عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

4. 7. 1998 حیلمی عەلی شەریف ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد، لە ژمارەکانی ( 1655 – 1657 – 1663 – 1672 )ی کوردستانی نوێ دا، چوار ڕێپۆرتاژو بەدواداچوونم لەگەڵ هاوڕێکانی حیلمی و خانەوادەکەی و چەند کەسێتییەکی جیاجیا، لە سەر ویستگە جیاجیاکانی ژیانی بڵاو کردەوە.
لەو بەداچوونانەوە گەیشتمە ئەو ئەنجامەی، بیری قوڵ و راو بۆچوون و ئیرادەو هەڵوێستی سیاسیی و رۆژنامەوانی و توێژەر و پێشمەرگە و سەرکردە حیلمی عەلی شەریف، لە گەڵ هەموو سەرکردەکانی تردا جیاوازە.
ئەو رێزی ڕاوو و بۆچوونی جیاوازی بەرامبەرەکەی دەگرت، هەموو کێشەکانی بە دایالۆگ چارەسەر دەکرد، بڕوای بە شەڕی براکان نەبوو، دوای ناکۆکی ئەو دوو باڵە لە 1964، دوای پێکهێنانی هەردووباڵەکە دوای بەیانی ئازاری 1970، ئەو دەستبەرداری پارتی بوو، جارێکی تر نەگەڕایەوە بۆ لای مەلامستەفا بارزانی، لەبەغداد مایەوە. نە بڕوای بە پلەو پایە بوو، نە بڕوای بە دروستکردنی حیزبی کارتۆنی بوو، نە چووەو ژێر سێبەرو رکێفی بەعس و دەوڵەتی عیراق.
حیلمی وەک ئەزموونی رۆژنامەوانی، رۆڵی گرنگی لە رۆژنامەی هاوکاریدا بینی، تا دواهەناسەی بە جورئەتەوە بەبەهای کردەوەو هەڵوێستە باڵاکانی، بە ژیانێکی خاکیانە عیزەتی نەفسی پاراست. دیبلۆماتێکی بە توانا و زیرەک بوو، بەتواناترین سەرکردەبووە لە کاتی گفتوگۆ لە گەڵ دەوڵەتی عێراق.
توێژینەوەکانی لە ناوەندی رووناکبیریی کوردا، هەژانێکی گەوەرەی دروست کرد. بووە مایەی تێرامان و سەرهەڵدانی دەیان پرسیارو مشت و مڕیی جیاجیا،وەک ئەم توێژینەوانە :
1- بیرو باوەڕو کردەوەکانی گۆرباشۆف لە تای تەرازوودا.
2- نەتەوە چییە؟ چۆن نەتەوەوی کورد پێک هاتووە؟.
3- جیوپۆلیتیکس و دەوڵەت و سیاسەتی دەرەوەو و چارەنووسی جیهان.
4- داستانی نەورۆزو نەورۆزی کوردستان.
حیلمی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و دەرەوە، توێژەرێکی بەتوانا بووە، بە توێژینەوەی (بیروباوەڕ و کردەوەکانی گۆرباشۆف لە تای تەرازوداو گۆڕانکاری لە یەکێتی سۆڤیەت )، لە 12. 2. 1990 بەزنجیرە لە ژمارە (1152) ، رۆژنامەی هاوکاریی بڵاوی کردەوە، هەژانێکی گەورەی دروست کرد.
یەکەم جار بوو، توێژەرێکی کورد، لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام و عیراقدا دوای هەرەسی 1975، دوای جەنگی 8 ساڵی جەنگی عێراق & ئێران. دوای رەشەبای ژەهرو ئەنفال بە توێژینەوەیەکی ئەکادیمی و بەکلیلی بیری نوێ، قفڵی ژەنگاویی و بەستەڵەکی بیریی جەق بەستووی لە کوردستان و عێراق و ژەنگی سانسۆریی عێراق بکاتەوە، هەڵوێستەکانی و ڕۆحیی خاکیانەی حیلمی و توانای لە بن نەهاتوی ئەو، بووە هۆی ئەوەی (20)ساڵ زیاتری تەمەنم، بۆ ئەم توێژینەوەیە تەرخان بکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت