عوسمانی حاجی مارف: ئەگەری هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، کوتلە شیعەکانی عێراق دڵەڕاوکێ لەنێو ڕیزەکانیاندا زیادیکردوە، بەتایبەتی کەپرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە گۆڕەپانی عێراقدا بەدوای خۆیدا هێناوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن گفتوگۆ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەستیپێکردووە، ئەمەش وەک بەشێک لە زنجیرەیەک داواکاریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل.هەرچەندە تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی حکومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ڕاوێژکارانی سودانی، هەندێک واقیعیەت بەو لێدوانانە دەدەن.
هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کۆمەڵێک میلیشیا و فراکسیۆنەوە دامەزراون کە لەڕووی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبیەوە پەیوەستن بە عەلی خامنەئیەوە، بوونەتە یەکێک لە کارتە فراوانخوازیەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، هەرچەندە بەناوی شەر لەبەرامبەر داعشدا بانگەوازی بۆ کرا، بەڵام هەر لەسەرەتادا بۆ ئەنجامدانی تیرۆر لە دژی خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەر بەکارهێنران، هەروەها هێزێکە بۆ شەڕکردن لە بەرژەوەندی رۆڵی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا رێکخراوە.
بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی عێراق، کە سەر بە ئێرانن، چەند ڕۆژێک پێش ڕووخانی ئەسەد داوا دەکەن پشتیوانی لە ئەسەد بکرێ، داوایان لە محەممەد شیاع سودانی کردووە کە هێزەکانی حکومەت بنێرێت بۆ سوریا بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ چوونە ژوورەوەی خۆیان لەڕێگەی هێزەکانی حکومەتەوە، بۆ پشتگیریکردن لە بەشار ئەسەد. بەڵام سودانی ڕازیکردون کە دەستێوەردان نەکەن و دەستبەجێ لە سووریا بکشێنەوە، بۆئەوەی عێراق نەکێشێرێتە ناو شەڕێکەوە، لەکاتێکدا کەڕوسیا دەسبەرداری ئەسەد بوەوە، ئێرانیش هیچی پێناکرێت، کە هەردوکیان روسیاو ئێران هاوپەیمانە متمانەپێکراوەکانی بەشار ئەسەد بوون.
دوای ڕووخانی ئەسەد، ئەگەری ئامادەکاری بۆ پیلانگێڕی گەورە هەیە لە بەرامبەر پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق و لە هەوڵی داڕمانی سیستمی سیاسی عێراقدا دەبن. هەروەها واشنتۆن داوای لە حکومەتی عێراق کردوە یەکینەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە، چەند ڕۆژێک دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بلینکن رایگەیاند کە تەنها یەک داواکاریان هەیە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبیە و بەمشێوەیە ڕوبەڕوی کاریگەریی ئێران دەبنەوە لە سەر عێراق.
بلینکن، سودانی ئاگادارکردەوە کە ئیسرائیل بەتوندی بڕیاریداوە بۆ لێدان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق، هەروەها واشنتۆن ئامادەیە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە بۆئەوەی عێراق نەکێشرێتە ناو ناوەندی ململانێکانی ئێستاوە. ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە یەکلابۆتەوە، داوایان لە سودانی کردووە، کە فراکسیۆنە چەکدارەکان ئاگاداربکاتەوە تا هێزەکانی حەشدی شەعبی، جا بە ئیرادەی خۆیان بێت یان بە زۆر، دەبێت حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە.
ئەمریکا ئەوەشی ڕاگەیاندوە کە نەتانیاهۆ بڕیاریداوە ئەو هێزە چەکدارە عێراقیانە بکاتە ئامانج، جا پێشئەوەی ترەمپ دەسەڵات بگرێتەدەست یان دوای ئەوە ئەو کارە هەر دەکات، بۆیە واشنتۆن نایەوێت عێراق وەک ناوەندێکی نوێی ململانێ ببینێت.! لەهەمانکاتدا بۆئەوەی دەستتێوەردانی تاران لە عێراقدا سنوردار بکرێت.
ئەم پرسە دوای زنجیرەیەک هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ بۆردومانکردنی ئەو چەکدارە عێراقیانەی کە موشەکیان بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدا، هاتە ئاراوە و لە مانگی تشرینی دووەمدا توانیان دوو سەربازی “ئیسرائیلی” لە جۆلان بکوژن. لەم بارەیەوە سودانی کەوتووەتە بەردەم سەرلێشێواویی و قەیرانێکی گەورەوە، بەوپێیەی نە خۆی و نە هیچ سەرۆکوەزیرانێکی تر ناتوانن بەرگەی دەرئەنجامەکانی ئەوە بگرن کە ئەگەر حکومەتی عێراق هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە چی ڕوودەدات؟.
شایانی باسە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە جگە لە مالکی هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی نەداوە، مالیکیش دەڵێت بەهیچ جۆرێک حەشدی شەعبی هەڵناوەشێتەوە!، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ لەسەر ئەو بابەتە، سەرچاوە سیاسییە شیعەکان ڕایانگەیاندووە، لە کۆبونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ئەم بابەتە باسکراوە، هەندێکیان بەهێمنی ڕێکەوتون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.!
هەندێک سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەن کە پێیانوایە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، عێراق لە هەر ململانێیەک دور دەخاتەوە، هەروەها دەرفەتێکە بۆ کەمکردنەوەی نفوزی ئێران لە وڵاتەکەدا، جگە لەوەش سەقامگیری عێراق لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دروست دەبێت.!؟ لەهەمانکاتدا بەشێک لە فراکسیۆنه چەکداره شیعەکان پشتیوانی لە مالکی دەکەن و ئەم بابەتی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبیان قەبوڵ نیە، وەها قسەدەکەن کە مەحاڵه حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە، نه بەفەرمانی واشنتۆن و نه به گوشاری نارەزایەتی جەماوەریش.
لەم بارەیەوە سودانی لە نێوان دوو هەڵبژاردنی تاڵدا گیری کردوە، لەبەرامبەر بریاری ئەمریکا، کە بۆ سودانی سەختە بتوانێ ئەو بریارە جێبەجێ بکات، هەروەها ناتوانێ لەبەرامبەر چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێراندا بوەستێتەوە، چونکە هیچ حکومەتێکی عێراقی بەرگەی دەرئەنجامەکانی چوونە ناو ململانێ لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی ناگرێت.
جێگای سەرنجە کە ژمارەیەک سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی شیعەی عێراق دیارنەماون، بۆنمونە قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق ماوەیەکی زۆرە دەرنەکەوتووە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە تیرۆر کرابێت، هەروەها ئەبو عەلا وەلایی سەرکردەیەکی دیار لە لیواکانی سەید ئەلشوهەدا، دیار نەماوە!.
هەرچەندە هیچ ڕاگەیاندن و بەیانامەیەکی فەرمی لەبارەی ئەم پرسەی هەڵوەشانەوەی حەشدەوە لەلایەن عێراق و ئەمریکاوە بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی ئەم هەواڵە دەرنەچووە. بەڵام ئەوەی ئیعتباری ئەم هەواڵه زیاتر دەکات، ئەوەی دەیبینین کاردانەوەی سەیر هەیە له سەر ئاستی سەرکردەکانی لایەنە شیعەکان، کە دوای کۆتایی شەری حزوبوڵلای لوبنان و ئەو سیگناڵانەی سودانی دەیدات، شاهیدی دیارنەمانی سەرکردەکانی حەشدی شەعبین له میدیاکان و ئامادەنەبوونیانە لە کۆبوونەوەکاندا، کە راستی ئەو هەواڵە دەسەلمێنن.
بەوپێیەی عەلی سیستانی کە باڵاترین دەسەڵاتی شیعەیە لە عێراقدا، هەر خۆشی لە ساڵی ٢٠١٤دا فەتوای دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکرد، لەم بارەیەوە هەوڵەکان ئاراستەی سیستانی کراوە بۆئەوەی ڕازی بکەن دەستور بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، محەمەد ئەلحەسەن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دووجار سەردانی سیستانی کردوە، لە مانگی نۆڤەمبەر و دووبارە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دوای کەوتنی ئەسەد، تا سیستانی ڕازی بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، بەڵام تائێستا سیستانی وەڵامی ئەو پێشنیارەی نەداوەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە سیاسیە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، هەمووان چاوەڕێی دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپن، سەبارەت بە داواکاری واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی عێراق، تا بزانن چ بریارێک دەردەکات. پێشبینی دەکرێت ئیدارەی نوێی ئەمەریکا فشاری ئابووری و سەربازی بخاتە سەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، هەروەها قسە لەسەر ئەوەش دەکرێت کە ترەمپ هاوکاریە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ عێراق ڕادەگرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق کێشەی حەشدی شەعبی چارەسەر نەکات.
باس لە بوونی ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کوتلە چەکدارانە و لەناوبردنی چەکەکانیان کە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و ناوچەکەدا کردۆتە ئامانج.
ئیدارەی ئەمریکا بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانن کە سودانی ناتوانێت هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە یان دەستوەردان لە کارەکانیان بکات. چونکە ئەم داوایە پێچەوانەی خواستی ئێرانە و دژایەتی خواستی ئەو لایەنانەیە کە پاشکۆی ئێرانن، دەبێتە شکستێکی گەورە بۆ ئێران و دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراقدا.
کارێک کە سودانی دەتوانی بیکات کڕینی کات و هەوڵدانە بۆئەوەی وەک بێلایەنێک لە نێوان خواستی ئەمریکا و خواستی ئێراندا بوەستێت، میتۆدێکە کە هەموو سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە کاریان پێکردووە. بەڵام پێدەچێت ئەمجارە جیاواز بێت لە جارەکانی پێش سودانی، بەوپێیەی ئیدارەی ئەمریکا ئەمجارە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد جدیە لە نەهێشتنی میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێران، دەکرێ ئەمڕۆش نۆرەی میلیشیاکانە لە عێراق و پێیانوایە کاتێکی باشە بۆ ئەو کارە.!
بەڵام ئەوەی ئاشکرایە بڕیارێکی لەو چەشنە دەبێتە هۆی بوومەلەرزەیەک لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، کە لە ئێستاوە پڕ لە کێشە و گرفتە، واتە چۆن هێزێکی چەکدار هەڵدەوەشێنریتەوە کە بە هاوتەریبی سوپا بە پارێزەری دەسەڵاتی شیعە دادەنرێت. هەروەها سەختە بۆ سیستانی بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، لەبەر زۆر هۆکار؛ یەکەمیان تائیفییە، دووەم لەڕاستیدا بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی قەیرانێکی گەورە لەناو خودی حەشدی شەعبیدا دروست دەکات و کاریگەری لەسەر حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنەکان و دۆخی سیاسی عێراق دادەنێت، لە هەمانکاتدا پاشەکشەیەکی زیاترە بە ئێران.
واتە دەورانێکی تر عێراق دەخاتە ناو گێژاوێکەوە کە هاوتا دەبێت لە گەڵ ئەو گۆرانگاریانەی دوای ئەسەد لەناوچەکەدا پێشدێت، بەدەورو دەستێوەردانی ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا لە ناوچەکەدا، بەرەو گۆرانکاریەك کە ئایندەکەی چۆن یەکلایی دەبێتەوە لە ژێر پرسیاردا دەمێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت