نوری بەشیر: یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان سەردان و پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوو هەفتەی رابردوودا جارێکی تر میدیاکانی کوردستان، سەردانی ئەمینداری یەکگرتوی ئیسلامی سەلاحەدین بەهادینیان بۆ تورکیا و بینینی سەرانی حکومەتی ئۆردگانیان بڵاوکردەوە، لەمجۆرە سەردانانەو کۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی ئەک پارتی شتێکی نوێ نیە بۆ یەکگرتوی ئیسلامی و بەتایبەت سەلاحەدین بەهادین. ئەم حزبە ئیسلامیە ئەم پەیوەندیانەی نەشاردۆتەوەو بەردەوام لایەنگری جدی و هاوبیر و هاوهەڵوێستی بۆ ئۆردوگان و حزبەکەی دەبڕیوە، هەتا لەوکاتانەشدا کە ئۆردوگان گەورەترین سەرکوتی خەڵكی تورکیاو کوردەکانی تورکیای کردووە، سەلاحەدین و حزبەکەی لایەنگری ئەک پارتی کردوە کە سنورەکانی کوردستانی عێراق و سوریا و کوردستانی سوریایشی بڕیوەو کوشتاری خەڵكی مەدەنی کردووە، لەپاڵ حکومەتی تورکیادا وەستاون.
سەردانی یەکگرتوی ئیسلامی لە نیوەی دووەمی مانگی 12ی ساڵی پاردابووە، بەڵام لەم چەندڕۆژەی هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا، بەهەمانشێوە، شاسوار عبدولواحید لە نەوەی نوێ و مەسرور بارزانی لە پارتی، رێگای تورکیایان گرتەبەر. هاوکات میدیاکان هەواڵی لایەنگری و پەیوەندی سەرانی بزوتنەوەی ئیسلامی (عیرفان عبدولعەزیزو مونیرە عبدولعەزیز) یان لەسەر پەیوەندیان بەجۆلانیەوەو پیاهەڵدان و لایەنگریان بۆ جۆلانی و حزبە ئیسلامیەکەی و پەیوەندی کۆنیان بڵاوکردەوە.
پەیوەندی و سەردانی ئەمجارەی حزبە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان بۆ تورکیا، بەهۆی گۆڕانی هەلومەرجی ئێستای ناوچەکەوەو وەزعی سوریاو جیگاوڕێگای تورکیا لەئاڵوگۆڕەکانداو هەروەها پاشەکشەی ئێران و قەیرانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدایە، کە حکومەتی تورکیا دەستپیشخەری کردووە، بۆئەوەی کاریگەری و نفوزی خۆی زیاتر بکات.
بۆهەمووان ڕوونە کە پەیوەندی حزبە ئیسلامیەکان و ناسیونالیستەکانی کوردو لەسەرویانەوە؛ حزبەکانی بارزانی و تاڵەبانی، لەگەڵ حکومەتەکانی؛ تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، تەنیا پەیوەندی لە نێوان دوولایەنی یەکساندا نەبووە، بەڵکو خۆشخزمەتی و پێشلەشکری و نۆکەرایەتی بووە بۆ ئەو دەوڵەتانە. ئەگەر هەر حزبێکیش لەباوەشی ئەم حزبانەی کوردایەتی لە قەومی و ئیسلامی کە دەرزەنێکن، کەوتبنە خوارەوە، ئەوا هەمانکاری حزبەکانی دەسەڵاتیان کردوە.
ئەوەی لێرەدا باسی ئێمەیە دەورو جێگای حزبە ئیسلامیەکانە لەکوردستان بەگشتی و یەکگرتووی ئیسلامی بەتایبەتی وەک حزبێکی نزیک و شوێنی متمانەی ئۆردوگان.
هەموو حزبە ئیسلامیەکان بەجیا لەوەی لە 34 ساڵی رابردوودا پاشکۆی سیاسەتی ناسیونالیزمی کورد بوون، وە لەنێوان دوو زۆنی زەردو سەوزدا یاریان کردووە، بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتانی ئیسلامیدا لەچەشنی: تورکیا، ئیمارات، سعودیە، پاکستان و ئێراندا هەبووەو یاریان کردووە، هەروەها شەریکە بەشبوون لەدزی و گەندەڵی و کوشتارو راووڕووتی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت یەکگرتوی ئیسلامی سەرەڕای وەرگرتنی بودجەو شەریکە دزیی دەسەڵات، ئەوا لەو وڵاتانەش کۆمەکیان وەرگرتووە. ئەوەی جێگای باسە لەهەلومەجی ئیستادا تورکیا چی دەوێت لە یەکگرتوی ئیسلامی و یەکگرتوش بەشوێن چیەوەیە لە ئێستادا!؟
هەرچەندە یەکگرتوو هەموو کاتێك لەپاڵ تورکیادا ڕاوەستاوە و پاکانەی تاوانەکانی لەدژی خەڵکی کورد بۆ کردوە، وە هیچ کاتێك دەستدرێژیەکانی بۆسەر شارو دێهاتەکانی کوردستانی عێراق و بگرە بۆسەر کوردستانی سوریا سەرکۆنە نەکردوەو دژی نەوەستاوەتەوە، بەیەك وشە دژی پاڵپشتی تورکیا بۆ داعش و دژی هاوڵاتیانی کوردی سوریا و بەتایبەتی شاری کۆبانی ناڕەزایەتی دەرنەبڕیوە، بەڵام ئێستا لەچوارچێوەی ئەو دۆخە سیاسیەی لە عێراقدا وەکو ئاکامی روخانی بەشار ئەسەد هاتۆتە پیشەوە، تورکیا ئەرکی تازەی بۆ یەکگرتوو داناوە.
لەم پەیوەندەدا دەورو ئەرکی تازەی یەکگرتوو ئەوەیە کە تورکیا دەیەوێ بە سوود وەرگرتن لەو دۆخەی سوریا و جۆرێك لە باڵادەستی لە بڕیاری سیاسی سوریادا، لە کوردستانی عێراقیشدا جێپێی خۆی زیاتر قایم بکات و نفوزی خۆی بە سەر سەرجەم کوردستانی عێراقدا زاڵ بکات. ئەوەش لەڕێگای هاوکاریکردنی پارتییەوە دەبێت لەلایەن هەریەکە لە یەکگرتوی ئیسلامی و هەروەها نەوەی نوێ وە کە سەرۆکەکەی لەهەمانکاتدا و بۆهەمان مەبەست بانگێشتی تورکیا کرا و کۆبونەوەی لەگەڵدا سازدرا، ئەمەش لەپێناو ئەوەدا کە حکومەتێکی هەرێم دروست بکەن هەژمونی پارتی تێدا زامن ببێت و یەکێتی لەژێر فشاردا دابنێن و ناچاری بکەن مل بە بە مەرجەکانی پارتی بدات کە راستەوخۆ لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی تورکیادا لەناوچەکەو عێراقدا هەنگاو دەنێت. بەوجۆرەش نفوزی ئێران بەسەر کوردستانی عێراقدا لەرێگای ملکەچکردنی یەکێتیەوە دەستەبەر بکەن.
هەر لەچوارچێوەی ئەو هەلومەرجەی لەناوچەکەدا هەیە، کەدەورانێکی ناجێگیرەو بەپێی هاوسەنگی هێز قابیلی ئاڵوگۆرە، هەموو هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و حزبە ئیسلامی و قەومیەکان دەیانەوێ بەرژەوەندیە سیاسی و ستراتیژیەکانیان مسۆگەر بکەن و خۆیان بۆ بەئاکام گەیاندنی ئامادە دەکەن. بەوجۆرە دەیانەوێ لەلایەکەوە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا هەیانە بیپارێزن و بەهێزی بکەن و لە ئایندەشدا نەخشی سیاسی خۆیان کاریگەرتر بکەن. یەکگرتووی ئیسلامیش وەکو هێزێکی بۆرژوازی، لەرێگای سوودوەرگرتن لە هەژمونی تورکیاوە دەیەوێ دەستێکی لە دەسەڵاتی هەرێم گیر ببێت و بەشی خۆی لە داهات و دەسەلاتی هەرێمدا دەست بکەوێ. پڕوپاگەندەکانی یەکگرتوو بۆ پاکانەکردنی کۆبوونەوەی ئەمیندارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی رژێمی فاشیست و شۆڤێنیستی ئیسلامی تورکیا و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئاك پارتی و حکومەتی ئۆردوگاندا بەکارهێنانی پەیوەندیەکانیانە لەگەڵ تورکیا لە بەرژەوەندی چارەسەری کێشەی کورد لە کوردستانی عێراق و چارەسەری کێشەکانی تورکیا لەگەڵ هەسەدە! بەڵام ئەم پڕوپاگەندەیەی یەکگرتوو تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی ئەندامانی و لایەنگرانی خۆی و خەڵکی کوردستانی عێراقە تاکو وەکو خزمەتکار و بەکرێگیراوی رژێمێکی کۆنەپەرست و فاشیست و شۆڤێنسیتی وەکو تورکیا ناوزدەیان نەکەن و نەفرەتیان نەکەن. دەنا کام مرۆڤی هوشیار هەیە کە نەزانێ لە قاموسی سیاسی رژێمی تورکیاو دەسەڵاتی ئاک پارتیدا شتێك نیە بەناوی مافی خەڵكی کورد و چارەسەری پرسی کورد!؟ لەوەش واوەتر هەر ئومێدو خواستێکی خەڵکی کوردزمانی ناوچەکە بە تیرۆریزم و پیلانگێری بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی وێنا دەکەن و بەهەموو توانایانەوە هەوڵی سەرکوتکردن بێدەنگکردن و لەناوبردنی دەدەن. دەبێ خەڵکی کوردستان ئەم خۆشخزمەتیەی یەکگرتوو بۆ رژێمی فاشیستی تورکیا قبوڵ نەکەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت