رەهێڵ عومەر: زانکۆ وەک یەکێک لە دەرگاکانی سیستەم.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زانکۆکانی ئێمە زیاتر لە مۆدێلێکی تەلارسازی دەچن، وەک لەوەی بووبنە فروانکردنی پانتایی فکری. ئاڵقە و ھێڵی جیاکردنەوەی نێوان زانکۆ و سەربازگە، زانکۆ و کوشتارگە… ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ کاڵتر و ناسکتر دەبێت. بەوەش کێشەکانی زانکۆکانی ئێمە جیاواز نین لە کێشەکانی کۆمەڵگای ئێمە. لەبەر ئەوە نا کە زانکۆکان ڕاڤە و تەفسیرێکی لۆژیکیان بۆ ئێستای ئێمە بەرھەم ھێنابێت و کوڕی زەمەنەکەی خۆیان بن. نا ھەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە زانکۆ قەڵای پاراستنی ھەمان سەرزەمینە، منداڵدانی پاراستنی ھەمان ئەو نۆرم بەھایانەیە کە ستوونی ھێشتنەوەی دەسەڵاتن.
ڕۆمانی “1984”ی جۆرج ئۆروێڵ، تێکستێک ھێشتا بە نەمری ماوەتەوە، قسەی گەورەی ڕۆمانەکە لەسەر حوکمکردنی تۆلیتالیاریزمە و دابڕاو نییە لە پێناسەکردنەوەی دونیای سیاسی ئێستای ئێمە. حیزبێک بە سەرۆکایەتی برا گەورە حوکم دەکات و دونیایێکی پڕ لە شاشەی گەورەی چاودێری سازکراوە و ھەمووشتێک لەژێر ڕەحمی حیزب و برا گەورەدا ھاتوچۆدەکات. پاڵەوانی ڕۆمانەکە وینستۆن سمیت کە کار بۆ حیزب دەکات، بە گومانکردن لە پرەنسیبەکانی حیزب دەستدەکات بە یاخیبوون و پرسیارکردن لەکۆی سیستەمەکە.
لەبەشێکی ڕۆمانەکەدا کاتێک وینستۆن سمیت لەژێر لێکۆڵینەوە و پاکسازیێکی فکریدایە لەژێردەستی پۆلیسی خەیاڵ بەھۆی گومانکردن لە حیزب و ڕێبەری گەورە. لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، ئازادی ئەوەی پێدەدەن پرسیار بکات.
وینستۆن: ڕێبەری گەورە بوونی ھەیە؟
ئۆبراین: دیارە کە ھەیە، حیزب ھەیە و ڕێبەری گەورە سیمبولیەتی.
وینستۆ: وەک من ھەم ئەویش وەھا ھەیە؟
ئۆبراین: تـۆ نـیـت.
ڕەتکردنەوەی ئۆبراین ڕەتکردنەوەیێکی فیزیکی نییە دەربارەی وینستۆن، بەڵکو ڕاگەیاندنی مەرگێکی گەورەترە، مۆر لێدانی مردنێکی ئایدیاڵییە، مردنێک لەسەر دەستی پزیشکە لێزانەکانی سیستەم ڕادەگیێندرێت و ھیچ شۆکێکیش دروست ناکات. زانکۆ لە دونیای ئێمەدا ڕۆڵی ئۆبراینەکان دەبینێت بەوەی سوورە لەسەر ئەوەی تۆ نیت(بوونت نییە) بەبێ غلۆربوونەوەت بۆناو بازاڕ و بازنەکانی سیستەم. بەڕوونی دەمەوێت ئەوە بڵێم زانکۆ وەک دامەزراوە و دەزگا بەشی گەورەی بەردەکەوێت لە خاراندنی ئینسانی ئێمە بۆ قبوڵکردنی کۆی سیستەمەکە، ھەر پەلەقاژەیێک بۆ نەکەوتنە ژێر دۆخی زاڵی سیستەم یەکسانە بە پاسیڤکردن و کەوتنە جوڵەی دەزگایێک بە ھەموو جومگەکانیەوە، چونکە لەناو زانکۆکانی ئێمە سیستەمێکی باڵابەند و داخراو ھەیە و ڕەگەزەکانی ئەو سیستەمە پێشتر دیاریکراون،و لاپەڕگە و تولەڕێی دیمان نایەتە پێش. ئێمە چەندە پەلاقاژێکانمان خاو بکەینەوە لەناو ھەمان ستراکتۆری داخراودا دێین و دەچین. بەڵام نابێ ئەوە لەیاد بکەین وینستۆن بە گومان و پرسیارەکانیەوە درز و کەلەبەر لەناو سیستەمەکە دروست دەکات و نوێنەرایەتی ئەو بەشەی ئێمە دەکات کە ڕام ناکرێت، ھەڵگری ڕوحێکی دیکارت-یانەیە.
زانکۆ لە دونیای ئێمەدا درێژکراوەی ھەمان واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، واتا لەناو ھەمان خڵتاودا باسک ڕادەوەشێنێت و لە ئاستی ھەمان واقعی ڕێگەپێدراودا دەخولێتەوە، زانکۆ نەک ناتوانێت دەستکاری نیگای ئێمە بکات و لەدەرەوەی ئەو واقعەدا بیربکاتەوە و بە بیرکردنەوە و ئەنجامە زانستیەکانی واقع بگۆڕێ بەڵکو بڵندترین دەنگ، کەڕەنای تەسلیمبوونی زانکۆیە بە واقع.
ڕێبوار سیوەیلی لە ستایشی حەسەن سیساوەیدا دەڵێت: «لێرەدا ئێمە دەتوانین ڕاستیێک لە مرۆڤێکەوە فێرببین کە ھەرگیز بەناوی زانستەوە قسەی نەکردووە، بەڵام ڕاستگۆیێکی زانستیانە لە قسەکردنیدا ھەیە. ئەو دان بەوەدا دەنێت کە (پیربووە و دەنگەکەی کەتیە..) پیربوونەکەی دەکاتە بەڵگە لەسەر کەوتنی دەنگەکەی و ئەوجا ھەر حەیرانی خۆش دەڵێت بۆئەوەی تێمان بگەیێنێت کە پیری و بەساڵاچوون ، چ زیانێکی بە (دەنگ), وەک ئامرازی سەرەکی گۆرانیگوتن و حەیرانگوتنی ھونەرمەند دەگەیێنێ. سیساوەیی ئیعتراف بە قەیران دەکات لە پیشەکەی خۆیدا و ھۆکارەکەشی دەستنیشان دەکات، بەڵام لە گوتن ناکەوێ و بەردەوامی ئەویش ھەم شەڕە لەگەڵ قەیران ھەم ھەوڵدانە بۆ خۆتازەکردنەوە.»
ئەو تێکستەی مێژوەکەی بۆ (2007) دەگەڕێتەوە، ڕێبوار سیوەیلی، (حەسەن سیساوەیی)مان بۆدەکاتە چاویلکە و پەنجەرەی تەماشاکردنی زانکۆ و ئەو دەڵێت زانکۆ دەبێت وەک سیساوەیی ئیعتراف بە قەیرانەکانی خۆی بکات و دەستنیشانی بکات و لە دەنگیش نەکەوێت.
بەڵام زانکۆکانی ئێمە قۆڵێکن لە جەستەی سیستەمی سیاسیمان و دەرگا و دەروازەن بۆ کۆی سیستەمێک کە لە قەیراندایە لەسەر ھەموو ئاستەکان. ئەو قسەیە لەکاتێکدا جێیخۆی دەگرێت کە زانکۆ وەک ئەرکی ڕەسەنی خۆی دامەزراوەیێکی سەربەخۆ بێت.
پرسیارەکانی وینستۆن سمیت لە تەوقیتێکدا دەکرێت کە ھەمووشتێک ئاوا بووە، وینستۆن ھەستپێکراوە و دەستگیرکراوە، ئەو گومانانەی دەبوو لە چرکەساتی خۆیاندا بوبانە پرسیار نابن یان ئیمکانی بوون بە پرسیاریان نییە! وینستۆن سمیت وەک ئەوەی لەدوا قۆناغی گەمەی سیستم بێت، بۆیە پێش ئەوەی ڕۆڵی ئەو کۆتایی بێت، دەیەوێ بزانێت گومانەکانی ڕاستەقینە بوون یان ئەوانیش بەشێک بوون لە فێڵەکانی سیستەمەکە. دەیەوێ بزانێت ڕێخراوی برایەتی (ڕێخراوێکی نھێنی دژە دەسەڵات لەناو ڕۆمانەکە) بوونی ھەیە یان نا. وێڵبوونی وینستۆن بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە سووربونە لەسەر گەڕان بەدوای بەخشینی مانایێک بە کۆتایی چیرۆکەکەی. ئەو چرکەساتە نزیکی زۆری لەگەڵ ساتی تەواوکردنی زانکۆ ھەیە لەلایەن خوێندکارانی ئێمەوە، ھەمان لەحزەیە، ھەمووان لە سۆراغی ئەوەدان مانایێک بە ڕۆتینی چوار ساڵەیان ببەخشن، بەڵام کەسیان نایانەوێت لە کۆدەکانی سیستەمەکە تێبگەن،کەسیان وەکوو وینستۆن پرسیار لە لەسەر سیستەمەکە دروست ناکەن،ھیچیان ئامادە نین دان بەوەدا بنێن ئەوەی سازکراوە و دەرخواردیاندراوە لەژێر ناوی زانیندا، لە قوڵاییدا، لە نیھانیدا وەھم بەش و بڕی سەرەکیەتی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت