تا بەرانی شاخدار هەبێ، من خوریەکەی ببڕمەوە بیفرۆشم.
وەرگێران و ئامادەکردنی/ عوسمان عومەر.
ڕۆژێکیان والـی دیمەشق کە نـاوی ئەسعد پاشا بوو، تەماشای کرد خەزێنەو گەنجینەکانی دیمەشق پارەی تێدا نەماوەو خەریکە ئیفلاس ئەکات. بۆیە خێرا ڕاوێژکاران و بەرپرسان و دەوروبەرو پیاوەکانی بانگهێشت کردو لێی پرسین؛ وەک دەزانین خەریکە گەنجینەو خەزێنەکانمان بەتاڵ دەبنەوەو ئیفلاس دەکەین، بە بۆچوون و ڕێگا چارەی ئێوە چ هەنگاوێک بگرینە بەر؟ هەموو ئەوانەی دەوروبەر تێکڕا ووتیان؛ قوربان باج و زەریبە لە سەر کاسبکارو دوکاندارەکان زیاد بکە.!
والی ووتی؛ باشە بە ڕای ئێوە گریمان باج و زەریبەو ڕسوماتمان لە سەر دوکاندارو کاسبکارەکان دانا. بە ڕای ئێوە چەندێک داهات بۆ دیمەشق کۆ ئەکەینەوە؟
دەوروبەرەکەی ووتیان؛ قوربان 50 بۆ 60 کیسە زێڕ، ئەویش ووتی وەک دەزانن داهات و کارو کاسبی ئەوان سنوردارەو پێم وا نیە بتوانن ئەوەندە پارەو باج بدەن و فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر شانیان، جا گەر نەتوانرا ئەو بڕە پارەیە لە دوکاندارو کاسبکارەکان کۆ بکرێتەوە، چی؟
ووتیان؛ قوربان کەیفی خۆیانە با بچن ئاڵتوون و خشڵ و زێڕو زیوی ژن و کچەکانیان و ماڵ و موڵکەکانیان بفرۆش و بیهێنن بیدەن بە دەوڵەت.
والی ووتی؛ باشە ئەی ئەڵێن؛ چی لە چەندین ڕێگاو سەرچاوەی ترەوە بتوانین داهاتی زۆرتر کۆ بکەینەوە، نەک ئەم ڕێگەیەی ئێوە پێشنیارتان کردووە
دەوروبەرەکە هەموو بێدەنگ بوون و هیچیان نەووت.
بۆ ڕۆژی دواتر ئەسعد پاشای والی بە دزیەوە نامەیەکی نارد بۆ موفتی دیمەشق و گوتی سبەی شەو بە دزی یەوە سەردانێکم بکەو وەرە بۆ ماڵمان، با کەس نەزانێ.!
بۆ شەو موفتی دیمەشق هات بۆ ماڵی والی و پێی ووت؛ قوربان ناردووتە بە شوێنما خێر بوو
والی ووتی من چاک دەزانم ماوەیەکی زۆرە ئەزانم تۆ خەریکی چیت شەوان خەریکی مەشروب خواردنەوەو کاری فاحیشەو زیناو دەست تێکەڵ کردنی لە گەڵ ژناندا بۆیە لەمەولا چیتر نامەوێت بێ دەنگ بم و سبەینێ ڕاپۆرتێک لە بارەی تۆوە دەنێرم بۆ سوڵتان جا وەک دەزانی سزاکەیشت لە سێدارەدان و دەستگرتنە بە سەر ماڵ و موڵکتا موفتی تەواو حەپاساو کەوتە پاڕانەوەو دەست ماچکردنی والی ووتی من هەڵەم کردوەو تاوانبارم تکات لێ ئەکەم ڕاپۆرت مەنێرەو وەعد بێت، واز لەو کارانە بهێنم، حەیاو ئابڕووم مەبە، چی دەڵێی بۆت دەکەم و هەزار سکەی زێڕت دەدەمێ بەس شکاتم لێ مەکە.
والی ووتی؛ هەزار سکە کەمە، موفتی ووتی؛ دوو هەزار تا 6 هەزار سکە ڕێکەوتن کە پارە بداتە والی و ڕۆیشت. بۆ بەیانی بە دزی یەوە 6 هەزار سکەی زێڕیی نارد. ئەمجا والی نامەی نارد بۆ قازی دیمەشق و ووتی؛ سبەی شەو بە دزیەوە سەردانم دەکەی، کەس نەزانێ. بۆ سبەی شەو قازی هات بۆ لای والی و گوتی: ئیش و کارت پێمە.
والی ووتی ماوەیەکی زۆرە ئاگادارم تۆ خەریکی بەرتیل و ڕەشوەو سەرانەو شیرینی وەرگرتنی لەملاو لەولا، بەڵام من هەر گوتم؛ بەڵکو وازی لێ بێنی، بەڵام دیارە تۆ بەردەوامی، بەڵام من چیتر ناتوانم بێ دەنگ بم و سبەینێ ڕاپۆرتێک بە دوورو درێژی دەربارەی هەموو کارە نایاساییانەی تۆ ئەنێرم بۆ سوڵتان، جا بۆیە بە خۆتم ووت؛ تا دواتر نەڵێی من ئاگادار نەکراومەتەوە، خۆشت دەزانی بە گەیشتنی ڕاپۆرت و سکاڵاکەم بە دەستی سوڵتان، یەکسەر فەرمانی لە سێدارەدان و دەستگرتن بە سەر پارەو ماڵ و موڵک و سامانەکانتا دەگيرێت.
قازی بە بیستنی ئەم قسانە، گیانی هاتە لەرزین و کەوتە پاڕانەوەو کڕووزانەوەو پێڵاوماچ کردنی. والی و ووتی؛ من کردبێتم تۆ نەتکردبێ ئەمجارە لێم خۆش بە.! وەعد بێت لە ژیانمدا جارێکی تر ڕەشوەو بەرتیل و بەخشیش لەم و لەو وەرنەگرم، هەزار دینار سکەی زێڕت ئەدەمێ، بەس واز لەم شکاتەم بێنە.
والی ووتی؛ هەزار سکە کەمە دەبێ بۆم زیاد بکەیت. ئەویش هەتا 6 هەزار سکە ڕێکەوتن و بۆ بەیانی بە دزی یەوە 6 هەزار سکەی زێڕی نارد، دواتر والی ناردی بە دوای بەڕێوەبەری پۆلیس و دواتر گەورەبەرپرسان و دواتر گەورەبازرگان و مقاول و هەموویانی هێنایە گیروگازو پارەیەکی باشی لێ وەرگرتن و ووتی؛ بڕۆن.
دواتر ڕۆژێک والی دەوروبەرو ڕاوێژکارەکانی بانگ کردوو پێی ووتن ئێوە بیستووتانە، یان زانیاریتان هەیە ئەسعد پاشا باج و زەریبەی خستبێتە سەر کەس لە دیمەشقدا ووتیان؛ نەخێر قوربان ئاگاداری شتێکی وانین.
والی گوتی دەی با بزانن بێ ئەوەی کەس بزانێ و بێ ئەوەی کەس ناڕەزایەتی دەرببڕێ لە جیاتی 50 کیسە زێڕو زیو کە ئێوە پێشنیارتان کرد لە دوکاندارو کاسبکاری قوڕبەسەر وەربگرم، ئەوا من 200 کیسە زێڕو زیوم بۆ گەنجینەو خەزێنەی دیمەشق بە دەست هێناو پەیدا کرد بێ ئەوەی کەس بزانێ هەموو ڕاوێژکارو دەوروبەرەکەی ووتیان؛ قوربان ئەمەت چۆن کرد بێ ئەوەی کەس بزانێ.
والی گوتی؛ تا بەرانی شاخدار هەبێ من خوریەکەی ببڕمەوە بیفرۆشم چ پێویستم بە مەڕە لاتەیەکی داماوی بێ شاخ هەیە، تا بچم پێستەکەی بگروم و کەوڵی کەم و بیفرۆشم جا ئەم بە سەرهاتە ڕێک بۆ ئەمڕۆی کوردستانیش زۆر گونجاوە بوو. بە داخەوە لە جیاتی ئەوەی ئەم حکومەتە بێ پلانە بێت دەست بۆ گیرفانی بەرپرسانی حیزبەکان و کۆمپانیاو بازرگانی بەرپرسەکان ببات دێت تاقیگە حکومیەکان دەداتە کەرتی تایبەت. ئەوە والی بو وای کرد و خەلکی بانگ کرد. ئەی ئەگەر والی خۆی دزو مەشروب خۆرو وسەروەت و سامانی میلەت بخوات؟