حەسەن ڕازانی: داعشەکەی دوێنێ بە ناوو بەرگێکی ترەوە دەیەوێت بەرەو کۆبانێی ڕەمزی بەرخۆدان بڕوات!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەندین بەڵگەی نووسراوو بیستراوو بینراو لە گۆڕێدایەو گەواهیی دەدا کە دەوڵەتی تورکیا نەک هەر دژی تیرۆریزم نیە، بەڵکو ئەگەر ڕاستەوخۆش لە لایەن خودی خۆیەوە گرووپی تیرۆریستی درووست نەکرێت، ئەوا بە ئاشکراو بە پەنهانیی کارئاسانییان بۆ دەکات و ڕێیان بۆ خۆش دەکات!
وەختی خۆی داعش، لە ژێرناوی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی دا، کە دیوی سوریاو عێڕاقیشی بە پانتاییەکی زۆرگرتبۆوە، شاری ڕەقەشی لە دیوی سوریاوە کردبووە پایتەختی خەلافەتەکەی، ڕۆژانەو بە بەردەوامی بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی تورکیا بە نهێنی و بە ئاشکرایی هێرشی دەکردە سەر کوردوستانی ڕۆژئاواو دەیەویست بە تەواوەتی ڕەمزی بەرخۆدان کە شاری کۆبانێیە بخات! بەڵام باوەڕی پۆڵایین و لە شکان نەهاتووی شەڕڤانان بە گیان بەختکردنێکی زۆرەوە ئەو خەونەی خەلافەتی داعشیان خستە گۆڕەوە!
کاتێک کە داعش هەم وەک دەوڵەت و هەم وەک خەلافەت لە سەردەستی شەڕڤانان بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کۆتایی پێهات و کۆتا مؤڵگەو پایتەختیان کە شاری ڕەقەی دیوی سوریا بوو شەڕڤانان ئاڵای سەرکەوتنی بەرەنگاریی و ڕوخانی خەلافەتی داعشیان تێدا بەرزکردەوە، دەوڵەتی تورکیا تووشی گرێی دەروونی هات! لە لایەکەوە چونکە ڕیسەکەی لە سەردەستی شەڕڤانان لێبۆوە بە خوری و لە لایەکی تریشەوە هێندە زۆر بەڵگەی کەین و بەینی نێوان داعش و تورکیا لە گۆڕێدا بوون کە وای لە تورکیا کرد لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا چاوی هەڵنەدەهات. چونکە لە لایەکەوە تورکیا ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە شەڕی تیرۆر دەکاو لە لایەکی تیریشەوە کەین و بەینی لە گەڵ ڕێخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتیی گەورەی وەک داعش هەبوو! جا تورکیا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ئاشکرا کرد کە ئەوەی ئەو دەیکات دژی تیرۆر نیە بەڵکو تەنها دژایەتی کوردەو بەس، بەڵام لەر ژێر بیانووی شەڕی تیرۆردایە!
ساڵ هاتن و ساڵ ڕۆییشتن شەڕی نێو سوریا و شەڕی موعاررەزەی سوریا لە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد، هەر درێژەی کێشا. ئەم شەڕە تەواوی سوریای ڕووەو کەلاوەو وێرانە برد. چەندین جۆرە چەکی کوشندەو قەدەغە بە پێی یاسای جەنگ لە نێو سوریادا تاقی کرانەوە. سوریا بوو بە مەیدانێکی جەنگ و زۆرێک لە هێزە ناوخۆیی و ئەوانەی دەرەوەش لە نێو سوریادا کەوتنە دژایەتی یەکتر. بۆ نموونە ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا لە دژی ڕوسیا، تورکیا لە دژی کوردان و ئێرانیش بە بیانووی پارێزگاریی لە ئەسەدو دژایەتی ئیسڕائیل و چەندین سیستەم و هێزی تریش لە نێو سوریادا لە دژی یەکتر بە ڕاستەوخۆیی یان لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە کەوتنە شەڕو پێکدادان لە گەڵ یەکتر!
بە دەیان گروپی جۆراو جۆری تیرۆریستیی لە ژێر ناوی قەبەو گەورەی ئیسلامییدا لە ناوسوریادا بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی تورکیا کەوتنە شەڕ لە گەڵ ڕژێمی ئەسەدو لە نیوە زیاتری ئەوانەش بە ڕاستەوخۆیی بە فیکی تورکیا شەڕیان لە دژی کوردان ڕاگەیاند. داعش لە نێو ئەو گروپە تیرۆریستانەدا وەک هێزێکی دیاری دڕندەی دژە بەشەری و دژە کوردیی شەڕو جیهادی لە دژی کوردان ڕاگەیاند.
کوردی ڕۆژئاوا یەک دەنگ و یەک بڕوا بە دۆزی ڕەوای خۆیان بە وردو درشتەوە کەوتنە بەرەنگاریی و شەڕڤانانیش لەو چەند ساڵەی ڕابردووداو تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە شاهیدی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مێژووی دژە تیرۆرییان تۆمار کردو لە بەرامبەریشدا تورکیاو سیستەمەکەی مێژووی پاڵپشتیی لە تیرۆرو دژە کوردییان بۆ خۆیان تۆمار کرد!
هەرچەندە تەواوی هێزو گروپە چەکدارە تیرۆریستەکانی ناو سوریاو لە سەرووی هەمووشیانەوە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی یان داعش جیهادو فەتحیان بۆ گرتن و داگیرکردنی کۆبانێ ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا لە جیاتی ئەوەی دژی تیرۆر بجەنگێت لەو زەمانەدا دەرگاکانی کردەوە بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری جیهاندا تیرۆریستان بتوان بڕۆنە ناوسوریاو لە دژی کورد بجەنگن و کۆبانێی ڕەمزی بەرنگاریی بخەن. تورکیا بە پێی بەڵگەکان کارئاسانی لۆجستی و تەندرووستی و پێدانی زانیاری بۆ تیرۆریستەکان دەکردو لە لایەکی تریشەوە بە هەمووشێوەیەک سیاسەتەکانی دژی کورد خستبووە کار. بەڵام دوای چەندین شەڕو پێکدادان و بە پاڵپشتی چەندین لایەنی ناوخۆیی تیرۆریستان سەریان دای لە تاشەبەردی بەرەنگاریی شەڕڤانان و نەیان توانی کۆبانێی ڕەمزی بەرەنگاری کورد بخەن! ئەمە تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت تورکیا لێی بۆتە گرێی دەروونی و پێی قووت نادرێت!
ئەوێ دەمێ هەرچەندەش تورکیا بە ڕاستەوخۆیی و بە ئاشکرا پاڵپشتی ئەو گرووپە تیرۆریستانەشی نەکردبێ بەڵام ئێستا لە ئاشکرایی دەرچوەو ئەوەتە ئەو گرووپانە بە ئاشکرایی لە ژێر فەرماندەیی سوپای تورکیادا کارەکانیان ئەنجام دەدەن! ئەو دەم ئەو گرووپانە هەر هەموویان دژی کورد بوون. ئێستاش هەر ئەو گرووپە تیرۆریئستانەن بە ناوو بەرگێکی ترەوە هەمان جەنگ و فەتحیان لە دژی کورد ڕاگەیاندووە. بەڵام شەڕڤانان دیسان بڕیاریان داوە کە کۆبانێ ناڕوخێت تا شەڕڤانێک مابێت! کورد ئێستا یەک دەنگ بەرەنگاری لە کۆبانێ و شەڕڤانان و دۆزی ڕەوای خۆی دەکات. ئێستا تورکیا وەک پێشو نیە بە دزی دژایەتی کورد بکات و بە دزی پاڵپشتی لە تیرۆر بکات بەڵک و ئێستا زۆر بە ئاشکرایی دژایەتی خۆی بۆ کورد ڕاگەیاندووەو بە ئاشکراش تیرۆریستانی وەخۆ گرتوەو بە جلو بەرگیی سەربازیی تورکیەوەو بە تۆپ و جبەخانەی سوپای تورکەوە هێرش لە سەر هێرش دەکەنە سەر کوردو شەرڤانان و دەیانەوێت ئەوجارەش کۆبانێ بکەنە ئامانج و بە مەبەستی ڕوخاندنی ڕەمزی بەرگریی کورد کە کۆبانێیە کەوتوونەتەوە ڕاگەیاندنی جیهادو فەتح!!
تورکیا کە لە سەرەتای 211وە کە دەستی خستۆتە نێو شۆڕشی گەلانی سوریاوە لە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد لە لایەکەوە بە مەبەستی وەرگێڕانی ڕووی شۆڕشەکە بووە بەرەو بەرژەوەندیەکانی تورکیاو لە کۆتاییدا تەواو بوونی لە بەرژەوەندی تورکیاداو لە لایەکی تریشەوە تاکو تورکیا بتوانێت بەو پێیو ئەندازەیەی کە خۆی مەبەستیەتی بزووتنەروەی کوردایەتی و بیری نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردوستاندا لە ناوبەرێت! لەو نێوەدا هەتا بۆی کرا بە ئاشکراو بە پەنهانی چەندین گرووپی تیرۆریستی لە یوگوریەکانی چینەوە بگەرە تا چیچانی و ئەفغانی و عەڕەب و تورک و تەنانەت بە خۆفرۆشە کوردەکانیشەوە بەری دانە گیانی کوردی ڕۆژئاوا! لە 2011وە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت تورکیا لە دوژمنایەتی خۆی لە بەرامبەر کوردا نەشاردۆتەوە. کۆبانێی دوێنێی خوێناوی شاهیدە کە تورکیا ئەو جارەش بە نیازە ئەگەر بۆی بکرێت بەڵام خۆڕاگریی شەڕڤانان دەیکاتە مەحاڵ و ئەو خەونەی تورکیا ئەوجارەش دەخەنە گۆڕەوە! واتە چۆن شەڕڤانان بە هۆی بەرەنگاریی مێژوویی بێوێنەی خۆیانەوە توانیان داعش و خەلافەتەکەی بە سەر یەکدا بڕوخێنن هەر ئاهواش دەتوانن ئەو بەرەیە تێکبشکێنن کە تورکیا لە چەندین گرووپی تیرۆریستی لە ژێرناوی موعارەزەی سوریادا پێکی هێناون و شیعاری جیهادو فەتحی لە دژی شەڕڤانان و کوردی ڕۆژئاوا پێ بەرزکردونەتەوە! کورد مێژوویەک لە شەڕ لە دژی تیرۆر درووست دەکات و تورکیاش مێژوویەک لە پاڵپشپتیی لە تیرۆرو لە دژایەتی گەلی کورد تۆمار دەکات! تورکیاو سیستەمەکەی دەچێتە زبڵدانی مێژووەوەو کوردیش بە ئازایەتی شەڕڤانان مێژوو بەسەرکەوتنەکانی لە دژی تیرۆر دەنەخشێنێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت