سەردەشت محەمەد: مام جەلال ئەوەی دەویست کە ئێستا تورکیا داوای دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ناوەڕاستی ساڵی 2014 سەرکردەی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی، چەند پەیامێک دەگەیەنێتە بە بەرپرسانی قەندیل، ناچمە ناو تەواوی وردەکاری پەیامەکانی مام جەلالەوە، تەنها یەک پەیامیان بۆمن گرنگە لێرەدا بیخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە کە مام جەلال لەڕێگەی ئەو کەسانەوە کە پەیامەکانی مام حەڵدلال دەگەیەنن داوا لە سەرکردەکانی قەندیل دەکات کە هەرچی زووە لە ڕۆژئاوا هەنگاوی بە پەلە بنرێت بۆ خۆ دوورخستنەوەیان لە پەکەکە، بۆ ئەمەش مام جەلال پێشنیاری ئەوەدەکات دەست بەجێ هێزەکانی ڕۆژئاوا ئاڵای پەکەکە و هەرچی وێنەی ئاپۆ هەیە لە بارەگا و شوێنە گشتییەکان لاببەن و لە بری ئەوە ڕەمزێکی نوێ بۆ خۆیان دروست بکەن، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ دەربازبوونی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا لە هەڕەشەکانی تورکیا، ئەگەرچی سەرکردەکانی قەندیل ئەم پەیامەی مام جەلال بەگرنگ وەسف دەکەن و دوابەدوای ئەوە هەندێک گۆڕانکاری دەکرێت، بەڵام تائێستاش تورکیا هەر بەچاوی دوژمنکارانە لە کوردانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت هەسەدە دەڕوانێت و وەک باڵێکی سەربازی لە هەسەدە دەڕوانێت و ئەمەشی کردووە بە بیانویەک بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر ئەو پەیامەی مام جەلال دا ، ئێستا یەکێک لە خواستەکانی نەک بە تەنها تورکیا، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکاش وادەخوازن کە هەسەدە بە یەکجاریی خۆی لە پەکەکە داببڕێت، ئەم خواستەی تورکیا لە کۆبونەوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی دا زیاتر بەدەرکەوت کاتێک کە میدیاکان باسیان لەوەدەکرد یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان قسەکردنە لەسەر دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و هەسەدە بۆئەمەش گرنگە هەسەدە گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆیدابکات و خۆی لە قەندیل دوربخاتەوە.
هەرچەندە من باوەڕم وایە دوورکەوتنەوەی هەسەدە لە پەکەکە زەمانەتی ئەوە ناکات کە تورکیا پاشەکشەبکات لە هێرش کردنە سەر ڕۆژئاوا لە هەر کاتێکدا کە بۆی ڕێکبکەوێت، بەڵام ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆئەوەی لانیکەم لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستادا هەسەدە ئەو بیانووە نەدات بەدەست بە تورکیاوە بۆئەوەی زیاتر دەستکراوەبێت بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا.
ئێستا سوریا بەگشتی چەندە پێویستی بە ئاشتییە بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە، دوو هێندە ڕۆژئاوا پیوستی بە سەقامگیری ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگە، چونکە هەموومان دەزانین لە جەنگدا مەودایی بیرکردنەوە بەرتەسکتردەبێت و هێزە شەڕکەرەکان تەنها پبیرو خەیاڵیان لای ڕاوەستان و کۆتایی هاتنی جەنگە، خۆ ئەگەر جەنگ کۆتایی بێت و ئاشتی بەرقەراربێت ئەوکات هەنگاوەکان بۆ بە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر خێراتر و دروست تر دەبێت، بەتایبەت بۆ هێزێکی وەک هەسەدە کە خاوەن بەرنامەو ئەجیندایەکی ڕوونە بۆ گەیشت بە سەرکەوتن و خۆ دوورخستنەوە لە شکست، ئەمە لەم دۆخە ناهەموارەی ڕۆژئاوا زۆر بە ڕوونی هەست پێدەکەین و دەبینین سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردەکانی هەسەدە چۆن توانیویانە سەرنجی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا بۆخۆیان ڕابکێشن و وابکەن کە پشتگیری ئەوان بۆخۆیان بەدەست بێنن، هەرچەندە لەوەش تێدەگەین کە ئەوروپا و ئەمەریکاش بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و پارێزگاریکردن لە هەسەدە بەدیوێکی دیکەدا پارێزگاریکردنە لە بەرژەوەندی خۆیان لە سوریا بەگشتی و ڕۆژئاوا بەتایبەتی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت