دلێر محەمەد نوری: خاک و مێ منداڵ لە یاسای ئەتکی عێڕاقیدا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەڵێن خاک دایکمانە، دایکی نشتیمانیش کە داگیرکرا، ئەوە بە واتای ئەوە دێت کە نشتیمانی دایکمان ئەتککراوە. مرۆڤی دایک، دایکی تەنها مناڵەکانی خۆیەتی، بەڵام نشتیمانی دایک دایکی مرۆڤەکان و بەروبووم و ژینگە و ئاو و مێژوو و کولتور و هەموو مرۆڤایەتی و خاوەنەکەشیەتی.
بیرمە لە هاوینی ساڵی 1991دا، لە گەڵ هەندێک گەنجدا، بە کرێکاری و لە پشووی هاویندا، به خۆمان و تاک شەڕواڵەکانی بەرمانەوە، لە بەردەم سایلۆی کەرکووکدا دادەنیشتین. دادەنیشتین لە چاوەڕوانی جوتیارانی عەرەبی هاوردەی، دەوروبەری کەرکوک تا بناری حەمریندا، تا وەکو بڕۆین بە تەنکە، ڕۆژ تا ئێوارێ خەرمانی گەنم و جۆیان لە بارهەڵگرەکان بۆ بنێین. واتا ئێمەی ڕۆڵەی خاوەن ماڵ و لە ماڵی خۆماندا، کرێکاریمان بۆ تاڵانچی و داگیرکەر و دزەکانی سەر ماڵی خۆمان ئەکرد. ئاخۆ لەمە ئەتککردنی خاک ئەبێ چی بێت؟ زەوی خۆتەو ئەو ئەیکێڵێ، بەری خاک و خلە و خەرمانی خۆتە و بە تۆ بارئەکرێ.
باوەڕ مەکەن هیچ کەرکووکی و گەرمیانییەک، ساڵانی ئەتککردنی خاکی نشتیمانی بە ئاسانی لە یاد بچێت. کوردی دانیشتووی هێڵی بە یەکگەیشتن، لە گەڵ عەرەبی عێراقدا، لە گەڵ کوردانی نیشتەجێی قوڵایی خاکی کوردستاندا هەندێک جیاوازییان هەیە. ئێمە نەوە دوای نەوە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆمان بەو پڕۆسەی زەوتکردن و ئەتککردنی خاکەوە هەبووە.
بیرمە کورێکی چاونەترسی دراوسێمان کە ناوی “حەمەی حەوسەت” بوو کە بە تەمەن لە من گەورەتر بوو، کاتێ بۆ کرێکاری لە گەڵ چەند گەنجێکدا سواری پیکابی یابەی هاوردە ئەبووین بۆ قوڵایی خاکی داگیرکراو، وەکو شارەزایەک لە ڕێگەدا، ئاماژەی بۆ هەر پاشماوەی گوندێکی کوردیی ڕووخاوی ئەو ناوچانە دەرکرد و ناوە کوردییەکەی پێ ئەوتین. ئەو تەنانەت هەندێک جار ئەمەی بۆ خودی عەرەبە هاوردەکانیش ڕوون ئەکردەوە. ئەو دەم ئێمە لە ترسان و لە برسان داوامان لە حەمە ئەکرد ئیتر ئەو باسانە دابخات چاکترە. ئەمڕۆ دوای پەنجا ساڵ لە داگیرکاری بۆ یەکەم جارە کە پارلەمانی عێڕاق دان بەو ئەتککردندا دەنێ و بڕیار دەدات دەست لەو زەوتکردنی ئەو خاکانە هەڵبگرێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
ئەمە بۆ خۆی ئەگەرچی کارێکی گەورە و جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام لە ئەنجامی مامەڵەیەکی زۆر هەرزان و قێزەونی پارلەمانی عێڕاقدا بە دەست هاتووە بە داخەوە. ئازاری ئەم مامەڵە هەرزانە هیچی کەمتر نیە لە ئازاری ئەو ستەمە گرانەی پێشوو.
پێدەچێت دەسەڵاتی عەرەبی عێڕاقی نەتوانێ بە بێ ئەتککردن، هیچ قۆناغێکی مێژوو تێپەڕێنێت. ئەوان بە عەرەبی دوو وشەیەیان هەیە (ٲرض و عرض) و کردارێکیشیان هەیە کە کرداری (هتك). بۆیە ئەگەر هەتا ئێستا ئەرزیان ئەتک کردبێ، ئەوا لەمەودوا عەرز ئەتک ئەکەن.
ئەمڕۆ دەسەڵاتی عێڕاقی بۆ ئەوەی دەست لە ئەتککردنی زەوی و زاری کوردان هەڵبگرێت داوای نرخەکەی لە کورد کرد کە دەبێت ڕازی بین بەوەی ڕێگەی بدەین مرۆڤەکان ئەتک بکەن.
بە شوودانی مێ منداڵی نۆ ساڵان و دەستدرێژی کردنە سەری بە پێی یاسا ئاسمانی و زەمینییەکانەوە، مرۆڤ دەتوانی هەر ناوێکی بوێ، ناوی لێ بنێ. کە ئاسانترین ناو بۆ ئەم کردارە ناشرینە، ئەکرێ ئەتککردنی مێ منداڵان بێ.
ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە لە مێژووی عێراق و کوردستاندا، کە دەبێ بە دەستێک بکێشین بە سەری خۆماندا و بە دەستەکەی دیکەش سەرچۆپی بگرین. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵی مرۆڤی عێڕاقی، یاسادانەری عێڕاقی، ئایینزای عێڕاقی، ژنە پاشکۆپیاوی عێڕاقی تەماشای قێزەونترین یاسای دەنگ بۆدراوی نێو پارلەمانەکەی بکەین. ئەمڕۆ نزیکەی 29٪ی ئەندامانی پارلەمانی عێراقی ژنن، ئەپرسم ئاخۆ کاتێ دەستیان بۆ ئەو یاسایە بەرزکردەووە، هیچ ئازارێکی جەستەیی و دەروونی بیر نەخستنەوە؟ هەر وەها لە 71٪ ەکەی پیاوانیش ئەپرسم ئاخۆ کە چوونەوە بۆ ماڵەوە ئەمڕۆ، چۆن چۆنی تەماشای مێ مناڵانی سەرتایی و مێ منداڵانی خۆیان و خزم و هاوڕێ و دراوسێکانیان کرد؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت