عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی چوارەم و کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیاکۆنۆف لە مێژووی میدیادا دەڵێت: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆتایی هەزارەی چوارەم و سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زاین، لەو قۆناغەدا میدیا لەسەر نەخشەی شارستانێتی سواڵەتی رەنگاڵە بوو، کە لە سوریاوە درێژ دەبووەوە تا ناوەڕاستی ئاسیاو چین، ئیدی لەو قۆناغەدا یەکەمین نیشانەی دابەشکاریی پیشەیی لە نێوان هۆزە شوانکارەکان و کشتوکاڵ کارەکاندا پەیدابوو، سوودیان لە ئاوی رووباری دامێنی چیاکان وەردەگرت بۆ شینکردنی دەغڵ و دانەکانیان، بۆ یەکەمین جار گەنمی خۆماڵی و جۆو گەنمی کێوییان بەراو کرد. نیگارە بێ هەژمارەکانی سەر دەفرەکانیان وەکو نیگاری بزنی کێویی و پەز، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ سەرقاڵبوون بە ئاژەڵداریەوەو لە دەڤەرە کشتوکاڵیەکاندا نیشینگەی هەمیشەییان درووستکرد، ئەمە لە قۆناغێکدا بوو کە هێشتا کۆچەرییەکان بە تەواوی جێگیر نەبووبوون. پاشان دەفری مس و کەرەستەی جۆراوجۆر پەیدابوون. هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی کە پیشەوەری تەون و گۆزەسازی تا ئاستێکی بەرز پێشبکەون(39). هەروەها دەڵێت: روون و ئاشکرایە گۆتییەکان نوێنەرایەتی قۆناغێکی سەرەتایی کاری کشتوکاڵی و شارستانی و فەرهەنگییان دەکرد، هێشتا لە سەردەمی رەنگاڵەیی گوزەراندا بوون(40). هەروەها دەڵێت: هۆزی گۆتی یان یەکێتی هۆزە گۆتیەکان کە بێ هیچ چەندوچوونێک لە قۆناغی کۆمەڵە سەرەتاییەکاندا ژیاون(41). لە ناوچە کوێستاننشین و زۆر دوورەکانی رۆژئاوی میدیادا لە کۆتایی هەزارەی دووەم و سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زایندا، رێکخستنی چینەکانی کۆمەڵگا، یان خرابووە سەر ڕی، یاخود هێشتا لە قۆناغی کۆمەڵە سەرەتاییەکاندا بوون(42). هەروەها دەڵێت: لە سەدەی نۆی پێش زایندا، دەوڵەتۆکە بچووکەکانی لۆلۆیی و گۆتییەکان لە دەڤەری “زاموا” بونیادنرابوون(43). لە کاتێکدا باسی سیستێمی کۆیلایەتی لە پێش زاین و تەنانەت هەتا کاتی هاتنی ئایینی ئیسلامیش دەکرێت، بەڵام لەوبارەوە هاتووە: هیچ کات نیزامی کۆیلەداری بەو شێوەیەی کە لە شوێنی دیکە هەبووە، لە کوردستان نەبووە، سەرەڕای ئەوەی کە چەند سەدە خەڵکی ئەو وڵاتەیان بە دیل گرتووەو بەنێوی کۆیلە لە بازاڕی کۆیلەفرۆشاندا دەیانفرۆشتن(44).
محەمەد ئەمین زەکی سەبارەت بە رەگوڕیشەی کورد بۆچوونەکانی مینۆڕسکی و هیرۆدۆت و کەزنەفۆن دەهێنێتەوەو باسی بۆچوونی هەندێ لە مێژوونووسانی عەرەبیش دەکات، بەڵام پێدەچێت خۆی زیاتر لایەنگری ئەوە بێت کە کورد بچێتەوە سەر کاردۆخی و لەو رووەوە دەڵێت: قەومی کاردۆ چ سامی بێ و چ ئەهالی ئەسڵیەی ئەو وڵاتە بێ، ئەمە موحەقیقە کە وڵاتی کاردۆشۆێ قەدیم ئیمڕۆ مەرکەزی ئەسڵی کوردە(45). لە دەوروپشتی سەدەی حەوتەم و شەشەمی پێش زایندا بە هەندێ نەتەوەی کوردستانیان وتووە کوردۆ یان بە کاردا، کوردۆئەن، یان بە هەندێ ناوی تر کە لەمانە بچێ ناویان ناون(46). ئەم وتەیەمان بۆیە لێرەدا هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کە بزانین زۆرینەی بۆچوونەکان سەبارەت بە رەگوڕیشەی کورد بەمجۆرەن، واتە بە گریمانە دانانی ئەوەی ئەو ناوانە نزیکن لە ناوی کورد یان لە وشەی کوردەوە، کەواتە دەبێ کورد بگەڕێتەوە سەر ئەوان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە دوای چەندین ئاخاوتن لەسەر رەگوڕیشەی کورد، بەگشتی ئەوانەی لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوەیان کردووە، لەسەر خاڵێک هاوڕان کە ئەویش لە سوودی ئەو بابەتە نیە کە بەدوایەوەبوون و هەوڵیانداوە بگەن بە دەرئەنجامێکی باش و قایلکەر، ئەویش ئەوەیە کە تاکو ئێستا رەگوڕیشەی کورد، بەتەواوەتی ئاشکرا نیەو جێگای گومان و ئاخاوتنی زیاترە. لەبەر لاوازی بەڵگە مرۆڤناسی و ئارکیۆلۆجیەکان سەبارەت بەخودی کورد خۆی، بەگشتی توێژەرانی بواری کوردناسی لەسەر بنەمای مرۆڤناسی و ئارکیۆلۆجی و نووسراوە مێژوویەکانی پەیوەست بە میلەت و پێکهاتەو دەوڵەتانی میسۆپۆتامیاو رۆژئاوای ئاسیا، لەسەر ئەو رووبەرە جوگرافیایەو ئەو خێڵ و رەگەزانەی تێیدا ژیاون لەسەر بنەمای لێکچوون و جیاوازی هەندێ لە پاشماوەو هەندێ بنەمای زمان باسی کوردیان کردووەو لە بەستنەوەی کوردیشدا بە رەگەزو پێکهاتەکانی تری ناوچەکەوە لەسەر هەمان بنەماو هەندێ جار لەسەر بنەمای خەیاڵ لێکدانەوەیان کردووە.
لە لایەکی ترەوە ئەوەی جێگای سەرنجە سەبارەت بە کورد، لەبەرئەوەی رەگوڕیشەی ئەم پێکهاتەیە تەمومژاویەو لە راستیشدا بێجگە لە خەمڵاندن و وادانان مێژوویەکی دیاریکراو بۆ دەرکەوتنی کورد لەسەر ئەو خاکەی کە ئێستا لەسەری دەژی بوونی نیە، هەربۆیە ئاسان نیە لەسەر کۆمەڵایەتیبوونی کورد یان ژیانی کورد لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە تا مێژوویەکی زۆر دواتر زانیاری راست و بڕواپێکراو دەستبکەوێت. چەند بۆچوونێک وەکو باوەڕی جێگیرو جەسپاویان لێهاتووە، بۆ نموونە دەگوترێت کورد لە نەژادی ئاریە، کورد نەوەی میدەکانە، کورد نەوەی گۆتییەکانە، کورد نەوەی کاردۆخیەکانە. هەر ئەم فرە لێکدانەوەییە بەڵگەی ئەوەیە کە ئاشکرا نیە ئەسڵی کورد بۆ کێ دەکەڕێتەوەو کورد کێیە. بەهەمان شێوە کاتێ دیاکۆنۆف باسی ژیان و باری کۆمەڵایەتی و گەشەو پەرەسەندن و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارو دەرکەوتنی پیشەو دروستبوونی یەکێتی خێڵ و دروستکردنی هێزو شەڕکردنی میدییەکان دەکات، زۆرێک وای بۆ دەچن ئەوە لێکدانەوەی کۆمەڵگای کوردیە، بەڵام لە راستیدا ئەوە لێکدانەوەی کۆمەڵگای میدیاییە، لەکاتێکدا بەڵگەی ئەوەی کە کورد نەوەی میدەکان بێت زۆر لاوازە، تەنانەت ئەگەر بەرێژەیەکی کەمیش کورد بچێتەوە سەر میدییەکان، ئەو میژووەی دیاکۆنۆف باسی دەکات بەهیچ بەڵگەیەک کورد تیایدا ئامادەبوونی نیە. بەهەمان شێوە ئەو لێکدانەوانەی کە ئۆ. ل. ڤیلچێڤسکی بۆ نەژادی کورد و باری ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و پەرەسندنی میلەتانی کۆنی میسۆپۆتامیاو رۆژئاوای ئاسیای دەکات، ئەوەندەی باسی سۆمەری و بابلی و ئەکەدی و ئاشووری و میدەکانە، ئەوەندە تایبەتمەند نیە بە رەگوڕیشەی کوردو بوونی کوردەوەو تەنانەت ئەم میدیاناسە لە لێکدانەوەکانیدا ئاماژەی روون و بەڵگەدار بۆ ئەوە ناکات کە کە کورد نەوەی راستەوخۆی میدیەکان بێت.
هەر لەم رووەوە مادەم کورد نە رەچەڵەکی روون و ئاشکرایە، نە مێژووی تۆمارکراوی رابردووی خۆیی هەیە، نە ئەوە سەلمێندراوە کە کورد نەوەی راستەوخۆی یەکێک لە پێکهاتەکانی میدو گۆتی و لۆلۆو کاردۆخی بێت، هەتا سەروبەندی هاتنی ئیسلامیش پێکهاتەیەکی دیار وەکو ئەوەی کە پێکهاتەی کوردی، یان کۆمەڵی کوردی بێت نابینرێت. راستە ئیتنۆسی کوردی وەکو ناو لە سەدەی سێی زاینیدا دەرکەوتووە، بەڵام تا روخاندنی دەوڵەتی ساسانیش و بۆ دواتریش ناوی کورد تەنیا وەکو ناوی خێڵ یان خێڵە کۆچەریەکان بوونی هەبووە. ئەو زانیارییانەی پێستریش کە زۆریكیان پشتیان بە گێڕانەوەکەی گەزنەفۆن بەستووە کە گوایە ئەوانەی رێگرییان لە گەڕانەوە یان تێپەڕبوونی دە هەزار یۆنانیە بەکرێگیراوەکە کردووە لە ( 401-400) لە ناوچە چیاییەکانی باکووری میسۆپۆتامیدا کاردۆخیەکان بوون کە بەنزیککردنەوەی ناوەکەیان لە وشەی کورد، وادانراوە کە ئەوانە کوردەکان بوون. ئەویش لە گێڕانەوەکانیدا جۆرێک لە شەڕەنگێزی و دڕندەیی ئەوان واتە کاردۆخیەکان دەخاتە روو کە هەندێ لە بۆجوونەکان سەبارەت بە رەچەڵەکی کورد وای دەدەنێت گوایە ئەوانە کورد بوون، یان کورد نەوەی ئەوانە. لە رووی کۆمەڵایەتی و کەلتووریەوە گێڕانەوەکانی گەزنەفۆن ئەگەر روویەکی گەشی تێدابێت بۆ سەلماندنی بوونی کورد لەو مێژووەدا، هاوکات رووناکیش دەخاتە سەر ئەوەی کە کورد ئەگەر لەو مێژووەدا بوونێکی دیاری هەبووبێت، لە چیاکاندا ژیاوەو سیمای کێوییبوون و سەرەتاییبوونی هەبووە.
ئەگەر دانبنرێت بەو گریمانانەشدا کە کورد دەگەڕێتەوە سەر میدییەکان، یان گۆتی، لۆلۆ، کاردۆخی یان هەر خێڵ و پێکهاتەیەکی تری دێرینی ناوچەکە، یان لە تێکەڵی ئەو رەگەزو پێکهاتانە پیکهاتبێت، یان لەدەرەوەی ئەم بۆچوونانە کورد لە کۆی ئەو خێڵ و بنەماڵەو پێکهاتە بچووکانەی میسۆپۆتامیاو میدیا یان بانەکانی ئێران یان هەموو رۆژئاوای ئاسیا پیکهاتبێت کە لە دەرەوەی رەگەزی میلەتە دیارەکان بوون، یان لە پەراوێزو هەندێ خێڵی ناپەیوەست بەو میلەتانە پێکهاتبێت، واتە کۆکراوەی رەچەڵەکی جۆراوجۆری ناوچەکە بێت، بەڵام پرسیارێک سەر هەڵدەدات ئایا بە تەواوی لە کەیەوە یان لە چ مێژوویەکدا بە تەواوی لە ژێر ناوی کورددا کۆبوونەتەوە، یان بوونەتە یەکەیەک، ئەگەرچی تاکو ئێستاش کورد خاسێتی تاکە یەکەیەکی یەکگرتووی نیە. هەروەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد لاوازی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی کورد لە مێژووی زانراویەوە دەشێ ببێتە بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کورد یەک ڕیشەو رەچەڵەکی نیە. دەشێ جیاوازی رەنگ و روخسارو دیمەنی فیزیکی مرۆڤی کورد ببێتە بەڵگە بۆ سەلماندنی ناچوونیەکی رەگوڕیشەی کورد.
دیاکۆنۆف لە باسی میدەکاندا لەوە دەدوێت لە کۆتای هەزارەی چوارەم و سەرەتای هەزارەی سێیەمدا دابەشکاری پیشەیی لە نێوان هۆزە شوانکارەکان و ئەو هۆزانەدا هەبووە کە خەریکی کشتوکاڵ بوون. بێگومان مەبەست لەم قسەیە ئەوە نیە کە میدیەکان بەو شێوەیەی کە ئەو لە مێژووی میدیادا باسیان دەکات، بەوجۆرە بوون چونکە ئاشکرایە مێژووی میدییەکان زۆر لە دوای ئەو مێژووەوە دەست پێدەکات، بەڵکو مەبەست کۆمەڵگاکانی باشووری رۆژئاوای ئاسیای ئەو مێژووەیە. لێرەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە لە ئاستی یەکەمدا مرۆڤی ئەو قۆناغە مێژووییە لەو جوگرافیایەدا هەر ئەوە نەبووە لەسەر راوکردن و کۆکردنەوەی بەروبوومی رووەک ژیابن، بەڵکو دەستیان داوەتە کار. هەروەها لە کارکردنیشدا جۆرە دابەشبوون یان سیستێمێک پەیدابووە کە بریتی بووە لە دابەشکردنی کار لە ئاستی سەرەتایدا بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و بۆ خەریکبوون بە کشتوکاڵەوە، کە وەکو ئەو باسی دەکات گەنمی خۆماڵی و جۆو گەنمی کێویی و چەند دانەوێڵەیەکی تریشیان چاندووە. هەروەها بزن و مەڕو بەرازو هەندێ ئاژەڵی تریشیان بەخێوکردووەو دەفری سادەیان دروستکردووەو نیگاریان لەسەر کێشاوە. بەگشتی ئەمانە سەرەتایەکی بەهێزی جۆرێک لە کۆمەڵایەتیبوون نیشان دەدەن کە پێداویستیەکانی ژیان هێناونیەتیە کایەوەو ئاشکرایە هەم کاری شوانکارەیی و هەم کاری کشتوکاڵیش کاری تاکەکەسی نین و پێویستیان بە کاری بە کۆمەڵ یان دەستەجەمی و پێکەوە کارکردن هەیە. هەربۆیە لێرەدا سەرباری ئەوەی کە پەیوەندی هۆزایەتی یان خێڵایەتی جۆرێک لە کۆبوونەوە یان دامەزراوەی سادەی کۆمەڵایەتی پشتبەستوو بە پەیوەندی خوێن و خزمایەتی دروستکردووە، هۆکاری ئابووری کە گەڕان و کارکردنە لە پێناوی بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی ژیاندا لە خۆراک و شتی تر، بووەتە هۆی کۆکردنەوەی ژمارەی زیاتر لە خەڵک و ئەوەش تێکەڵاویی و پەیوەندی بەربڵاوترو بەهێزتری دروستکردووە. هەروەک خەریکبوون بە کشتوکالەوە پێویستی بە مانەوەیە لە شوێندا کە ئەوەش سەرئەنجام نیشتەجێبوون دروست دەکات. کەواتە بەپێی بۆچوونی دیاکۆنۆف بێت لە سنووری میدییەکاندا لە مێژوویەکی کۆنەوە بنەماکانی کۆمەڵایەتیبوون دەرکەوتوون و خاسێتێکی دیاری کۆمەڵگای مید درووستبوونی یەکێتی خێڵەکانە کە ئەوەش لە ئاستێکی تردا نیشانەی ئاستێکی تری کۆمەڵایەتیبوون یان یەکێتی و یەکبوونە کە لە رووخسارو دیمەندا میدییەکان وەکو یەکەیەک دەردەخات و دەشێت هۆکارێکی دەرکەوتن و مانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی مید بۆ ماوەی سەدەو نیوێک ئەو یەکێتی و یەکبوونەی خێڵەکان بوو بێت.
بێگومان دەبێ ئێمە ئاماژە بۆ خاڵێکی گرنگ بکەین پەیوەست بەو ناوچانەی کە دواتر وەکو نیشتیمانی کورد ناسراون، کە زیاتر ناوچەی چیایین. ناوچەی چیایی بە سروشتی ناوچەیەکی گونجاو و لەبار نیە بۆ کشتوکاڵ و زیاتر شوێنی گونجاوە بۆ ئاژەڵداری و شوانکارەیی، بۆیە ئەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاساییە کە ئەوانەی بە کشتوکاڵەوە خەریک بوون زیاتر لە پێدەشتەکان و لەو زەویە تەختانەدا ماونەتەوە کە بۆ چاندن و کاری کشتوکاڵی دەستیان داوەو بە تایبەتیش لەو کاتەی دەست بە ئاودێری کراوە، واتە کشتوکاڵی بەراو، ئەوانەی بە کشتوکاڵەوە خەریکبوون، دابەزیوون بە دەشتەکان و دامێنی چیاکان کە توانیوویانە سوود لە ئاوی چەم و کانیاوەکان وەربگرن. ئەمە لە کاتێکدا ئەوانەی بە شوانکارییەوە خەریکبوون بەرەو چیاکان رۆیشتوون و کەمتر نیشتەجێبوون و لە چیاکاندا بەپێی بوونی پاكژو لەوەڕگا بۆ ئاژەڵەکانیان جوڵاون. ئاشکرایە ئەوەی پەیوەندی بە کوردەکانەوە هەیە لە مێژوودا لە بری ئەو خێڵ و هۆزانەی بە کشتوکاڵەوە خەریکبوون زیاتر ئەوانە بوون کە بە شوانکارەییەوە خەریکبوون. بۆیە زیاتر رێی تێدەچێت کوردەکان لە رووی رەگوڕیشەوە بگەڕێنەوە بۆ ئەو خێڵە شوانکارانەی کە سەرکەوتوون بۆ نێو چیاکان.
دیاکۆنۆف وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، گۆتیەکان وەکو کۆمەڵی سەرەتایی ناو دەبات و ئەو خێڵانەشی لە سەرزەمینی میدیا لە چیاکان و ناوچە کوێستاننشینەکاندا ژیاون شوانکارەبوون و بە ئاژەڵدارییەوە خەریکبوون، هەروەها لە رۆژئاوای میدیا لە سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زایندا چینە کۆمەڵایەتیەکان هێشتا بەتەواوی نەخەمڵیوون و دەرنەکەوتوون. هەروەها ئەوە هاتووە کە لە سەدەی نۆی پێش زایندا لۆلۆو گۆتیەکان دەوڵەتۆچکەیان لە سەر زەمینی زاموادا بنیادناوە، کە زاموا بەشێکە لە سەرزەمینی کوردستانی ئێستا. دیسان باسی ئەوە دەکرێت لەو جوگرافیایەدا، کە ئێستا کوردستانەو پێشتر کاردۆخی و لۆلۆو گۆتی میتانی و کاشی و هۆری تیا ژیاوە سیستێمی کۆیلایەتی دروستنەبووە. هەروەک ئاشکراشە بە دیاریکراوی نووسینێک کە مەبەست شێوازی نووسینە نیە بەناوی یەکێک لەو پێکهاتانەی کە ئەگەری هەیە کورد بچێتەوە سەر ئەوان. رابردووی ئەو پێکهاتانە یان لە مێژووی بابل و سۆمەرو ئەکەدو ئاشوورو یۆناندا تۆمار کراوە کە ئەوەش شتێکی کەمە، یان لە خوێندنەوەی ئەو پاشماوانەوە هەڵهێنجراوە کە ئارکیۆلۆجیست و رەچەڵەکناسان و مرۆڤناسان کردوویانە، ئەوەش شتیکی کەمی لێوە بەدەستهاتووە، یان بە خوێندنەوەی رابردووی ئەوانی تر کە هەم نزیک و تێکەڵاو و هاوسەردەم بوون لەگەڵ میدو ئەو پیکهاتانەی لە سەرزەمینی میدو بەتایبەتی لە رۆژئاوای میدیا و باکووری میسۆپۆتامیا ژیاون و بەردەوام لە شەڕو پێکدادان و ئاڵۆزیدا بوون و لە ئەنجامی بەراوردو لێکچواندندا، مێژوونووسان تا ئەندازەیەک لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و چۆنێتی باری ژیانەوە، کۆمەڵگای میدیاو ئەو پێکهاتانەی کە لەسەر زەمینی میدیا ژیاون و هەریەکەیان بەجۆریک وەکو باپیرەی کورد دادەنرێت، هاوشێوەکراون. بەڵام سەرباری ئەوەش لەو وتانەی توێژەران کە لە سەرەوە هینامنانەوە، هەندێ تایبەتمەندی میدییەکان و لۆلۆو گۆتی و کاردۆخی و تەنانەت میتانی و کاشی دەردەکەوێت کە بەتەواوی هاوشێوەی بابل و سۆمەرو ئەکەدو ئاشوور نەبوون لە رووی پەرەسەندن و دروستبوونی سیستێمی کۆیلایەتی و دەرکەوتنی سنووری نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکان و لە هەمووشی گرنگتر دەرکەوتنی نووسین لای سۆمەرییەکان و بابل و …تاد. لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە لەو قۆناغانەدا ئەوانەی ئێستا وەکو باپیری کورد سەیردەکرێن لە سێ ئاستدا لە زۆربەی رەگەزو میلەتانی سەردەمی خۆیان جیاوازبوون کە ئەوانیش بریتین لەوەی کە زیاتر لە چیاکاندا ژیاون و شوانکارەبوون و کشتوکاڵ لە ئاستی دووەمدا هاتووەو بەوپێیەش زیاتر کۆچەری بوون. چینە کۆمەڵایەتیەکان بە روونی دەرنەکەوتوون، سیستێمی کۆیلایەتی دروستنەبووە، نووسین دەرنەکەوتووەو تۆماری خۆیان بە زمانی خۆیان نیە، واتە کۆمەڵگای پێش نووسینن. ئەم خاڵانەش تا ئەندازەیەکی ئاشکرا دەریدەخەن لە کاتێکدا پێکهاتەکانی میسۆپۆتامیای پێش زاین لەبەر ئەوەی سیستێمی کۆیلایەتیان هەبووە واتە جۆرێک لە سیستێمی ئابووری و پەیوەندی بەرهەمهێنانیان هەبووە، چینە کۆمەڵایەتیەکان تا ئەندازەیەک خەمڵیوون و کشتوکاڵ و شوانکارەیی شانبەشانی یەکتر رۆیشتوون و نیشتەجێبوون دیاردەیەکی لەبەرچاوبووەو سیستێمی دەسەڵات و سیستێمی نووسینیان هەبووەو تۆماری رابردوویان بۆ قۆناغەکانی دواتر ماوەتەوە. واتە ئەمان خاسێتی کۆمەڵگایان هەبووە، لەکاتێکدا ئەو پێکهاتانەی کە ئەگەری هەیە باپیرەی کورد بن زیاتر خاسێتی کۆمەڵگای سەرەتاییان هەبووە. ئەگەر بتوانرێت لە رێگای کۆڵین و لێکدانەوەی زانستی زیاترەوە ئەوە بسەلمێنرێت، ئەوا رەنگە بگەین بە دەرئەنجامێک یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی تاکو ئیستاش کورد لە رووی پەرەسەندن و بڕینی قۆناغەکانی مێژووەوە لە ریزی دواوەی کۆمەڵگاکانی رۆژئاوای ئاسیاو سەرزەمینی سۆمەرو ئەکەدو بابل و ئاشوورو میدیاشە لەو روانگەیەوە کە ئێستا میدیا وەکو بەشیک لە میژووی ئیران سەیردەکرێت و تەنیا ناسیونالیستانی کورد وەکو هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی رابردوو لە پێناوی سەلماندنی ئێستاو بەدەستهێنانی ئایندەدا وەکو رابردووی کورد سەیری دەکەن.
سەرچا وەکان :
1-Cambridge Dictionary
2 -The Britanica Dictionary.
3- Oxford Concise Dictionary of Politics, Lain Melean and Alist Mcmillan, Oxford University Oress, p.500.
4- Wikepedia, a Short paraphrase of the trerms.
5- Collin’s Dictionary, p.
6- اشیلي مونتاغیوو البدائیة، ترجمة الدكتور محمد عصفور، عالم المعرفة، كویت، 1982 ، ص 15.
7- اشیلي مونتاغیوو البدائیة، 1982 ، ص 13.
8- نفس المصدر السابق، ص 22.
9- نفس المصدر السابق، ص 24.
266
10- Francis L. K., Rethinking the Concept primitive, Current Anthropology, Volume 5, Issue 3 ( jun., 1964), p. 169.
11- اشیلي مونتاغیو، البدائیة، ص 54.
12- Diamond Stanely, In Search of Primitive : A Critique of Civilization, New York, International University press, 1963, p.79.
13- اشیلي مونتاغیو: البدائیة، ص 110 – 111.
14- نفس المصدر السابق، ص 120 – 121.
15- George Douglas Argyll, Campbell 8th Duke of Primitive Man, 1871, New York: Dewitt C. Lent, pp.24-25.
16- بیار كلاستر: مجتمع اللادولة، ترجمة الدكتور محمد حسین دكروب، المؤسسة الجامعیة للدراسات
والنشر والتوزیع، بیروت، الطبعة الولى، 1981 ، ص 186.
17- المصدر السابق، ص 186.
18- نفس المصدر السابق، ص 187.
19- هیغل: مختارات، مجلد الثاني، ترجمة، الیاس مرقص، بیروت، دارالطلیعة، الطبعة الولى، 1978 ، ص 89 – 90.
20- بیار كلاستر: مجتمع اللادولة، ص 180.
21-ڤلادیمیر مینۆڕسکی: بنچینەکانی کورد، وەرگێرانی نەجاتی حەبدوڵا، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل-٢٩ -22- باسیلی نیکیتین: الكرد، ترجمة، الدكتور نوري طالباني، السلیمانیة، 2007 ، ص 43.
23- ب. لیرخ: دراسات حول الكورد الیرانیین و اسلافهم الكالدانیین الشمالیین، ترجمة الدكتور عبدي
حاجي، دهوك، سیبریز، 2008 ، ص 22.
24- John Bulloch and Harvey Morries, No Friends but the Mountains, Penguin Books, 1993, p. 29.
25- عەتا قەرەداخی: چەمکی دەوڵەت و بزوێنەری مێژوو لە کۆمەڵگای کوردەواریدا، سلێمانی،
1998 ، ل 123.
26- Beals Ralph L. and Harry Honjer, An Introduction to Anthropology, New York, Macmillan, 2nd edition, 1959, p. 8.
27- سۆران حە مە ڕەش، کورد کێیە؟ لەندەن، چاپخا نەی YPS ، 2013 ، ل 12.
28- هە مان سەرچا وە، ل 13.
29- هە مان سەرچا وەی پێشوو، ل 15.
30- Michael M. Gunter, The Kurds Ascending, p.3, and Historical Dictionary of Peoples and Cultures, No.1, Oxford, 2004, p. xx1x.
31- شەرەفخانی بەدلیسی، شەرەفنامە ، وەرگێڕانی هەژار، نەجە ف، 1972 ، ل 109.
32- Amir Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985, ( San Francisco: Mellan Research University Press, 1992), p.49.
33- Ofra Bengio: The Kurds of Iraq, State Inside State, London, 2012, p.1.
34- Amir Hassanpour: Nationalism and Language, p. 62.
35- ئۆ. ل. ڤیلچێڤیسکی: نەژادی کورد، وەرگێڕانی رەشاد میران، هەولێر، دەزگای چاپ و
بڵاوکردنەوەی موکریان، 2000 ، ل 158.
36- هە مان سەرچا وە، ل 163.
37- هە مان سەرچا وەی پێشوو، ل 169.
38- هە مان سەرچا وەی پێشووتر، ل 109.
39- دیاکۆنۆف ئیگەرمیخایلۆفیچ: مێژووی میدیا، وەرگێڕانی دکتۆر پێشەوا خالید، سلێمانی ، جەمال
عیرفان، 2012 ، ل 186.
40 – هە مان سەرچاوە ، ل 199.
41- هە مان سەرچاوەی پێشوو، ل ل 201 – 202.
42- هە مان سەرچاوەی پێشوو، ل 252.
43- هە مان سەرچاوەی پێشووتر، ل 278.
44- حەبیبوڵای تابانی: هاونەتەوەیی قەومی کوردو ماد، وەرگێڕانی جەلیلی گادانی، سلێمانی، 2006 ،ل 13.
45- محەمەد ئەمین زەکی: خۆڵاسەیەکی تەئریخی کوردو کوردستان، بە رگی یەکەم و دووەم، سلێمانی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2000 ، ل 37.
46- سالح قەفتان، مێژووی نە تەوەی کورد، چاپی سێیەم، سلێمانی ، 2021 ، ل 24.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت