عەلی مـەحمود: با هەمووان لە حزوری روفاتی ئەنفالکراوانمان بین.!
هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و هێنانەوەی روفاتی ئازیزانمان بۆ كوردستان مایەی دەستخۆشییە، كە لە رابردوودا رەخنەمان هەبووە لە بوونی کەمتەرخەمی و بێباکی لایەنی پەیوەندیدار لە بەرانبەر نەهێنانەوەیان.
لەئێستادا کە دووەمین گۆڕی بە کۆمەڵی ئازیزانی ئەنفالکراوانمان لە ناوچەی تەلشێخە لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدەدرێتەوە و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامە وبەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، رووفاتی زیاتر لە (150) ئەنفالکراوی تێیدایە، کە سەرجەمیان ژن و منداڵن.
لەم ساتەوەختەدا، جەخت لە جێبەجێكردنی تەواوی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لەسەر كەیسی ئەنفال دەکەین، کە بریتین لە دادگاییکردنی تاوانباران و پێشکەشکردنی داوای لێبوردنكردن لەلایەن دەوڵەتی عێراق لە قوربانیان و قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوەی کەسوکاری قوربانیان.
هاوکات نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لە بەرانبەر:
یەکەم/ بێدەنگی لایەنە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەك (سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت ـ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ـ سەرۆکایەتی کۆمار ـ فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا)، شەرمەزار دەکەین، کە تا ئەم ساتە، بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێك لەمەڕ هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانمان بە ڕەو نابینن و هاوکات مایەی نەنگیە کە ئەو لایەنە حکومیانە کار بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر کەیسی ئەنفال و تەواوی کەیستەکانی تر ناکەن، هەر لە قەربوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و دادگاییکردنی تاوانباران و بە جیهان ناساندنی تاوانەکان.
دووەم/ بەشداری پێنەکردنی کەسوکاری قوربانیان و نووسەران و رێکخراوەکان لە مەڕاسیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە، کە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان لە دۆسیەی ئەنفال، ئەو مافەی بۆ هەموو لایەك دابینکردووە.
سێیەم/ بەشداری پێنەکردنی لایەنە نێودەوڵەتیەکانی وەک نێردەی یۆنامی و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی دیکە، کە مەخابن ئەمە لە هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئازیزانمان لە جینۆسایدی بارزانیەکان لە مانگی شوباتی 2023ـشدا روویدا.
بۆیە ئێمە وەك رێکخراوەکان و نووسەران و چالاکوانانی بواری جینۆساید، کە ناومان لە خوارەوە هاتووە.. داواكارین:
1- پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان و هێنانەوەی روفاتی ئازیزانمان بۆ باوشی نیشتمان.. لە رێگای فراوانتکردنی تیمی نیشتیمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان.
2- پێویستە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نوێنەری كەسوكاری قوربانیان و رێكخراوەكانی تایبەتمەند و نووسەرو چالاكوانان ئامادەبن.. کە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان ئەم مافەی بۆ دابین کردوون.
3- پێویستە بێ جیاوازی هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن بانگ بكرێن و زەمینەی کاری میدیایی باش بۆ تۆمارکردنی ئازارەکانی میلەتەکەمان بڕەخسنێرێت.
4- پێویستە كەناڵ میدیا جیهانیەکان و رێكخراوە بیانییەكان بانگهێشت بكرێن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، بۆ ئەم مەبەستە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت.. ئەمەش وەك رێگایە بۆ بەجیهان ناساندنی کەیسەکانی جێنۆسایدی کورد.
5- لە كاتی هێنانەوەی رووفاتەکان بۆ كوردستان، مەراسیمی شایستە رێكبخرێت، کە لە ئاستی گەورەیی قوربانییەكان بێت.
6- نابێت پرۆسەی هەڵدانەوە و هێنانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لەلایەن هیچ لایەنێكەوە بقۆزرێتەوە بۆ بەرژەوەندی و تەوزیفی سیاسی.
7- پێویستە پرۆسەی پشكنینی (DNA) خێراترو بەرفراوانتر بكرێت بۆ روفاتەكان و كەسوكاری قوربانیان، بە ئامانجی ناسینەوەی روفاتەکان.
8- دۆسیەی ئەنفال تەنها پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نییە، بەڵکو کاری سەرەکی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفالە و لە پێشیانەوە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی 258 داواكراوی كورد لە جاش و موستەشارەکان، داواکاری سەرەكی هەمووانە.
9- تیمەکانی وەرگرتنی خوێن لەکەسوکاری ئەنفالکراوان، بە مەبەستی پشکنینی (DNA) بەردەوام وفراوانتر بکرێت و سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە.
10- پێویستە پارێزگاری لە جل وبەرگ ۆ کەرستەکانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکرێت و بهێنرێتەوە بۆ کوردستان و لە شوێنێکی شایستە نمایش بکرێت، بۆ نەوەی داهاتوو و شاندە بیانیەکان.
نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید ــ رێککەوتی 2024/12/28.
1- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید – KWG
2- گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
3- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
4- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
5ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
6- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
7- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – koncicc
8- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
9- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
10- رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ
11- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید – چاك
12- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان
13- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی
14- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
15- رێکخراوی داکۆکی لە قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان
16- رێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال
17ــ عەلی مەحمود ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
18- عەدالەت عومەر ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید
19- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
20- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفالکراو
21- ئەحمەد مەجید ــ چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو
22- عادل مەلا ساڵح ــ باڵوێزی ناوەندی ئاشتی جیهانی
23- شاخەوان شۆڕش ــ نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
24- جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید
25- حمە زرنگ ــ چالاکوانی بواری جینۆساید
26- گەردە مامە حەمە ــ چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ
27- فواد عوسمان ــ نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید
28- پەرژین جعفر حاجی روستم ــ خوشکی شەهیدو ئەنفال
29-گەردە مامە حەمە، چالاکوان و خوشکی ئەنفالکراو
30- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان