عوسمانی حاجی مارف: پلانی ئیسرائیل لە سوریا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەتی داگیرکاری، وێرانکاری، کوشتاری دەیان هەزار دانیشتوانی غەززە و لوبنان، ئاوارەبونی ملیۆنی، کارەسات و تراژیدیا، کە ئیسرائیل وەک پاڵەوانی مەیدانی جەنگ و ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە سەدەی بیست و یەکەمدا، لە پیادەکردنی کاری ئەوپەڕی دژی مرۆڤایەتی و دڕندانەدا دەرکەوت. لە هەمانکاتدا سیناریۆی سەرکەوتنێکی ئابڕوبەرانە و بێشەرمانەیان لە مێژووی بەشەریەتدا بۆ خۆیان تۆمارکرد.! هاوکاتیش نیشانەکانی ڕیسوابون و ئابڕوبەرانەی بێوێنەی ڕوخساری دیموکراتیزمی ڕۆژئاوا و ئەمریکایەکی لێدەرهات کە دەیان ساڵە لەژێر پەردەی ڕەشی دیموکراتیزمەکەیاندا دژایەتی یەکسانیخوازی و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەکەن.
لە ئاکامی ئەو گورزانەی بەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا شکایەوە، ئەسەد کۆتایی هات و سوریا و ناوچەکە پێیان نایە دۆخێکی سیاسی تازەو جیاوازەوە، هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە گۆڕدرا، دەرگای فرسەتی دەخالەتی زیاتر بۆ تورکیا کرایەوە، ململانێیەک لە مەیدانی شانۆی سیاسی ناوچەکەدایە، کە یاریەکە، بۆ داسەپاندنی پێگەو نفوزی سیاسی کەوتۆتە نێوان تورکیاو ئیسرائیلەوە، بەڵام ئەوەی شەڕ دەکەن یا ڕێکدەکەون، پرسیارێکە ئایندەیەکی ناڕۆشن نیشان ئەدات.
هاوکاتی ئەو دۆخە لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل لە هەوڵی بەداوداچونە بۆ پیادەکردنی چەند پلانێکی پەیوەست بە پرسی سوریاوە، بەتایبەت لە ڕوبەڕوبونەوەی کاریگەریەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، کە هاوکاتی هێرشەکانە بۆ ڕووخانی ئەسەد و دوای ڕووخانی ئەسەد، لەڕێگەی کوتلە چەکدارەکانی سوریاوە کە لە پێشەنگیاندا، هەیئەی تەحریری شام دەوری بینی. ئاشکرایە کە تورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەریان هەبووە، بۆتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ تورکیا و ئیستاش لە پێگەیەکی باڵاترەوە بەردەوامی بە یاریە سیاسیەکانی ئەدات.
هەڵبەتە چوارچێوەی پلانەکانی ئیسرائیل، بریتین لە دامەزراندنی ناوچەکانی هێژمۆنیکردن و کۆنتڕۆڵکردن، بەدابینکردنی ئەوەی دۆخە کە لە ژێرکۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئیسرائیلدا بێت، ئامادەکاری بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوە لەبەرامبەر ئەنقەرەدا دەکات، هەروەها لە هەوڵی پلانێکی نهێنیشە بە ئامانجی چەسپاندنی دابەشکردنی سوریا بەسەر چەند ناوچەیەکدا، یان جەختکردن و چەسپاندنی ئەو واقعیەتەی ئێستای سوریا کە بۆخۆی بە دابەشکراوی ماوەتەوە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی دەپارێزێت بۆ دڵنیابون لەوەی هاوپەیمانەکانی ڕژێمی ئێستا لە سوریا نەتوانن موشەک بەرەو بەرزایەکانی جۆلان بتەقێنن، بەنیازن ئەو ناوچەیە دابمەزرێنن کە ناوی دەنێت “ناوچەی کۆنترۆڵ” لە ناوخۆی سوریا کە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، بۆ چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئەگەری هەر هەڕەشەیەک، ئەمەش لە ئاکامی نەبوونی متمانەیە بە ئیدارەی ئێستای سوریا.
حکومەتی ئیسرائیل، بە ئیدعای ئەوەی کە تورکیا تەماحی فراوانبونی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی نفوزی زیاتری خۆی لە ناوچەکەدا، لەهەمان کاتدا مەترسی پشتیوانیکردنی ئەو کوتلە سوریانەی کە هاوپەیمانی لەگەڵدا دەکەن، ئیسرائیل پێیوایە دەبێت پلانی خۆی بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئامادە بکات، چونکە تەماحەکانی دەخالەتی تورکیا لە ناوچەکەدا و ڕەقابەتی بەرامبەر ئێران بۆ زیاتر فراوانکردنی نفوزی، دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژیەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.
ئەم پلانە سەرچاوەکەی ڕاپۆرتێکە کە لەلایەن “لیژنەی پشکنینی بودجەی ئاسایش و بنیاتنانی هێز”ەوە پێشکەش کراوە، کە لە ئیسرائیل بە “لیژنەی ناگل” ناسراوە، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو لیژنەیە یاکۆڤ ناگل، لە ڕاپۆرتێکدا پێشکەشی بنیامین ناتانیاهۆی کردوە، سەبارەت بە بودجەی بەرگری و ستراتیژی ئەمنی، بەپێی “ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست”.
لەلایەکی ترەوە پێشنیاری ئەوە هەیە کە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ساڵانە تا 401 ملیار دۆلار بۆ بودجەی بەرگری زیادبکرێت، بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل توانای پێویستیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو تەحەددایانە دابین دەبێت لەبەرامبەر تورکیا و هەڕەشەکانی دیکەی ناوچەکە کە بەرەوڕوی دەبنەوە.
بۆ خۆئامادەکردن و ئەگەری ڕوبەڕوبونەوە لە بەرامبەر تورکیا، ئەم ڕێوشوێنانە پێشنیارکراون، لە بەدەست هێنانی زیاتری چەکی پێشکەوتو لە فڕۆکەی جەنگی ئێف 15، پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مانگی دەستکرد بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی هێرشی دوور، بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی و سیستەمی بەرگری لەیزەری تازە و کارا و… هتد. هەروەها، پاراستنی زیاتری ئاسایشی سنوورەکان، کە پێشنیاری دروستکردنی بەربەستێکی ئەمنی بەهێزکراوی کراوە بەدرێژایی دۆڵی ئوردن، کە نوێنەرایەتی گۆڕانکاریەکی گەورە دەکات لە ستراتیژی بەرگری ئیسرائیلدا.
لەلایەکی تریشەوە وەها دەوترێت، کە وەزیرانێکی ئیسرائیل لە کۆبونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی پلانە نهێنیەکان بۆ زیاتر دابەشکردنی سوریایە بەسەر ناوچە جیاکاندا، وەزیری بەرگری سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی بچووکی وەزاریی کردووە، کە تیایدا تیشک خراوەتە سەر دەستێوەردانی تورکیا لە سوریا، هەروەها نیگەرانیان سەبارەت بە مەبەستەکان و نەخشەی داهاتوی ئەحمەد شەرع لەسوریا و لەبەرامبەر ئیسرائیلدا.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە پێش گفتوگۆیەکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ناتانیاهۆ بەڕێوەچوو، دەوترێت وەزیرەکان پلانێکی ئیسرائیلیشیان تاوتوێ کردوە کە بۆ یەکەمجار لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو لەلایەن “میدل ئیست ئایە”وە ئاشکراکراوە.
بەپێی ئەو پلانە، هەوڵئەدەن سوریا دابەشبێت بەسەر ناوچە جیاجیاکاندا، یان کانتۆنەکاندا، کە ڕۆژنامەی ئیسرائیل حەیۆم بە ڕێگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایش و مافەکانی هەموو نەتەوەکانی سوریا وەسفیکردووە، لەنێویاندا دانیشتوانی دروز و کورد.
لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، “ماڵپەڕی میدل ئیست ئای” لە زاری سەرچاوە ئەمنیەکانی ناوچەکەوە کە ئاگاداری ئەو پلانە بون و ڕایگەیاند، ڕووخانی حکومەتی ئەسەد، پلانێکی ئیسرائیلیە، کە لەو کاتەوە هەبووە بۆ دابەشکردنی سوریا بۆ سێ بلۆک، بە مەبەستی پچڕاندنی پەیوەندیەکانی سوریا لەگەڵ ئێران و حزبوڵلایە، بۆ پوچەڵ کردنەوەی پشتگیریان لە ئەسەد.
پێش ئەو ئاڵوگۆڕانە لە سوریا پێشبێت، ئیسرائیل بەنیازی ئەوە بوو پەیوەندی سەربازی و ستراتیجی لەگەڵ کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دروزەکان لە باشوور دروست بکات، بەمەش ئەسەد لە دەسەڵاتی دیمەشق لەژێر بودجە و کۆنترۆڵی ئیماراتیدا جێبهێڵێت.
هەروەها ئەمەش یارمەتیدەر دەبو بۆ سنوردارکردنی کاریگەریەکانی تورکیا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، کە قەڵایەکی بەهێزی هەیئەی تەحریر شام و ئەو کوتلانەن کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات، بەڵام هێرشە لە ناکاوەکەیان کەبووە هۆی ڕووخانی ئەسەد، ئیتر دەبێت ئیسرائیل بەدوای پلانی ترەوە بێت، هەڵبەتە ئەو جۆرە پلانانەی کە مایەی مەترسی زیاترە بۆ سەر ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی لە ناوچەکەدا.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی دەڵێت “ڕۆژئاوا بە ئەنقەست نابینایی هەڵدەبژێرێت و مامەڵە لەگەڵ مەترسیدارترین کەسایەتیەکانی جیهان دەکەن، هەروەها جیهانی عەرەبی دەوروبەرمان لە هەڕەشەکە تێدەگەن و ڕۆژئاواش ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام ڕۆژئاوا ڕەتیدەکاتەوە ببینن و گوێبگرن.”
هەروەها ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە، سەبارەت بە ئیدارەی نوێی سوریا ئەوەش دەڵێت کە “هیچ کەسێک ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات کە لە کۆتایدا دژی ئیسرائیل نەوەستنەوە، چونکە ئەوانە کەسانێکی زۆر مەترسیدارن، بەتایبەتی ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە ئەمریکا پێشتر “پاداشتێکی ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ سەری ئەحمەد شەرع دیاری کردبو، ئێستاش چاوپۆشی لێدەکات.
دۆخی سوریا و پلانەکانی ئیسرائیل و دەورودەخالەتی تورکیا و باڵادەستی ئەمریکا، بەجیا لەوەی ئاسۆیەکی ڕۆشن ناخاتە بەرچاو کە بەم نزیکانە ناوچەکە ناسەقامگیری سیاسی تێپەرێنێت، لە هەمان کاتدا پێشبینی دۆخێکی خراپ و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا و شەڕی ناوچەیی، مەترسی زیاتر دەخاتە بەردەم چارەنوسی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ناوچەکەوە، کە لە بەرژەوەندی هێزە کوردیەکان نابێت گەر بگلێنە ناو یاری ئەو ململانێ و شەڕانەوە، بەتایبەتی گەر بکەونە ژێر کاریگەری پلانەکانی ئیسرائیلەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت