ئومید ناسح جیهانی: ئێنکیدۆ یەکەمین ناپاک لە مێژوویی کورد دا.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەنکیدۆ ڕێبەری ناپاکان بە کەسایەتی لاوازەی کە لە ڕێگەی ژنەوە دەخەڵەتێنرێت و دژی سەرکردەکەی ناپاکی دەکات نەفرەت دەخزێنێتە مێژووی کوردەوە. (شامهات)ی کەنیزەی (پەرستگای عەشتار)ی دەوڵەتەشاری ئوروک ڕاوکەری خاڵی لاوازی ئەنکیدۆیە و دەبێتە بەڵای سەری هومبابای سەرکردەی کورد. ئیدی لەو ڕۆژگارەوە زنجیرەی ناپاکی (ژن، ماددە، دەسەڵات)، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بە بێ لە دەستدانی ئەڵقە و خێراییەکەی لە مێژوویی کورد دا بەردەوام بووە.
کەسایەتی گیلگامێش
زۆربەی ئەو چیرۆکانەی کە لە مەڕ گیلگامێشەوە هەن، مۆرکی ئەفسانەیی پێوەیە. بەڵام بیانوویی ئەوە هەیە کە وای دابنێین، ئەو کەسایەتییەکی مێژوویی بووە، لە لیستی ناوی پاشایانی سومێری دا، ناوی ئەو، وەکو پێنجەمین پاشای یەکەم خانەدانی دەسەڵاتداری شارە دەوڵەتی ئوروک هاتووە. ئەمە ئەوە لە خۆ دەگرێت، کە گیلگامێش، نزیکە لە نێوان ساڵانی (2800 – 2700، پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا) ژیاوە.
چەند نەریت و گێڕانەوەیەک هەیە سەبارەت بە ژیان و کەسایەتی گیلگامێش، یەک لە نەریتەکان دەڵێت: باوکی گیلگامێش بە گوێرەی هەمان لیستی ناوی پاشاکان، ناوی (لیلوێکی) بووە. ئەو کەسێکی بەدکار و ئەهریمەنی بووە. دواتر دەبێتە ڕێبەری ئایینی لە ئوروک. دیار نییە گیلگامێش چەند منداڵی هەبووە، بەڵام بە پێی لیستی ناوی پاشاکان کوڕێکی هەبووە بە ناوی (ئور – نینگال)، ئەو دوای گیلگامێش، تەختی پاشایەتی ئوروکی وەرگرت و (30) ساڵ فەرمانڕەوایی کرد.
داستانی گیلگامێش
4700 ساڵ پێش ئێستا، لە خوارویی میزۆپۆتامیا پیاوێک دەژیا، ناوی گیلگامێش بوو، کەسایەی بە سۆز و سەرنجڕاکێشی ئەو و چارەنووسی ژیانی سەیر و سەمەرەی وی، بۆ کاتێکی درێژ، خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دڵگیری خۆی کرد. زوو لە سەر سروشتی ئەفسانەیی کەسایەتی ئەو، کۆمەڵێک چیرۆک پەیدابوو ئەمانە بوونە سەرەتایەک بۆ نەریتێکی دوو هەزار ساڵەی هونەری نوسینی وێژەیی، لە نیشتیمانی میزۆپۆتامیادا. خاڵی وەرچەرخانی ئەو نەریتە، داهێنانی داستانی گیلگامێش بوو.
سەرەڕای ئەوەی کە دەقەکان بە زمانی ئەکەدی، زمانێکی لە ناوچوی سامی نوسراونەتەوە، بەڵام کۆنترین چیرۆکە نوسراوەکانی گیلگامێش، جارێک لە جاران، لە نێوان ساڵانی (2100 – 2000، پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا) بە خەتی مێخی و زمانی سومێری نوسراوەتەوە. ئەمە سەردەمێک ڕوویداوە، کە فەرهەنگی سۆمەری بە (ڕێنسانس) دا تێدەپەڕی. پێنج لەو چیرۆکانە دۆزراوەتەوە: (گیلگامێش و ئاککا، گیلگامێش و هومبابا، گیلگامێش و کەڵەگای ئاسمانی، گیلگامێش و ئینکیدۆ و جیهانی ژێرەوە)، لەگەڵ (مەرگی گیلگامێش).
لە ڕاستیدا لە سەردەمی بابلی کۆن (2000 – 1600 پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا) بوو، کە داستانی گیلگامێش، وەکو یەکەیەکی کۆکراوە، ڕێکخرا. ئەو کاتانە بوو کە داستانە تاک و جیاوازەکانی سۆمەری، وەکو داستانێکی یەکگرتووی ئەکەدی، ڕێکخران.
زمانی سومێری، کە سەر بە هیچ خێزانە زمانێکی ناسراو نییە، لە هەزارەیی دوەمی پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا، وەکو زمانی قسە پێکردنی ڕۆژانە، پەکی کەوت و نەما. سومێرییەکان داستانە شیعریان، لە سەر ژیانی گیلگامێش داهێنا، بەڵام داستانەکە دواتر و لە ناو ئەدەب و وێژەیی ئەکەدی دا، گەشەی پێدرا.
ئەکەدی زمانێکی فەرهەنگی گەورەیی مێژوویی جیهانی بوو. ئەکەدی ناوێکی هاوبەشی زمانە لە ناوچوەکانی سامی بوو، کە بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵ، لە لایەن بابلی و ئاشوریانی وڵاتی میزۆپۆتامیاوە قسەی پێدەکرا. واتا ناوی ئەکەدی، لە ناوی شارە دەوڵەتی ئەکەدەوە هاتووە کە لە ناوەڕاستی هەزارەیی سێیەمی پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسادا، دروستکراوە و دواتر بوو بە پایتەختی یەکەمین ئیمپڕاتۆریەتی یەکگرتوو لە میزۆپۆتامیا دا.
میراتی ئەدەبی سومێری، لە ڕێگای دوو دەسەڵاتە مەزنەکەی ئەکەدی زمانەوە، بابلی و ئاشوری، بە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر ئەوروپاش دا بڵاوبویەوە.
هەر سەبارەت بە زمانی نووسینی داستانەکە، (سۆران حەمەڕەش)، لە پەرتوکی (مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد) دا لەلاپەڕە (222) دەڵێت: “سۆمەرییەکان یەکەم داستانیان لە مێژوویی مرۆڤایەتی دا بە زمانی کوردیی کۆن تۆمار کرد کە ئەمڕۆ بە گلگامێش ناسراوە و شارستانیەتێکیان دامەزراند کە بوو بە بناغەی شارستانیەتی مێسۆپۆتامیا”.
داستانی گیلگامێش بە کورتکراوەیی
وەکو پێشتر ئاماژەمان پێ دا، داستانی گیلگامێش، دەقەکانی بە زمانی ئەکەدی، زمانێکی لە ناوچوی سامی نوسراونەتەوە، بەڵام کۆنترین چیرۆکە نوسراوەکانی گیلگامێش، جارێک لە جاران، لە نێوان ساڵانی (2100 – 2000، پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا) بە خەتی مێخی و زمانی سومێری نوسراوەتەوە.
داستانی گیلگامێش چ وەک کۆنترین تێکستی نووسراو کە تائێستا لەبەردەستدایە و چ وەک ئەو قووڵاییەی کەھەیەتی سەرسووڕھێنەرە، بەشێوەیەکی باڵاو کاملەن پرسیارە کەونیی و ئەنتۆلۆژییەکان لەخۆ دەگرێت، لە ھەمووشی سەیرتر ئیمزاو ناوی کەسێکی لەسەرە بەناوی “شین ئوقی ئونینی” کە نەزانراوە ئاخۆ نووسەری داستانەکەیە یان ئەو کەسەیە کەنووسیویەتییەوە. داستانەکە پێکهاتوە لە دوانزە تابلۆیی قوڕین، بەڵام ئێمە لێرەدا بە پێی پێویستی مەبەستی بابەتەکەمان لە تابلۆی یەک تا تابلۆیی هەشت- مان بەکارهێناوە.
ئاشنایەتی گیلگامێش و ئێنکیدۆ
تابلۆی یەکەم/ داستانەکە بە پێشەکییەک دەست پێدەکات کە تیایدا ئاماژە بە ژیری گیلگامێش و ئەو زانیاریانە دەکات کە ئەو لە ڕەوتی ژیانی خۆی دا وەریگرتون. هەر وەک کار و کردەوەکانی دیکەش دەردەخات وەک پاشایەک. دوای ئەوە وەسفی ئەوە دەکات کە گیلگامێش چۆن بە گەنجی فەرمانڕەوایی لە شارە دەوڵەتی ئوروک کردوە، پاشایەکی بێ ئەزمون و بەدڕەفتار و زۆردار و هەمیشە بە خۆوە خەریک بوو بووە. ئەو زۆرجار پیاوانی شاری ناچار دەکرد، تا لە یاری و زۆرانبازی و کێبەرکێکان دا بەشداری بکەن. کەس نەیدەتوانی لەو بباتەوە و هاوڕێکانی لەمە بێزار و دڵگران بوون. کچان و ژنانی گەنجی ئوروک، هێشتا پتر لە ئاکارەکانی گیلگامێش بێزاربوون. هەموو ئەو کچانەی کە شویان دەکرد، دەبوو شەوی یەکەمی زەماوەندیان، لەگەڵ گیلگامێش بەسەر ببردایە، لە جیاتی مێرەکەیان. کەس نەیدەتوانی و نەیدەوێرا بەرەنگاری گیلگامێش ببێتەوە.
خەڵک لە خوداکان پاڕانەوە. ئانوی خودای ئاسمان، ئاروروی ژنە خوداوەندی ڕاسپارد، تا ئەنکیدۆ بە بنەڕەت مرۆڤ بئافرێنێت، وەکو هاوتایەک بۆ گیلگامێش. تا ئەوان لەگەڵ یەک کێبەرکێ بکەن و شاری (ئوروک)یش جارێکی دی ئارامی بۆ بگەڕێیتەوە.
ئەنکیدۆ لە ئاقار و دەشت و چیا، لەگەڵ گیانەوەرانی کێوی گەورە ببوو. ئەو بێئاگا بوو لەوەی کە مرۆڤە و خۆی وەکو گیانەوەران پێناسە دەکرد. ئەنکیدۆ تەڵەی ڕاوچییەکانی پووچەڵ دەکردەوە بۆ پاراستن و ئازادکردنی ئاژەڵەکان. یەکێک لە ڕاوچییەکان ئەم ھەواڵەی بە باوکی ووت و باوکیش ئامۆژگاری کرد بچێت بۆ شاری ئوروک و هەواڵەکە بدات بە گیلگامێش، گیلگامیش-یش فێڵبازانە و تەنانەت بەشێوازێکیش کەبەدرێژایی مێژوو بەکارھاتووە، مێینەیەک بۆ تەفرەدانی دەنێرێت. گیلگامێش کەنیزەکێکی پەرستگای عەشتاری نارد بۆ دارستانەکە بە ناوی (شامهات)، تا ئەنکیدۆی بێ ئەزمون فریوبدات و بیخاتە کەمەندی جوانی ژنانەی خۆیەوە. گیانەوەران وازیان لە ئەو هێناو و ئاژەڵەکان ڕەتیان کردەوە کە چیتر ھاوڕێیەتیی ئەنکیدۆ بکەن، لەبەرئەوە ئەنکیدۆ بووە بەشێک لە جیھانی مرۆڤ. شامهات بە باسکردنی ئەو ژیانە خۆشەی لە شار هەیە ئەنکیدۆی کەمەندکێشی شار کرد.
لە شار گیلگامێش دوو خەونی سەرنجڕاکێشی بینی، کە نەیدەتوانی لێکیان بداتەوە. دایکی ئەو، نینسونی خوداوەند، خەونەکانی بۆ لێکدایەوە. نینسون وتی: کە خەونەکان پێشگۆیی ئەوە دەکەن کە گیلگامێش دۆستێک پەیدا دەکات، کە دەبێتە برای هاوشان بۆ ئەو، گیلگامێش باوەڕی بە لێکدانەوەکەی دایکی هێناو وای دیت کە پێویستی بە دۆستێک هەیە.
تابلۆی دووەم/ شامهات لەگەڵ ئەنکیدۆ جووت بوو، فێری ژیانی مرۆڤی ئاسایی کرد، ئیتر فێری جل لەبەرکردن و خواردنەوەی شەراب و کەیف و سەفاو شت گەلێکی لەو چەشنەی دەکات. خەڵکی لە ناو شار لە ئەنکیدۆ کۆبونەوە و ستایشیان کرد. ئینجا پاش ئەو گۆڕانە، شامهات غیرەی “ئەنکیدۆ” دەبزووێنێت و باسی ئەوەی بۆ دەکات کە چۆن گیلگامێش یەکەمین شەوی پەردەی ھەموو کچانی مەملەکەت بۆ ئەوە، بەمەش “ئەنکیدۆ” توڕە دەبێت و مەیدان لە گیلگامش دەگرێت، بۆ زۆرانگرتن و ململانێ. شەڕێکی گەورە لە نێوان هەردووکیان دا بەرپا بوو. ئەوان وەکو گای کێوی، لە شەقامەکانی شار و مەیدانی شار دا لێکیان دەدا. بەڵام لە گەرمەی شەڕ و لێکدان دا، گیلگامێش هێور بووەوە و دەستی لە شەڕ هەڵگرت، ئەنکیدۆ و گیلگامێش یەکیان لە باوەش گرت و بوونە دۆست.
دوای ماوەیەک ئەنکیدۆ لە ژیانی شار بێزار دەبێت و تووشی خەمۆکی و دڵ پەشێویی دەبێت، گیلگامێش هەوڵی لەگەڵ دەدات و هانی ژیانی شار دەدات، بۆ چارەی خەمۆکییەکەی گیلگامێش پێشنیاری کرد ڕێگای دارستانی سورە چنارەکان بگرن و شەڕ لە دژی (هومبابا)ی دێوەزمە بکەن (هومبابا ڕێبەری ئەنکیدۆ). ئەنکیدۆ هومبابای دەناسی و ڕوونیکردەوە کە تا ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە بەسەر ئەو دا سەربکەوێت. گیلگامێش لەگەڵ ئەنکیدۆ چوونە لای گەورە و ڕیش سپیانی شار، تا پرسیاریان لێبکەن، ڕاوێژیان پێبکەن و ئامۆژگاریان لێوەربگرن. ڕیش سپیان بڕیاردەرانە هەوڵیان دا تا ئەوان لە جەربەزەیەکی لەو جۆرە پەشیمان بکەنەوە. ئەوان بە گیلگامێش-یان وت: ئەو هێشتا گەنجە و ئەزمونی نییە و هەست و سۆز بە ئاسانی جڵەوی دەگرێت.
چ مرۆڤێک بۆی نەکراوە بەسەر ئەو دێوەزمەیە دا سەر بکەوێت. هەروەک ڕیش سپییەکان ڕوونیان کردەوە، گیلگامێش گوێی لە ڕیش سپییەکان نەگرت، بەڵکو بە ئامۆژگارییەکانیان پێکەنی.
تابلۆی سێیەم/ ئەو جەربەزەییەی کەوا لە پێشیان دا بوو، گیلگامێش بۆ نینسونی دایکی خۆی گێڕایەوە. ئەو تووشی نیگەرانی بوو، دوای بەجێهێنانی هەندێ ڕێوڕەسم، داوای لە خودای (هەتاو – شاماش) کرد کە ئەوان لە ڕێگا بپارێزێت. هەروەها شاماش ڕێ بدات تا بای زۆر بەهێز بەرەوڕووی دێوەزمەکە هەڵبکات، تا ئەوان هەردووکیان بتوانن بەسەری دا زاڵ بن.
نینسون، ئێنکیدوی بۆ لای خۆی بانگ کرد و بۆی ڕوونکرەوە کە ئەو هەر لە ئێستاوە ئەوی وەکو کوڕی خۆی داناوە و ئاواش لێیدەڕوانێت.
ناپاکی ئێنکیدۆ و کوشتنی هومبابا
تابلۆی چوارەم/ گیلگامێش و ئێنکیدۆ، دەستیان بە گەشتە درێژەکەیان بۆ دارستانی سورە چنارەکان کرد. ئەوان لە ڕێگا ڕاوەستان و لەسەر لوتکەی شاخێک ڕێوڕەسمێکیان بەجێهێنا. ئێنکیدۆ کەپرە خەونێکی دروست کرد و لە دەروازەکەیشی دا دانیشت تا پارێزگاری لێ بکات.
گیلگامێش لە ناوی دا دانیش، بەڵام بە بەدەن دانانێکی تایبەت، تا بتوانێ خەونێکی پێشگۆبین ئامادە بکات. ئەو خەونی بە چیاکەوە بینی کە داتەپیە خوارەوە، بۆ ناو دەشتی قەدپاڵ. ئێنکیدۆ خەونەکەی بۆ هاوڕێی خۆی لێکدایەوە. چیاکە هومبابا بوو، خەونەکەش دەریخست کە ئەوان بەسەر دێوەزمەکە دا سەردەکەون. ئەوان بەردەوام بوون لەسەر ڕۆیشتن، ڕێوڕەسمەکەیان لەسەر چیایەکی دیکەش دووپات کردەوە. گیلگامێش ئەمجارەشیان خەوەمۆتەکەی بینی. ئەو خەونی بە چیاکەوە بینی، کە ئەوی هەڵدایە ئەو ناوە. تەنێکی ڕۆشنی جوان و ئەفسوناوی لەوێ دا پەیدا بوو، کە یارمەتی ئەوی دا تا بە سەرپێ بکەوێتەوە. ئەنکیدۆ ئەمجارەش خەونەکەی بە باشە لێکدایەوە. ئەو گوتی: ئەوە شاماشی خودای هەتاو بوو، کە لە خەونەکەدا یارمەتی گیلگامێشی دا.
لە ڕێگای گەشتەکەیانەوە ئەوان سێ جاری دیکە ڕێوڕەسمی خەون بینینەکەیان دووپات کردەوە. هەر جارەی گیلگامێش خەونێکی ترسناکی دەبینی، بەڵام ئێنکیدۆ هەموو خەونەکانی بە نوقڵانەی باش لێکدەدایەوە و پێشگۆیی ئەوەی دەکرد کە ئەوان دەتوانن بە سەر هومبابا دا سەربکەون، گیلگامێش لە شاماش پاڕایەوە و لە پڕ دەنگێک لە ئاسمانەوە بیسترا.
شاماش بۆ گیلگامێش دوا و ئامۆژگاری بەو دا کە چیبکەن، تا بەسەر دێوەزمەکە سەربکەون. کاتێ کە ئەوان لە دارستانی سورە چنارەکان نزیکبونەوە، قۆڵەکانی ئێنکیدۆ سڕبوون و ئەو ترسا. گیلگامێش هەوڵی دا جارێکی دی ئازایەتی وەبەر هاوڕێکەی بدات. ئەو دەستی ئێنکیدۆی گرت و هەردووکیان بەیەکەوە بەرەو ڕووی شاخە پیرۆزەکە ملی ڕێیان گرت.
تابلۆی پێنجەم/ کە گەیشتنە پێش، لە لای چیاکە، هەردووکیان وەستان و بە دیتنی ئەو دارسورە چنارە زەبەلاحانە، واقیان وڕما و سەریان سوڕما. ئەوان، تا دەهات پتر ترسیان لێدەنیشت، بەڵام لە ڕۆیشتنیش هەر بەردەوام بوون.
هومبابا لە پڕ لێیان پەیدا بوو، و شەڕێکی سەخت لە نێوانیان دا بەرپا بوو. هەر لە گەرمەی شەڕ لە چەند چرکەساتێک دا، دەستیان لێک بەردابوو. هومبابا قسەی پێگوتن. ئەو بە سوکایەتی پێکردنەوە، پێیانی گوت: گێل و شێت. ئەو بەڵێنی بە خۆی دا کە هەردووکیان هەڵبلوشێ و بیانخوات. ئەمجارەیان گیلگامێش ترسی لێنیش و ئێنکیدۆ کەوتە هاندانی دۆستەکەی تا لەو چرکە ساتە چارەنوس سازە دا نەسڵەمێتەوە.
ئەوان پەلاماری (هومبابا)یان دا و لە گەرمەی شەڕیان دا، شاماش بە دەنگیانەوە هات. (ئەدەد) خوای باهۆز، ئەو سێزدە بای تۆقێنەری بەرەو ڕووی هومبابا بەڕێکخست.. گیلگامێش و ئێنکیدۆ توانیان هومبابا بگرن، کە هێز و وزەی لە دەست دا بوو. ئەو پاڕایەوە تا بیبەخشن، گیلگامێش خەریک بوو پەشیمان بێتەوە، بەڵام ئێنکیدۆ ناچاری کرد تا هومبابا بکوژێت.
پاشان گیلگامێش سورەچناری زۆر گەورەی بڕینەوە و دەروازەیەکی زۆر زەبەلاحی لێدروست کردن. ئەوان دەروازە لە دار چنارەکەیان خستە سەر کەڵەکێک و چارۆکەیان لێهەڵدا و بە ناو ئاوی ڕووبار دا، ڕێیان گرتەبەر.
ئەنکیدۆ کاراکتەری ڕەمزی و هێمایی ناو میتۆسە (داستان) لە هەمانکات دا یەکەمین ناپاکی ناو مێژووی کوردە بەگوێرەی دەقی نوسراو، هەرکات باس لە ئێنکیدۆ دەکرێ ناپاکی دێتە بیری ئێمە هەرکاتێکیش باس لە ناپاکی بکرێت ئێنکیدۆ دەبێتە بنگە. ئێنکیدۆ دەبێت بە هێڵێک-خەتێکی ناپاکی کە لە سۆمەرەوە درێژ دەبێتەوە تا بە ئەمڕۆمان دەگات! ئەنکیدۆیەک کە کوڕی خاک و هاوڕێی مرۆڤ و گیاندارەکانە پشت لە باشترین سەرکردەی (هومبابا) دەکات، نەخشەی زێدەکەی دەدات بە ڕەقیبەکەی(گیلگامێش) سەوزایی دارستانەکان و بەرزی و هەیبەتی شاخەکان، ژیانی سروشتی ناو ئاژەڵان جێدەهێڵێت و دەبێتە نۆکەری گیلگامێش.
شەڕی گیلگامێش و ئیشتار
تابلۆی شەشەم: گیلگامێش لە کۆشکەکەی خۆی لە ماڵەوە، گەرماوێکی باشی کرد. جلوبەرگی خۆی گۆڕی و جلی پاکی کردە بەری. پرچی بەسەر شانی دا بەردایەوە. ئەو تاجی پاشایەتی لەسەر ناو ڕووی کردە شەقامەکانی ئوروک. ئا ئەو کاتە بوو کە (ئیشتار – عەشتار- شاژنە خوداوەندنی خۆشەویستی)، پەی بە جوانی گیلگامێش برد و داوای هاتنە خوازبێنی لێکرد. گیلگامێش چونە خوازبێنی ژنە خواندی ڕەتکردەوە. ئەمەشی بەلێکدانەوەیەکی دوور و درێژ کرد.
خۆشەویستییە سەرکێش و پڕ لە جەربەزەییەکانی ژنە خواوەند، لەگەڵ پیاوانی سەر زەوی، ناسراو بوون و سەرەنجامی هەمووشیان بەدبەختی بوون بۆ پیاوەکان. گیلگامێش سەوداگەری و هەوەسبازیەکانی پێشوتری ئیشتاری، هەموو ژماردن و بە بیری ئیشتاری هێنایەوە، کە هەموو جار، دوای ئەوەی کە ئەو لە خۆشەویستیان تێر و بێزار دەبوو، چارەنوسی ئەو پیاوانەی توشی چ بەدبەختیەک دەکرد و چی بە سەریان دەهێنا. عەشتار ڕق و توڕەیی گرتی و سەرکەوت بۆ ئاسمان و بەرز بوەوە. ئەو تکای لە باوکی کرد، (ئانوی خودای ئاسمان) کرد، تا کەڵەگای ئاسمانی پێبدات، بۆ ئەوەی گیلگامێشی پێ بکوژێت. ئانوی خودای ئاسمان پەسەندی نەکرد و بۆ ئیشتاری ڕوونکردەوە کە گیلگامێش تەنیا ڕاستییەکانی بەو گوتوە. بەڵام ئیشتاری خودای خۆشەویستی، نەک هەر ملکەچ نەبوو، بەڵکو کەوتە هەڕەشە کردن، بە کردنەوەی دەرگاکانی جیهانی ژێرەوە و ڕێگادان بە مردوان، (ئانوناکی خوای جیهانی ژێرەوە و بڕیاردەری چارەنوسی مردوان)، تا سەربکەونە سەر زەوی و هەموو زیندوەکان بخۆن.
ئانو گای ئاسمانی پێدا، دوای ئەوەی بەڵێنی لێوەرگرت کە هیچ مرۆڤێکی دیکە زیانی پێنەگات و نەپێکرێت. ئیشتار چڵەوی کەڵەگاکەی وەرگرت و بۆ ئوروک دایگرتە خوارێ. گای ئاسمان پەلاماری شاری داو سەدان کەس کەوتنە ناو ئەو درزانەی زەوییەوە، کە بە پڕمەی گای ئاسمان دروست ببوون. گیلگامێش و ئنکیدۆ توانییان بە سەر کەڵەگا دا سەربکەون، بەوەی هەر یەکە و لە لایەکەوە پەلاماریان دا. ئێنکیدۆ یەکێ لە ئەسکوردەکانی (پیل، شان)ی گای ئاسمانی لێکردەوە و لە ئیشتاری گرت.
گیلگامش و ئێنکیدۆ بە ناو شەقام و ڕێڕەوەکانی شار دا سوڕانەوە و خەڵکیش دەورەیان لێدان. گیلگامێش لە کۆشکەکەی دا، لە ژنە گەنجەکانی پرسی کە کێ لە ووڵات، لە هەمووان جوانترە؟ کچەکان بە دەنگی بەرز وەڵامیان دایەوە کە گیلگامێش جوانترین کەسە لە ناو پیاوە گەنجەکان و ئنکیدۆش لە هەمووان پتر جێگای شانازییانە. هەردوو پیاوە لە خۆبایی بووەکە، ئاهەنگیان لە ناو کۆشک گێڕا. شەوێ ئێنکیدۆ خەونێکی زۆر بە ترس و سامی بینی و دواتر بۆ دۆستەکەی خۆی گێڕایەوە.
مردنی ئێنکیدۆ
تابلۆی حەوتەم/ ئێنکیدۆ لە خەونەکەی دا بینی خوداکان کۆڕ و کۆبونەوەیان لەسەر ئەو و گیلگامێش پێکهێناوە. گفتوگۆی خوداکان لەسەر ئەمە بوو، چونکە ئەوان هومبابا و کەڵەگای ئاسمانیان کوشتوە، لەبەرئەوە دەبێت یەکێک لەوان بمرێت… خوداکان لێیان بوو بە هەڵڵا و دەمەقاڵە، لەسەرئەوەی کامیان سزا بدرێن و کام لە خوداکان پتر یارمەتی ئەوانی داوە لەو کار هەڵەشانەیان دا. شاماش لای وابوو کە ئێنکیدۆ بێتاوانە.. بەڵام خوداکان بڕیاریان دا کە ئێنکیدۆ دەبێت بمرێت.
ئێنکیدۆ نەخۆشکەوت و لەناو جێکەوت. ئەو کەوتە نەفرەتکردن لە ڕاوچییەکە. کە ئەو بۆ یەکەمیان جار دۆزییەوەو، شامهاتی کچە شادیبەخشیش، کە ئەوی بۆ مرۆڤ هەڵگێڕایەوە و پێشکەوت بۆ ناو ئوروک. ئەو کاتە شاماشی خودای هەتاو، دەستی خستە ناو کێشەکە و بۆ ئێنکیدۆی ڕوونکردەوە کە کچە شادیبەخش ڕەفتاری لەگەڵ ئەو زۆر باش بووە و ئەو لە گیلگامێش دا، توشی دۆستێکی ڕاستەقینە بوو. ئێنکیدۆ گوێی لە گوتەکانی شاماش گرت و هێور بووەوە. ئەمجارە نزا و فەڕ و پیرۆزی خۆی، ئاڕاستەی شامهات کرد.
ئێنکیدۆ خەونێکی تۆقێنەری دی بۆ گیلگامێشی گێڕایەوە، ئەو لە لایەن بونەوەرێکی ئەفسوناوی لێیدرا و پەلامار درا. بونەوەرەکە دەستەکانی لە چنگی شێر دەچوون و نینۆکەکانیشی لە چڕنوکی هەڵۆ دەچوون.
ئەو بونەوەرە، ئەوی بردە خوارەوە بۆ جیهانی ژێرەوە. ئێنکیدۆ هاواری بۆ گیلگامێش برد، بەڵام ئەو نەیتوانی یارمەتی بدات. دوای ئەو خەونە، باری ئێنکیدۆ خراپتر بوو.
گیلگامێش ڕێوڕەسمێکی زۆر گەورەی بە خاکسپاردنی بۆ ڕێکدەخات و بۆ ئێنکیدۆ خەمبار و پرسەدار دەبێت، بەوەی کە پێستی شێر لەبەر خۆی دەکات و ڕوو لە دەشت و دەر دەکات و سەرگەردان دەبێت.
تابلۆی هەشتەم/گیلگامێش دەستی کرد بە پیا هەڵگوتن و لاواندنەوەیەکی درێژی دۆستە مردووەکەی. ئەو بەڵێنی دا کە هەموو وڵات دەبێ بۆ ئێنکیدۆ بگرین و پرسەدار بن. کاتێک کە دڵی ئێنکیدۆ لە لێدان کەوت و وەستا، ئیدی گیلگامێش لە خەم و پەژارە دا ئاگای لە خۆی نەما و بە دەنگێکی بەرز دەیناڵاند. گیلگامێش داوای کرد پەیکەرێکی یەکجار گەورە، بۆ دۆستەکەی دروست بکرێت. گیلگامێش ڕێوڕەسمێکی زۆر گەورەی بە خاکسپاردنی بۆ ڕێکخست.
جیۆگرافیاکەی ئێنکیدۆ
سەرەتا دەبێت جیۆگرافیای کارەکتەرەکە دیاری بکەین، بگەڕێینەوە بۆ جیۆگرافیایی میزۆپۆتامیا. لاوژەی گیلگامێش دەریدەخات شارستانییەتەکە کەتۆتە تەنیشت دوو ڕووبارەکە، ئەم شارستانییەتە بەشی خۆرهەڵات و بەشی خۆرئاوای هەیە. گیلگامێش سەر بە گەلانی خۆرئاوای مێسۆپۆتامیایە، واتە دەوڵەتە شارەکانی سۆمەر. ئێنکیدۆ بەپێی داستانەکە خەڵکی بەشی خۆرهەڵاتی میزۆپۆتامیایە،،واتە زاگرۆس نشینە، کوردستان، بە تایبەتیش باشوری کوردستان بە زاراوەی ئەمڕۆ.
جیۆگرافیاکە شاخاوییە. لە سەرچاوەکانی میزۆپۆتامیای کۆن دا بە زۆری بە سەرزەمینی دوژمنکار و بێگانە وەسف کراوە، کە پڕ بووە لە تیرە و نەتەوەیی کێویی و جەنگاوەری چەمووش و لە زۆربەی کات دا یاخی و ناحەز بە سیستمی سیاسی و فەرهەنگی مێسۆپۆتامیا. بە کورتی لە دیدی میزۆپۆتامیاییەکانەوە جیهانی پێچەوانەی میزۆپۆتامیا بووە، جیهانێک کە مایەیی شڵۆقی و هەڕەشە بووە بۆ جیهانەکەیان، بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ میزۆپۆتامیا سەرچاوەیەکی سەرەکی کەرەستەی خاوی لە هەموو جۆرێک و بەندە و تەنانەت هەندێک جار (کرێگرتە و نۆکەر)یش بوو.
بەپێی لاوژەکە ئێنکیدۆی نۆکەر لە ناو شاخەکان و لەگەڵ گیاندارە نامۆکان دا دەژیت. بەهێز و پتەوە، خواردنی گژوگیا دەخوات، ئاماژە بە گژوگیا کراوە، نەک ڕاوکردن و، دواتر داستانەکە زیاتر جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەم نۆکەرەی ناو سروشتی شاخەکان، دۆستی گیاندارەکانە و دژە ڕاوە و وێنەی گیاخۆرێکی بۆ دروستکراوە.
شرۆڤە
سەرەتا دەبێت باس لە سیما و تایبەتمەندی هەر دوو لا بکەین: یەکەم. ئێنکیدۆ وەکو کارەکتەری خەڵکی شاخەکان، زاگرۆس نشین. دووەم لایەنی سیستم، واتە دەوڵەتە شارەکانی سۆمەری. ئێنکیدۆ کارەکتەرێکی سروست دۆستە، ژینگە دۆستە. سیستم ڕاوچییە و سروشتی ناوچەکە تێکدەدەن. گێڕەرەوەی دەقەکە زیاتر لە سەر سیما و هێز و وزەی کەسایەتییەکە دەوەستێت: “من ناوێرم لێی نزیک ببمەوە، ئەو چاڵ و دار و تەڵانەی پڕکردنەوە، کە من هەڵمکەندبوون. تەڵەکانی منی تێکشکاند. ئەو گیانەوەرانەشی بەرەڵاکردن من گرتبووم”.
زاگرۆس نشینەکان بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵن، کشتوکاڵ و ئاو (باران) دوانەیەکی ئاوێتەن، هێزی باران هێزی ژیان و ژیانەوە و ئاوەدانییە. دۆزەرەوەی کشتوکاڵ ژن بوو، واتە دایک. دایک کائینێکی نەرم و میهرەبان و بنیاتنەرانەیە، هێزی ئارامی و پێکەوەژیان و پارێزەری ژیان و سروشتە.
بەڵام بەپێی گێڕەرەوی دەقەکە لایەنی سیستەم ڕاوچییە. ڕواچی واتە تێکدەری سروشت، بکوژ، خوێنڕێژ، داگیرکار، ترسێنەر و تۆقێنەر، دژە سروشت و وێرانکەر لە پێناوی ورگی دا. ڕاوچی واتە پیاو. ڕاوچییەکان سروشتی ناوچەکە تێکدەدەن. بەڵام ئێنکیدۆ وەکو پاسەوانێکی سروشت بە سەر زەمینەکەی خۆیدا دەگەڕێت هەموو ئەو چاڵ و تەڵانەی ڕاوچی دایناون وێرانیان دەکات. گیاندارەکان ئازاد دەکات. ئەمە دوو وێنەی دژ بەیەکە، وێنەی وێرانکەری سروشت و ژیان. وێنەی بەرگریکارێکی سروشت و ژینگە دۆست. دواتر سیستم دەیەوێت لە ڕێگەی ژنەوە ئنکیدۆ بکاتە شارستانی. سیستەم خاوەنی دەوڵەتە شارە، کلتورێکی ڕەق و دژە سروشتە، هەموو وێرانکارییەک دەکات تاکو گەشە بە خۆی بدات، سەرزەمینی خۆی و دەرەوەی خۆی، بە کەرەستەیەک و کێڵگەیەک دەبینێت لە پێناو ویست و ئامانجەکانی خۆی دا. بەڵام لەبەرامبەر دا زاگرۆسییەکان گوندنشینن، کلتوری گوند و زاگرۆس کولتورێکی دێرینترە، توند گرێدراوە بە سروشتەوە، خۆی بە بەشێک لە سروشت دەزانێت و مرۆڤ لە ناو ئەم کولتورە دا ئاغا و سەر دەستەی گیاندارەکان و ڕووەکەکان نییە، وێرانکەر و داگیرکار نییە، بەڵکو بنیاتنەر و ژینگە دۆستە، بوویەکە لە ناو هەبووەکان دا، ڕێز هەموو هەبووەکان دەگرێت، بەرگی لە مانەوەی کۆی بووەکانی دەوری دەکات. ئێنکیدۆ لەم وێنانەی دا هەڵگری ئەو کولتورە دێرینەیە، لەبەرئەوە ڕاوچی سەر بە کولتوری شارستانییەت، بە سەرنجەوە باسی کارەکانی دەکات و ئەو کارانەی بە مەترسی دەزانێت بۆ شارستانییەت، چونکە ناهێڵێت دەستی ئەویتری شارستانییەت بێتە ناو سروشتەوە و وێرانی بکات.
دوای شرۆڤەکردنی سیما و تایبەتمەندی جوان و بەهێزی زاگرۆسنشینەکان. دەمانەوێت باس لە خاڵی لاوازی ئێنکیدۆ بکەین کە هۆکاری ناپاکییەکەی بوو.
لێرەدا دەبێت ئەو پاڵنەرە یان هۆکارە بدۆزینەوە کە دەبێتە هۆی ناپاکی ئێنیکدۆ و دەیکاتە کاراکتەرێکی نۆکەر. لە داستانەکەدا هاتوە “ئەنکیدۆ لە ئاقار و دەشت و چیا، لەگەڵ گیانەوەرانی کێوی گەورە ببوو. ئەو بێئاگا بوو لەوەی کە مرۆڤە و خۆی وەکو گیانەوەران پێناسە دەکرد. ئەنکیدۆ تەڵەی ڕاوچییەکانی پووچەڵ دەکردەوە بۆ پاراستن و ئازادکردنی ئاژەڵەکان. یەکێک لە ڕاوچییەکان ئەم ھەواڵەی بە باوکی ووت و باوکیش ئامۆژگاری کرد بچێت بۆ شاری ئوروک و هەواڵەکە بدات بە گیلگامێش. گیلگامێش بە ڕاوچی وت: بڕۆ (شامهات)ی کچە شادیبەخش، کەنیزەکی پەرستگەی ئیشتار لەگەڵ خۆت ببە. تا بیخاتە کەمەندی جوانی ژنانەی خۆیەوە. کاتێ کە گیانەوەرە کێوییەکان دێنە سەر چەم تا ئاو بخۆنەوە، با شامهات جلەکانی دابکەنێت و حەز و ئارەزوەکانی دەربخات. ئێنکیدۆ کچەکە دەبینێت، لێی نزیک دەبێتەوە، ئەوسا ئەو گیانەوەرە کێویانەی کە ئەو لەگەڵیان گەورە بووە، ئیدی دەتۆرێن و وازی لێدێنن”.
لێرەدا دەردەکەوێت سیستەم درز و خاڵە لاوزەکانی کارەکتەرە سروشت دۆست و یاخییەکەی دۆزیوەتەوە، دەزانێت ئارەزوەکانی – غەریزە-کانی خاڵە لاوازەکەیەتی. پێیناکرێت لە ڕێگەی هێز و زۆرانبازی پاڵەوانانەوە ڕامی بکات، پێویستە خاڵی لاوازی بدۆزێتەوە تا بچێتە ناو کەسایەتییەکەیەوە. سیستەمی دەوڵەتە شار، لەم چەند ڕستەیە دا هێزی ژیری خۆی پیشان دەدات، کاتێک پاڵەوان، یان کارەکتەرێکی بەهێزی دەرەوەی خۆی دەکاتە ئامانج، ناچێت بەهەمان کەرەستەی ئەو ڕووبەڕووی ببێتەوە، بەڵکو کەسایەتییەکەی دەخاتە بەر هەڵسەنگاندنەوە و ئەو دیوە بەهێزەی لە کارەکتەرەکە دا هەیە، فەرامۆشی دەکات، نایەوێت بە خاڵی بەهێزی ڕووبەڕووی ببێتەوە، بۆ خاڵی لاوازی دەگەڕێت. ئەنکیدۆی بەهێزی شاخنشین، کە بە کێوی ناودەبرێت، تەنها بە داگیرکردنی ئارەزووەکانی دەتوانی کەسایەتییەکەی داگیربکرێت و بگۆڕدرێت. (شامهات)کچە جوانەکە، کە ئاماژەیە بۆ کەسایەتییەکی سۆزانی ناو سیستەم و سیستەم جوانییەکەی و غەریزەکانی بەکاردەهێنێت بۆ داگیرکردنی ئێنکیدۆ، سۆزانی دەکاتە کەرەستەیەک بۆ سەرنجڕاکێشانی کارەکتەرەکە.
ئەنکیدۆ چونکە دوورە لە شارەوە، دوورە لە ئارەزووە سرنجڕاکێشەکانەوە و هەمیشە لەگەڵ گیاندارە یاخییەکان دا دەژی، بە بینینی لەشولاری کارەکتەرە سۆزانییەکەی ناو سیستەم، غەریزە و ئارەزووەکانی دەکەونە جوڵە و بەرەو ڕووی هەنگاو دەنێت. ئەو پەیوەندییە سروشتییەی کە پێشتر هەیبوو، بە دەر بوو لە غەریزە. پەیوەندییەکەی لەگەڵ سروشت ئارەزوو دروستی نەکردبوو، پەیوەندییەکە گەورەتر بوو لە چێژ و ئارەزووکان. بوویەک بوو ئاوێتەی هەبووەکان بوو. سیستەم دەزانێت بۆ تێکشکانی ئەم پەیوەندییە غەریزە پێویستە، پێویستە هێزێکی فریودەر بخاتە نێوانیانەوە، ئەو هێزە فریودەرەش تەنها ئارەزووە، لێکترازانەکەیان بەشێکی هێز و تواناکەیان دەکوژێت، ئەوان کاتێک پێکەوەن و لە ناو پەیوەندییەکی سروشتیدان، بێگومان سیستەم ناتوانێت تەنها بە چێژ و ئارەزوو بیانخاتە ناو چوارچێوەکەی خۆیەوە، سەرەتای دەستپێکردنی پرسی لێکترازان و پاش لێکترازان چوونی سیستەمە بۆ ناو بەشە جیاجیاکان. ئەنکیدۆش وەکو بەشێک لەو سروشتە ئاساییەی دەرەوەی سیستەم، لەو تێناگات کاتێک لە دۆخی پێکەوەبوون و سروشتە خۆبوونەکەی دەترازێت، فریوی ئارەزووەکانی دەخوات و بەرەو ڕوویان دەچێت، ئیدی لە کولتوری خۆی چووەتە دەرەوە بۆ ناو کولتورێکی دیکە. بە دیوێکی دیکە دا، کارەکتەری یاخی لە دیدی سیستەمەوە، کارەکتەرێکە دوورە لە چێژە تایبەتەکان، دوورە لە مانەوە لە ناو ئارەزووە غەریزەییەکان و پەیوەندییەکان و پەیوەندی نێوان پیاو و ژن لە ناو کێوەکان دا، پەیوەندییەکی غەریزەیی نییە، پەیوەندییەکە لە دەرەوەی غەریزە خۆی دەردەخات.
هێزی ئەنکیدۆ تەنها لە ماسولکە و توانا جەستەییەکانی خۆیدا نییە، بەڵکو لەو پەیوەندییە گشتییەدایە لەگەڵ کۆی گیاندارە سروشتییەکانی سەرزەمینەکەی دا هەیەتی. هەر لەبەر ئەمە سیستەم ئەنکیدۆ بە کێوی ناو دەبات و هومباباش بە دێو. ئاوێتەبوونیان بە سروشت و گیاندارەن ئەم سیمایەیی بۆ دروستکردون. (تێبینی: وشەی دێو، واتە کەسایەتییەکی گەورەی تووکن، کە جەستەی تووکی زۆری پێوەیە و بەهێز و قەبارە گەورەیە). کاتێک پەیوەندییەکانی لێکدەترازێن و تەنیا دەمێننەوە، بەشێک لە هێزەکەی لە دەست دەدات و دەیخاتە ناو ڕووبەری ئەویتری داگیرکەرەوە. لە ڕستەی ئەنکیدۆ کچەکە دەبینێت، لێی نزیک دەبێتەوە، ئەوسا ئەو گیانەوەرە کێویانەی کە ئەو لەگەڵیان گەورە بووە، ئیدی دەتۆرێن و وازی لێدەهێنن. واتە سەرەتا پەیوەندییەکانی هەڵدەوەشێننەوە، دەیخەنە گۆشەیەکی تەریک و تەنیاوە، پاشان جوانی چێژی پیشان دەدەن و بانگی دەکەن بەرەو ئەو شوێنەی دەیانەوێت و پاشان بەکاریدەهێنن لە پێناو ئەو ئامانجەدا کە هەیانە.
دوای دۆزینەوەی درز و خاڵی لاوازی ئەنکیدۆ، سیستەمی دەوڵەتە شار لە ڕێگەی درزەکەوە کارەکتەرەکەی ترازاند و بانگی کرد بۆ سەر خوانەکەی خۆی. پاشان بە پێی گێڕەرەوەی دەقەکە: شەش ڕۆژ و حەوت شەو ئێنکیدۆ لەگەڵ شامهات خەریکی خۆشەویستی و ڕابواردن بوو، دوای ئەوەی لە چێژ وەرگرتن تێر بوو ئاسکەکان و گیانەوەران خۆیان لێ لادا. ئەنکیدۆ پاکیزەیی خۆی لەکەدار کردبوو…بێ هێز بوو، نەیدەتوانی وەکو جاران تەڵەی ڕاوچییەکان تێکبشکێنێت. کچە شادی بەخشەکە بە ئەنکیدۆی وت: “تۆ جوانی، تۆ وەکو خودایەک وایت. وەرە لەگەڵ من بکەوە دەچینە ئورکی بەشورا دەورگیراو…وەرە دەی با بڕۆین…”. ئێنکیدۆ کەوتە ناو تۆڕی بیرکردنەوەی سیستەمەوە، چێژێکی فراوانی بۆ مەیسەر کرا، بە چێژ گەمارۆ درا، درزەکانی ناو کەسایەتییەکەی بە تەواوەتی دەرکەوتن و چێژ خۆی خزاندە ناویەوە. دوای تێربوون دیمەنەکە پیشانی دەدات، دۆستە شاخاوییەکانی لێی دوورکەوتنەوە، پاکیزە بوونی لە دەست داو کەوتە ناو دنیای چێژەکان و پیسییەکانەوە، لەم لە دەستدانەدا، ڕاستەوخۆ شوناسی کەسایەتییەکەدا لە کێویی بوونەوە بۆ شاری بوون دەست بە گۆڕین دەکات. پیسبوون بەپێی دەقەکە، کە مانایەکی ئایینیش لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بریتییە لە هەنگاونان لە کەسایەتی پتەو و نەگیراوەوە بۆ کەسایەتییەکی ناو چێژەکان. ئەوکاتە ئیدی شوناسی پێشووی لە دەست دەدات، دەست لەو پاکبوونەی ڕابردووی هەڵدەگرێت و دێتە ناو دۆخی چێژەوە. هێزەکەی لە دەست دەدات، دەبێتە کەسایەتییەکی ڕامکراو، بە قسەی چێژبەخشەکە، سۆزانییەکە دەچەمێتەوە و لە شاخەکانەوە بەرەو شارەکان دەڕوات. شوناسی دەگۆڕێت، لە کەسایەتییەکی سروشت دۆست و بەهێزەوە دەگۆڕێت بۆ کەسایەتییەکی نۆکەر و لاواز و هەوەسباز.
لە ناو شاری ئوروک فۆرمی ژیانی دەگۆڕێت، فۆرمی ژیانی گوندی و سروشت دۆستی. فێری ژیان و هەڵسوکەوتی نوێی شار دەبێت، فێری جۆری چێژەکان دەبێت. لێرەوە ئاکار و ڕەفتار و شوناسی دەگۆڕێت، دەبێتە یەکێک لەو کارەکتەرانەی سیستەم دەیەوێت. لە شوناسێکی بەهێز و یاخی و سروشت دۆستەوە دەگۆڕێت بۆ شوناسێکی نۆکەربوون. پشت لە بوونەکەی خۆی دەکات، پێشوی خۆی دەگۆڕێت، پشت لە گەل و سەرکردەکەی دەکات. شەیدابوونی بۆ چێژەکان بە جۆرێک بونیاد و کەسایەتی و شوناسی دەگۆڕێت. کاتێک سیستەم ئارەزو و چێژەکانی بۆ فەراهەم کرد، لە یاخییەکی پاڵەوانەوە گۆڕا بۆ تا نزمترین ئاست، گۆڕا بۆ نۆکەر، تەنانەت بەوەشەوە ناوەستێت ناپاکی لە گەل و سەرکردەکەی دەکات.
بەدرێژایی مێژوو کەسایەتی نۆکەر و کرێگرتە، بە پێی ئەوەی شارەزایی خاڵی لاواز و بەهێز و ستایلی ژیان و فۆرمی بەرگری و چەندێتی و چۆنایەتی کەرەستەکانی جەنگی و بەرگری، سیستمی سیاسی و خۆبەڕێوەبەری و لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سایکۆلۆژیایی خەڵک و نەتەوەکەیەتی، پلان و پیلان بۆ هێرش و داگیرکاری و تاڵانکاری ئاغا و گەورەکەی دادانێت، واتە پیلانگێڕی دژی سەرکردە و نەتەوەکەی دەگێڕی بۆ خزمەتی ئاغاکەی. ورە و هێز و وزە بە ئاغاکەی دەدات، نۆکەر پێشڕەوی و ڕابەرایەتی داگیرکاریی و دوژمنایەتییەکە دەکات. ئەرکی دژ بە خۆی، دژ بە گەلەکەی، دژ بە شوناس و ڕەگ و ڕیشە و کولتورەکەی دەگرێتە ئەستۆ. نابێتە بەشێک لەویتر بەڵکو بۆ ڕازیکردنی ئەویتر دەبێتە بچوک و غوڵام و نۆکەری ئەویتر.
لە دەقی لاوژەی گیلگامێش دا هاتوە: “ئەنکیدۆ شارەزای ڕێگاکانی دارستانی سورەچنارەکانە”. کاتێک بووە نۆکەری سیستەمەکە، وەکو شارەزایەکی ڕێگای شاخ و دارستانەکان، پێش سوپاکەی گیلگامێش کەوت بۆ سەر گەلەکەی خۆی، هومبابای سەرکردەی، گەلێکی گەورە و بەهێزی ناو شاخەکان.
ئەنکیدۆ ئەرکی پێشڕەوی کردنە، ئەرکی هێنانی بێگانەیە بۆ سەر گەلەکەی، ئیدی بەشێک نییە لە ڕابردووی خۆی، بەشێک نییە لە نەتەوەکەی خۆی، بەڵکو نۆکەرە، بۆتە ڤایرۆسێکی کوشندە دژی نەتەوەکەی، لە تاقیگەی دوژمن و بێگانە دا کراوە بە ڤایرۆسێکی کوشندە دژی نەتەوەکەی. بەهۆی درزە لاوازەکانی کەسایەتییەوە کە چێژەکانن، بێباکانە بووە بەشێک لە بێگانە، بەشێکی ترسناک و نۆکەر. ئەنکیدۆی نۆکەر شارەزای خاڵی لاواز و درزەکانە لەوێوە بێگانە دەهێنێتە سەر بوون و شوناس و نەتەوە و مێژووی خۆی، تەنها لەبەر ئەوەی لە ناو سیستەم دا شوێنک بۆ چێژەکانی فەراهەم بکرێت، هەموو ئەرکێکی نۆکەری دەخاتە سەر شانی.
شوێنێکی نەزانراو و نەگیراو لە ناو گەلەکەی دا هەیە، چاوی ئەویتری بێگانە و داگیرکار نایبینێت، ناتوانێت بێتە ئەو شوێنەوە، نۆکەر دەبێتە چاو و زمانی ئەویتری بێگانە، پێشڕەوی دەکات و داگیرکار دەهێنتە ئەو شوێنە، بە نیازی گرتنی ئەو شوێنە بۆ ئەوەی کۆی دیوە شاراوە و نەزانراوەکانی گەل بکەونە ژێر دەستەی بێگانە و داگیرکارەوە.
سەرەکیترین تایبەتمەندی گروپەکانی بنەچەی کورد لە مێژوویی چاخی کۆیلەداری، جیاوازی نێوان پێکهاتەی خێڵە خۆڕاگرە لە ناوخۆ داخراوەکان و چینی سەروە کە لە سەر بنەمای بەکرێگیراوێتی پەیوەیدییان لەگەڵ چینە سەر دەستەکانی دڕاوسێکانیان بەستوە کە شارستانییەتی بەهێزتریان ئاواکردوە. ئەمانە ڕۆڵی دابڕانیان دەبینی. هەروەکو چۆن بە گوێرەی تایبەتمەندێتی کۆمەڵگاکانی خۆی بەرەوە قەوارەیەکی سیاسی نەچوون، بە ناوی هێزە دەرەکییەکان لە پێناو کۆنتڕۆڵ و چاودێریکردنی کۆمەڵگای خۆیان، بەشێوەیەکی بێناوەڕۆک نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتە سیاسییە بیانییەکانیان کردوە بە هونەرێکی سیاسی. ئەم شوێنگەیان ڕێگا لەوە دەگرێت لە مێژوو دا ڕۆڵێکی پێشکەوتووخوازی و خولقکار ببینن. ئەوەی ئەرکی پاسەوانی بێت، خولقکار نابێت، بە ناوی هەندێکی ترەوە بەردەوام کاری کۆنتڕۆڵ دەکەن. لەم لایەنەوە چینی بەکرێگیراوێتی باوی کورد چینێکی بەکرێگیراوی هەرە بێ بەرهەم و بێ شەرەف و ناپاکە بەرامبەر بە ڕەچەڵەکی خۆی کە مێژوو ناسیویەتی.
لەو قۆناغەوە کە مێژوو دەستی پێکردوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئەم تایبەتمەندێتییە بەردەوام بەلایەنی خراپدا کاریگەری بووە. زەقترین و سەرنج ڕاکێشترین نمونەی ئەمە (ئەنکیدۆ)یە، کە لە چیا بە شێوەیەکی سەرەتایی دەژیت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شاری سۆمەرییەکان لە ڕێگای ژنەوە دەخەڵەتێنرێت و لەلایەن گیلگامێش بۆ نێچیرکردنی ڕێبەری دارستان (هومبابا)، واتە بۆ نێچیرکردنی سەرۆک خێڵی خۆی بەکاردەهێنرێت. ئەو هۆڤەی کە پێویستە وەکو ڕێبەری خێڵ بناسرێت لە درستان دا ناوی (هومبابا)یە کە دەگیرێت، لە کاتێکدا گیلگامێش دەڵێت: نەیکوژن و بەکاری بێینن، سەرەڕای ئەوەی ئەنکیدۆ دەیناسێت و ڕەنگە خزمیشی بێت، بە مەترسی دەیبینێت، دەڵێت: بیکوژن. لەو ڕۆژەوە بەکرێگیراوان بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، نێچیرکردنی ئەو ڕێبەرانە بە هونەرێک دەزانن کە وڵات وخێڵەکەیان دەپارێزێت. ئەم ناپاکییە لە ئەنکیدۆوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بە بێ لە دەستدانی خێراییەکەی بەردەوام بووە.
بە پێی داستانەکە گیلگامێش پاشایەکی بێ ئەزمون و بەدڕەفتار و زۆردار و هەمیشە بە خۆوە خەریک بوو بووە. خەڵکی ئوروک لە ئاکارەکانی گیلگامێش بێزاربوون. کەس نەیدەتوانی و نەیدەوێرا بەرەنگاری گیلگامێش ببێتەوە.
خەڵک لە خوداکان پاڕانەوە. ئانوی خودای ئاسمان، ئاروروی ژنە خوداوەندی ڕاسپارد، تا ئەنکیدۆ بە بنەڕەت مرۆڤ بئافرێنێت، وەکو هاوتایەک بۆ گیلگامێش. تا ئەوان لەگەڵ یەک ململانێ بکەن و کۆتایی بە زۆرداری و بەدڕەفتاری گیلگامێش بهێنێت.
ئەو هێمای و ڕووخسار و تایبەتمەندی و ناوبانگە ناشیرینەی بۆ کورد دروستکراوە، بەوەی کە نەتەوەیەکی دێو و دزێو دژە خودا و خراپە بڵاوکەرەوەیە، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە، بە پێی لاوژەی گیلگامێش خوداکان ئێنکیدۆ -یان بۆ ئەوە خەلق کردوە وەڵامی زۆرداری و نائارامی و بەدڕەوشتی و نادادپەروەری، بە ئارامی و چاکەویستی و دادپەروەری و یەکسانی بداتەوە. کەچی ئەو لە پێگەیشتنی دا پەیام و ئامانجی خەلق بوونەکەی پێچەوانە دەکاتەوە و دەبێتە ناپاک.
بە درێژایی مێژوو هێمایەکی دژە ئایین و خودا و ئاسمان دراوە بە کورد، هەمیشەش نەیارەکانمان بۆ ڕازیکردنی ئاسمان و خوداوەندەکان سەرقاڵی کوشتن و وێرانکردنی ووڵاتمان بوون. ئەوان یاری خودان و خودا ڕازیکەر بوون، ئێمە دژە خودا و ئاسمان و دوژمنی دین بووین، بۆ ئەوەی خودا ڕازی بێت دەبێت کوشتاری ئێمە بکرێت، لەمەش دا خودا هاوکار و سەرخەری دوژمنەکانمان بووە! ئەم تێزە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی سروشت پەرستی و بەرەبەیانی مێژوو و داستانی گیلگامێش، لە داستانەکەدا هاتووە: “گیلگامێش لە شاماش پاڕایەوە و لە پڕ دەنگێک لە ئاسمانەوە بیسترا.
شاماش بۆ گیلگامێش دوا و ئامۆژگاری بەو دا کە چیبکەن، تا بەسەر دێوەزمەکە سەربکەون. ئەوان پەلاماری (هومبابا)یان دا و لە گەرمەی شەڕیان دا، شاماش بە دەنگیانەوە هات. ئەو سێزدە بای تۆقێنەری بەرەو ڕووی هومبابا بەڕێکخست.. گیلگامێش و ئێنکیدۆ توانیان هومبابا بگرن”.
بە درێژایی مێژوو، کارەکتەری کەسایەتییە ناپاکەکان، زۆر لە دوژمن و نەیار ترسناکتر و بکوژتر بوون، کە ئەمەش هەم هێمای خودنەفرەتی و هەم هێمای دوژمن بە گەورەزانینە، ئەوەتا لە لاوژەکە دا هاتووە کە: “گیلگامێش و ئێنکیدۆ توانیان هومبابا بگرن، کە هێز و وزەی لە دەست دا بوو. ئەو پاڕایەوە تا بیبەخشن، گیلگامێش خەریک بوو پەشیمان بێتەوە، بەڵام ئێنکیدۆ ناچاری کرد تا هومبابا بکوژێت”. ئەمە لە کاتێکدا گیلگامێش لە ڕێگای گەشتەکەیان دا سێ جار خەونی بینیوە و هەر جارەی گیلگامێش خەونێکی ترسناکی دەبینی، ئێنکیدۆ هەموو خەونەکانی بە نوقڵانەی باش لێکدەدایەوە و پێشگۆیی ئەوەی دەکرد کە ئەوان دەتوانن بە سەر هومبابا دا سەربکەون. واتە وزەو و هێزی بە گیلگامێش دا و سەرکردەکەی خۆی بە لاواز و تێکشکاو نیشانداوە. ئەمە لە کاتێکدا هومبابا سوکایەتی پێدەکردن و بە گەمژە و شێت ناویبردون.
ئەنکیدۆی نۆکەر بەپێی مێژوو و جیۆگرافیاکەی دەبێتە یەکەمین ناپاک، دەبێتە بنەمایەک و سەرەتایەک بۆ تایپێک لە کەسایەتی نۆکەری ناو مێژوویی گەلی زاگرۆس نشین و کورد. بەپێی ئەم سەرنجە، پاش ئەوەی نۆکەربوونەکەی چ لە ڕووی ئاکاری و چ لە ڕووی ئەرکەوە جێبەجێ دەکات، دەست لە هەموو بوونە سروشتی و ڕەسەنەکەی خۆی هەڵدەگرێت و دەبێتە نۆکەری سیستەم و دەسەڵات دژی شوناس و گەلەکەی خۆی.
بە پێی داستانەکە گیلگامێش پاشایەکی بێ ئەزمون و بەدڕەفتار و زۆردار و هەمیشە بە خۆوە خەریک بوو بووە. خەڵکی ئوروک لە ئاکارەکانی گیلگامێش بێزاربوون. کەس نەیدەتوانی و نەیدەوێرا بەرەنگاری گیلگامێش ببێتەوە.
خەڵک لە خوداکان پاڕانەوە. ئانوی خودای ئاسمان، ئاروروی ژنە خوداوەندی ڕاسپارد، تا ئەنکیدۆ بە بنەڕەت مرۆڤ بئافرێنێت، وەکو هاوتایەک بۆ گیلگامێش. تا ئەوان لەگەڵ یەک ململانێ بکەن و کۆتایی بە زۆرداری و بەدڕەفتاری گیلگامێش بهێنێت. پاشان ئێنکیدۆ بە بنەچە کورد ناپاکی لە هومبابای ڕێبەری دەکات. ئیدی لەو ڕۆژگارەوە ئێنکیدۆ خودای ناپاکانی کوردە، ڕوحێکی پیسە لە گیانی نۆکەرەکان دا، ناپاکان پەیڕەوی لە خودنەفرەتی دەکەن و وزەی و هێزی نەفرەتی لە ئەنکیدۆەوە وەردەگرن بە جەستەی کورد دا بڵاویدەکەنەوە و ناپاکی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بە بێ لە دەستدانی خێراییەکەی بەردەوامە.
هۆکاری ناپاکی و خاڵی لاوازی کەسایەتی تاکی کورد، ئارەزوەکان و غەریزەکانیەتی. کاتێک ئارەزو و غەریزەکانی گۆڕێندران بۆ بابەتی دەرەوەی جەستە، دەرەوەی ئارەزو و غەریزەکان، یانی گۆڕێندران بۆ خاک و گەل و چەمکی سەرکەوتن و ئاواکردن و دروستکردنی خۆبەڕێوەبەری و دەوڵەتی دیموکرات و دادپەروەر، فەراهەمکردنی ژیانێکی بە ڕوومەت. بۆ ئاواکردنی ماڵ بۆ گەل و بەهای گەورەتر. لەو دامەزراوەیە دا شوێنی ئارەزوو لە دەروونی مرۆڤ و چێژەکانی جەستە دا گۆڕا بۆ چەمکی خاک و نیشتیمان و نەتەوە، ئیدی بە پێی گەورەبوونی ئایدیاکانی لە نۆکەر بوونەوە دەگۆڕێت بۆ کەسایەتییەکی دژە ئەنکیدۆ و تێکۆشەر و بەکەرامەت و هەمیشە لە سەرکەوتن و باڵابوون دا دەبێت.
لیستی ناوی خواوەندەکان و کەسەکان و پەرستگاکان
ئانو: (anu :noo ah) خوای ئاسمان و باوکی هەمو خواکانە.
ئانوناکی: (anunnaki :kee nah noo ah) خوای جیهانی ژێرو، بڕیاردەری چارەنوسی مردوانە.
ئاروروی: (aruru :roo roo ah) دایکی گەورەی خواکان. خوڵقێنەری ئەنکیدویە. یەکێ لە ناوەکانی تری مامیتومە (mammetum).
ئێنکیدۆ- ناوەکە لە داستانەکەدا بە سۆمێری نوسراوە، بەمشێوەیە (ئێن کی دوو En KI Du)، کەسێکی ئاساییە بۆ هاوتایی گلگامێش خوڵقێنراوە.
هومبابا: (bah bah hoom :humbaba) دێوێکە دانراوە بۆ پاراستنی جەنگەڵی دارکاژ.
نینسون: (soon neen :ninsun) خواژنێکی ژیرە. دایکی گلگامێشە. هاوسەری لوگالباندایە. ناوێکی
تری خاتو مانگایە.
نینورتا: (tah oor neen :ninurta) خوای شەڕ و کشتوکاڵە. ئەنکیدو لە شێوەی ئەم دروست کراوە.
نیسابا: (bah sah nee :nisaba) خواژنی گەنم و دانەوێڵە. قژی ئێنکیدۆ وەکو لاسکەکانی ئەم بوە.
شاماش: (mahsh shah :shamash) خوای رۆژ، هەتاو.
ئوروک: (rook oo :uruk)شارێکی سومەری بوە.
ئای گال ما: (egalmah :mah gahl ay)پەرستگای نینسون بوە لە شاری ئوروک.
ئەدەد: خوای باهۆز.
سەرچاوەکان
1. داستانی گیلگامێش، وەرگێڕانی لە سویدییەوە شاسوار هەرشەمی، چ1، چاپخانەی تاران، 2017.
2. نەبەز گۆران، کەسایەتی نۆکەر، چ1، چاپخانە ناوەندی ڕەهەند، سلێمانی، 2023.
3. دیار غەریب، خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان، چ1، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، 2016.
4. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دەوڵەتی راهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانییەتی دیموکراسییانە،و. لوقمان عەبدوڵڵا، ب2، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، 2004.
5. نەوشیروان مستەفا، بە دەم ڕێگاوە گوڵچنین، کتێبی یەکەم، چ1، چاپخانە، بەیروت، لوبنان، 2012.
6. سۆران حەمە ڕەش، مێژووی بزر و نەگێڕاوەی کورد، چ1، چاپخانەی پیرەمێر، سلێمانی، 2022.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە