سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق: هاوسەنگی زۆن و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ستراتیژی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کوردستان لەشاخەوە بۆ شار بەقۆناغێکی پڕخوێن و قورسدا تێپەڕیوە، کوشندەترینی ئەم شەڕانە شەڕی براکوژی بوە، کە ململانێ و جەنگی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی کوردی دابەشکردوە وەک دوو پاشکۆ و درێژکراوەی دوو وڵات کە ئەمە لە مێژوەوە تا ئێستا درێژبوەتەوە تا گەشتە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی کە پلانێکی دەرەکی بو وەک جوگرافیایەک بۆ کۆکردنەوەی هاوسەنگی بەرژەوەندی وڵاتان ، واتا کۆتایی هێنان بە شەڕی براکوژی دەرهاویشتەی عەقڵی کوردی نەبوە ، بەداخەوە نەک هەر بوەتە هۆی دواکەوتویی بگرە دەرفەت و هەلە مێژوەییەکانیشمان لەدەستداوە ، ئەوەشی ئێستا هەیە بە پلەی یەکەم ڕوداوەکان دروستی کردوە ، ئەوەی بەرهەمهێنراوە ئەم دەستەڵاتەیە کە لەسەر هەمو ئاستەکان ئێکسپایەر بوە و بۆگەنی کردوە ، بە تایبەت دابەشبونی دوو زۆنی دوو پاشکۆیی ،خۆ ئەگەر سنوری دێگەڵە بە ڕاگرتنی هاوسەنگی ناوچەیی و درێژکراوەی ڕێککەوتنە مێژوییەکانی نێوان ئێران و تورکیا سەیربکەین ، وە له ڕوی سنور و جوگرافیاوە زۆنی سەوز مەحکوم بێت بە هاوسێیەتی ئێران و زۆنی زەرد مەحکوم بێت هاوسێیەتی تورکیا ئەوا دەکرا وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی عێراقی و بنەماکانی هاوسێیەتی مامەڵە لەگەڵ ئێران و تورکیادا بکرایە ئەگەر چی عێراقیش خۆی بەشێکە لەم یارییە.
ئەوەی لە ئێستادا هەیە دوو زۆن و دوو حیزب هەیە و سنوری دێگەڵە جیایان دەکاتەوە لەیەک ، ڕێککەوتننامەی ستراتیژی تەنها کۆتایی بە شەڕی ناوخۆ هێناوە نەیتوانیوە بچێتە قۆناغێکی تر و یەک حکومەتی هەبێ ، ئەوەی هەیە دوو حکومەت و دوو ئیدارە و دوو پێشمەرگە و دوو حیزب و دوو زۆنە ڕێککەوتنامەی ستراتیژی دابەشکاریی پۆست و پلە و پارەیە بە پەنجا پەنجا و دیزانەکەشی لە ڕێککەوتنی ئەنقەرە و تارانەوە هاتوە ، واتا سەرۆکی عێراق کە پشکی کوردە بۆ یەکێتی لەبەرامبەردا سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی حکومەت دووساڵ بەدووساڵ گۆڕانکاری لە جێگرەکانیدا تا سەرۆکایەتی پەرلەمان ، ئیتر ئەم دابەشکاریە لە بزنس و زەویەوە تا دەگاتە پێشمەرگە و ڕێکخراو و سەندیکاکان شۆڕ دەبێتەوە بگرە وردتر تا باڵەخانە بە باڵەخانە دەڕوا و پێدانی هەندێ لەمانە بەحیزبەکانی تر.
ئەم دوو زۆن و دوو ئیدارە و دوو هێزی پێشمەرگە و ئاسایشە پڕە لە دزی و گەندەڵی و نەبونی یەک گوتاری لەگەڵ بەغدادا ، خۆ ئەگەر پێشتر هەوڵدرا بێت بۆ ڕیفۆرمکردن و کۆتاییهێنان بە دوو زۆنی لە ڕێگەی ڕێکخراو و حیزب و کەسایەتی و ئەکادیمی و هەتا دەگاتە وڵاتە دۆستەکان بە تایبەت نەوشیروان مستەفا ، بۆ ئەوە بوە دۆخە گشتیەکە چاک ببێت ، بەڵام ئەگەر چاک نەکرابێت ئەوا نابێ بهێڵرێت خراپتربێت .
لێرەوە دوای مەرگی مام جەلال و کاک نەوشیروان دۆخەکە بە تەواوی تێکچوە ، بۆیە دەبینین هاوسەنگی زۆن تێک چوە ، ڕێککەوتننامەی ستراتیژی هاوسەنگی نەماوە ، لە ئێستادا کەلەبەردەم دوو ڕوداوداین ( پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی عێراق ) وەک دۆخەکە چاکتر نەکرا دەکرێ بگەڕێینەوە بۆ هاوسەنگی هێز و زۆنەکان و ڕێککەوتننامەی ستراتیژی تا دۆخەکە خراپتر نەبێ.
زۆنی سەوز پێویستی بە کۆدەنگی حیزبەکان هەیە لەچواچێوەی هاوپەیمانییەتێکی دیاریکراودا چونکە دەزانین پێگەی سەرەکی هەمو حیزبەکان لە زۆنی سەوزدایە ، زۆنی زەرد پێگەی سەرەکی هیچ حیزبێکی کوردی لێ نیە جگە لە پارتی و تورکمانەکان ، بەڵام زۆنی سەوز دایکی هەمو حیزبەکانە هەر لە یەکگرتو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و گۆڕان و حسک و هەڵوێست و بەرەی گەل ، خۆ ئەگەر بۆ هەردوو حاڵەتەکە پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی عێراق زۆنی سەوز لەچوارچێوەی یەک هاوپەیمانیدا کۆببنەوە ئەوا هاوسەنگی هێز و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ستراتیژی دروست دەبێتەوە و چی تر یەک حیزب ناتوانێ لە بەرژەوەندی خۆی قۆرخکاری بکات و زۆنی سەوزیش لە کۆمەڵی گرفتی گشتی تا ئاستێک ڕزگاری دەبێت ، ئەگەر چی پارتی وەک حیزب سیاسەت دەکات و پێکهاتەی هەرچۆنێک بێت مافی خۆیەتی لەبەرامبەردا ئەوە حیزبەکانی زۆنی سەوزن یەک گوتار نین و پەرتن و بۆشایی بۆ یارییەکانی پارتی دروست دەکەن ، بۆیە زۆر پێویستە بە تایبەت یەکێتی بتوانێ هەموو حیزبەکان و ڕێکخراوەکان و کەسایەتییەکان لەچوارچێوەی یەک پڕۆژەدا کۆبکاتەوە تا دۆخەکە خراپتر نەبێت و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ستراتیژی و هاوسەنگی زۆن دروست ببێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت