ئیبراهیم ڕەمزى: دەستکەوتەکانی کابینەکەی بارزانی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ناوەڕاستی 2019ـەوە مەسرور بارزانی بووە سەرۆکی کابیەنی نۆیەمی هەرێم و باڵاترین دەسەڵاتی ئەم هەرێمەی ئێمەی وەرگرت. هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، ئەوەندەی بەڵێنی گەورە گەورەدا، ئەوکات خەریک بوو بڕوام دەکرد کە هەر بەڕاست ئەم کەسە دەتوانێت دوای چەندین ساڵ لە نەهامەتی، ئاهێک بە بەری خەڵکدا بهێنێتەوە و هەر هیچ نەبێت کێشەی مووچەمان بۆ چارەسەر بکات. جا با بزانین وابوو؟
هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی، مەسرور بارزانی و شەریکەکەی لێبڕینی موچەیان داهێنا و لە ساڵی 2020دا چوار موچە بە لێبڕین دابەشکرا و حەوت موچەش هەر دابەش نەکرا، وتمان دەی قەینا کۆرۆنا هەبووە و بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری دەکات، ئەی چی بوو؟ لە ساڵی 2021شدا لێبڕین هەر بەردەوام بوو، تێیدا شەش موچە بە لێبڕین دابەش کرا، ساڵی 2023ـش کە دوای چەندین ساڵ کێشە و ململانێ لەگەڵ بەغدا، دووبارە هاتنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، تەبعەن ئەوەش بە زەختی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە قوفڵی نەوتەکەی لە هەرێم گرتەوە، ئەی چی بوو؟ سێ موچەی کۆتایی ساڵەکە، واتە مانگەکانی 10 و 11 و 12 خۆمان خۆش! لە 2024ـش، سەرەڕای ئەوەی بەغدا پارەی 12 موچەی بە زیادەوە ناردووە، کەچی حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسرور بارزانی بووەتە حکومەتی هەربێنە و داوای پارەی دیکە دەکات.
وا بڕوات موچەی مانگی 12ش ئەبێت فاتیحایەکی بۆ بخوێنین! ئێستا کە موچەخۆران دەستیان لەسەر دڵیانە و نازانن ئاخۆ موچەی مانگی 12 دابەش دەکرێت یان نا، جەنابی مەسرور بارزانی لە پشووی سەری ساڵی خۆی بەردەوامە و لە ئیماراتە! وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە باران! کێشەشی نییە؛خەڵک پارەی پێ نییە، موچەی نییە، ئیش و کار و کاسبی نییە، کارەبا نییە و ئاو نییە’ جاڕ بە جەهەننەم گرنگ ئەوەیە جەنابی ئەزبەنی لە سەفرە و سیاحەتی خۆیەتی، منداڵی خەڵکی خوێندنی فەوتاوە قەیچێکە، گرنگ ئەوەیە کوڕەکەی جەنابی سەرۆک خۆی لە بەریتانیا بە پارەی ئەم میللەتە خەریکی خوێندنە و شەهادەی گەورە گەورە لەسەر حسابی میللەت بەدەست دەهێنێت.
بێینەوە سەر باسی دەستکەوتەکانی جەنابی ئەزبەنی، لە کابینەی نۆدا دەستکەوتێکی دیکە زیادکردنی باج بوو لە هاوڵاتیان، رێگاکانی وەرگرتنی باجەکان و رێژەکەیشی زیادی کرد، بە شێوەیەک حکومەتی کاربەڕێکەر لە کابینەی نۆ بە 450 رێگا باجی لە کاسبکار و هاوڵاتییان وەردەگرت و رێژەکەیشی 621% زیادی کرد. بەپێی ئامارەکانیش، داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023دا نزیکەی چوار ترلیۆن و 200 ملیار دینار بووە! کوا پارەکە؟ کەس نازانێت. لە باجی دەرامەت حکومەتی کاربەڕێکەر رێژەکەی بەرزکردووەتەوە کە لەنێوان 3% بۆ 15%یە، هاوکات بەرێژەی 15%یش باج لە کۆمپانیاکان وەردەگیرێت و هەرچی باجی خانوبەرەشە کابینەی نۆ رێژەکەی بەرزکردووەتەوە بۆ 10%، بە شێوەیەک موڵکانە و سەرقوفڵانە کە پێشتر 250 هەزار دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا زیادی کردوە بۆ 800 هەزار دینار تا ملیۆنێک و 500 هەزار دینار. هاوکات، حکومەتی کاربەڕێکەر لەباتی هەرزانکردنی نرخ و ئاسانکاری بۆ بازرگانان، باجی لەسەر ماددە خۆراکیەکانیش بە رێژەی 13% زیادکردووە، بەچەندین جۆریش باج لە کاسبکاران وەردەگرێت وەک باجی فلێکس خۆڵ و خاشاک. جگە لەمانەش سەرباری خراپی گوزەرانی خەڵک و نەبوونی موچە، حکومەتی کاربەڕێکەر بە رێژەی 5% باجی لەسەر ئەو موچە خۆرانە زیادکردووە کە موچەکانیان لە سەروو ملیۆنێک دینارەوەیە، داهاتی ئەو باجەش هاوشێوەی داهاتەکانی تری ناوخۆ کەس نازانێت چی لێدەکرێت و بۆ کوێ دەچێت.
با واز لە باج بهێنین و بێینە سەر دەستکەوتەکانی دیکەی، کارەبا؟ رۆژانە 5 بۆ 6 کاتژمێر هەیە خوا نەیبڕێت (لەوەتەی من بیرم دێت بانگەشەی کارەبای 24 کاتژمێری دەکەن)، رێگاوبان و خزمەتگوزاری؟ رۆژ نییە بەهۆی خراپی و سەقەتی رێگاکانەوە رووداوێکی هاتوچۆ روونەدات و کەسێک نەمرێت، یان بریندار نەبێت، نەخۆشخانەکان؟ دەچیتە هەر نەخۆشخانەیەکی حکومیی، یان دەرمانی تێدا نییە، یان لە بێخزمەتگوزاریدا، ناچارت دەکەن بچیتە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، کە ئەوانیش هەر هی جەنابی سەرۆک وەزیران و برا و ئامۆزا و خزمەکانیەتی، پەروەردە؟ چەندین ساڵە هەموو مانگێک لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆت دەکرێت و خوێندنی کوڕ و کچی ئەم خەڵکە هەژارە دەفەوتێت، ئەزبەنی گوێی خۆی لێ کەڕ کردووە، بۆچی؟ کوڕ و کچەکانی خۆی و خزم و دارودەستەکەی یان لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، یان لە خوێندنگە و زانکۆ تایبەتەکانن کە هەر خۆیان خاوەندارێتی دەکەن. سەرۆکی حکومەتە کاربەڕێکەرەکە لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا بەڵێنی گەورە گەورەی بە گەنجان دا، بزانین دەستکەوتی کابینەکەی بۆ گەنجان چی بووە؟ لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 50 هەزار خوێندکار زانکۆ و پەیمانگاکان تەواو دەکەن، بەڵام بەهۆی بێ بەرنامەیی و پشتکردنی لە گەنجان و دانەمەزراندنەوە تاوەکو ئێستا 700 هەزار دەرچوی دانەمەزراو لەهەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و بێ کار ماونەتەوە و بەشێکیشیان بە ناچاری کۆچییان کردووە، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیش، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەناو گەنجان روو لە زیادبوونە و لە ئێستادا گەیشتوەتە 24%!!!!!! قەیناکە، گەنج با هەر بێکار بێت! گرنگ ئەوەیە (عودەی!) خوێندنی لە بەریتانیا تەواو کردووە و ئێستا ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەزبەنی بیهێنێتەوە بۆ هەرێم، تا هاوشێوەی خۆی، قوڕ بکات بەسەری خەڵکی داماودا! پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، خەڵکی هەرێم تا کەی ئەمە قبوڵ دەکەن؟ زوڵم لە ئەستووریدا دەپسێت! سەددام و دارودەستەکەی کە لەوکاتەدا سوپاکەی لە ریزی سوپاکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتە گەورەکان بوو خۆی لەبەر توڕەیی گەل نەگرت، ئێستا ئەمانە خۆیانی لەبەر دەگرن؟ عومر باقی بێت ئەوەش دەبینین!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت