بەیان ئیبراھیم: سێ یاساکەی پەرلەمانی عێراق و شەڕی مەزهەبی تەوافقی سیاسی.
هەر سێ کوتلە گەورەکەی ناو پەرلەمانی عێراقی پێش چونە پەرلەمان ڕێککەوتنیان کردوە کە هەر سێ کوتلەکە دەنگ بدەن بە سێ یاسا ( هەمواری باری کەسێتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس، یاسای لێبوردنی گشتی) ئەم تیپەڕاندنە هەمان کەلتوری سیاسی ناو عێراقە کە تەوافقی سیاسیە و لەپشت پەردەوە ڕێکەوتنەکە کراوە، پاشان براوەتە پەرلەمان و دەنگیان لەسەردراوە و تێپەڕێنراوە، بێ لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، ئەوەی جێی ئەم باسەیە هەمواری یاسای باری کەسێتیە بۆ هاوسەرگیری، ئەگەر شەڕی شیعەکان وەک مەزهەب و بەتایبەت مەزهەبی جەعفری بوبێت کاریان بۆ ئەوە کردبێت کە بە هەنگاو عێراق بە تەواوەتی ببرێتە سەر مەزهەبی شیعە ئەوا لەم تەوافقەدا بەرامبەر دوو کوتلەی سونە توانیان هەنگاو یەکەم جێبەجێ بکەن، ئەگەر چی ڕائید مالکی کە هەمواری یاسای 188کردوە پێی وایە کە ئازادی لە هەڵبژاردنی مەزهەبدا دەبێت، بەڵام دیوی شاراوەی مەترسیداری ئەم یاسایە بێهێزکردنی یاسا و بەهێزکردنی مەزهەبە، بە هەمو دیوەکاندا دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ و هاوسەرگیری ئازادە و دەبێتە هۆی پشێوی کۆمەڵایەتی و تێکچونی شیرازەی خێزان بەتایبەت ئەم خاڵانەی کە دەستکاری کراوە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی ژنان و مێردمنداڵان کە لە 18ساڵییەوە دابەزێت بۆ 9 ساڵ، خۆ ئەگەر ئەم بڕیارە بۆ کوردی سونە و عەرەبی سونە ئارەزومەندانە بێت و بتوانن لەسەر مەزهەبەکانی تر هاوسەرگیری بکەن ئەوا دەکرێ بواری پیاوسالاری و پیاوجەلادیش بۆ هەمو پیاوێکی عێراقی دروست ببێ ( ئەم قسەیەم پیاوانی ئازادیخواز ناگرێتەوە) دەکرێ پیاوێک بەس ڕەزامەندی خانەوادەی منداڵێکی 9 ساڵ بەدەست بهێنێ لەسەر مەزهەبی جەعفری هاوسەرگیری کاڵ و ناچاری بە منداڵێکی 9 ساڵ بکرێ، هەمو ئەمانە دژی بنەماکانی کۆمەڵگای مەدەنی چەسانەوەیەکی ئاشکرای ژن و مێرد منداڵە، ئەوەش دەزانین کە بڕیارەکان هەموی سیاسی و ڕێککەوتنی تەوافقین.
ئەوەی دەتوانێ ڕێگربێت لەم یاسایە و جێبەجێ نەکرێ هوشیاری کۆمەڵایەتی و ژێرخانی ڕۆشنبیری خانەوادەیە کە بتوانێ نەهێڵێت ئەم یاسایە دوای دەرچواندنی جێبەجێ بکرێت، ئەگەر چی کلتور و دابونەریتی ناوچەیی لەناو سونە و بەتایبەت لەناو کوردا زەحمەتە جێبەجێ بکرێت، ئەوەی زیاتر دەتوانێ ڕێگر بێت لە جێبەجێکردنی چالاکی بەردەوامی ڕێخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و ماڤی منداڵانە بتوانن خۆپیشاندان بکەن و خولی هوشیاری بکەنەوە.
ئەوەی کارەساتە لە عێراق دەستەڵاتی وڵاتان و مەزهبەکانە کە بە خواستی خۆیان و تەوافقی سیاسی کار لەسەر یاساکان دەکەن، لە پشتی پەردەشەوە هێڵێکی کارای کاڵ کاردەکات تا عێراق لە دەستەڵاتی مێژویی سونەوە بەرەو دەستڵاتی شیعە بەرێت، لە گشتدا هەمو تەوافقە سیاسییەکان و یاساکان و مەزهەبەکان دژی ئازادی مرۆڤ و مافی هاوسەرگیری و دیاریکردنێکی مرۆڤدۆستیانەیە بۆ هاوسەرگیری ، دواجار ئەگەر بەری پێنەگیرێ و کۆمەڵگای عێراقی و خێزانی عێراقی هوشیار نەبن دەبێتە هۆی پشێوێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و خێزانی.