ئومید ناسح جیهانی. زیا گوک ئاڵپ و حیزبوڵا- هوداپار – بەشی یەکەم.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زیا گوک ئاڵپ تیۆریزەکەری تیۆری ئاوێتەکردنی (تورکی – ئیسلام) و هوداپار، جێبەجێکەری تیۆرەکەیە.
پەیوەندی نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم بە تایبەت لای تورک مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام لە مێژوویی هاوچەرخی تورکیا و پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانلی، ڕۆڵی ئایین بە گشتی و ئیسلام بە تایبەتی لە بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی تورکی دا نەک هەر فەرامۆش نەکرا، بەڵکو بۆ جینۆساید کورد و بە سەردار هێشتنەوەی تورک، هۆڤیانە بەکارهێنرا.

(زیا گوک ئاڵب) و تێزی ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی
تێزی ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی
ئەگەرچی ڕەگوڕیشەی ئەم تێزە دەگەڕێتەوە بۆ نێو هەندێک سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانلی، بەتایبەت سەردەمی تەنزیمات (1839- 1876عیسایی) و دواتریش سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (1876- 1909عیسایی) لە ڕێگەی پێشیازکردن و کارکردن لە سەر تێزی (پان-ئیسلامیزم) و هەروەها لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئیتیحاد و تەرەقی (1908- 1911عیسایی) و سەردەمی جەنگی سەربەخۆیی تورکیا (1919- 1923عیسایی)، بەڵام کەسایەتیەکی کورد بە ناوی (زیا گوک ئاڵپ) ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە لە گەڵاڵەبوون و تیۆریزەکردن و داڕشتنی پایە و بناغەکانی تێزی ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی دا.
زیا گوک ئاڵپ بۆچوونی وابوو لەبەرئەوەی ئایین یەکێک لە توخمەکانی کولتوری نەتەوەیی پێکهێناوە و جگەلەوەش تورکەکان لەبەرئەوەی مسوڵمانن، دەبێت ئیسلام بەشێوەیەکی سروشتی توخمێکی پێویست لە کەلتوریان بێت. بۆ ئەوەش ئایین لەکەڵ مەدەنییەتی خۆرئاوا دا بەریەک نەکەوێت، کەسێکیۆلاریزمی تورکی پشتی پێبەستوە و کاریگەری گەورەی لە سەری هەبووە. زیا گوک ئاڵپ ئایینی وەکو دیاردەیەکی مێژوویی دەبینی، کە بابەتی گۆڕانە و گرێدراوی دۆخی کۆمەڵایەتییە و هەوڵی بەکارهێنانی دا بۆ بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمی تورک، بەشێوەیەک ئەو ڕەتیکردەوە، کە سەرچاوەی یاسای ئیسلام (شەریعەت)، تەنها دەق بێت (وتەی خوا و فەرمودەی پێغەمبەر- د.خ)، بەڵکو بیروڕای وابوو، کە عورفە، واتە داب و نەریتەکان و دۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی ئیسلامیش دەبێت وەکو سەرچاوەی یاسای ئیسلامی ڕەچاو بکرێن.
بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی ئاوێتەکردنی ئیسلامی بە ناسیۆنالیزمی تورک دا. چونکە پوختەی تێزی ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی بریتییە لە چەندین خاڵی هاوشێوەی سەرنجڕاکێش لە نێوان فەرهەنگی تورکەکان لە قۆناغی پێش ئیسلام و شارستانییەتی ئیسلامی وەک هەستکردن بە دادپەروەری و بڕوابوون بە یەکتاپەرستی و جەختکردنەوە لە ئەخلاق و ژیانی خێزانیی. لەبەرئەوە ئەم سەنتێزە باوەڕی وابوو تورکەکان پەلکێش بکرێن بەرەو ئیسلام و بیانکەنە سەربازی ئیسلام. هەروەها لە دەستپێکردنی بزووتنەوەی کەمالیزم دا و لە قۆناغی جەنگی سەربەخۆیی دا، کە مستەفا کەمال ئەتاتورک ڕابەرایەتی دەکرد، پاش کۆتایهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی، بە پشتبەستن بە کورد و لە ژێر کاریگەری سۆزی ئایینی و پارێزگاریکردن لە خەلافەت و لە شەڕی بیانی و کافران! پاش هەر دوو کۆنگرەی (سیواس و ئەرزڕۆم) کار لە سەر ئەو تێزانەی زیا گوک ئاڵپ کرا، چونکە لە سەرەتاوە مستەفا کەمال-یش بۆچوونی وابوو ناسنامەی یەکێتی تورکیا بریتییە لە کۆی ناسنامە سیاسی و ئایینی و تایەفی و زمانەوانییەکان، ئەوەی لە کەمالیزم داواکراوە هەزمکردنی هەموو ئەوانەیە و گەیشتنە بە ناسنامەیەکی تورکی پێکداچوو، واتە گۆڕان لە کۆمەڵەی ناسنامەکانەوە بەرەو ناسنامەیەکی یەکگرتوو. جگەلەوەی مانای ئەم سەنتێزە نە تەنیا ڕێکخراوەییکردنی توانەوەی ئیسلام لە نێو ناسیۆنالیزمی تورکی دا بوو، بەڵکو دروستکردنی پانتاییەک بوو لە نێوان تێڕوانینی ئیسلامخوازانەی سیاسی و خۆرئاوایی بوون دا.
یاشار کەمال لە کتێبی (هاواری من)دا دەڵێت: 〞ساڵی (1900) بوو كاتێك نەژادپەرستی هاتە ناو توركیا. ئەوەی ئەو هەستە نەژادییەشی دروست كرد، كوردێك بوو بە ناوی (زیا گۆك ئاڵپ). ئەو فاشیستییەی زیا گۆك ئاڵپ وەبەری هێنا، یان با بڵێین ئەو نەژادپەرستییەی گۆك ئاڵپ لە فەرەنسی و ئەڵمانان فێری بوو، نەژادپەرستییەكی كوردی نییە، بەڵكوو نەژادپەرستیی توركییە. لە توركیا، ئەو نەژادپەرستییە توركییە تا ئەمڕۆ دژی سەرجەم بنەما مرۆڤایەتییەكان و دیموكراسی، لە هەموو دنیا بەردەوام لە هەوڵدا بووە. ئیدی لە ساڵانی چلەكان، نەژادپەرستی ببووە هەموو شتێكمان. بە شێویەك، ئیدی لەوێ دەمێدا، تورك وەكوو نەتەوەیەكی سەردەست بەسەر هەموو نەتەوەكانی دیكە، بەردەوام لەسەر بەرگی گۆڤارەكان و هەموو دامودەزگاكانی حكوومەت زۆر بە چڕی كاری لەسەر دەكرا و دەسەڵات بەدەست بوو. ئەو دەسەڵاتدارە فاشیستەی لە ساڵی (1900)وە دەستی پێ كرد، بە شێوەیەكی خۆڕسكی، وای كرد ڕژێمێكی داپڵۆسێنەری ترسناك بێنێتە بوون. جا ئەو سەرکوتکارییە بەردەوام و ڕێکخراوەی دەسەڵات، کە بە هەموو توانایەوە زوڵم و ئەشکەنجە دەبەخشێتەوە و خوێنی مرۆڤەکانی خۆی دەمژێت؛ دەتوانم بێژم وەک سەرکوتکەرێکی بەهێزی مرۆڤە پڕ ووزە و چالاکەکانی خۆی دوای چەوساندنەوەیان بە دەستە خوێناوییەکانیەوە، لە ناوەڕاستی جیهان، قیت قیت وەستاوە. ئەو تاوانە مەترسیدارانەی ئەو دەسەڵاتدارە نەژادپەرستە کردی، وەک لەکەیەکی ڕەش بە نێوچاوانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە تا دنیا ماوە هەر دەمێنێتەوە. لەگەڵ دامەزراندنی کۆمار تا ساڵی 1946، هیچ گوندییەک نییە، شەق و بۆکس و پێلەقەی جەندرمە و پۆلیسی نەخواردبێت. ئەوە ئارگۆمێنت نییە ها، بەڵکو ڕاستییەکە و هەموو نەتەوەی تورک بینیویەتی. ئاخر ستەم، ببووە کاری ئەو دەسەڵاتدارە داپڵۆسێنەرە. چونکە هەزاران چیرۆکی مرۆڤەکان هەن کە بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە، گیانیان لە دەست داوە. سەرهەڵدانەکانی ئەنادۆڵ بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی ڕاماڵدران. مێژوویی کۆماری تورکیا، تاریکترین بەشی مرۆڤایەتییە.
جەلادەت عەلی بەدرخان لە کتێبی مەکتوب بۆ ئەتاتورک دا دەڵێت: ” زیا گۆک ئاڵب گەورەترین پێغەمبەری تورکایەتییە. تەشکیلاتی زیا ڕێک گەڕاوە مەسقەت ڕەئسی بۆ سەر خاک و وەتەنی خۆی. لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستان دەست بە دروستکردنی، ناوەندی تورک ئۆجاکلاری و تورک یورتلاری کرا”.
زیا گۆک ئاڵب که‌ وه‌کو باوکی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورکی و ڕه‌وتی فاشیزمی تورکی ده‌ناسرێت. لە یەکێک لە پەرتوکەکانی دا بە ناونیشانی “پرێنسیپی تورک بوون”، که له‌ ساڵی 1919 دا له‌ چاپیکراوە. ئه‌و په‌رتوکه‌ ده‌بێن به‌ بنه‌ما بۆ زۆرینه‌ی فاشیسته‌کانی تورکی که‌ بۆ له‌ ناوبردنی کورد هه‌موو ڕێگەیەکیان گرتۆتەبەر.
له‌و په‌رتوکه‌ دا ده‌ڵێت: نه‌ته‌وه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ نین که‌ مێژوو، زمان یان کلتورێکی وه‌کهه‌ڤیان هه‌یه‌، به‌ڵکوو نه‌ته‌وه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ن که‌ په‌روه‌رده‌یه‌کی وه‌کهه‌ڤیان پێده‌گات. مه‌به‌ستی زیا گۆک ئاڵپ له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر کورد په‌روه‌رده‌یه‌کی وه‌ک تورکی پێبگات، ئه‌وکاته‌ کوردیش ده‌بێته‌ تورک.‌ ڕوانگه‌ی زیا گۆک ئاڵب گوزاره‌ له‌ ڕاستی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورک دەکات. له‌ ناو لێکدانه‌وه‌ و هزری فاشیستی تورکدا، کوردبون ده‌شۆرێته‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی که‌ کورد، په‌روه‌رده‌یه‌کی وه‌کو تورکی پێ بگات!
پەرتوکەکانی وەکو کتێبی پیرۆز دەخوێنران لە تورکیا، هەموو فاشیستە تورکەکان لەسەر کتێبەکانی ئەو گۆشکراون. نووسینەکانی وەک شیر دراون بە سەرباز و سیاسییە فاشیستەکانی تورک. ئایدیۆلۆژیای حکومەتی تورکی مستەفا کەمال ئەتاتورک، لەسەر بنەمای کتێبەکانی زیا گوک ئاڵب دامەزراون. داهێنەری چەمکی ”تورکایەتی” و ”تورکی کێوی” کە مەبەست لە کورد بوو، کە بە کوردیان دەگوت: تورکی کێوی.
مەبەست لە تێزی ئاوێتەکردنی تورکیی _ ئیسلامی، ئەو تێزەیە کە پاش کودەتا سامناکەکەی 12ی ئەیلولی 1980 لەلایەن گەورە ژەنەڕاڵەکانی سوپا و ئەنجامدەرانی کودەتاوە پێشنیارکرایەوە، لەلایەک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هزرییەی، کە لەو قۆناغە دا هاتبووە ئاراوە، بەهۆی گەشەکردنی هزری چەپ و ئیسلامی سیاسی و جوڵانەوەی نەتەوەیی کورد. لەلایەکی دیکەوە لەبەر لاوازی هزری کەمالیزم.
ئەگەرچی ڕەگ و ڕیشەی ئەم تێزە بۆ هەندێک سەردەمی دەوڵەتی عوسمانلی دەگەڕێتەوە، بەڵام دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیتیحاد و تەرەقییەکان و سەردەمی شەڕی سەربەخۆیی ساڵی 1923 دا و دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و پاشتریش لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەیی ڕابردوو دا باشتر گەڵاڵە کرا، تا لە ساڵانی هەشتاکان جارێکیتر دەرفەتی بۆ ڕەخسا بێتەوە نێو کایەی سیاسی و فەرمانڕەوایی لە تورکیا. کاتێکیش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، یەکێک لەو نەتەوانەی، کە لە دژی بەکارهێنرا کورد و جوڵانەوە ڕزگاریخواییەکەی بوو، بەهۆی ئاڕاستە چەپ و سەربەخۆخوازییەکەی.
ئەم تێزە لە چەند بوارێک دا پیادەکرا، بەڵام دژ بە کورد زیاتر لە فەزای کۆمەڵایەتی و تایەفی و سیاسی و سەربازی دا پیادەکرا. دوای کودەتا سامناکەکەی 12ی ئەیلولی 1980عیسایی پیادەکردنی تێزی ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی دژی جوڵانەوەی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان، بریتی بوو لە دژایەتیکردنی سیاسی پارتەکە بە ئامڕازە ئایینییەکان و لەولاشەوە بەرەنگاربوونەوەی بەشێوازی چەکداری و بەدیاریکراوی دامەزراندنی چەکداری بە ناوی حیزبوڵا، کە زیاتر لە ناوچە کوردنشینەکانی باکوری کوردستان دا ئەندام و هەژموونی هەبوو، لەبەرئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕۆژی 15ی ئابی 1984 دا خەباتی چەکداری لە ناوچەکانی هەکاری و شرناخ دژ بە تورکیا بە چەند کردەیەکی چەکداری ڕاگەیاند. لەبەرئەوە تورکیا دەیویست بەشێوازی چەکداریش ڕووبەڕووی ببێتەوە.
پێشوەختە لە ڕووی سیاسییەوە و لەلایەن حکومەتی تورکیاوە هەر ساڵێک دوای کودەتا و لە ساڵی 1981 دا لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی بە شێک بە ناوی (بەشی ئیرشاد) کرایەوە، لە پێناوی دژایەتیکردنی جوڵانەوەی نەتەوایەتی کورد لە ناوچەکانی باکوری کوردستان. هەر لەو دەمەدا ئەو شەبە بەشێوەیەکی ڕێکخراو هەڵدەستا بە ڕێکخستنی کۆڕ و سیمینار لەو ناوچانە، بەمەبەستی شرۆڤەکردنی مەترسیەکانی پەکەکە و ئایدۆلۆژیا مارکسییەکەی. هەروەها لە ڕووی چەکداریشەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی پەکەکە، حکومەت هەستا بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی چەکداریی بە ناوی حیزبوڵڵا کە ئامانجی حکومەت لە مەدا تەوقدان و گەمارۆدانی جوڵانەوەی کوردی بوو.

* چۆنێتی دامەزراندنی (حیزبوڵا – هودا پار) و کردەوە تیرۆرکارییەکانیان
(حزبوڵا/ هوداپار – Hüda Par) ناسراو بە (حزبی کۆنترا). پارتێکی ئیسلامی سوننی کوردیی کۆنتراییە، لەلایەن (محەمەد حوسێن يڵماز) لە 17ی کانوونی یەکەم 2012 دامەزرا.
هودا پار بەرماوەی حزبوڵای تورکیایە، پارتێکی توندڕەوی دەمارگیرن، دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینیان تێکەڵکێش کردووە بۆ دژایەتی کورد، لەکاتێکدا خۆیان کوردن، بەڵام نوێنەرایەتی ئیسلامی ساختە و دەوڵەت دەکەن لە تورکیا، زەکەریا یاپجی ئۆغڵوو ئێستا سەرۆکی پارتەکەیە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ڕێگای تیرۆری ڕاستەوخۆوە نزیکەی 17هەزار کوردیان کۆمەڵکوژکرد لە باکووری کوردستان.
ساڵی 1979 شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی شانشاهی پەهلەوی سەرکەوت و دواتر کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕابەرایەتی خومەینی دامەزرا، ئیدی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی هەناردەکردنی هزی شۆڕشیان دەکرد.
باکوری کوردستان و تورکیاش بەدەرنەبوون لە دەرهاویشتە و کاریگەریەکانی هەناردەکردنی ئەو جۆرە شۆڕشە و لەوێش ڕەوتێکی ئیسلامی دروست بوو کە پاشتر وەک (حزبوڵڵا) ناسێنرا. لە ساڵانی 1979 و 1980دا، کتێبخانەی وەحدەتی شاری ئامەد کە خاوەنەکەی عەبدولوەهاب ئکنجی بوو، کرایە شوێنی رێکخستنی ئەو ڕەوتە. لە ساڵی 1981دا، فیدان گونگۆر کە خاوەن باگراوەندی ئیسلامیی سیاسیی بوو، کتێبخانەی مەنزیل-ی دامەزراند و ئەوێ کرایە شوێنی سەرەکی ڕێکخستن. لە 1982 کەسێکی دیکە بەناوی حوسێن وەلی ئۆغلو کە خەڵکی باتمان بوو، هەر لە ئامەد کتێبخانەی ئیلیم-ی کردەوە. ئیدی هەر دوو کتێبخانەکە بوونە ناوەندی ڕێکخستنکردن و کار و چالاکی سیاسی. زۆری نەخایاند گونگۆر و وەلی ئۆغلو بەجیا دەستیان دایە ڕێکخستن و وەردە ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە. بەوهۆیەوە حوسێن وەلی ئۆغلو کتێبخانەکەی لە ئامەد- ەوە گواستەوە بۆ باتمان. لە ساڵی 1987دا پەیڕەوانی کتێبخانەی ئیلیم بەفەرمی خۆیان وەک حزبوڵڵا رایگەیاند و بەکارهێنانی وشەی ئیلیمیان قەدەغە کرد. بەشێک لە پەیڕەوانی ئیلیم دژی ئەوە وەستانەوە و ئەوەش شەڕێکی چەکداری توندی لە نێوان ئیلیم و حزبوڵڵادا هێنایە ئاراوە.
لە باکوری کوردستان و تورکیا (پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە)ش، خۆی بەرێکخستن کردبوو و بە هەموو شار و ناوچەکاندا تەشەنەی کردبوو. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تێکۆشانی مەیدانی و جەماوەریەکەی گەیشتبووە لوتکە. لە زۆر شوێن سەرهەڵدانی جەماوەری هەبوو و ئامادەکاری بۆ سەرهەڵدانی مەزنتری سەرتاسەری دەکرا. ئەوەش ڕژێمی تورکیای تۆقاند. بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە، ڕژێم چەند رێکخستنێکی کۆنترای دروستکرد کە یەکێکیان دەزگای هەواڵگریی جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژیتەم)، بوو. ئیدی بە شێوازی بەرنامەبۆکراو کوشتنی وڵاتپارێزانی کورد دەستی پێکرد. ئەو کات لایەنگرانی کتێبخانەی ئیلیم بوونە جێی سەرنجی ژیتەم و لە رێگەی کەسێکەوە بەناوی (زەکەریا یاپجی ئۆغلو) کە ماوەیەک لە شاری ئیزمیز کۆماندۆی سوپا بووبوو و تێکەڵیشی لەگەڵ دەوڵەتی قوڵدا هەبوو، پەیوەندی لەگەڵیان دروست کرد. ناوبراو لە 15ی ئاداری 2023دا، لە تەلەفزیۆنێکی تورکیدا دانی بەو پەیوەندییەدا دانا بوو و پەسنی خۆشیدا بوو کە هەمیشە لە بەرەی دەوڵەتدا بووە.

حیزبوڵڵا و کوشتنی بکەرنادیار
ئیلیم، تاقمێکی چەکدار و کوژەر و درندە بوو. هەر لەبەرئەوە ڕژێمی تورک کەوتە بەکارهێنانی لە دژی پەکەکە و وڵاتپاریزانی کورد. ئەو تاقمە کە لە نێو کورداندا وەک حزبی کۆنترا و هاوکاری ژیتەم و دامودەزستگاکانی دیکەی دەوڵەت ناسرابوو، لە سەرتاسەری باکوری کوردستان هەزاران ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەوان، پێشەوەر و کەسایەتیی دیار و ناوداری ڕەشەکوژ کرد. پاش ئاشکرابوونی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دژە مرۆییە، هەندێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حوسێن وەلی ئۆغلو و سەر بە تاقمی ئیلیم، وەک نارەزایەتییەک جیابوونەوە. بەڵام ئەوانیش کرانە ئامانج و بەشێکیان ڕەشەکوژ و بێسەروشێن کران.
بەگوێرەی هەندێک بەڵگە، ئەندامانی دەستپێکی حزبوڵڵا، لە ئێران پەروەردەی سەربازی و هەواڵگریان بینیبوو. پاش ئەوەی کە ڕژێمی تورکیا بڕیار دەدات لە دژی پەکەکە بەکاریان بهێنێت، جارێکی دیکە ئەندامانیان لە ناوەندەکانی دەوڵەت دەخرێنەوە بەر پەروەردە و راهێنانی چڕی سەربازی، هەوڵگری و ئیدۆلۆژیک. لە رووی لۆجستیکیشەوە هەموو پشتیوانییەک دەکران و رێنوێنێ بە سەرجەم دامودەستگاکانی دەوڵەت درابوو تا هەموو جۆرە هاوکاریەک بکرێن.
لە 16ی شوباتی 1992دا، لە گۆڤاری “بەرەو 2000″دا بەم مانشێتە ئاماژەی پێدراوە: “ئەندامانی حزبوڵا لە ناوەندەکانی تیمە تایبەتەکانی سەر بە هەواڵگری سەربازی دەوڵەتی تورک کە بە چەڤیک ناسراون، پەروەردە دەکرێن”. دوو ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ئامادەکاری هەوڵەکە رۆژنامەوان هالیت گونگەن لە لایەن ئەو تاقمەوە کوژرا. جەنگیز ئاڵتوون، پەیامنێری رۆژنامەی یەنی ئولکە چەندین دۆسیەی لەسەر حزبوڵڵا بڵاوکردەوە بەکارهێنانی حزبی کۆنترا لەداهێنانی ئەو بوو. لەسەر ئەوەش لە ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 1992دا تیرۆر کرا.
لێکۆڵەر و رۆژنامەوان حافیز ئاکدەمیر، کە لە سەر حزبی- کۆنترا لە دۆسیەیەکی دەکۆڵییەوە، لە 8ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، لە ئامەد لە لایەن ئەو تاقمەوە تیرۆر کرا. لە 20ی نۆڤەمبەری ساڵی 1992دا، هەر لە شاری ئامەد، نامیق ترانجی، بەرپرسیاری گۆڤاری گەرچەک کاتێک دەچووە نوسینگەی گۆڤارەکەی، لە لایەن هەمان تاقمەوە تیرۆ کرا. هۆکاری تیرۆرکردنەکەشی بڵاوکردنەوەی دۆسییەک بوو سەبارەت بە تاوانەکانی ئەو تاقمە و پەیوەندیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک. بەگوێرەی دۆسیە و هەواڵ گەلیکی هاوپێج بە بەبەڵگە کە رۆژنامەوانان لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاویان کردنەوە، حزبی- کۆنترا، بەر لە بەئامانجگرتنی کەسێک، لە لایەن ئۆرگانەکانی دەوڵەتەوە هاوکاری کراون و زانیاریان پێدراوە. لە سەر چۆنیەتیی بە ئامانجگرتن و کوشتن یان بێسەروشوێنکردنی کەسەکان و پەردەپۆشکردن و بەلاڕێدابردنی تاوانەکەش لەگەڵ دەوڵەتدا هەماهەنگیان هەبووە. زۆربەی جاریش تاوانەکان بە ئاشکرا ئەنجام دەدران و ئەنجامدەرانیشیان دیار بوون. هەر لەبەرئەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە دەستیگر دەکران، بەڵام لە چەند کاتژمێرێک زیاتر لەلایان نەدەمانەوە و بە دەستێوەردانی دەوڵەت ئازاد دەکران.
یاشار کەمال لە کتێبی (هاواری من) دا دەڵێت: لەو چەژنی نەورۆزەی کورد سێ هەزار ساڵە یادی دەکاتەوە، لە یەکێک لە نەورۆزەکان دا، سەرباز بێ ئەوەی گوێ بە گەورە و بچوک بدات، نزیکەی سەد کەسی لەو مرۆڤانە تیرۆر کرد، کە هێشتا جلی جەژنیان لە بەردا بوو، کەس باوەڕ بەوە ناکات چەند گوندی کورد سوتێنران و چەند شار خاپور کرا و چەند تاوانی بکەرنادیار ئەنجام درا.
حزبوڵڵا کە دواتر وەک هوداپار خۆی ناساند، سەرەتا کەسەکانی ڕووبەڕووی سوکایەتیی و ئەشکەنجەی دژوار دەکردەوە و پاشان زۆر دڕندانە و بە ئازارەوە دەیکوشتن و بە دەمانچەی ماکارۆڤ گولـلەیەکیشان بە ناوەڕاستی چاڵایی پشتملیانەوە دەنا، کە ئەوەش ببووە هێمایەک بۆ ناسینەوە تاوانەکانی ئەو تاقمە. تاقمەکە مزگەوتەکانیان وەک مۆڵگە و ناوەندی کارە چەپەڵ و دژ مرۆییەکانیان بەکاردەهێنا و لە پاش ئەنجامدانی هەر تاوانێک لە ناویاندا خۆیان حەشار دەدا. تاقمەکە زۆر جار بەڕۆژی ڕووناک و بەبەرچاوی خەڵک و هێزە ئەمنیەکانەوە تاوانەکانی بە ساتور و چەک ئەنجام دەدا. لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان هیچ پەرچە کردارێکیان نەدەنواند. دوای ئەوەی قوربانییەکان تەسفیە دەکران دەخرانە ژێر خاکەوە و بە چیمەنتۆ دادەپۆشران. سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت هەموو ئۆرگانەکانی خستبووە خزمەتییانەوە، بەڵام هەندێک جار تاوانەکانی هوداپار هێندە دڕندانە و ئاشکرا بوون، نەدەکرا بکەرانیان دەستگیر و دادگایی نەکرێن. لە هەندێک لەو دادگایانەدا ئەندامانی ئەو تاقمە بەشانازییەوە ئەنجامدانی تاوانەکانیان دەگرتە ئەستۆ و لەسەر بنەمای ئەوەش زۆر گۆڕ هەڵدرانەوە کە قوربانییەکانی نێویان بە شێوازی نامرۆڤانە لە ناوبرابوون.
حزبوڵڵا یان هوداپار لە ناو خەڵکدا ئەندامەکانی وەک پەلەپیتکەکێشی دەوڵەت بەناو دەکران. دەوڵەتی قوڵ و ئۆرگانەکانی هەرچەندەش هەوڵیاندەدا پەردەپۆشی تاوانەکانیان بکەن و نەبنە رۆژەڤی ڕای گشتیی و حکومەت، بەلام گەورەیی قەبارەی تاوانەکان ڕێگر بوو لەوە. عارف دۆغان، دامەزرێنەری (ژیتەم)، وتبوی: حوسەین وەلی ئۆغلوو بە پشتیوانی من حزبوڵڵای دامەزراند و بەرێوەشیبردوە. ئەوەش هێندەی دیکە پەیوەدنی ئەو تاقمە تاوانکارە و دەوڵەتی قوڵی کردەوە بە ڕۆژەڤ. دانپێدانانەکان لەوەش زیاتر چوون. عیسمەت سەزگین، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتی تورکیا و وتی: ئێمە حزبوڵڵامان لە دژی پەکەکە دروست کرد.

حیزبوڵڵا و دادگا
هەموو ئەوانەش وای کرد تا حزبوڵڵا ببێتە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچاوانی دەسەڵاتدارانی تورکیاوە. لەبەرئەوە دەیانویست هەر چۆنێک بووە خۆیانی لێقوتار بکەن. لە پاش پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی دژ بە عەبدوڵڵا ئۆجالان و بەتایبەتیش لە دوای ساڵی (2000)ەوە، تێکۆشانی پەکەکە دەربازی قۆناغێکی دیکە بوو. دەوڵەت پێویستی بە حزبوڵڵا نەمابوو و وردە وردە سەرچاوەی دارایی و هاوکارییەکانی دەبڕین. هەر لەبەرئەوە ئەو تاقمە بۆ بەدەستخستنی پارە، دەستی دایە چەتەگەری و رفاندنی هاوڵاتیان و باج و سەرانە سەندن لە خەڵکی. لەو چوارچێوەیەدا لە شاری ئەستەنبوڵ ژمارەیەک بەرپرس و کارمەندنی دەوڵەتیان ڕفاند و لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا پارەیەکی زۆریان وەک سەرانە لە کەسوکاریان و دەوڵەت وەرگرت. ئەوەش دەوڵەتی ناچار کرد لە ساڵی 2000 دا لە ئەستنبوڵ ئۆپەراسیۆنێک لەدژیان ئەنجام بدات کە لە میانیدا حوسەین وەلی ئۆغلو سەرکردەی تاقمی حزبوڵڵا کوژرا و ئەدیب گوموش و جەمال توتار دوو لە گەورە بەرپرسانی ئەو تاقمەکەش دەستگیر کران. ئیدی لە سەرتاسەری تورکیا هەڵمەتی دەستگیرکردن و ڕاوەدونانی بەرپرسان و ئەندامانی حزبوڵڵا دەستی پێکرد و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکران و دانیان نا بە هەزاران تاوان و چارەنوسی سەدان کەسی بێسەروشوێنکراویش ڕوونبوویەوە. ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ و کەسیی و ناوەندی ئەنجامدانی تاوان و ئەشکەنجەدانی ئەو تاقمەش ئاشکرا بوون.
دۆسییەی لێکۆڵێنەوە و دادگاییکردنی ئەندامانی تاقمی حزبوڵڵا 9 ساڵی خایاند و لە ساڵی 2009دا کۆتایی پێهێنرا. لە ژێر گوشاری ڕای گشتیی دا، زۆرێک لە بەرپرسان و ئەندامانی ئەو تاقمە سزای زیندانی قورسیان بۆ بڕایەوە. بەڵام ساڵی 2011دا بەشێک لە دەستوری تورکیا هەموارکرایەوە و ئەوەش ئازادکردنی 25 لە سەران و ئەندامانی کارای حزبی- کۆنترای بەدوادا هات کە دەستیان سوربوو بە خوێنی سەدان کەس.

حیزبوڵڵا – هوداپار
بەشێکی دیکە لە ئەندامانی حزبوڵڵا لە چوارچێوەی پارتێک بەناوی هودا-پار خۆیان ڕێکخستەوە کە لەلایەن دەوڵەتەوە وەک درێژکراوەی تاقمی ئیلیم دەبینرا و یەکەمین سەرۆکیشی پارێزەر (محەمەد حوسەین یاڵماز) بوو کە لە دادگاکان دا پارێزەری بۆ ئەندامە تاوانبارەکانی حزبوڵڵا کرد بوو. ناوبرا لە ساڵی 2007ـەوە تا 2010، سەرۆکی کۆمەڵەی توندەڕەوی مەستەزعەف- دەر بوو کە لە ساڵی 2010دا لە لایەن دەوڵەتەوە قەدەغە کرا. لە 28ی حوزەیرانی ساڵی 2013دا، (زەکەریا یاپیجی ئۆغلو) پارێزەرێکی دیکەی دۆزی حزبوڵڵا بە سەرۆکی هودا- پار هەڵبژرێردرا. هەموو ئەمانەش وای کرد، گەلی کورد وەک حزبوڵڵا لە هودا- پار بڕوانێت.
لە باکوری کوردستان و تورکیادا هەمووان دەیانزانی کە دامەزارندنی هودا- پار لە چوارچێوەی پیلانێکی ڕژێمی تورکیادایە کە بە (پلانی چۆکدادان) ناسراوە و لە ساڵی 2012دا کاری بۆکراوە. پیلانەکەش بەو شێوەیە بوو هودا- پار وەک پارتێکی ئیسلامیی نیشانی کۆمەڵگەی کوردی بدرێت و سۆزیانی بۆ رابکشێن و لە دژی پەکەکە و تەڤگەری ئازادی کوردستان بەکاری بهێنن. ئەمەش لە چوارچێوەی پیادەکردنی تیۆری ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی. بەڵام هەر لە دەستپێکەوە دەستەکەی دەوڵەت و حزبوڵڵا لە لای کورد ئاشکرا بوو و بەڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێت خەڵکیان پێی فریوو نەدرا. چونکە هەمووان باش دەیانزانی هودار- پار و ڕژێمی تورک دوو ڕووی یەک دراون. ئەوەش لە سەرهەڵدانی ڕۆژانی “6- 7- 8″ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2014دا باشتر دەرکەوت کە بە سەرهەڵدانی کۆبانێ بەناوبانگ بوو، تێیدا چەتەکانی هوداپار و هێزەکانی ڕژێم هێرشیان کردە سەر گەلی سەرهەڵدێری باکور و 43 وڵاتپاریزیان شەهید کرد و دەیانی دیکەشیان بریندارکرد، زیاتر لە دوو هەزار کەسیشیان دەستگیر و زیندانی کرد.
هودا-پار خۆی لە چێوارچێوەی پیادەکردنی تیۆری تورکی – ئیسلامی دا دامەزرا بوو، بەڵام واخۆی نیشان دەدا کە دژی ئاکەپە-ن و بۆ خەڵەتاندنی خەڵک کەسایەتیی و هێما ئایینیەکانی کوردیان بەکار دەهێنا، لەوانە: شێخ سەعیدی پیران. بەڵام هەرگیز خۆیان لە قەرەی لایەنە نەتەوەییەکەی ئەو کەسایەتیی و هێمایانەی کورد نەدەدا.
لە دوای کودەتاکەی شەوی 15 لە سەر 16ی تەمووزی ساڵی 2016ی تورکیا، ئیدی هودا-پار دەربازی قۆناغێکی نوێ بوو و بە ئاشکرا چووە بەرەی ئاکەپە-وە و لە هەر شوێن و بۆنەیەک پشتیوانی بۆ پارتەکەی ئەردۆغان دووپات دەکردەوە. لە بەرامبەریشدا، ئاکەپە هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەت و میدیاکانیانی خستە خزمەتی هودا-پار-وە و سەرانی ئەو رێکخستنە کۆنترایەش ڕاستەڕاست کەوتنە دژایەتیی جوڵانەوەی کوردی و بەبێ سڵەمینەوە بەرگریان لە تاوانەکانی سەردەمی حزبوڵڵاش دەکرد.

هوداپار و هەڵبژاردن
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی حوزەیرانی 2018، سەرەڕای ساختە، کڕینی دەنگ و بەخشینەوە پارە، 157 هەزار و 324 دەنگی بەدەستهێنابوو، کە دەیکردە لە سەدا سفر و کۆما سی و یەکی “0.31%”ی دەنگەکانی تورکیا.
لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری ساڵی 2019شدا، هودا- پار پشتیوانی لە ئاکەپە کرد. لە بەرامبەر ئەوەشدا ئاکەپە لە 2019 تا 2022 سەدان تاوانباری حزبوڵای ئازاد کرد کە دەستیان بەخۆینی ڕۆڵەکانی کورد سوربوو. بەو شێوەیە زیندانەکان لە تاوانبارانی ئەو تاقمە خاڵی کرانەوە.
لە هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا لە 14 /5/ 2023 لە هاوپەیمانی جمهوری لەگەڵ ئاکپارتی، مەهەپە، سەرلەنوێ رەفاهـ و پارتی یەکێتی گەورە دا پێکهێنا و بۆ سەرۆکایەتی تورکیاش دەنگیان دا بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. ڕێژەیی لایەنگر و دەنگی لە نێوان 0.5% بۆ 1%ە لە ناوچەكانی باكوری كوردستان، لایەنگرانیشی لە خەڵكە كۆنەپارێزە ئیسلامییەكانی باكوری كوردستانە كە دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانن. وەک پاداشتێک بۆ ئەوە لە 3ی ئایاری 2023دا، محەمەد ئەمین ئاکسۆی. ئەندامی باڵای هوداپار و تاوانبار بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی، بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی لەلایەن ئەردۆغانەوە بەبیانوی چوونە تەمەنەوە ئازاد کرا.
تائێستا ئەو تاقمە بەشداریی لە چوار هەڵبژاردندا کردوە، وێرای ئەوەی هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەت خراوەنەتە خزمەتیەوە، بەڵام نەیتوانیوە یەک کاندیدیش ڕەوانەی پەرلەمان بکات.
کۆماری تورکیا لە ڕێگەی سوپا و ئاسایش و جەندرمە و میت و حیزبوڵڵا و گوندپارێزەوە، تیرۆرکاریی و هۆڤیەتیان ئەنجامدا، هەزاران گوندیان سوتاند، هەزاران تاوانی زکەرنادیاریان ئەنجامدا، بە هەزاران پیر و گەنج و ژن و منداڵیان کوشت، دواتر دەیانگوت پەکەکە ئەوانی کوشت!〝.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت