ئومید ناسح جیهانی: سیستمی نۆکەری (گوندپارێز – کۆروجوو)، لە چوارچێوەی پیادەکردنی تێزی ئاوێتەکردنی تورکی + ئیسلامی – بەشی دووەم.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
تورکیا بە شێوەیەکی ئاسایی سیاسەتی تیرۆری دەوڵەت لە باکوری کوردستان پیادە دەکات، چونکە کۆماری تورکیا تەنها سیاسەتی تیرۆری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەیە. تورکیا بۆ ئەوەی کەوس نەوێرێت ووشەی (کورد) بەکاربهێنێت و داوای مافە نەتەوایەتی و دیموکراتییەکان کورد بکات بەردەوام سیاسەتی سەرکوتکردن پیادە دەکات. تورکیا لۆجیکی سیستمی سزادان و تۆقاندن تەنها دژی ئەو کەسانە بەکارناهێنێت کە قسە لە سەر کێشەی کوزد دەکەن و بەشداری جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەکەن، بەڵکو خێزان و گوند و خێڵەکانیش دەگرێتەوە، لەبەرئەوە بەمشێوەیە ناچاریان دەکەن گرنگی بە کێشەی کورد نەدەن.
یەکێک لەو ڕێگەیانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی تیرۆر و پیادەکردنی تێزی ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەکاریهێنا سیستمی نۆکەری گوندپارێز یان پاسەوانی گوند بوو. لە ڕاستیدا دەزگای گوندپارێز ناوێکی دییه بۆ پڕۆسەی لە ناوبردنی کورد بە دەستی کورد لە باکوری کوردستان.
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە گوندی (فیس)ی سەر بە قەزای (لیجە)ی شاری ئامەدی باکووری کوردستان دامەزرا.
لە ساڵی (1979) دا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دا، لە شارەکانی حیلوان و باتمان لایەنگرانی پەکەکە لە هەڵبژاردنەکان دا سەردەکەون. بەڵام دوای (٣) مانگ سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانی باتمان (ئەدیب سۆڵماز) لەلایەن دەوڵەتەوە تیرۆر دەکرێت.
وەکو وەڵامێکی بۆ دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان، دەوڵەتی تورکیا (کۆمەڵکوژیی مەرعەش)ی ئەنجام دا، لەو کۆمەڵکوژییە دا بە سەدان کەس کوژران، هەروەها شانبەشانی ئەو کۆمەڵکوژییە حوکمی عورفی (ڕەوشی ئاوارتە) له (13)”پارێزگا کە (10)یان لە باکوری کوردستان بوو ڕاگەیەندرا.
تێزی ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی لە چەند بوارێک دا پیادەکرا، بەڵام دژ بە کورد زیاتر لە فەزای کۆمەڵایەتی و تایەفی و سیاسی و سەربازی دا پیادەکرا. دوای کودەتا سامناکەکەی 12ی ئەیلولی 1980عیسایی پیادەکردنی تێزی ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی دژی جوڵانەوەی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان، بریتی بوو لە دژایەتیکردنی سیاسی پارتەکە بە ئامڕازە ئایینییەکان و لەولاشەوە بەرەنگاربوونەوەی بەشێوازی چەکداری و بەدیاریکراوی دامەزراندنی چەکداری بە ناوی حیزبوڵا و دامەزراندنی سیستمی نۆکەری و جاشایەتی گوندپارێز.
لە (12/ 9/ 1980)دا کودەتایەکی سەربازی لە تورکیا ئەنجام درا و بە هەزاران کەسی سڤیل کوژران و هەزاران کەسی دیکەش خرانە زیندانەوە و بڕیاری داخستنی سەرجەم پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و تەواوی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان درا و حوکمی سەربازی دەسەڵاتدار بوو. هەروەها تەواوی تورکیا و باکوری کوردستان کەوتە ژێر حوکمی عورفییەوە. لەو هەڵمەتە دا بە سەدان کادیری و هەزاران لایەنگری پەکەکە و کەسانی ووڵاتپارێز دەستگیر کران.
لە (15ی تموزی ساڵی 1981)دا یەکەمین کۆنفرانسی پەکەکە لە لوبنان ئەنجام دەدرێت و تێیدا بڕیاری گەڕانەوە بۆ ووڵات و ئامادەکاری بۆ دەستکردن بە خەباتی پڕوپاگەندەیی چەکداری و دەستکردن بە تێکۆشانی چەکداری دەدرێت.
لە 20ی ئابی 1982 دا لە لوبنان دووەمین کۆنگرەی پەکەکە ئەنجام دەدرێت و بڕیاری گەڕانەوە بۆ باکوری کوردستان و دەستکردن بە تێکۆشانی چەکداری دەدرێت، دواتر گروپ گروپ ئەندامانی پەکەکە دەگەڕێنەوە بۆ باکوری کوردستان.
لە ساڵانی (1982 – 1984) دا چەندین گروپ و یەکینەی گەریلایی بەرەو باکوری کوردستان دەگەڕێنەوە و لە سەر سنوری نێوان باکور – باشوری کوردستان جێگیر دەبن و دەست بە پڕوپاگەندەی چەکداری دەکەن و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چەکداری لە باکوری کوردستان دەکەن.
لە ١٥ی ئابی 1984دا دوای ئامادەکارییەکی چڕوپڕ بە فەرماندەیی و سەرپەرشتی هەڤاڵ عەگید (مەعسوم قۆرقماز) لە شارۆچکەکانی “ئەروه – شەمزینان” هەڵمەتی چەکداری دەسپێدەکات و یەکەم فیشەک دەتەقێندرێت. بەمەش تێکۆشانی چەکداری پەکەکە دەستپێدەکات و قەڵەمبازێکی مێژوویی لە مێژوویی پەکەکە و گەلی کورد لە باکوری کوردستان دەهاوێژرێت. هەروەها لەگەڵ ئەو هەڵمەتەدا (هێزی ڕزگاری کوردستان – HRK) ڕادەگەیەنرێت.
یاشار کەمال دەڵێت: 〞کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی بتوانێ بە ئاسانی و بە زوویی بەسەر گەریلا دا سەرکەوێت، هێزێکی بە ناوی (گوندپارێز- کۆروجوو) دروست کرد.
ساڵی 1985واتە یەک ساڵ دوای ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداری لە باکوری کوردستان دا، حکومەتی تورکیا سیستمێکی جاشایەتی بە ناوی پارێزەرانی گوند (گوند پارێز) پێکهێنا بۆ یارمەتیدانی سوپایی تورکیا لە شەڕیان دژی گەریلاکانی پەکەکە. بەھۆی گەورەبوونەوەی کار و چالاکییەکانی پەکەکە، سوپایی تورکیا ھەڵمەتێکی لە دژی ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە دەستپێکرد، لەو ھەڵمەتانەی سوپای تورکیا دا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و کادیرە پێشکەوتووەکانی پەکەکە دەستگیرکران، یان کوژران.
تورکیا پێی وابوو پاسەوانی گوند باشترین شێوازە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیژگەریلا. دەوڵەت گوندنشینە کوردییەکانی چەکدار دەکرد. زۆرجار جوتیاران بە زۆر دەکرێن بە پاسەوانی گوند. دەوڵەت بە شێوازی جۆراوجۆر پشتگیری لەو دەزگایە دەکات بۆ ئەوەی میللەت بکات بە پاسەوانی گوند (گوندپارێز – کۆروجوو). پاسەوانی گوند لە پاڵ موچەی نۆکەرییەکەی خەڵاتی ماددی و مەعنەوی دەکرێت و دەوڵەت بەرامبەر بە تەسلیم کردنی سەر هەر گەریلایەک بە هەزاران لیرە خەڵات دەکات و بەهای خەڵاتەکەش بە پێی گرنگی گەریلاکە و پلەی سەرکردایەتی لە ناو ڕێکخراوەکەی دەگۆڕێت.
دەوڵەت بۆ ئەوەی پێویستییەکانی بە پاسەوانی گوند مسۆگەر بکات و ژمارەیان زیاد بکات مامەڵە لەگەڵ زیندانییەکان دەکات، بە تایبەتی ئەوانەی بە تاوانی کوشتن حوکمدراون، دەوڵەت بەڵێنی بەردانیان پێدەدات ئەگەر ئامادەگی دژایەتیکردنی پارتی کرێکارانی کوردستانیان تیادا هەبێت، بەڵام ئەگەر لە دەستی دادگا ڕایانکردبێت ئەوا دەوڵەت بەڵێنیان پێدەدات نەیانگرێت و دۆسیەکەشیان دابخات. فەرمانبەرە گەورەکانی دەوڵەت و سەرۆک خێڵەکان دەربارەی ئەم بابەتە گفتوگۆی جدییان لەگەڵ تاوانباران دەکرد و ئەگەر ئەو گفتوگۆیانەیان کۆتایی بە ڕێکەوتن بهاتایە یەکسەر بە پاسەوانی گوند ناونوسیان دەکردن. بەمشێوەیە ساڵی 1985 گەلێک لە تاوانبارە گەورەکان کران بە گوندپارێز. بۆ نمونە ساڵی 1975 (تایەر ئادیامانی) سەرۆکی خێڵی ژێرکی لە بەیتولشەباب، بە بۆنەی خەتەنەکردنی کوڕەکەی ئاهەنگکی سازکرد. لە کاتی ئاهەنگەکە دەمەقاڵەیەک لە نێوان (تایەر ئادیامانی) و بریکاری پارێزگار و نوێنەری دادگای گشتی ڕوودەدات، بریکاری پارێزگا لە بەردەم ژمارەیەک لە ئەندامانی خێڵەکەی زللەیەک لە تایەر ئادیامان دەدات، دوابەدوای ئەو ڕووداوە لە هەموو لایەکەوە تەقە لە بریکاری و دەستەکەی دەکرێت و لە ئەنجامدا (6) جەندرمە دەکوژرێت و بریکاری پارێزگار و نوێنەری دادگای گشتی ڕادەکەن و خێڵی ژێرکی-یش دەچنە شاخ و ماوەی (10)ساڵ لە شاخ دەمێننەوە، بەڵام لە ئایاری ساڵی 1985 دا گەڕانەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، دوای ئەوەی ڕێکەوتن لە سەر ئەوەی تاوانبارانی ڕووداوەکە بکەن بە پاسەوانی گوند.
دەزگای پاسەوانی گوند یەکێکە لە میکانیزمە مەزنەکانی تیرۆر و سەرکوتکردن. لە هەندێک ناوچە پۆلیس و جەندرمە و سوپا، گیراوەکان ڕادەستی پاسەوانی گوند دەکەن، چونکە لە سەر دەستی ئەوان دزێوترین و دڵڕەقانەترین جۆری ئەشکەنجە دەدرێن. بۆ نمونە لوت و گوێیان دەبڕن و چاویان هەڵدەکۆڵن و لاشەکانیان پارچە پارچە دەکەن. ئەرکی پاسەوانی گوند بە پلەی یەکەم ترساندن و تۆقاندنی میللەتە بۆ ئەوەی ڕێگە لە پێداویستییەکانی بەردەوام بوون و چالاکی گەریلا بگرن.
یاشار کەمال لە کتێبی (هاواری من) دا دەڵێت: 〞بەشێکی گوندنشینەکان بۆ ئەوەی نەبنە گوندپارێز و لەگەڵ حکومەت کار بکەن، جێهێشتنی لادێکانیان هەڵبژارد و بە ناچاری بەرەو شارەکان کۆچیان کرد. چونکە بۆ ئەوە ناچار بوون، لەبەر ئەوەی دەوڵەت لادێکانیانی بە شینایی و دار فستق و دارمێوەکان بەیەکەوە خستە بەر ڕەحمەتی گڵپەی ئاگر و ئاژەڵەکانیان مردار دەکردنەوە. ئەو ملیۆنان کوردەی نەبوونە گوندپارێز، خاک و خۆڵ و ماڵ و موڵک و باخ و باخچەیان لەلایەن گوندپارێزەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا. دەزانن لەبەر چی گوندەکان خاپور دەکران و دەسوتێنران؟ بۆ ئەوەی گەریلا خۆیان لێ حەشار نەدەن و خواردنیان لێ دەست نەکەوێت! بۆ نمونە والی دیلۆک هەواڵی سووتاندنی دارستانی ناوچەی ئیسلاحییەی پێدەگات، بەرەو شوێنی ئاگرەکە دەکەوێتە ڕێ. لەگەڵ گەیشتنی باوەڕ بە چاوەکانی ناکات و دەبینێت دارستانەکە داری ساغی نەماوە و هەمووی بووتە خەڵوز، بەڵام بۆ ئەوان ڕووداوێکی دڵخۆشکەر ڕووی دابوو. لەگەڵ سووتانی دارستانەکە یازدە گەریلاش سووتا بوون. والی تەواوی ڕووداوەکەی پێخۆش بوو، چونکە وەکو ئەوە بوو بڵێت: 〞یەک لە ئێمە و یە لە ئێوە!〝. گرنک ئەوەیە یازدە گەریلا سوتاون!〝. هەروەها دەڵێت: 〞کۆماری تورکیا بە هەزاران پیر و گەنج و ژن و منداڵیان کوشت، دواتر دەیانگوت: پەکەکە ئەوانی کوشت!〝.
دەوڵەت بە هۆی توانا مادییەکانەوە دەتوانێت خەڵکانێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و موچەی مانگانەیان پێبدات و خەڵاتی مادی و مەعنەوییان بکات. بەشێک لە سەرکەوتنەکانی دەوڵەت لە دروستکردنی گوند پارێز جگە لەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری ئایینی گەلی کورد و پیدەکردنی تیۆری ئاوێتەکردنی تورکی – ئیسلامی، دەگەڕێتەوە بۆ بەربڵاویی ئاستی بێکاری خەڵک و هەلومەرجی ژیان و گرانی گوزەران لە باکوری کوردستان دا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەوڵەت چەکی بەسەر زۆرێک لە جوتیاران دا دابەشکردوە و زۆر بە ئاسانی کردونی بە گوندپارێز – کۆروجوو.
لەگەڵ ئەوەی پاسەوانانی گوند نۆکەر و جاشن و ڕۆڵی خراپیان لە تیرۆرکاری و سەرکوتکردنی میللەتی کورد دا گێڕاوە، بەڵام نۆکەرانی گوندپارێز لە لایەن دەوڵەتەوە دەخرێنە ژێر چاودێرییەکی وردەوە، چونکە زانیاری زۆریان لە سەر کردەوە نایاساییەکان و ئەشکەنجەدان و قەتڵوعامەکانی هێزەکانی ئاسایش و شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەیە، لەبەرئەوە هەمیشە لە لایەن دەوڵەتەوە هەڕەشەی لە ناوبردنیان دەکرێت. پاسەوانانی گوند زانیارییان لە سەر قەتڵوعامەکانی دەوڵەت هەیە، ئەکهر ئاشکراکردنی پیلانگێڕییەکانی دەوڵەت لە ئارادایە، لەبەرئەوە دەوڵەت دژی ئەو کەسانەی زانیارییان لە سەر نهێنییەکانی هەیە پشت بە سیاسەتی پاکتاوکردن دەبەستێت.
ژمارەی نۆکەرەکانی ئەو سیستمە جاشایەتیەیی دەوڵەتی تورک ئەوەندە پەرەی پێدرا کە لە کۆتایی ساڵی 1993 دا وەکو ئەوەی یاشار کەمال دەڵێت: 〞ژمارەی ئەوانەی پێیان دەڵێن: کۆرووجوو – گوندپارێز ژمارەیان لە حەفتا هەزار تێپەڕیوە〝. پاش دوو ساڵ لە دروستکردنی ئەم سیستمە جاشایەتییە، حکومەتی تورکیا لە ساڵی 1978دا ویلایەتەکانی (بتلیس و نینگۆڵ و باتمان و دیاربەکر و هەکاری و ماردین و سیرت و شڕناخ و دێرسیم و وان)ی خستە ناو چوارچێوەی باری نائاساییەوە و بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری هەموو ئەو ویلایەتانە کاربەدەستێکی دەسەڵاتداری دیاریکرد و ئەم بارە تا کۆتاییهاتنی هەشتاکان هەر بەو جۆرە مایەوە. ئیدی لە ساڵی 1990 دا حکومەتی تورکیا حاکمێکی سەربازی بۆ باکوری کوردستان دانا کە بارەگاکەی لە شاری ئاماد بوو، هەر لەو ساڵەدا پشێوییەکی زۆر سەرتاسەری ناوچە باکوری کوردستانی گرتەوە و ئەمەش هێزەکانی تورکیای هاندا بکەونە وێزەی خەڵک، لە شاری شڕناح سەربازانی تورک کاری وەها دڕندانەیان ئەنجام دا کە بووە مایەی چۆڵ بوونی شارەکە له دانیشتوان.
یاشار کەمال لە کتێبی (هاواری من) دا دەڵێت: کۆماری تورکیا دەستی بەوە کرد، هەموو کورد بکاتە جاشی خۆی. ئەوانەی نەیاندەویست ببنە گوندپارێز و جاش و نۆکەر، دەخرانە ژێر قەتارەیەک ئەشکەنجەی قورس و نەبڕاوە. لەوەش زیاتر، کاتێک بە ئەشکەنجەش ئەوانەی بۆ نەهاتە ڕایێ، بڕیاری دەستگیرکردنی دان و کوشتنی. دواتر لە ڕێگەی کۆنترا گەریلاوە، تاوانی بکەرنادیاری دەستپێکرد. (1800)تاوانی بکەرنادیار ئەنجامدراون، ئەو ژمارەیەش بەرامبەر کەسانی دیار و ناسراو و پێشەنگان و ڕوناکبیرانی گەلی کورد کراوە. لەو جەنگە دا زیاتر لە (30)هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە. جگە لەوانە، تورکیا نزیکەی (5)هەزار گوندی کوردی خاپور کرد و دواتر ئاگری تێبەردان، لە ناو ئەو خانوانە بە دەیان مرۆڤ سوتاون و دەرهێنران، جگە لەوەی بە هەزاران سەر حەیوانیش لە ئاخوڕەکانیان سووتان، یانی جەنگەکە لە سەر لەبەری تیژی بوو لە ئەشکەنجە و کۆمەڵکوژی. دەڵێم ئاخر ئێمە بچووباینە ناو دووەمین جەنگی جیهان، داخۆ لەوە خراپترمان بەسەر دەهات؟! مرۆڤ لە مێژوویی مرۆڤایەتی خۆی دا شتی وای کەم بینیوە. (ژەنەڕاڵ گورەش) دەیگوت: 〞دەریاکان ووشک دەکەم بۆ ڕاوکردنی ماسییەکان!〝. کۆماری تورکیا هەموو ڕێکارێکی گرتەبەر و دەریاکەیان لە ئاو وشک کرد؟ بەڵام ناکام، ماسییەکانیان پێ نەگیرا. لێ بێئاگا لەوەی، لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ وشککردنی ئاوەکان، ماسییەکان ژمارەیان هەڵدەکشێت و گەرای زێدەتر دادەنێن. نازانن لەگەڵ ئەو هەوڵانەیان، ماسییەکان بەرەو چیای ئاگری و جوودی و زاگرۆس و ئاوەکانی دیجلە و فورات دەکشێن. ڕاستە بەشێکیان بە هۆی ئەو کارەساتانەی بەسەریان دەهێنن، تووشی لە ناوچوون و نەخۆشی و دەردەسەری دەبنەوە. بەڵام تورکەکانیش سەیریان دەکەن و بەرگەی ئەو کارەساتەیان دەگرن، جا چ بەرگەگرتنێک!.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە