پێش زاین. بەهەرحاڵ ئەگەر بۆچوونی میدیەکان لە سێ هەزار ساڵ پێش زایندا راستبێت، ئەوا مێژوویەکی تا ئەندازەیەک کۆن بۆ میدەکان دیاری دەکرێت کە بەشێک لە بۆچوونەکان ئەوەن کە کورد بە نەوەی یان درێژکراوەی میدەکان دادەنێن. بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا دەسەڵاتی بابلیەکان لەو قۆناغەدا هیچ زانیارییەک لەسەر بوونی مادەکان وەکو میلەت نەک بنەماڵە، واتە وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوە پێشکەش دەکات؟ ئایا ئەگەر میدیەکان پێکهاتەیەکی هێندە بەهێزبووبن کە لە سەرەتای دروستبوونی ئیمپراتۆرێتی بابلیدا دەسەڵاتی بابلیان گرتبیتە دەست، دەبێ لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە لە چ ئاستیکدا بووبن؟ ئایا ئەم بۆچوونە لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێت کە میدەکان پێکهاتەی سەرەتایی بووبن؟ بەڵام ئاشکرایە کە لە سەرەتادا سۆمەرییەکان فەرمانڕەوای بابل بوون و دوای ئەوانیش ئەکەدیەکان بابلیان گرتووەو بوونەتە فەرمانڕەواو گۆتیەکان بۆ ماوەیەک دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووەو دەسەڵاتیان لە ئەکەدیەکان وەرگرتووە. هەروەک بۆجوونی لەوجۆرەش هەیە کەباسی باسی پەیوەندی نزیک لە نێوان سۆمەرییەکان و گۆتیەکان و میدەکاندا دەکات و هەندێ لە مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە کوردی ئێستا دەچێتەوە سەر میدەکان. کەواتە بەوپێیە بێت مێژووی دوورودرێژی دەسەڵاتی بابلی بێجگە لەو ماوەیەی کە ئەکەدیەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، لە دەستی میدیەکاندا بووە کە بەپێی ئەوبۆجوونە نەسەلمێنراوە باپیرەی کوردن. هەڵبەت ئەوە روونە بۆ ئەو قۆناغە مێژووییە نە شتێک هەبووە بە ناوی مەسەلەی نەتەوەو نە دەوڵەتیش دەوڵەتی نەتەوە بووە، بەڵکو یان دەوڵەتی شوێن و جوگرافیا بووە یان دەوڵەتی کەسی فەرمانڕەوا بووەو بنەماڵەی فەرمانڕەوا بووە. ئەوەش ئاشکرایە بابل وەکو شوێن کە ناوی دەوڵەتەکە بابلیە، هیچ بەڵگەو نیشانەو ئاماژەیەکی کوردبوون یان مید بوون و گۆتیبوون هەڵناگرێت. هەربۆیە بۆچوونی نزیک لە راستی ئەوەیە کە ئەگەر میدەکان فەرمانرەوایی بابلیان کردبێت، هەرگیز وەکو نەتەوە یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی ئەو دەسەڵاتەیان نەگرتووەتە دەست، بەڵکو وەکو بنەماڵەیەک فەرمانڕەواییان گرتووەتە دەست، هەمان شێوەی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی مید لە دەوڵەتی میدیادا یان هەمان شێوەی بنەماڵەی ئەیوبی کە سەلاحەدین بووەتە فەرمانڕەوای رووبەرێکی فراوان لە دەسەڵاتی ئیسلامی، بەڵام ئەو دەسەڵاتە هەرچەندە بەراورد بە مێژووی بابل و مید زۆر نوێیە، بەڵام هیچ بنەماو خاسێتێکی کوردی نەبووە، بەڵکو فەرمانڕەوای دەوڵەتی ئیسلامی بووە نەک کوردی، با سەلاحەدین بە رەچەڵەک کورد بووبێت بەڵکو ئەو سەرکردەیەکی گەورەی مسولمانان و سەرۆکی دەوڵەتی ئیسلامی بووەو داوکردن لێی کە بۆچی کوردایەتی نەکردووە داواکارییەکی بۆش و ناڕەوایە، چونکە لە بنەڕەتدا شتێک نەبووە بە ناوی مەسەلەی نەتەوایەتی کوردو کوردبوون لەو قۆناغەدا.

تێبینی/ سەرچاوەکان لەگەڵ دوا بەشدا دادەنیین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت