بەهرۆز جەعفەر: لەبارەی پاڵێوگە نایاساییەکانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە پێی یاسای نەوت و گازی ژمارە 22 ی ساڵی 2007 کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە؛ لە هەموو هەرێمی کوردستان تەنها (3) سێ پاڵێوگەی یاسایی دەبن (دهۆک و کەڵەک و بازیان)، بەڵام ژمارەی ئەمانە تا ساڵی 2017 دەچێتە (307) پالێوگە، واتە (304) پالێوگەی نا-یاسایی و نا-دەستوریی کراوەتەوە. هەموو پاڵێوگەیەکیش بەڕێژەی جیاجیا گازی ژەهراوی دەکەنە بەرگە هەواوە! بەتایبەت ئەوانەیان هایدرۆکاربۆنی قوورس دەسووتێنن، لە حوزەیرانی 2024 پاڵێوگەیەکی نیزیک لە گوێر ئاگری گرت؛ دوای نیزیکەی (24) کاتژمێر ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و پاڵێوگەکەش ناقانونی بوو! ئەوە کێیە دەتوانێ پاڵێوگەی نا-قانونی لەناو هەولێردا بکاتەوە و گڕ بگرێت و دوای 24 کاتژمێر ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێ! یان لە تانجەڕۆی سولەیمانی کارگەیەکی قیر ئاگری گرت تا دوا دڵۆپ و دوا ماددە لە کارگەکەدا نە سووتا ئاگرەکە نەکوژایەوە!
هەموو ئەو پاڵێوگانە هی خەڵکی دەستەڵاتدارن، هەموو ئەوانە ژینگە پیس دەکەن، چوونکە هیچیان لە ئاسمانەوە یان لەڕێگەی ماددەی کیمایی و تیمی تایبەتەوە ڕێگەو میکانیزمی تەواویان بۆ دووکەڵە ڕەشەکە دانەناوە، هیچ یەک لەوانە ناتوانێت لە بەرزی 25 بۆ 40 مەتر وا بکات ئەو دووکەڵە ڕەش و گازە ژەهراوییانە کۆنترۆڵ بکات. جێی باسە نیزیکەی (97٪) ی ئەو پاڵێوگانە لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێرن؛ چوونکە (90٪) ی کێڵگە نەوتییەکان دەکەونە سنوری ئەو دوو پارێزگایەوە.
کەوایە، ئەمەی بەچاو دەبیندرێت : دەبێت ددان بەو ڕاستییەشدا بنرێ کە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانانی دەرمان و خۆراکی بەسەرچووش خەڵکی دەستڕۆیشتوویان لە پشتە! ئنجا بەشێک لەم پاڵێوگانە قورسترین جۆری هایدرۆکاربۆن بەرهەم دەهێنن کە “قیر”ە، مەترسیدارترینە بۆ ژینگە؛ ئەو “قیر”ەش دەفرۆشن بە دەرەوەی وڵات، بۆ نموونە ئەمانە قیر بە هیندستان دەفرۆشن!
ماسییەکان بوون بە حووت؛ پاشان بوون بە “مافیا” ئنجا ڕایەڵەیان لەگەڵ مافیای دیکە درووستکردوەو دەست لەهەموو شتێک وەردەدەن؛ ڕەنگە بە خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی هەرێمیش کۆنترۆڵ نەکرێن! تەنانەت ئەم تۆڕانە (بەدەستی دەرەکی بێت یان بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان) وەها دەکەن کایەی کوردستان لە کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و نیشتیمانپەروەر دابماڵن، لەهەموو شوێنێکدا پیاوێکی نەزان و گەمژەی خۆیان داناوە؛ ئیتر بەمشێوەیە هەموو بوارەکان و پنتەکانیان بۆگەن و ژەهراوی کردوە. ئیتر ئاوایە پێوەری کوڕی چاک و نیشتیمانپەروەریی لای ئەوانە ئەوەیە دەبێت “زمانی خۆت بگریت” تاوەکو ئەوان ئا..ئاوهاو…ئاوهاو…ئاوها بکەن.
پاڵاوتن و پاڵێوگەکان بەشێکن لە سیاسەتی پیشەسازیی و ئاسایشی وزەی هەر وڵاتێک؛ ئەوەی کە لەهەرێمی کوردستان لە هەموو پرۆسەکەدا شکستی خواردوەو، نایەوێ پلاتفۆڕمێک درووست بکات تا بەشێوەیەکی زانستی و نیشتیمانیانە پیاداچوونەوەی گشتی بۆ بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت