نەوزادی موھەندیس: ساڵێکی پڕ جەنگ و کاولکاریی و ناتەبایی و گۆڕانکاریی گەورە.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مایەی نیگەرانیەکی قوڵە کە کۆی مرۆڤایەتی و تەواوی جیھان ماوەی دەیە ساڵێکە گیردۆدەی دەیان قەیرانی سیاسی و ئابوری و دارایی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆتەوە، کە ھەموانیان پێکەوە ژیان و گوزەران و ئاسایشی جیھانیان خستۆتە بەر مەترسی گەورەوە و بونەتە ھەڕەشی جدی لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگاکان بە بچوک و گەورە و بە پێشکەوتوو و دواکەوتوو و بەھەژار و دەودڵەمەندیانەوە.
ئەوەتا ماوەی 2ساڵ زیاترە جەنگی ڕوسیا- ئۆکراینا بەردەوامە و بۆتە ھۆکاری کەوتنەوەی ھەزاران قوربانی و داڕمانی ئابوری وڵاتان و تەشەنکردنیشی بۆ تەواوی ئەوروپا و ئەمریکا و جیھان و دونیای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاواشی دابەشکردۆتە سەر دووبەرەی دژبەیەک ھەروەک قۆناغی دوای جەنگی جیھانی دووەم کە ھەموو ئان و ساتێک مەترسی ھەڵایسانی جەنگی سێھەم و بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی و مەترسیدارەکانی لێدەکرێت.
پاشان جەنگی ئیسڕائیل- حەماس کە زیاد لەساڵێکە بەردەوامە و بەھەموو پێوانەکان جەنگێکی کاولکاری و دژ بە مرۆڤایەتی و ئاوەدانی و ئارامی دونیا و ناوچەکەشە کە بەھۆیەوە دەیان ھەزار قوربانی بێتاوانی لێکەوتۆتەوە سەرەڕای زیانە ماڵی و کاولکاریەکانی تر.
دواتر دونیا لەساڵی 2024دا ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و ئابوری و ڕکود و ڕاوەستانی گەشەی ئابوری و دیاردەکانی ھەڵئاوسان و دابەزینی نرخی دراوەکان بۆتەوە و لەبەرامبەریشدا نرخی ھەموو کەلوپەل وپێداویستیەکان و خۆراک لە جیھاندا بەرزبۆتەوە بەھۆی چاوچنۆکی وڵاتە زلھێزەکان و کەڵەکەکردنی یەدەگی نەوتی و زێڕ لەلای خۆیان کەھەموانیان ھەڕەشەی جدین بۆسەر وڵاتان و کۆمەڵگا ھەژارەکان.
لەپاڵ ئەم قەیرانە سیاسی و ئابوری و ئەمنیانەدا، قەیران و مەترسی تەندروستی و بڵاوبونەوەی پەتا و نەخۆشیەکانیش بونەتەبارێکی گران و مەترسیدار بۆسەر تەواوی جیھان و کردویەتیە نەخۆشخانەیەکی گەورە و ڕووبەڕووی دڵەڕاوکی و نائارامی و ئایندەیەکی نادیار کردۆتەوە.
ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش ھەروەکو ھەموو سەردەم و قۆناغەکان بۆتە کوانوی ھەڵایسانی جەنگەکان و گۆڕانکاریەکان و ململانێ نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و کێشمەکێشمە سیاسی و ئابوری و تەندروستی و ئەمنیەکان، بەھۆی لەلایەک کۆبونەوە و تێکچڕژانی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و وزەیی و ئەمنیەکانی زلھێزەکان و لەلایەکی تریشەوە بەھۆی ھەڵکەوتەی جیۆسیاسی و ئابوری و وزەیی گرنگ و دەوڵەمەندی ناوچەکەوە کەھەموان پێویستی زۆریان پێیەتی، لەلای سێھەمیشەوە بوونی ململانێ توندوتیژەکانی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان دژ بەوڵاتانی خۆیان و دژ بەیەکتریش بونەتە ھۆی ھەڵایسان و دروستبوونی دۆخێکی ئەوپەڕی نائارامی کە دونیاشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە.
ئەوەتا جەنگی ئیسڕائیل- حەماس بەردەوامە و ململانێی ئێران و ئەمریکا و ئیسڕائیل توندە و ڕوسیا و چین لەبەرامبەر ئەمریکادا ڕاوەستاون و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسیش لە سوریا بوە سەربای قەیران و مەترسیەکان بۆ ئێستا و ئایندەی ناوچەکە و دونیاش.
مانەوە وبوونی دەیان گروپی چەکداری لەفەلەستین ولوبنان وسوریا و عێراق و یەمەن و… ھتد. ھەموانیان مایەی ھەڕەشەی مەترسیدارن بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە و دونیاش.

ئەوەی بۆ کورد گرنگە لەم دۆخ و لەم چەقی ململانێیانەدا چیە؟ چی بکات؟ چارەنوسی چی دەبێت؟
کورد بەداخەوە ھەمیشە وەکو مێژووی ڕابووردووی ھەر بەشخوراو و ماف پێشێلکراو و لەدوای کاروانەکەوە ڕێدەکات و زۆرینەی مەترسیەکانیش ھەر بۆسەر ئەوە لەبەرئەوەی لەلایەک دەوڵەتی سەربەخۆی نیە و لەولاشەوە داگیر و دابەشکراوە و ھەموان دژایەتی دەکەن و لەلای سێھەمیشەوە لەناو خۆی ماڵی خۆشیدا ناتەبا و ناکۆک و پڕ ململانێی نەبڕاوەیە،کە ھەموو ئەم ھۆکارانە بونەتە ھۆی ئەوەی کە ھەرچی لە ڕووداو ململانێ لەم ناوچەیەدا ڕوودەدەن پشکی شێری زیان و کاولکاری بەر کورد بکەوێت.
ئەوەتا لە عێراق و دوای 33ساڵ ھێشتا دەسەڵاتی کورد لەم ھەرێمەدا نەیتوانیوە ببێتە فاکتەری ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ھەرێمەکە بەھۆی ململانێی حیزبی و ناکۆکی سیاسی و گەندەڵی و خۆخۆریەوە و لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیشەوە لە خراپترین دۆخدایە و مەترسیەکانیش بۆ ئایندە زیاترن.
کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ناتەبا و ناڕێک و دژ بەیەکن لەم کاتە ناسکەی کە گۆڕانکاری گەورە ڕوویداوە لە سوریادا و ھەلێکی گەورەیە بۆئەوەی کوردیش بەمافەکانی شاد ببێت، بەڵام لەلایەک ناتەبایی ناوخۆیان و دژایەتی ھەموو چەکدارە توندڕەوەکان و تورکیاش لە پشتیانەوە بۆیان مەترسیەکانی گەورەتر کردوە.
کوردان لە ڕۆژھەڵات و لە باکور بەھەمان شێوە لەدۆخی مەترسیداردان و گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا نەھاتوە. یەرەڕای بەردەوامبونیان لە خەباتی سیاسی و پەڕلەمانی و چەکداریش.
بۆیە کورد گەورەترین زیانمەندە و تائێستاش ئایندە و چارەنوسی نادیارە و ھەمووکات شەڕ و ئاڵنگاری و مەترسیەکان بەرۆکیان گرتوە.بۆیە گرنگە کە کورد لەنێو ماڵی خۆیدا یەک و یەکگرتوو بێت و دژ بەداگیرکەران سازشنەکات وخۆی بگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانکاریەکان وبەرژەوەندی زلھێزەکاندا. بەپێچەوانەوە ڕەنگە ئەوەی ھەشە لەدەستبچێت.
ڕاستیەکی دڵخۆشکەرەش گەر ھەبێت بۆ کورد بریتیە لەوەی کە وڵاتانی گەورەی ناوچەکەش وەکو تورکیا و ئێرانیش لەبەر مەترسی لێدان و بچوکبونەوە و ھەڵوەشانەوەدان، کە تەنھا ئەمە تروسکاییەکی ئومێد بەخشە بۆ کوردان بۆ ئێستا و ئایندە چونکە ئەو وڵاتانە دوژمنی سەرسەخت و گەورەی کوردن و بەھەموو ڕێگایەک گەرەکیانە کورد بچوک و بێ دەوڵەت و چارەڕەش بکەن و ڕێگری لەدامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەن.
بۆیە بەداخەوە وێنە گەورەکەی ساڵی 2024یش وەکو ھەموو ساڵەکانی ڕابووردوو وێنەیەکی تەڵخ وتاریک و ناڕۆشناییە و ساڵێکی پڕ جەنگ و ململانێی دونیایی و ناوچەیی بوو ساڵێکی پڕ گۆڕانکاری و ناتەبایی کوردیش بوو ساڵێکی پڕ ئاڵنگاریش بوو بۆ زلھێزەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین..
چەند ڕۆژێکی کەمی تر پێ دەنێینە ناو ساڵی نوێی 2025وە، بەوھیوایەی ساڵی 2025 ساڵی سەرکەوتن و وەدیھێنانی خواست و مافە ڕەواکانی کوردان بێت لەھەر چوار پارچەکەی کوردستان و دونیا و ناوچەیەکی ئارام و پڕ ئاسایشیش بێت بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت