دلێر محەمەد نووری: سێکوچکەی ڕاگەیاندنی ڕووزەرد.
کە ئەڵێم؛ سێکوچکە، مەبەستم سێ کەناڵی سەتەلایتی گەورەی کوردییە کە پێ بە پێی ڕاگەیاندنی دوژمن خزمەت بە ئەجێندای دوژمن ئەکەن.
لە کوردەواریدا بە کەسێک ئەوترێ ڕووزەرد، واتا کەسێکی شەرمەزار، ڕووڕەش و درۆزن و ئاژاوەگێڕبێ. لە دونیای ڕاگەیاندنیشا جۆرێکی ڕاگەیاندن پێی دەوترێ ڕاگەیاندنی زەرد یان ئابڕووچوو، کە خەریکی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و هەڵبەستراو و ئاژاوەگێڕی و زیادەڕۆیی بێ. هەر بۆیە منیش تێکەڵەیەکم لەم دوو دەستەواژە کوردەوارییە و ڕاگەیاندنە، تایبەت کرد بە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندنی کوردی و ناوم نان ڕاگەیاندنی ڕوو زەرد.
ڕاگەیاندنی زەرد، دەستەواژەیەک نیە من دامهێنابێ، بەڵکو ئەمە دەستەواژەیەکی بواری ڕاگەیاندنە و دەمێکە لە کاردایە. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بۆ من، هێندە ڕاگەیاندنی ڕووزەردو دژەکورد هەن لە تورکیا و وڵاتانی عەرەب و ئێران، کورد پێویستی بەوە نەبوو خۆیشی بەشێکی ڕاگەیاندنی خۆی بخاتە خزمەتی ئەجێندای داگیرکەران. بە جۆرێک زۆر ئابڕووچووانە چرکە و خولەک، ڕۆژوشەو بخاتە خزمەتی ئەجێندای تورک، دژ بە ڕۆژئاڤای سەربڵند. ڕاگەیاندنێک لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا و بە نرخی خوێنی سەددان هەزار شەهیدی باشوری وڵات، خزمەت بە ناجسنترین دوژمنی کورد بکات کە ئەویش ڕژێم و دەسەڵاتی تورکی ئەردۆغانی ڕەگەزپەرستی ئیخوانچییە، دژ بە هەرە خۆڕاگرترین بەشە داگیرکراوی کوردستانە کە ئەویش بەشی ڕۆژئاڤای وڵاتە.
ڕاگەیاندنی زەرد یان ڕاگەیاندنی ئابڕوچوو، ڕۆژنامەگەرییەکی ناپڕۆفیشناڵە کە ئامانجی وروژاندنی ڕای گشتییە بۆ زیادکردنی ژمارەی فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی ئابڕووبەرانە، بە بەکارهێنانی زیادەڕەوی یان لایەنگری ناڕەوا. ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن بۆ یەکەم جار لە لایەن ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ویلیام ڕاندۆڵف هێرس (1863 -1951)ەوە سەری هەڵدا. ئەو کە خاوەنی دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار بوو لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ پڕ فڕوشی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی، دەستی دایە ئەم کارە قێزەونە.
بەڵام ئەوەی سەیرە بەلامەوە لە ڕۆژنامەگەری ڕووزەردی کوردی، دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان، لە پێناوی پڕفڕۆشی نیە. بگرە ئەو ڕاگەیاندنە بە پارەی گەندەڵی، مانگانە سەددان هەزار دۆلاری تیا خەرج ئەکرێ، تا خزمەت بە ئەجێندا و پیلانی یەکێک لە هەر دوژمنە سەرسەختەکانی گەلی کورد بکات کە ئەویش ڕژێمی تورکیایە.
لێرەدا کارم بەوە نیە کام حزبی کوردی ڕووزەرد و کام سەرکردە و سەرۆکی کوردی ڕووزەرد، فەرمانی بەم دەزگا ڕاگەیاندنانە کردووە کە دەست بدەنە وەها کارێکی خودنەفرەتی و خودکوژی. بەڵکو سەرزەنشتی من بۆ ئەو هەموو کادێر و ڕۆژنامەنووسانەیە کە بوون بە ڕووی پێشەوەی ئەم کارە قێزەونانە، لە پێناو پارووە نانێکی ڕیسوای مانگانە. ئاخۆ بیریان لە خۆیان و کەسوکاریان کردۆتەوە، کە ئەگەر سبەی، دەورانی ئەو حزب و سەرکردە ڕووزەردانە خراپ سووڕا، ئەکرێ ئەوان بەوێنەی ئەسەد و بنەماڵەکەی، لە لای داگیرکەرانی ئاغایان، شوێنێکیان بۆ خۆپاراستن مسۆگەر کردبێ، داخۆ ئێوە چۆن لە نەفرەتی مێژوو و گەل و وڵات خۆتان دەپارێزن؟