عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی سێیەم.
بەهەرحاڵ گفتۆگۆکردنی ئێمە لەباری ئەو مێژووەوە کە بروامان وایە زیاتر بەرهەمی خەیاڵە نەک دەرئەنجامی توێژینەوەی ئەنترۆپۆلۆجی و ئارکیۆلۆجی، بۆ ئەوە نیە بزانین کە مادەم مید لەو سەردەمەدا بۆ ماوەیەک فەرمانڕەوابوون ئیتر مانای ئەوەیە کە کورد وەکو نەتەوە خاوەنی رابردووی دەوڵەتداریە لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونەی کە گوایە کورد نەوەی میدیەکانە، بەڵکو بە ئامانجی ئەوەیە کە بزانین ئایا لە رووی کۆمەڵایەتیەوە دامەزراوەیەک هەبووە بە ناوی کۆمەڵگای کوردی. ئەگەر هەبووە ئایا کۆمەڵگایەکی سەرەتایی بووە یان کۆمەڵگای دەوڵەت؟ ئەگەر کۆمەڵگای دەوڵەت بووە، ئایا توانیوێتی شارستانێتی یان بە لایەنی کەمەوە کەلتووری دەوڵەت بەرهەم بهێنێت؟ ئایا ئەگەر کۆمەڵگای دەوڵەت بووە، دەشێ خەیاڵی بوونی کۆمەڵگای دەوڵەت بەبی نووسین بکرێت؟ خۆ ئاشکرایە شتێک نەبووە بەناوی نووسینی کوردی یان میدی یان گۆتی وتەنانەت کاردۆخیش، بێجگە لە چەند هێماو نیشانەو هەڵکۆڵینێک نەبێت، کە ناتوانن ببنە بەڵگە بۆ گواستنەوەی کۆمەڵگای ئەو سەردەمە لە کۆمەڵگای سەرەتاییەوە یان لە کۆمەڵگای پێش نووسینەوە بۆ کۆمەڵگای نووسین. کەواتە ئەو پێکهاتانەی کە کوردیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە هەم لە رووی رەچەڵەکەوە هێشتا بوونیان تەمومژاویە، هەم لە رووی کۆمەڵایەتیبوونەوە نیشانەو بەڵگەی گەشەو پەرەسەندنیان لاوازەو پێدەچێت بنەماڵەی پەرت و بڵاوبووبن و لە هەندێ رێکەوتدا وەکو بنەماڵە توانیبێتیان بگەنە دەسەڵات نەک لە رووی پەرەسەندنەوە دەسەڵاتی دەوڵەتیان دروست کردبێت.. میدیەکان نەتەوە نەبوون بەڵکو بنەماڵەیەکی حوکمڕانی کورد بوون… زۆر ئەگەری ئەوە هەیە کە میدەکان بنەماڵەیەکی هؤری (خۆری) حوکمڕان بووبێتن و لە لایەن نەتەوە سامیەکانەوە ئەم بنەماڵانە یان ئەم خێڵانە هەموویان بە یەک نەتەوە سەیرکراون، بۆیە سۆمەری و گۆتی و هۆری و میدی تێکەڵ کراون(29).
بەهەرحال ئەگەر کۆبوونەوەو تێکەڵبوونی ئەمانەش پێکەوە کوردی لێ کەوتبێتەوە، یان کوردی لێ پێکهاتبێت، هێشتا ناوی کورد درەنگتر بووەتە ناوێکی بیستراو، بەڵام ناوی سۆمەری و گۆتی و ئاشوری و میدی لە سەردەمی بابلیەکانەوە ناوی بیستراوبوون وەکو فەرمانڕەوا یان وەکو بنەماڵەی دەسەڵات و حوکمڕان، بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتیەوە، لە رووی بەرهەمهێنان و چۆنێتی ژیانەوە، لە رووی کەلتووری و بنیادنانی شارستانێتیەوەو تەنانەت لە رووی سیستێمی ئابووری و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانەوە زۆر شت نەزانراوەو ئەوەشی زانراوە زیاتر خاسێتی پەیوەستبوونی بە شوێنەوە هەیە نەک بە پێکهاتە مرۆییەکەوە. بۆ نموونە سۆمەرییەکان کە گوایە لەگەڵ گۆتی و میدەکاندا نزیکن. وشەی سۆمەر یان سۆمەری دەربڕینێکی ئەکەدیە بۆ باشووری میسۆپۆتامیا. سۆمەریەکان لە نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش زاینەوە دەرکەوتوون و هەتا هەزارو حەوت سەد ساڵ پێش زایین ماون و نووسینی سۆمەری بە یەکەم زمانی نووسین دادەنرێت کە لە نزیکەی سی و دوو سەدە پێش زاین دەرکەوتووە. بەو پێیە کۆمەڵگای سۆمەری کۆمەڵگای نووسین بووەو نووسین بە زمانی سۆمەری هەتا هەزارەی یەکەمی زاینیش ماوە. هەروەک لە مێژوودا باسی ئەوە دەکرێت کە سۆمەریەکان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا عارەبانەیان دروستکردووەو ئاشکراشە لە باشووری میسۆپۆتامیدا کە ئاو و زەوی بەپیتی هەبوو خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون. لێرەدا تا ئەندازەیەک سیمایەکی کۆمەڵگای سۆمەری دەردەکەوێت کە کۆمەڵگایەکی کستوکاڵی سەرەتایی بووە، بەو مانایەی کە پیشەسازی دەرنەکەوتووەو ئامێرو ئامرازی ئەوتۆ لە کشتوکاڵدا بەکارنەهاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بە کشتوکاڵەوە خەریکبوون مانای وایە ئەگەر بەتەواویش لە شوێنێکدا نیستەجێ نەبووبن، ئەوە لە ناوچەیەکی سنوورداردا کۆچی وەرزییان کردووە واتە گەرمیان و کوێستانیان کردووە. سۆمەرییەکان بتپەرست بوون، واتە دیندارییان هەبووەو بەشێک لە پەیامی پەرستنەکانیشیان نووسیووەتەوە، چونکە زیاتر لە خودایەکیان هەبووەو هەروەک ئاشکرایە مەلحەمەی گەلگامش کە رووداو و بەرهەمی سەردەمی سۆمەرییەکانە بەشێوەی سەرەتایی نوسراوەتەوەو لە قۆناغەکانی دواتردا پەرەی پێدراوە. کەواتە ئەگەر ئێستا لە رووی کۆمەڵایەتیبوون و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە سەیری سۆمەرییەکان بکرێت بۆ ئەو قۆناغەی تیایدا ژیاون، ناشیت کۆمەڵگای سۆمەری بە کۆمەڵگایەکی سەرەتایی دابنرێت چونکە هەم لە رووی دانیشتوان و جوگرافیاوە هێندە بچووک نەبووە، هەم جۆرێک لە گەشەو پەرەسەندنی هەبووەو نووسینی هەبووەو دەوڵەتداری کردووە، بەڵام لە رووی پیشەسازیەوە دواکەوتوو بووە. ئەوەش ئاشکرای دەکات کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان پەیوەندی سادەی کۆمەڵگای کشتوکاڵی یان لادێ بوون. ئێمە مەبەستمان لە باسکردنی سۆمەرییەکان ئەوەیە کە هەندێ بۆچوون هەن سۆمەری و گۆتی و میدەکان دەبەستن بەیەکەوە. مێژووی سۆمەرییەکان هەرچۆن بێت لە رووی رەگوڕیشەوە زۆر ئاشکرا نیە، بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتیەوە تا ئەندازەیەک ئاشکرایە چونکە سۆمەرییەکان کۆمەڵگای نووسین و کۆمەڵگای دەوڵەت بوون و تۆماریان لێ بەجێماوە. لە رووی بەراوردەوە ئەگەر ئەو نزیکیە هەیە لە نێوان میدەکان و سۆمەرییەکاندا، ئایا میدەکان چیان لێ بەجێماوە؟ ئایا ئەوە تا چەند راستە کە میدەکان نزیکەی دوو سەدە فەرمانڕەوای بابل بوون؟ بەهەرحاڵ دەسەڵاتی بابل یان دەسەڵات و فەرمانڕەوایی گرنگی میسۆپۆتامیا لە مێژوودا لە ئاستی یەکەمدا دەسەڵاتی سۆمەرییەکان و ئەکەدیەکان و بابل و ئاشورییەکانە، هەروەک شارستانێتی میسۆپۆتامیاش بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان بە پلەی یەکەم شارستانیتی سۆمەرییەکانە و پاشانیش ئەکەدی و بابلی و ئاشوریەکان، تەنانەت ئەگەر ئەو بۆچوونەش راستبێت کە میدەکان وەکو بنەماڵە لە سەرەتای دەسەڵاتی بابلدا، ماوەیەک فەرمانڕەوایی بابلیان کردبێت، پێناچێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی سۆمەرییەکاندا بووبێت، هەرچۆن دەسەڵاتداری سەلاحەدین بەشێکە لە فەرمانڕەوایی دەوڵەتی ئیسلامی بەهەمان شێوە ئەگەر ئەو ئەگەرە بۆ بنەماڵەی مید راستبێت کە فەرمانڕەوایی بابلیان کردبێت وەکو دەسەڵاتی سۆمەر یان بابل بووەو نەبووەتە دەسەڵاتداری مید لەو روانگەیەوە کە گوایە مید باپیرانی کوردن کە ئەوەش وەکو زۆرینەی کوردناسان و نەژادناسان باسی دەکەن جێگای دڵنیایی نیە.
رەگوڕیشەی کوردەکان نا روونە، هەرچەندە هەندێ لە توێژەران بڕوایان وایە کە نەوەی خێڵی جۆراوجۆری ئیندۆ ئەوروپین کە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەکەدا نیشتەجێبوون. کوردەکان خۆیان دەڵێن نەوەی میدەکانن کە یارمەتی رووخاندنی ئیمپراتۆرێتی ئاشوورییان دا لە ساڵی 612ی پێش زایندا(30). لە شەرەفنامەدا هاتووە: نووسەرانی مسوڵمانی پێشوو لەسەر رەگەزی کورد پێکنەهاتوون. هەندێ دەڵێن لە عەرەبانن و لەمەشدا یەک دەنگ نین(31). رووبەرێکی فراوان لە ناسیونالیستانی کورد ڕیشەی کورد دەبەنەوە بۆ کۆچی هەزارەی پێش زاینی ئێرانیەکان لە هەرێمێکی نەزانراوی رۆژهەڵاتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی ئێستا کوردی لێ نیشتەجێیە(32). جارێکی تر مینۆڕسکی دەڵێت: کوردەکان گەلێکی ئێرانی ئاسیای نزیکن(33). ئیدمۆنس دەڵێت: کوردەکان یەک نەتەوەن کە بە لایەنی کەمەوە سێ هەزار ساڵە لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستایاندان(34). ئاشکرایە کۆی ئەوانەی کە ئاخاوتنی رەگوڕیشەی کوردیان کردووە، سەرباری ناڕوونی ئەوەی کورد کێیەو لە کویوە هاتووە بەڵام ئەوان دەیبەنەوە سەر خێزانی ئێرانی و لەوێشەوە دەیبەنەوە سەر نەژادی ئاری و لەو رووەشەوە بە رایەڵەی لاواز کورد دەبەستنەوە بە میدیەکان و گۆتی و کاردۆخیەوە. بەهەرحال پرسیار ئەوەیە ئایا سەرچاوەو رەگوڕیشەی کورد دەتوانێت رووناکی بخاتە سەر رابردووی کوردو لە رووی کۆمەڵایەتیبوون و ئاستی کۆمەڵایەتیبوونەوە ئەوەمان بۆ ئاشکرا بکات کە ئایا کورد لەو رابردووەدا بە تایبەتی پێش هاتنی ئیسلام، کۆمەڵگایەکی سەرەتایی بووە یان قۆناغی سەرەتاییبوونی تێپەڕاندووە. ئاشکرایە دەوڵەتی مید زیاتر لە فیدراسیۆنی خێڵەکان پێکهاتووەو سەرەتاش دەوڵەتێکی دەسەڵات سنووردار بووە، بەڵام وەکو باس دەکرێت میدیەکان چیایی و شەڕکەری بەهێزبوون و لەو رووەشەوە لە بەرامبەر ئاشورییەکاندا وەستاون و سەرکەوتنیان لە شەڕەکاندا دەریخستوون و ناوی بۆ دروستکردوون. بەڵام ئایا لە رووی پەرەسەندنەوە لە ئاستی ناوخۆدا چۆن بوون و ئاستی پەرەسەندن یان پەرەنەسەندن و دواکەوتووی و سەرەتاییبوونی ئەوان چ کاریگەرییەکی لە سەر کوردی ئێستا هەیە، ئەگەر ئەو بۆچوونە راستبێت کە ئەوان باپیر کوردی ئێستا بن؟
ئۆ. ل. ڤیلچێڤسکی لە کتێبی” نەژادی کورد”دا، سەرباری ئاخاوتنی وردو دوورو درێژ لە سەر میلەت و خێڵەکانی میسۆپۆتامیا لە جۆری هۆری و گۆتی و لۆلۆو کاسی و میتانی و دەرکەوتنی خێلە هیندۆ ئێرانی و سامی و پەیوەندی گۆتی و ماد و پەیوەندی گۆتی و کورد شتێکی روون و ئاشکرای ئەوتۆ لەبارەی رەگوڕیشەی کوردەوە ناخاتە روو، بەڵکو هەمان بۆچوونەکانی هیرۆدۆت و مینۆڕسکی و دیاکۆنۆف و ئەوانەی تر دەهێنیتەوە کە لە سەرەوە باسکران و لە کۆی قسەکانی ئەوە بە ئەنجام دێت کە لە بارەی کوردەوە دەڵێت: کە باس دێتە سەر کوردەکان، پێش هەموو شتێک دەبێ رەچاوی ئاکامەکانی هێرشی خێڵە ئێرانیەکان بکەین کە لە رۆژهەڵاتەوە، لە میدیاوە بۆ سەر میسۆپۆتامیای سەروو کردیان(35). ساکارترین هەوڵدانیش بۆ نزیککردنەوەی ئەو دیالێکتانەی کە بە گریمان نەوەی دیالێکتەکانی مادن لە دیالێکتەکانی کوردی دەمانگەیەنێتە ئەنجامێکی گومان لێنەکراو کە ئەم دوو گروپە دیالێکتانە لە رووی رەسەنایەتیەوە-بۆماوەوە- راستەوخۆ ناتوانن ببن بە یەک و هەریەک لەم گروپانە سەرچاوەکەی لە ئەوی ترەوە زۆر دوورە(36).. لە سەدەی شەش و پێنجی پێش زایندا هەلومەرجی ئەوە دروست دەبێ کە خێڵە ئێرانیەکان بگەنە میسۆپۆتامیای سەروو، کە دانیشتوانەکەی لە خێڵی رەسەنی ناوچەکەو خێڵە سامیەکان پێکهاتبوون، میلەتی کورد پێکدەهێنن، لەبەرئەوەی زمانی کوردی ئێرانیە، خێڵە ئێرانیەکان دەوری هەرە گرنگ دەبینن. هەروەها لە کەلتووری ماتریاڵی و گیانی کورداندا توخمە ئێرانیەکان بایەخی گرنگیان هەیە(37).
لە راستیدا بۆچوونەکانی ئەم کوردناسە زیاتر لە راستیەوە نزیکەو ئەو بۆچوونە ئەفسانەییانەش کە کورد بە نەوەی گۆتی، کاردۆخی، مید دادەنێن نەک هەر دەخاتە بەردەم گومانەوە، بەڵکو ناڕاستەوخۆش رەتیان دەکاتەوەو هەر ناڕاستەوخۆش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ناشێت کورد بەرهەمی یەک خوێن و دەماربێت، بەڵکو لێکدانەوەی نزیکتر لە راستی یان لێکدانەوەی پەسەند ئەوەیە کە کورد بەرهەمی چەندین پێکهاتەو خێڵ و رەچەڵەکی هەمەچەشن و تێکەڵاوی ناوچەکەیەو بەڵگەی رەچەڵەک ناسی و رەگەزناسی و ئارکیۆلۆجی و زمانی و کەلتووریی ئەوتۆش نیە کە بتوانێت ئەم بۆچوونە رەت بکاتەوە، بە تایبەتی کە کورد وەکو خۆی پاشماوەو شوێنەواری ئەوتۆی لێ بەجێنەماوە ئەوە بسەلمێنێت. هەروەها هەتا مێژوویەکی درەنگیش کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگای دەرەوەی نووسین بووەو بەوپێیەش کورد پێکهاتەیەکی بێ تۆماری رابردووە.
لە راستیدا توێژینەوەکەی ڤیلچێڤسکی لە پاڵ بایەخی قسەکردنی لەسەر رەچەلەکی کورد، بایەخێکی گرنگتری هەیە ئەویش لێکدانەوەی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەرهەمهێنانە لە میسۆپۆتامیای دێرین و بانەکانی ئێران و ناوچەکەدا، کە سەرباری نەبوونی باسی کورد لە رووی کۆمەڵایەتیەوە، وەکو پێکهاتەیەکی جیاوازو ناسراو بەڵام بە رەچاوکردنی ئەوەی کوردیش لەم رووبەرە جوگرافیایەدا ژیاوە، دەشێ بتوانین بە پشتبەستن بەو زانیارییانە رووناکیەک بخەینە سەر باری کۆمەڵایەتی کوردی لەو سەرەتایەوە هەتا قۆناغی زانراوی مێژووی کورد لە رووی کۆمەڵایەتیەوە.
ڤیلچێڤسکی باسی شێوازی ژیان و چۆنێتی دەستکەوتنی خۆراک لە راو و کۆکردنەوەی بەرهەمی خۆراکی نێوسروشت دەکات و لەو ئامرازە زۆر سەرەتاییانە دەدوێت کە مرۆڤی میسۆپۆتامیاو بانەکانی ئێران و ناوچەکە لە بەردو تاوێرو ئێسقان و قوڕ دروستیان کردوون. هەروەک لە سەرەتاوە باسی کۆچ و مانەوە لە ئەشکەوت و چیاکاندا دەکات و پاشان باسی دەرکەوتنی خێڵە شوانکارەکان و کۆچەری و جیاکردنەوەی ئاژەڵەکان و ماڵیکردنی هەندێکیان دەکات و لەوەش دەدوێت چۆن خەڵک لە دەشت و دۆڵەکاندا نیمچە جێگیربوون. هەروەها باسی باڵادەستی دەوری ئافرەت دەکات وەکو جۆرێک لە سیستێمی دایکسالاری و رۆڵی ئافرەت لە دابینکردنی پێداویستیە خۆراکیەکانداو باسی بەخێوکردنی دوو جۆر لە ئاژەڵ لە چیاکاندا دەکات، یەکەمیان ئاژەڵی ورد و دووەمیان ئەسپ وەکو ئاژەڵێکی بەهێز بۆ هاتووچۆو گواستنەوە لە نێو چیاکانداو لە پاڵ ئەوەشدا باسی چۆنێتی خۆپاراستنی خێڵەکان دەکات لە رێگای بوونی هێزو چەکی سادەی دروستکراوی خۆیانەوە لە بەردو دارو ئیسقان. هەروەها باسی دەرکەوتنی جیاوازی چینایەتی دەکات لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەو چەرخەدا. لەم رووەوە دەڵێت: بە تێپەڕبوونی چەند سەدەیەک، نووسراوی دەوڵەتە کۆیلەدارەکانی رۆژهەڵاتی کۆن و سەرچاوەکانی تری ئەوساکە ناوی کۆنی خێڵ و کۆنفیدراسیۆنی خێڵەکان لە جێگای خۆیاندا بەکارنایەن و ئاڵۆزی و تێکەڵکردنیان تادێ زیاتر دەبێ. ناوەکان چیتر وەکو ناوی گروپی تایبەتی و دیاریکراوی کۆمەڵگای بێ چین بەکارنایەن، بەڵکو ناوەکان بەگشتی مانای هەموو خێڵە بەربەرییەکان دەدەن کە دوژمنی دەوڵەتە کۆیلەدارەکان بوون(38).
تێبینی/ سەرچاوەکان لەگەڵ دوا بەشدا دادەنیین.