عەبدوڵا عەبدولخالق: هەناسەش بدەیت پارەت لێسەندراوە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ساڵی ساڵان کە ئەچوویتە نەخۆشخانەیەکی حکومی، وەسڵێکی 500 دیناریت دەبڕی و دەچویتە لای دکتۆر، ئیتر هەرلەسەر ئەو 500 دینارە، لە حەبێکی پاراستۆڵەوە تا گەورەترین نەشتەرگەرییان بۆ دەکردیت. هاوڵاتیانى بەش مەینەتى کوردستان لەسەرتاى پلانى ئابوورى سەربەخۆى کوردستانەوە ترسیان لێنیشت کە هەنگاوەکانى داهاتووى ئەم حکومەتە بە کۆمپانیاکردنى هەموو دامەزراوەکانە و بەتایبەتر کەرتى تەندروستى لە پێشهاتنی کۆرۆنا، هەنگاو بە هەنگاو خزمەتگوزارى نەخۆشخانە حکومییەکان کەمتر بۆوە تاوەکو هاوڵاتیان ناچار بکەن بەرە و کەرتى تایبەت، بەتایبەتى پشکنینەکانى خوێن، هەنگاوەکەش بەوە دەستى پێکرد ناو بە ناو نەخۆشیان ناچار دەکرد بە پێدانى بڕى 5 هەزار دینار بە پاساویى جیهازی فەحسى خوێن نەماوە، یان کار ناکات و ئەبێت لەدەرەوەى نەخۆشخانە بکرێت، ئەمەش تێچووەکەیەتى. هەر ئەوکات بەشێک لە هاوڵاتیان ناڕەزایەتیان دەربڕى لەبەرامبەر ئەو بڕە پارەیەدا کە کەس نەیدەزانى لەبەرامبەر چیدا وەردەگیرێت. زۆرێکیش دەیان ووت؛ ئەگەر ماین و نەمردین، ناگەینە 10 ساڵی دیکە، نەخۆشخانە حکومییەکان وا لێئەکەن هەناسەش بدەیت پارەت لێئەسەنن! ئەوە ئەوکاتە زۆرەش تێپەڕ نەبوو ترسی هاوڵاتیان بوو بە ڕاستى! ئەوەتا حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی بە بڕین و دواخستنى مووچە و فرۆشتنى زەوییەوە نەوەستاون و تاقیگەى نەخۆشخانە حکومییەکانیش کە تەنها شوێنە خەڵکى ئاسایی بۆ پشکنینى تەندروستى رووى تێبکەن بە دەردى ئەوانى تر دەبات و دەیدات بە کۆمپانیاى حزب، لەسەر حسابی گیرفانی هاوڵاتیان!
ئاخر بە چی ویژدانێک رەوایە، نرخی پشکنینێکی شێرپەنجە هەزار قات زیاد بکەن! لەکاتێکدا لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی رۆژانە نەخۆش لە سەرەی تیشکدا، گیان لەدەستدەدەن!
سەیرە! ئەگەر سەیرێکی دەستووری عێراق بکەین، پێدانى تاقیگە و نەخۆشخانە حکومییەکان بە کەرتى تایبەت بە پێچەوانەی دەستوور و یاساکانى عێراقە، چونکە هەر بەپێی دەستوور دەبێت چارەسەر بە بێبەرامبەر، یان پارەیەکى دیاریکراو بێت. بەس ئەمانە زەڕڕەیەک ویژدان و دین و مرۆڤایەتی و ئەخلاق و کەرامەتیان ماوە تا حساب بۆ دەستوور بکەن؟ تەنهادەڵێین؛ خوا ئاگادارە و هەموو شتێک دەبینێت، سەبر دەگرین و چاوەڕوانین. چاوەڕوانی ئەو رۆژەین کە نە پلەوپۆست و نە پارە و نە چەک و هێزەکانتان فریاتان دەکەون و هاوشێوەی دیکتاتۆرەکانی دیکەی هاوڕێتان، یان سەرتان لەژێر پێی منداڵەکانی ئەم نیشتمانە خێر لەخۆنەدیوە دەبێت، یان ئاوارەی وڵاتێکی دیکەتان دەکەین. سەبر دەگرین و چاوەڕوانین!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە