نەوزادی موھەندیس: ڕێکەوتننامەی ئیبراھیمی، ھۆکار و ئامانجەکانی چین؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئیسڕایل لەو کاتەوەی دامەزراوە لەساڵی 1948وە و تاکو ئێستا سەرەڕای جەنگ و ململانێ توندەکانی نێوان، بەپلەی یەکەم فەلەستینیەکان و ئیسڕائیل و دواتریش وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئیسڕائیل بە پلەی دووەم،ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان کردبوە کوانووی جەنگە بەردەوامەکان و ھۆکاری ناجێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی،بەڵام دوای جەنگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1973ی نێوان میسر و سوریا لەلایەک و ئیسڕائیل لەلایەکی ترەوە و سەرکەوتنی بەرەی عەرەب و میسر لەو جەنگەدا بەسەر ئیسڕائیلدا وڕزگارکردنەوەی بەشێکی زۆری خاکی سینای میسری، ئیدی ھەردوولا عەرەب و ئیسڕائیل گەیشتنە ئەو بڕوایەی جەنگە گەرمەکان تاکە چارەسەری کێشە و ململانێکان نین،ھەربۆیە میسر وەکو گەورەترین وڵاتی عەرەبی و خاوەن ٣ جەنگی گەورە و گەرم لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە 1956 و 1967 و 1973 دا و لە سەردەمی ئەنورە ساداتدا و بە گفتوگۆی نھێنی دووقۆڵی و لەناکاودا سەردانی تەلئەبیبی کرد و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسڕائیدا ئاشکراکرد و بەڕێکەوتنامەی کامپ دێڤید ناسرا لەساڵی 1978دا، دواتریش و لەساڵی 1992دا ئوردون بوە دووەم وڵات و فەلەستینیەکانیش لەسەردەمی یاسر عەرەفاتدا ڕێکەوتننامەی ئاشتی ئۆسلۆیان واژۆکۆد.بەم شێوەیە دەرگا واڵا بوو بۆ وڵاتانی تری عەرەبیش کە ھەنگاوی ھاوشێوە بنێن.
ئاشکراشە لەمێژە کە ئەمریکا و ھاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان لە ئەوروپیەکان نەخشە و پلانیان ھەیە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی (ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ) یان ھەیە لەچوارچێوەی تێوری (فەوزای دروستکردا).

ڕێکەوتننامەکانی ئیبراھیمی چین؟ مەرام و ئامانج لێیان چییە، ھۆکارەکانی چین؟
ڕێکەوتننامەی ئیبراھیمی بە ئینگلیزی پێیان دەوترێت Abraham Accords بریتین لەو کۆمەڵە ڕێکەوتننامە ئاشتیانەی کە لە نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبیدا واژۆکراون بە سەرپەرشتی ئەمریکا. بۆیەکەم جار ئەو ناوە لە بەیاننامەیەکی ھاوبەشی نێوان ئیماراتی عەرەبی و ئەمریکادا کەلە 13. 8 2020دا دەرچوو بەکارھات. ئیدی دواتر بۆ ھەموو ڕێکەوتننامە ئاشتیەکانی نێوان عەرەبەکان و ئیسڕائیل بەکارھات. وەک ڕێکەوتنامە لەگەڵ ئیمارات و شانشینی بەحرەین کە لە11. 9. 2020دا و لە ڕێکەوتی 15. 9. 2020دا بە ئامادەبوونی سەرۆک ترامپ و ناتانیاھۆ و ھەریەکە لەوەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و بەحرەین لە باخچەی دواوەی کۆشکی سپی لە واشنتۆن ڕاگەیەنران. ئەم دوو ڕێکەوتننامانە بەیەکەم ڕێکەوتننامەی ئاشتی دادەنرێن لەدوای ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان ئوردون و ئیسڕائیل لەساڵی 1994وە.
ناوەکەشی (ڕێکەوتننامەی ئیبراھیم) دەگەڕێتەوە بۆ ناوی پەیامبەر ئیبراھیم کە بەباوکی پەیامبەران دەناسرێت و ڕێز و گەورەیی ھەیە لەلای ھەر سێ ئاینە ئاسمانیەکانی جولەکە و مەسیحی و ئیسلامدا.
ئەم ڕێکەوتننامانە لە ئەنجامی گوشار و فشارەکانی ئیسڕائیلەوە ھاتن بۆ دەستبەسەرداگرتنی 30% خاکی کەرتی ڕۆژئاوە لە خاکی فەلەستین،بەڵام بە ناوبژی ئەمریکا و دەستپێشخەری ئیماراتی عەرەبی بۆ وەستاندنی ئەو پیلانەی ئیسڕائیل، بیرۆکەی ڕێکەوتننامەی ئاشتی لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیلدا ھاتە کایەوە.
کە لە ئێستادا ڕێکەوتننامە ئاشکراکانی وڵاتانی عەرەبی بەبێ سڵەمینەوە و دوودڵی کەوتونەتە بواری جێبەجێکردن و بەڕەسمی کونسوڵخانە و سەفارەتەکانیان ئاڵوگۆڕکردوە و پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و بازرگانی و وەزرشی و ئەمنیەکانیان دەستیپێکردوە و بونەتە شەریک و ھاوبەشی یەکتری،ئیدی ھیچ دوودڵی و ترسێک نەماوە بۆ بەگژداچونەوەی ئەو ڕێکەوتننامانە لەسەر ئاستی نوخبە و حیزب و سەرکردە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتانی عەرەبی و لەسەر ئاستی جەماوەر و شەقامی عەرەبیش تاڕادەیەکی زۆر بێدەنگیان لێکردوە،چونکە بێ ھەڵوێستی و نەبوونی ئیڕادەیەکی سیاسی و ئەمنی بەھێز لەلای دەسەڵات و حکومەتەکانیانەوە دژی ئیسڕائیل ھەستپێدەکەن و ئیدی ئەوانیش لەدوای بەھاری عەرەبی و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانیانەوە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئیسڕائیل باڵادەستی ناوچەکەیە وململانێی خوێناوی بێ ھوودەیە لەگەڵیدا.

ھۆکارەکانی ئەم ڕێکەوتننامانە بریتین لە:
· ترس و ھەژمونی ئێران بەسەر وڵاتانی عەرەبی بەگشتی و کەنداویەکان بە تایبەتی.
· بەرزبونەوە و بەھێزبوونی باڵی مقاوەمەی ئیسلامی سەر بەئێران و دژ بە ئیسڕائیل.کە لە ئێستادا پێچەوانەبونەتەوە.
· بێھێزی و لاوازی وڵاتانی عەرەبی لە ڕووی ئەمنی و سەربازی و ئابوریەوە بەرامبەر ئیسڕائیل و ئەمریکا.
· ترسی خۆپیشاندان و ھەڵایسانەوەی ڕاپەرینە جەماوەریەکانی عەرەبی دژ بە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تاکڕەوەکانی وڵاتەکانیان.
جا وڵاتان و سەرکردە عەرەبیەکان بۆ ڕێگری و بەرگرتن لەو ھەژموون و باڵادەستیەی ئێران و توڕەبوونی شەقام و جەماوەری گەلەکانیشیان ڕوویانکردە ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا و ھەموانیشیان بەپێی خۆیان و ڕەزامەندی خۆیان و بەئاگاداری و سەرپەرشتیاری ئەمریکا ئەو ڕێکەوتننامانەیان واژۆکردوە کە ھەموانیشیان ھێندەی بە قازانج و سوودی درێژخایەن و ستراتیژی پلان و بەرنامە و خەونە مێژوویی و ئاینیەکانی جولەکەیە لەناوچەکەدا بەدامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیلی گەورە لە ڕووبارەوە بۆ دەریا نیوھێندە بە قازانجی ڕژێم و دەسەڵاتدارە عەرەبەکان نین، بەڵام ناچارن بەھۆی کەوتنە نێوان دوو ئاگری مەترسیەکانی ئێران لەلایەک و لەولاشەوە ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە،بۆیە عەرەبەکان ھاوسۆزی و نزیکیان وەکو دوو نەتەوەی سامی لەگەڵ جولەکەدا و دوژمنایەتی لەمێژینەشیان لەگەڵ فارسەکاندا وەکو مەزھەبی سونە- شیعە و وەکو دوونەتەوەی جیاوازیش ،لایەنی ڕێکەوتن و ملکەچیان بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل ھەڵبژاردوە.

ئامانجەکانی ئەم ڕێکەوتننامانەی ئیبراھیم بریتین لە:
· پاراستنی بەناو ئاشتی ناوچەکە و جیھان.
· پێکھێنانی ھاوپەیمانیەکی ستراتیژی بۆ پشتیوانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.دژ بە خەون و پیلانەکانی شیعەی ئێرانی.
· جێگربوونی دۆخی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و ئەمنی ناوچەکە و گەلان و وڵاتانی ناو ڕێکەوتنامەکان.
· گەشەو پێشکەوتنی دوولایەنە لەنێوان لایەنەکانی ڕێکەوتنامەکان لەڕووی ئابوری و بازرگانی و تەکنەلۆجی و سەربازی و وەزرشی و فەرھەنگ و …ھتد.
ئەو ڕێکەوتننامانەی کە تاکو ئێستا لەچوارچێوەی ئەم ڕێکەوتنامەی ئیبراھیمیەدا واژۆکراون بریتین لە:
1. ڕێکەوتنامەی ئیبراھیمی نێوان ئیماراتی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل لە 15. 12. 2020
2. ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان شانشینی بەحرەین لەگەڵ ئیسڕائیل لە 15. 12. 2020
3. ڕێکەوتنامەی سودان لەگەڵ ئیسڕائیل 23. 10. 2023 وەک سێھەم وڵاتی عەرەبی
4. ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان شانشینی مەغریب لەگەڵ ئیسڕائیل لە 10. 12. 2020
بەم شێوەیە ئیسڕائیل لەماوەی ئەو 78 ساڵەی تەمەنیدا توانیویەتی کە زۆرینەی ھەرەزۆری وڵاتانی عەرەبی بکاتە دۆست و پەیوەندی جۆراوجۆریان لەگەڵدا پەیدا بکات و ئیدی لە قۆناغی دژومنایەتیەوە گۆڕیونی بۆ قۆناغی گەر دۆستیش نەبن ئەوا بە دوژمن نەماونەتەوە و مەترسیان نەماوە و لە دوای جەنگی تۆفانی ئەقسا لە 7 ئۆکتۆبەری 2023ی نێوان حەماس و ئیسڕائیل و کۆتاییھاتنیشی و شەڕ ڕاگرتن بەسەرکەوتنی ئیسڕائیل و دواتریش لاوازکردن و تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حیزبوڵای لوبنانی و دواتریش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و بەعسیەکان لەسوریا لە8. 12. 2024 و لاوازکردنی حوسیەکانی یەمەن و پەلوپۆکردنی میلیشیا چەکدارەکانی شیعەی عێراقی سەر بە ئێران و لە قاڵبدانی خودی ئێرانیش وەک پشتیوان و گەورەی ھەموو ئەو گروپە چەکدارانە،بەتەواوەتی باڵادەستی سەربازی و ئەمنی ئیسڕائیل بۆ سەرکردە و وڵاتان و گەلانی عەرەبی بە ئاشکرا بەدەرکەوتوە و ھەموان بێئومێدبوون لە بەگژداچونەوە و ڕووبەڕووبونەوەی چەکداری و جەنگی گەرم،ھەربۆیە ئاشتیەکی سەلامەتیان پێباشترە وەک لە جەنگ و ململانێیەکی نەبڕاوە و ئایندە نادیار و بەھەدەردانی سەروەت و سامانەکانیان بەبێھودە. بەداخەوە ھەموو ئەو ڕێکەوتننامانە لەسەر حسابی گەل و خاک و خەباتی فەلەستینیەکان و مەسەلەی فەلەستینن، ھەرئەوانیش گەورەترین زیانیان بەرکەوتوە وەکو گەل و نیشتیمان وبێ پشتوپەنایەکی ڕاستەقینە و ڕاستگۆ و بەتەنھا ماونەتەوە.
بەو شێوەیە ئێسڕائیل لە میانەی ئەنجامدانی ئەم ڕێکەوتننامانەوە گەرەکێتی بگاتە ئامانجە گەورەکەی بۆ سەپاندن و جێبەجێکردنی پلانەکانی خۆی لە باڵادەستبوونی خۆی لەناوچەکەدا و ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی و کارکردن بۆ فراوانکردنی سنورەکانی لەسەرخۆ و بەبەرنامەیەکی پێشوەختە لەڕێگەی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەوە وەکو پڕۆژەی ڕێڕەوی و داود و پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابوری بۆمبای- ئەوروپا و… ھتد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت