بەهمەن تاهیر نەریمان: بۆ یەکگرتووی ئیسلامی ناتوانێت فراوان بیر بکاتەوە؟
یەکگرتوو ئیخوانیبوون بچووکیکردووەتەوە
هەر بزوتنەوەیەکی هزری، کە دەبێت بە جەماوەریی، ئینجا دەبێت بە جیهانی و بان/نەتەوەیی، چاوگەی ئەو بیرە لەناو هەر گەلێکدا سەریهەڵدا دواتر، بە ئەگەری زۆرەوە، چەقی هێز لەناو ئەو گەلەدا دەمێنێتەوە. بۆ نموونە ئیسلام لەبەر ئەوەی چاوگەی سەرهەڵدانی ناوچەی عەرەبی دورگەی عەرەبی بووە، ئیتر با باسی نەتەوەگەریی سەردەستەی لەناو دەقی دامەزرێنەر(قورئان و حەدیس)دا نەکردبێت، بەڵام بۆ عەرەب و زمانی عەرەبی دەبێتە چەقی هێز، ئەم زمان و نەتەوەیە لە ئاستێکدا بەرزدەکاتەوە کە هەرگیز خودی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی نەیتوانی ئەو خزمەتە بە عەرب و زمانەکەی بکات. تەنانەت وشتر، مەڕ، خورما، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی سەرەکیی ژیانداریی دوورگەی عەرەبی بوون؛ جگە لە عەرەب لەناو گەلانی تری موسڵماندا ڕێز و گرنگیی تایبەتییان هەیە، من بۆ خۆم لە بەڕێزکردنی وشتردا لەناو نامیلکەی کوردیی ئیسلامیدا خوێندومەتەوە کەباسی حەیای وشتری کردووە و لەکاتی جووتبووندا تا پەردەیەک نەدرێت بەسەریاندا سێکس ناکەن و پەردەی شەرمیان پێویستە، لە کاتێکدا وا وێناکراوە ئەوەی گۆشتی بەراز بخوات کەرامەتی نامێنێت، لە واقعیشدا ئەم دوو وێناکردنە هیچیان ڕاستنین.
تا گولەنییەکان هەبن، کوردێک و عەرەبێک یان فارسێکی سەر بەوان جێی “خواجە فتحوڵا” ناگرێتەوە و ناوەند و سەرداریی هەر بۆ تورکەکانە. ئیخوان موسلمین لە میسر کە سەرهەڵدەدات، کاتێک دەبێتە بزوتنەوەیەکی جیهانی، تا ئێستاش یەکجار لەدەرەوەی میسرەوە، ڕێبەری گشتیی بۆ دیارینەکراوە و کۆی ڕێبەرە گشتییەکانی میسری بوون. سەلەفیزمیش لەبەرە ئەوەی لە سعودییەوە سەریهەڵداوە، هەر سعودییە ناوچەی هێز و سەرچاوە ڕەسەنەکەی دەبێت، لەناو کوردانیش قوتابخانەکەی جەنابی موفتیزادە(مەکتەب قورئان) پوخت کوردییە و هەتا عەرەب و فارس و تورک هەبن نابنە چەقی ئەو قوتابخانە دینییە کوردییە و کورد خاوەنیەتی.
کاتێک یەکگرتووی ئیسلامی ڕاگەیندرا، بەڕێز “ئەبوکر کاروانی” پەخشانەشعرێکی لەسەر “حەسەن ئەلبەننا” لە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی یەکگرتوو دابەزاند، ئەمە وەک نیشانەیەک کە ئەوان هەڵقوڵاوی ئەو قوتابخانە هزری-حەرەکییە ئیسلامییەن.
کێشەی قووڵی یەکگرتووی ئیسلامی تەنیا لەوێوە سەرچاوەناگرێت کە ئەوان لەسەرتادا لەسەر بنەماکانی ئیخوانیزم دامەزراون، کێشەکە دوو گرفتە، یەکیان ئیخوان مسلمین چاوگەکەی میسریی عەرەبییە، تا کورد کوردبێت لەناو ئیخواندا نەدەبێتە سەری ئیخوانی جیهانی و نە کوردستانیش دەبێتە چەقی بیرکردنەوەی ئیخوان و نە کوردە ئیخوانییەکانیش دەتوانن لەم ڕووە عروبیی-میسرییەی ئیخوان هیچی لێزیادوکەمبکەن، چونکە تۆو و چاوگەکە میسری و عەرەبییە. دوو: یەکگرتوو دیلی ئەم ئیخوانیبوونە عەرەبیی میسرییەیە و ناتوانێت پێبگات و ئازادبێت و خۆی لێدەربازبکات.
لەناو یەکگرتوی ئیسلامیدا چەکەرەی ئەوە هەیە بیر لە دوو پرس بکرێتەوە:
یەک/ ئایا یەکگرتوو پرسە گەورەکەی پرسی نەتەوەییە، ئینجا ئیسلامی یان پرسەکەی ئیسلامییە ئینجا نەتەوەیی؟
دوو/ ئایا یەکگرتووی ئیسلامی سەرچاوە فقهی و هزرییەکانی بۆ تێگەیشتن لە ئیسلام کوردییە یان عەرەبی، گوتاری بەرهەمهاتوو لەسەر ئیسلام کوردستانییە یان عەرەبستانی؟
ئەوەی من ئاگاداربم، بەڕێزان “عەبدولڕەحمان سدیق، محەمەد ڕەوف، ئەبوبەکر کاروانی، ئەبوبەکر هەڵەدنی” دەیان ویست یەکگرتوو بەرەو ئەو ئاراستەیە ببەن کە پرسەکانی “کوردبوون” پێش “ئیسلامبوون” بخەن، لە بەڕێز”مەولود باوەمراد” لەساڵی 1999ەوە دابڕاوم و ئاگام لێنییە ئەم ئاراستەی کوردبوونەی بەکوێ گەشتووە و بەڕێز “عەلی محەمەد”ـیشم ڕووبەڕوو نەدیووە. بەڵام وادەردەکەوێت لەبنەڕەتدا ئیسلامە کوردییەکەی “عەبدولڕەحمان سدیق” بە یەکگرتووی نەخوارد، بڕیاری بەشداریپێنەکردنەکەی “محەمەد ڕەوف، ئەبوبەکرەکان” پەیوەستە بە لێدان لەم ئاراستەی کە دەیەوێت مێشکی یەکگرتوو بەرەو پرسەکانی کوردبوون ببردرێت ئینجا ئیسلامیبوون.
لەبەرئەوەی گەوهەری پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە، بۆیە لەناو ئیسلامییەکاندا و بەتایبەت یەکگرتوی ئیسلامی، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت بەشێوەی تاک و گروپ(ناڵێم باڵ)، خەڵک سەرهەڵبدەن کە بیر لەوە بکەنەوە هاوکێشە ئیخوانییەکە(پرسی عەرەبایەتی/ئیسلام) بگۆڕن بۆ پرسی (کورد ئینجا ئیسلام). لەدوایین کۆنگرە کە (28- 12- 2024) تەواوبوو، ئەو (111) کەسەی دەنگی (نەخێر)ـیان بە “سەلاحەدین محەمەد بەهادین” دا و (25) دەنگە سپییەکە بەشێکی زۆری سەر بەم ڕاپسکانەیە کە دەیەوێت لە دیلی ئیخوانیزم خۆی دەربازبکات. لەبەرانبەردا ئەو دیدە، لەناو یەکگرتوودا زاڵە و خاوەن نەعرەتەیە کە دەیدات بە هاوکێشە ئیخوانییە میسری عەرەبییەکە و ململانێکە هەتا ئێستاش لە بەرژەوەندیی پرسە ئیخوانییەکانە نەک لەبەرژەوەندیی پرسە کوردییەکان، چونکە “سەلاحەدین محەمەد بەهادین” لە کۆی (864) دەنگ توانی (728) دەنگ بهێنێت. بۆ نمونە زۆرینەی لایەنگرانی یەکگرتووی ئیسلامی-سوونە لەسەر پرسی غەززە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەوروژێن و هاواریان بۆ دەکەن و گرنگییان پێدەدەن، بەڵام کەمینەیەکیان لەسەر پرسی ئێستای ڕۆژئاوا دێنەسەرخەت و گرنگیی پێدەدەن. لەکاتی نووسینی ئەم وتارەدا مەترسییەکی گەورە لەسەر کوردانی ڕۆژئاوا هەیە، کە سەیری لاپەڕەی (26 -12- 2024)ـەی ماڵپەڕی (سپێدە)ـم کرد، هەواڵەکانی ئەو ڕۆژە بەم شێوە بوون:
هەواڵی سەرکیی(دەیان فەلەستینی دیکە شەهیدکران، ئەمریکا داوای لە ئێراق کردووە نووسینگەی حوسییەکان لە بەغداد دابخات، دەسەڵاتی نوێی سوریا: هەوڵدەدەین ئاوارە سوورییەکان بە شکۆمەندییەوە بگێڕینەوە، هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەر بە هێڵی ئاسمانیی کازاغستان)، لە بەشی وتاریشدا شەش وتار هەن کە هیچیان باسی پرسی کوردانی ڕۆژئاوای تێدا نییە، لەکاتێکدا ئێستا پرسێکی هەرە گەرمی میدیکانی جیهانە. من ئەوە دەزانم ئەو گوێپینەدانە نە ڕێکەوتە و نە لەخۆوەوەیە، بیرکردنەوە ئیخوانییەکە لەپشتیەوە کاریگەریی هەیە، لەلای ئەو ئیخوانانەی کورد نین پرسی کورد پرسێکی پەراوێزخراوە و باس ناکرێت، کە باسیش دەکرێت نەک بەرگریی لێناکەن، بەڵکو دژیشی دەوەستنەوە. بۆ بەڵگەی ئەم قسانە لەناو یوتوبدا گەڕانێکم کرد بزانم دوایین لێدوانی ئیخوانی سوریا لەسەر کێشەکانی ئەو وڵاتە و پرسی کوردان چییە، بەستەری چاوپێکەوتنی سەرکردەیەکی دێرینی ئیخوانی سوریا “زوهێر سالم” دادەنێم کە لەسەر سوریای دوای ئەسەد گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن، لە دوو شوێندا باسی کوردەکان دەکات، باسی پەکەکە دەکات کە جوداخوازن و خەتەری سەر یەکپارچەیی سوریان، کۆی پرسە نەتەوەییەکە تێکەڵ بە پەکەکە و تیرۆر دەکات، ئەم کابرایە، وەک خۆی لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی دەکات ئیخوانییەکی دێرینی سوریایە و بەردەوامە.
زوهێر سالم”، کە ئیخوانییەکی دێرینە و ئێستا تەمەنی(75) ساڵە، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی “موستقلە” کە کەناڵێکی ئیخوانییە و لە یوتوب ئەمە بەستەری بەرنامەکەیە (https://www.youtube.com/watch?v=H6quQ0Kb44g) دان بە دۆزی ڕەوای کورددا نانێت و لە چاوپێکەوتنە دوو کاتژمێری و بیست و شەش خولەکییەکەدا، کورد وەک کەمینە ناودەبات و دۆزی کورد و کۆی هێزی سوریای دیمۆکرات دەبەستێتەوە بە پەکەکەوە و وەک جوداخواز(انفصالي) ناویدەبات.
لە خولەکی (44)ـدا کە پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت کێ لەدوای ساڵی (2011)ـەوە بووە هۆی مانەوەی “بەشار ئەسەد” لەسەر حوکم، لە وەڵامدا پێیوایە: گروپی ڤاگنەر و میلیشیاکانی ئێران و ئەفغان و پاکستان و حزبوڵا، فرۆکەی ڕووسیایی و “کەتیبەکانی پەکەکە کە کوردەکانن، لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمانییان بەست و لە پشتەوە خەنجەریان لە شۆڕش دەدا و هیچ تەقسیرییان نەکرد”. کەچی “خالد مەشعەل”ـی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لەوێ دەژیا، باسی ئەم هاوبەشییەی ئیخوانی فەلەستینی و بەشار ناکات! هەروەها کە باسی ئێران دەکات دەڵێت؛ ئێران لە سوریا پەیوەندیی بە بەشار ئەسەد و داعش و پەکەکەوە هەبووە (کاتی: 1: 1). پێشکەشکاری بەرنامەکە دەڵێت؛ قەسەدە، یان پەکەکە؟ دەڵێت؛ قەسەدە یانی پەکەکە، ئێمە دان بە قەسەدا نانێین، ئەوان سوریا و دیموکراتییەتیان هەڵگرتووە، ئەوان نە سوریایین و نە دیموکراتی، بەڵکو بەهەناسەیەکی تیرۆرستانەوە کۆمەڵێکی یاخیی پەکەکەن”. دوای ئەوە باسی ئەو عەرەبانە دەکات لەگەڵ هێزی سوریای دیموکراتیدان و بە خێڵەکی-بەدووی چێنراو ناویان دەبات. هەروەها دەڵێت: “کوردەکان ناوچەی تەلرەفعەتیان گرتووە کە کوردی لێنییە، مەنبەجیان بەدەستە کە کوردی ئەوێ جێی ژماردن نین، بۆیە دەبێت بووەستێنرێن”. هەروەها دەڵێت “ئەوانە بەدەستی ئێران دەجوڵێنرێن تا خەڵکی سوریا بکوژن”. ئەم کابرا بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆژهەڵاتی عەرەبی و پێشتریش وتەبێژی ئیخوان بووە، کە قسەش دەکات وەک دیدی خۆی قسە ناکات و زۆر کاتیش جێناوی کۆی (ئێمە) بەکاردێنێت. بوونی تاجیکی و ئۆزبەکی و ئۆگۆری ناونابات کە لە سوریا کەتیبە و لیوا و گروپیان هەیە، کەچی بەهێزی سوریای دیمۆکرات دەڵێت خەڵکی سوریا نین و خەڵکی دەرەوەی سوریان، بە کۆی گروپە جیهادییەکانی تر دەڵێت موجاهیدەکان!
یەکگرتووی ئیسلامی دەبوو لەماوەی (30)ساڵ تەمەنی، ئەم دیدە هەڵەی ئیخوانی بۆ پرسی کوردی چارەسەربکردایە، کەچی بەپێچەوانەوە، نەیتوانیووە ئەو تێڕوانینە عروبەی ئیخوان بۆ کورد بگۆڕێت، پرسی کورد لای ئیخوان پرسێکی ئیسلامیی و گەلێکی چەوساوە نییە، نەک یەکگرتوو، بەڵکو کۆی ئیسلامییەکانی کوردستان، هیچ نەبێت دەبوو لەناو ئیسلامییە هاوئایدیۆلۆژیاییەکانی خۆیان پرسی کوردیان وەک پرسێکی ڕەوا بە ئیسلامییەکان بسەلماندایە، ئەگەر ئیسلامییە ناکوردەکان نەهاتنایەتە پێشەوە، ئەمان دەبوو بە جورئەتەوە باسی هەوڵەکانی خۆیان و گوێنەگرتنی هاوئایدیۆلۆژیاکانیان بۆ شەقامی کوردستانیان بخاستەیەتەڕوو، تا ئێمە مکووڕی ئەوانمان بۆ دەربکەوتایە لەسەر پرسە نەتەوەییەکەی خۆیان، تا بمانوتایە ئیسلامییەکان هەڵگری خەمێکی نەتەوەیین و پرسەکە لایان ڕەسنە و کارە و کاردانەوە نییە.
لە کۆنگرەی نۆی یەکگرتووی ئیسلامیش، لە ڕۆژی یەکەم کە مامۆستا سەلاحەدین وتاریدا، یەکەم پرس کە باسی کرد باسی پرس و ستەمی سەر غەززەییەکانی کرد. دوای ئەم پرسە هاتە سەر پرسی کورد لە سوریا و بەرگریی لێکرد. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات بدات کە لەسەر گۆڕەپان ئەوانن شەڕ بۆ کورد و ناوچە کوردییەکان دەکەن، ئەوانن شەڕکەری ئازادیین. خودی مامۆستا “سەید ئەحمەد”ـیش لە کۆنگرە کۆڵێک بۆ غەززە گریا و باسی عەفرینی لە کوردداماڵراوی هەر نەکرد!
یەکگرتووی ئیسلامی لەم کۆنفڕانسەدا لەسەر زاری ئەمیندارەکەیەوە زۆر بەتوندی بەرپەرچی ئەوانەی دایەوە تۆمەتی ئەوەیان دەداتەپاڵ کە پرسی نەتەوەییان وەلاناوە و بە زمانێکی ئێجگار زبر بە “شەڕواڵپیس”ـی ناوبردن، ئەم دەربڕینە ئاستی توڕەیی ئەو دەردەخات لەو ڕەخنەیەی لێیان دەگیرێت، ڕەخنەکەش مەشروعە و ڕەگوڕیشەی قووڵی هەیە.
یەکگرتووی ئیسلامی ئەگەر دەیەوێت پرسی کورد، بخاتە پێش پرسە بەئیسلامی-سوننیکراوەکانی وەک پرسی فەلەستین و بوونی قەوارەی ئیسرائیل دەبێت دوو هەنگاو بنێت:
یەک: خۆی لە بیرکردنەوە ئیخوانییە عروبییەکە داببڕێت و کوردستانیانە بیربکاتەوە. لانیکەم بەجورئەتەوە دەستبکات بە ڕەخنەگرتن لە کەمتەرخەمیی ئیسلامییە عەرەب و فارس و تورکەکان و هەڵگرتنی بیری فاشیزمی ڕۆحی نەتەوەی سەردەستەییان دەربخات، تا لەوێوە خەونی لە هێزێکی پەراوێزەوە بگۆڕێت بۆ هێزێک خەونی پێشەواتیکردنی پرسی نەتەوەکەی هەڵبگرێت.
دوو: مەرجەعی هزری و دینی و سیاسی خۆی بکات بە مەرجەعێکی کوردستانی، لەجێی ئیعجابدەربڕێن بە قەرزاوی، هەر بۆ نموونە، با پشت بە دیدە فقهییەکانی وەک “مستەفا زەڵمی” ببەستێت.
گەر ئەمە نەکات، ئەوا نە دەتوانێت لە پاشکۆیەتیی بیرکردنەوەی ئیخوانی میسریی و عەرەبی خۆی داببڕێت، نەدەشتوانێت لە کۆتی ئایادیۆلۆژیای ئیخوانچێتی خۆی دەربازبکات. گەر ئەمە نەکات ئەوا دەبێت لە داهاتوودا چاوەڕێی بچوکبوونەوەی زیاتر و کەرتبوون و لێهەڵوەرینی زیاتر بێت، چونکە لە ئێستادا پرسە نەتەوەییەکە بۆ کوردان پێش پرسە ئیسلامییەکان کەوتووە.
* سەرنج: ئەم وتارە شیکردنەوەی دۆخێکە، بەهیچ شێوەیەک خائیناندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان نییە، ئەوان ڕۆڵەی ئەم گەلەن.