زاهیر باهیر: چەند سەرنجێك دەربارەی دیدارەکەی دەم پارتی بۆلای ئۆجەلان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم؛ کە گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە، هەمیشە لە قازانجی خودی کەیسەکە خۆیەتی و بە سوودی نەك هەر کوردستانی باکور و تورکیا دەگەڕێتەوە، تەنانەت کارایی ئەرێنی زۆریش لەسەر ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتیش بەگوێرەی خودی کێشەکانیان دادەنێت.
گفتوگۆ و ئاشتەوایی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا، هەتا گەر پەکەکە سازشیش بکات، هیشتا لە قازانجی خۆیان و لایەنەکانی دیکەن کە لەسەرەوە باسم کردن.
ئەوەی کە من لێرەدا دەینوسم ڕەنگدانەوە و پەیوەندی بە بارودۆخی هەنوکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەم دوو سێ هەفتەیەدا ڕویداوە هەیە. بەگۆڕینی بارودۆخەکە بێ گومان شیکردنەوە و ڕای جیاواز دێتە ئاراوە.

سەرنجەکان:
یەك/ زۆر زۆر بە دەگمەن ڕێدەکەوێت کە لایەنی براوە یا باڵادەست داوای گفتۆگۆ و وتووێژ لە لایەنە لاوازەکەی بەرانبەری بکات. ئەمەش یانی تورکیا کە ئێستا لایەنێکی باڵادەستە و گەورترین سەرکەوتنی لەم ڕووداوانەی ئەم دواییەدا تاکو ئێستا بەدەستهێناوە، کە دەیەوێت گفتۆگۆ لەتەك پەکەکەدا بکات دەبێت جێی گومان و تێرامان بێت.
تا ئێستا ئاراستەی ڕووداوەکان و هەڵوێستی هاوپەیمانانی هەسەدە سەبارەت بە ئەردۆغان و هاوکارانی ئەو کە مەترسیدارترین هەڕەشە دەکەن هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ڕۆژئاوا و کورد تێدا نابینرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوەشدا نابێت پەکەکە یا ئۆجەلان گفتۆگۆ ڕەتبکەنەوە دەبێت ئەوە رەچاو بکەن کە بارودۆخی تورکیا و ناوچەکە گۆڕاوە و بەرەوگۆڕانکاری زیاتر، بەڵام نەك بە قازنجی کورد ئەوەی کە تا ئێستا دەیبینین، دەڕوت.
دوو/ ئۆجەلان کە 27 ساڵە دیلە و بەندە و ژمارەی دیدارەکانی کەس وکار و پارێزەرانی بۆ لای، لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت ، هاوکاتیش ئەو مامەڵە ناشینرینەی کە حکومەتی فاشی تورکیا لەگەڵیدا دەیکات ڕێگرن لەوەی کە ئەو وەکو دیلێك ، بەندییەك ئازادانە بیربکاتەوە و ڕای ڕاست و دروستی خۆی بڵێت و بینێرێت بۆ قەندیل.
لەبەر ئەو هۆکارانە دەبێت هەمو قسە و پەیامێکی ئۆجەلان بخرێنە ژێر پرسیا و شیکردنەوەیەکی زۆر وردەوە ، کە لە زۆر حاڵەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەك حسابیان بۆ بکرێت.
سێ/ سەرانی پەکەکە و گرفتی سەرەکی : بە درێژایی ئەم 27 ساڵە پەکەکە نەیتوانیوە کە سەرکردەیەك یا خود چەند ڕابەر و سەرۆکێك بەخۆی پەروەردە بکات و بتوانن بێ لە گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان و پەیام و پێشنیارەکانی ئەو، هیچ جۆرە بڕیارێك بدات چ سەبارەت بە تورکیا و چ بە کوردستانەکانی دیکە بە تایبەتی هەرێمی باشوور و ڕۆژئاوا.
سەرانی پەکەکە ئەوەندەی لە کێبڕکێی دانی دیمانەدان لەناو یەکدیدا ئەوەندە لە کێبڕكێی دانی پێشنیارێك، پێشنیازێك ، بۆ چارەسەری کێشەکەیان لە نێوانی خۆیاندا نین. هەر بۆیە کە یەکێکیا دیمانەیەك دەکات دەبێت بە زووترین کات ئەوانی دیکەش دیمانەی خۆیان یا نوسینی خۆیانیان هەبێت . ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە پەکەکە هەر وەک چۆن ناوەندێکی بڕیار و جێبەجێکاریی خۆیان نییە، هەر ئاواش ناوەندێکی یەکگرتوشیان بۆ نوسینی ، شییکردنەوەی، دیمانەیەكی فەرمی پەکەکە نییە.
خودی ئەمەش ئەو گرفتەی بۆ پەکەکە دروستکردووە کە لە پرسی ئاشتی و ئاشتەواییدا هەر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئۆجەلان، و ئۆجەلانیش ئەوە حاڵییەتی واتە دیل و بەند کە ڕەنگە لەژێر هەندێك فشاری ناوەوە و دەرەوەدا ڕا و بۆچونی هەڵە بدات ، کە سەرەنجام بە زیانی هەموو لایەك بگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر بە وردی تەماشای ئەو پەیامە بکەین کە بە نوێنەرانی دەم پارتیدا ناردویەتییە دەرەوە دەبینین کە پەیامێکی ئێکجار و سادو و ساکار و لاوازە و وەکو پەیامێك وایە بۆ ئاشتەوایی نێوانی دوو کەسی ئاسایی شەڕکەر، یا ڕەنجاندنی دڵی نێوانی دووکەس بێت تاکو ئاشتببنەوە ئاوایە .
بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی کە قەندیل و سەرانی پەکەکە نە ناوەندن و نە خاوەن بڕیار ئەوەیە ئەگەر تەماشای پەیامەکانی ئۆجەلان بکەیت ئەوە دەلێت ئەو” خاوەن بڕیارە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە ” ئەمەش یانی پێگەی سەرەکی لە پرسی کوردی باکورداد بۆ خۆی داناوە، ئەوە کە ناوەندە ، ئەوە کە بڕیار دەرە ، نەك قەندیل و سەرانی بەناو فەرمی ئێستای پەکەکە.
ئۆجەلان لەم پەیامەیدا نە داخوازییەکی سیاسی هەیە و نە مەرجی هەنوکەیی بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی و حکومەتی نوێی سوریاش هەیە. هەر ئاواش هیچ پێشنیارێکیشی تێدا نییە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و هەسەدە و پەیەدە و هەرێم و حیزبەکانی باشووریش. ونبوونی ئەم پەیامانە و زۆری دیکەش جێی دڵەڕاوکێ و بێ متمانەییە بە ئۆجەلان و پەیامەکانی ئێستای .
دیارە من ناڵێم کە ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی شل کردوە بۆ تۆرکیا، یا مێشکی داوەتە دەست حوکمڕانانی تورکیا ، بەڵام پەیامێکی ئاوا سادە و ساکار ماستێکە و بێ موو نییە.
لە کۆتاییدا دەڵێم؛ دەبێت پەکەکە خۆیان گەر بتوانن لەبەر ڕۆشنایی رووداوەکانی ئێستا و بارودۆخی تایبەتی خۆیان و هێز و ئایندەیان و ڕەچاوکردنی پێگە و سوودی هەرێمی باشوور و پرسی ڕۆژئاوا و هەسەدە و کوردانی دیکەی دەرەوەی هەسەدە، هەڵسەنگاندن بکەن. ئەمانن کە لە مەیدانەکەدان نەک ئۆجەلان، ئەمانن حکومەتی تورکیایان بێزار کردووە نەك ئۆجەلان، ئەمانن پادارن و ئۆجەلان بێ پا. هاوکاتیش سەرنجی پەیامەکان و ڕا و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر دیمانە و دیدارەکانی ئێستا و ئایندەی لەگەڵ تورکیا یا هەر لایەنێکی دیکە، دەبێت زۆر بە وردی بدەن.
دەکرێت تێڕوانینی ئەمان بۆ ئۆجەلان وەکو ڕابەرێك، سەرکردەیەکی ڕۆحی بێت نە سەرۆکێکی بڕیاردەر ، هەرچەند دەبوایە پەکەکە ئەمەی هەر لە سەرەتاوە بکردایە ، ئێستا لەم کاتە ناسکەشدا هەر درەنگ نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت