محەمەد حەسەن: نەوەى ئەلفا یان نەوەى بایکۆت!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
پەروەردەناس و فەیلەسوفى ئەمریکى جۆن دیوى ئەڵێ: پەروەردە تەنها ئامادەکارى نییە بۆ ژیانى داهاتوو، بەڵکوو پەروەردە خۆى ماناى ژیانە.
ئێمەى کورد لە باشوورى کوردستان بەختێکى باش و هەلێکى زێڕینمان بۆهاتەپێش بۆ خۆسەلماندن لە بوارەکانى بەڕێوەبردنى سیاسى و ئیدارى و دامەزراوەییدا لە هەموو سێکتەر و بوارەکاندا، بەڵام ئەوەى بە پراکتیکى و لە مەیدانى ژیاندا بینیمان جێى داخ و کەسەرە بۆ خۆمان و دۆستەکانمان، بۆ ئێستا و ئاییندەشمان. پەروەردە و فێرکردنیش لەم نێوەندەدا کەوتە بەر بەرداشى خراپ ئیدارەدان و بێباکى و خەمساردى دەسەڵاتى کوردى.
بێویژدانییە ئەگەر بڵێین لەماوەى سى ساڵى ڕابوردوودا هیچ نەکراوە، بەڵکوو وەزارەتى پەروەردە چەندین پڕۆژە و پلانى ستراتیژیى خستۆتەڕوو، تاڕادەیەک سوود لە تەکنەلۆجیاى نوێ وەرگیراوە و ئەبدەیت و نوێکارى زۆر کراوە لە پڕۆگرام و سیستم و ڕێکارەکاندا، بەڵام ئەوەى کراوە و ئێستاش دەکرێ چەندین نیشانەى پرسیارى لەسەرە و کەوتۆتە ژێر ڕەحمى نووکى تیژى ڕەخنە، لە پرۆسەى هەڵسەنگاندن و لەتێزابداندا دەرناچێ! بەڵگەش بۆئەم وتەیە، هاوار و فوغانى پەروەردەناسان و دڵسۆزان و شارەزایانە، کە ڕۆژانە لە میدیا و شاشەکانەوە دەیبینین و دەیبیستین، هەمووان دەڵێن پەروەردە نەماوە! خوێندەوارى لە قەیراندایە. هەروەها کەتوار (واقیع) و زمانحاڵى بازاڕ و فەرمانگەکان، هەڵگرى بڕوانامە و لێشاوى دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکان، تەنانەت دەرچووە یەکەمەکانیش، هەموویان لە حاڵەتى دەروونى و بژێوى نالەبار و بێکاریدا کاتە ئاڵتوونییەکانى تەمەن بەڕێدەکەن.
پەروەردە، بە گرنگترین و کاریگەرترین سێکتەر دادەنرێت لەسەر نەوەکان لە دونیاى ئەمڕۆدا، ئاشکرایە لە سێ دەیەى ڕابوردوودا خۆبەڕێوەبەرى کورد لە باشوورى کوردستان لە پێکهاتەى حکومەتەکانیدا وەزارەتى پەروەردە بوونێكى کارا و دەستکراوەى هەبووە، ئەگەر بپرسین؛ ئایا ئەو دوو نەوەیەى لەم ماوەیەدا هاتوونەتە ژیان و بوونەتە بەشێکى سەرەکیى لە پێکهاتەى کۆمەڵگەى کوردی، لەڕووى پەروەردەیى و فێربوونەوە، لە ڕووى لێهاتوویى و کارامەییەکانى سەردەمەوە لە کام ئاست و کام پۆلیندان؟!
لە جیهانى ئەمڕۆماندا بۆ دەربڕین و بەراوردکارى لە نێوان نەوەکان و مامەڵەى نێوانیاندا چەندین پۆلێنکارى جیاواز و ناونانى جۆراوجۆر هاتۆتە کایەوە، سەرەتاى سەرهەڵدانى چەمکى تیۆرى نەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ زاناى کۆمەڵناسى ئەڵمانى بەڕەچەڵەک مەجەڕى (کارل مانهایم) و فەیلەسوفى ئیسپانى (خوسیە ئورتیجا). هەردووکیان لەسەرەتاى سەدەى پێشوودا دەربارەى نەوەکان نووسیویانە، دواجار دابەشکارى نەوەکان هاتە ئاراوە لەسەر بنەماى سەردەمى لەدایکبوون، ڕەفتار، ئاستى مەعریفى و بەکارهێنانى ئامێر و تەکنەلۆجیاى سەردەم. لە ناوەندەکانى ئامار و سەرژمێریى دانیشتواندا لەسەر بنەماى هۆکارەکانى ژیان و بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا، نەوەکان پۆلێن کراون بۆهەشت نەوە، کە لە ئێستادا بەنزیکەیى پێنج نەوەیان لە ژیاندا ماون، پۆلێنکردنەکەش بەم جۆرەیە:
1. نەوەى ونبوو – لەدایکبوانى نێوان 1883-1900 (الجیل الضائع) Lost Generation
2. نەوەى مەزن – لەدایکبوانى نێوان 1901-1937 (الجیل الاعظم) Greatest Generation
3. نەوەى بێدەنگ – لەدایکبوانى نێوان 1928-1945 (الجیل الصامت) Silent Generation
4. نەوەى بازدان (نەوەى لەدایکبوونى زۆر يان ئەزمووندارەكان) – لەدایکبوانى نێوان 1946-1964 (جیل الطفرة) Baby Boomers
5. نەوەى ئێکس – لەدایکبوانى نێوان 1965-1980 (جیل اکس) Generation X
6. نەوەى واى- لەدایکبوانى نێوان1981-1996(جیل الالفية)(Y) Millennials Generation
7. نەوەى زێد – لەدایکبوانى نێوان 1997-2012 (جیل زد) Generation Z
8. نەوەى ئەلفا – لەدایکبووى نێوان 2013-2025 (جیل ألفا) Generation Alpha
بۆ شرۆڤەى ئەم بابەتە و شەن و کەوى تایبەتمەندى و ناسەرەوەکانى هەر نەوەیەک، بابەتەکەمان درێژە دەکێشێ. ئەوەى لێرەدا مەبەستم بوو لێى بدوێم تەنها قسەکردنە لەسەر دوایین نەوەى نیشتمانە بێنازەکەى خۆمان، ئەو نەوەیەى وەکوو هەموو منداڵانى دونیا جگەلەوەى لەگەڵ شاشەى زیرەک و تەکنەلۆجیا هاتنە دونیاوە، هاوکات لەگەڵ قەیران و بایکۆت، شڵەژانى کۆمەڵایەتى و قەیرانى دارایى و کارگێڕى پێشوازى کران، چاویان هەڵهێنا بە دونیاى پڕئاریشە و قەیران لەدواى قەیران.
نەوەى ئەلفاکەى لەمەڕخۆمان، کە من ناوم لێناوە (نەوەى بایکۆت)، ئەوانەى لە ساڵانى 2016 بۆ 2024 لە قۆناغەکانى خوێندنی بنەڕەتیدا بوون و لەئێستادا هەندێکیان گەیشتوون بە پۆلى هەشتەم یان نۆهەم، بەڵام ئاستى زانستى و مەعریفییان ئەوەندە لاوازە، لە دەرچووانى خوێندنى بەناو (محو الاميية) ى سەردەمى بەعس دەچن، ئەو خوێندنەى کە بە دوو ساڵ پیاوێک یان ژنێکى نەخوێندەوار فێرى نووسینى ناوى خۆى دەبوو!
بەداخەوە، ئەم نەوەیە نەوەیەکى کەم خوێندەوارە، هەندێک لە قوتابى و خوێندکارەکانمان گەیشتوون بە پۆلى حەوتەم یان هەشتەمى بنەڕەتى بەڵام فێربوون و نووسینیان بەڕادەیەک لاوازە، کە مامۆستاکەى ناتوانێ ئەو داڕشتنە سەیر و سەمەرە بخوێنێتەوە کە قوتابییەکە نووسیویەتى! ئەمەش بەو واتایە نایەت کە قوتابى و خوێندکارى ئێمە یان منداڵەکانمان ئاستى زیرەکى و تواناى فێربوونیان نزمە، نەخێر؛ نەوەکانى ئێمەش وەک هەموو هاوزەمان و هاوتەمەنەکانى خۆیان زیرەک و لێهاتوون، بەڵام هەروەک ئاماژەم پێدا ژینگە و بارودۆخى خوێندن لەبار و هاوسەنگ نەبووە بەتایبەتى لە دەساڵى ڕابوردوودا.
کێ بەرپرسە لەم حاڵەتە نەخوازراوە؟ کێ قەرەبووى ئەم نەوە داماوە دەکاتەوە؟ ئەڵێن خەتا خڕە و بەسەرى کەسەوە ناوەستێ! بەڵێ، هاوشێوەى هەموو گرفت و ئاریشەکانى دیکە، کەس خۆى ناکاتە خاوەنى ئەم دواکەوتووییە و ئەم خەتایە ناخاتە سەرخۆى، ئەم قوڕەى بەدەستى خۆمان بۆ نەوەکانمان گرتۆتەوە بێگومان کاریگەرى نەرێنى دوورمەوداى دەبێت. بایکۆتى دەوام بەگشتى و ڕاگرتنى دەوامى خوێندن لە بەشێکى گەورەى ئەم هەرێمەدا ئۆباڵەکەى تەنها لە ئەستۆى بڕیاربەدەستانە، چونکە مامۆستا و فەرمانبەران بە پێى فەرمان و گرێبەستێکى هەمیشەیى لەگەڵ وەزارەتەکانى خۆیان دەستبەکاربوون، بەڵام ئەوە لایەنى دووەمە کە پابەندى گرێبەستەکە نەبووە و هەموو یاسا و رێنماییەکانى خۆى پێشێلکردووە، بایکۆت لاى مامۆستا، نە ويستە و نە قەناعەت، بەڵكوو کاردانەوەیە بۆ ئەو پێشێلکارییە و لەپێناو داواکردنى مافە بنەڕەتییەکانى خۆیەتى، کاتێک فەرمانبەرێک مووچە و سەرچاوەى بژێوى لێ زەوت دەکرێ، كەواتە بەپێى هەرەمى پێداویستییەکانى ئەبراهام ماسلۆ ماف و پێداویستییەکانى بنکەى هەرەمەکە (هەوا، خۆراک، ئاو، شوێن و ژینگەى تەندروست و… تاد) بۆ دابین نەكراوە ئيتر چۆن بتوانێ پێداویستییەکانى ئارامى و ئاسایش، کۆمەڵایەتى و سۆزدارى، ڕێز و پێزانین، هەروەها داهێنان و چارەسەرى گرفتەکان دەستەبەر بکات!؟
خەمى من خەمى هەموومانە، بارودۆخەکەى ئێمە لە گرێژنە دەرچووە و چارەسەرەکەى سانا نییە، ساڵ لەدواى ساڵ ئەبێ بڵێین خۆزگەمان بە پار، هەموو سوچ و قوژبنەکانى ئەم جیهانە بگەڕێی، نابینى و نابیستى گەلێک هەبن بە دەستى خۆیان ماڵى خۆیان بڕمێنن! بەویستى خۆیان نەوەکانى خۆیان نەخوێندەوار بکەن! بۆچى؟! کەس نازانێ! لە بەرزترین تا نزمترین بەرپرسى ئیدارى و پەروەردەیى ئەم وڵاتەوە نابینین؛ هاوارێک، خەمخۆرییەک و دڵسۆزییەک، بۆ کەسێک نییە بڵێ: بۆ کێ و لەپێناو کێ ئەم گەلە نەخوێندەوار دەکرێ؟! هەموومانییان ڕاهێناوە لەسەر گەندەڵى، حەرامخۆرى، تەمبەڵى و دەوام نەکردن، سڕبوون و دواتر تەسلیمبوون بە هەموو شتێک! بەداخەوە .. زۆر بەداخەوە.
دواجار پێویستە هەموومان ڕاچڵەکێین و هەست بە بەرپرسیارێتى بکەین لەهەمبەر داهاتووى نەوەکانمان، بەو هیوایەى كە لە ئاییندەدا نەوەکانى زێد و ئەلفا و دواتریش نەوەى (بێتا یان AI) یان هەر ناوێکى دیکەى لێبنرێ، بەڵکوو ئەوان شۆڕشێکى تەکنەلۆجى و مەعریفى وەها بەرپا بکەن کە بتوانن داهاتوویەکى ڕۆشنتر بۆ خۆیان و نەوەکانى دواتریان دابین بکەن، وە ئەم نووسین و وتانەى ئێمەش بۆ ئەوان ببنە نوکتە و ڕابوردوویەکى پێکەنیناوى!
ووسينى ئەم بابەتە سوود وەرگيراوە لەم سەرچاوانە:
كتێبى (كەلێنى نێوان نەوەكان) نووسينى شەمال لەتيف / 2024
https://ar.wikipedia.org/wiki/تصنيف:أجيال_ثقافية
https://www.independentarabia.com/node/21541/منوعات-وترفيه/إلى-أي-جيل-تنتمي؟-الألفية-أم-الجيل-x-أو-z؟
https://alkhaleejonline.net/علوم-وتكنولوجيا/من-أي-جيل-أنت؟-تعرف-على-فروق-الأجيال-في-استخدام-التكنولوجيا
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە