نوری بەشیر: ئاگربەستی غەززەو ئایندەی خەڵکی فەلەستین.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
دوای 15 مانگ لە کۆمەڵکوژی، ئاگربەستی غەززە بەپێی رێکەوتنی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و حەماس لە 19ی جەنیوەریدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەسێ قۆناغ دەستنیشانکراوە. لە قۆناغی یەکەمدا تا ئێستا دوو وەجبە ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەستی پێکردووەو بەدوایدا قۆناغەکانی دووەم و سێهەم دێت، لەکاتێکدا ئەوە ڕوون نیە لەو دەوریەدا چی دێتەپێشەوە لەپەیوەندی و کێشەی نێوان ئەو دوولایەنەدا، هەرئەو کوشتارەی لەم رۆژانەدا حکومەتی ناتانیاهۆ لە جەنین ئەنجامی داو نازانرێ لەداهاتودا چیتر ڕوودەدات.
هەواڵی ئەم ئاگربەستە لەرۆژی 15ی جەنیوەریەوە خەڵکی فەلەستینی لەگەڵ خۆشحاڵیەکی زۆرەوە ڕووبەڕوو کردەوە، هاوکات ریزی ملیۆنی ئینسانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستیش لەدنیادا لەپاڵ ئەم خۆشیەی خەڵکی فەلەستیندا راوەستاون.
ئامارەکانی کوشتارو کاولکاری غەززە لەدوای ئاگربەستی غەززە، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی تەندروستی غەززەوە زیاتر لەوەی تا ئێستا بەیانکراوە ئاشکرا دەکات. بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی کوژراوەکان لە کەرتی غەززە زیاتر لە 66 هەزار کەسە، واتە بەجیا لەو 47 هەزار و 283 کوژراوەی کە پێشتر راگەیەنرابوو، زیاتر لە دە هەزار کەس لەژێر بینا روخاوەکاندان و تائێستاش تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە دەستیان پێیان بگات. هەروەها ژمارەی بریندارەکان بۆ 112 هەزار کەس بەرزبووەتەوە. رێژەی کاولکاری غەززە بە زیاتر لەسەدا نەوەد دادەنرێت. لەنێویاندا زیاتر لە سەدا هەشتا لە قوتابخانەو نەخۆشخانە کاول بوون. ئاوارەی غەززە بە یەک ملیۆن و نۆسەد هەزار کەس خەمڵێنراوە، واتە لەسەدا نەوەدی دانیشتوانی غەززە.
بەم هۆیەوەیە دەربڕینی خۆشی و شادی بەبۆنەی ئاگربەستەوە، ئەگەرچی ئایندەیەکی رۆشن لەبەردەم خەڵكی غەززەو فەلەستیندا بەگشتی دیار نیە، بەڵام لەئێستادا بەمانای وەستانی کۆمەڵکوژیەکە بەسەرسەری خەڵکی غەززەوە. ئاگربەست مانای وەستانی هەموو ڕۆژەی برسێتی و مردن و کاولکاری و ئاوارەیی دێت، بۆیە بۆ خەڵکی فەلەستین و جیهانیش وەستانی یەک چرکە تۆپباران و کاولکاری و کوشتن، شایستەی شادی و دڵخۆشیە.
ئەگەرچی زۆر لایەن و حکومەت بەپێی بەرژەوەندی خۆیان، ئەم ئاگربەستە بە وەستانی جەنگ ناودەبەن و هەریەکەیان بە سەرکەوتنی حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکا یاخود حەماس ناوزەدی دەکەن و بەپێی جێوڕێی خۆیان لەپاڵ ئەو دوو لایەنەدا، خۆیان وەکو بەشێك لە بەرەی سەرکەوتوو هەژمار دەکەن و پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵام سەرەتا دەبێت ئەوە روون بێت کە ئاگربەستی غەززە بەمانای وەستانی جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی غەززە و فەلەستین نایەت، کە ئەمە پرسێکی ئاڵۆزترەو کاری گەورەتری دەوێت. هەروەها ئەم ئاگربەستە دەکرا زوتریش ئەنجام بدرایە و گیانی دەیان هەزار کەس بپارێزرایە و رێگای لەو هەموو کاولکاریە بگرتایە، بەڵام ملهوڕی و جڵەوپچڕاندانی حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل دەرگای لەبەردەم ئەم فرسەتە داخست! لەکۆتاییدا بەپێی هەلومەرجێکی ناوخۆیی ئیسرائیل و فەلەستین و ناوچەکەو جیهان دەستی بۆ براوە و ئیسرائیل ناچار بە قبوڵکردنی بووە، کە زەرورە زەمینەکانی روونبکرێتەوە.
یەکەمین شتێک لەدەستبردن بۆ ئاگربەست، کەوتنە ژێر فشارێکی زۆری حکومەتی ئێسرائیلە لەلایەک و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بوو لەلایەکی دیکەوە، کە جیهانی شارستانی لە ریزی ملیۆنی خەڵکی ئازادیخواز، مرۆڤدۆست، یەکێتیە کرێکاریەکان، حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەئاستی دنیادا، نەک بەدژی کۆمەڵکوژی ناتانیاهۆو حکومەتەکەی وەستانەوە، بەڵكو یەخەی حکومەتەکانی هاوپەیمانی ئیسرائیلیان گرت، وە هەرجارە بەڕیزی سەدان هەزاری و ملیۆنی لەئاستی جیهاندا دەرژانە سەر شەقامەکانی؛ ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و زۆرێک لە وڵاتانی دنیا، و سەران و حکومەتی ئەم وڵاتانەیان بەهاوبەش دەزانی لەو کۆمەڵکوژیەدا، تا ناڕەزایەتیەکان گەیشتە ئەوەی لەناو دەزگاکانی خۆیاندا لەوانە؛ لەناو رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ‘ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی’یەوە بڕیاری دەستگیرکردن و دادگایکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ و یائۆڤ گالانت وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل دەرکرا.
هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ناتانیاهۆ لەگەڵ دووجۆر ناڕەزایەتی لەناوخۆی ئیسرائیلدا؛ لەلایەک ناڕەزایەتی خەڵكی ئازادیخوازو چەپی ئیسرائیل و خێزانی بارمتەکان، لەلایەکی ترەوە کێشەی ناوخۆی حکومەتی ئیسرائیل و دژایەتیکردنی ناتانیاهۆ.
لەلایەکی ترەوە ئەگەرچی ناتانیاهۆ بەهەندێ لە بەرنامەکانی خۆی گەیشت بۆئەوەی درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات ئەویش لە؛ لاوازکردنی حەماس بەکوشتنی بەشێك لە سەرکردە و ئەندامەکانی و پاشەکشەپێکردن و لاوازکردنی ئەو هێزانەی لەپاڵ حەماسدا وەستابوون، لەوانە؛ حزبوڵای لوبنان و کوشتنی سەرکردەکانی و کەوتنی بەشار ئەسەد و لاوازبونی دەوری ئێران لە لوبنان و سوریا وەکو دوو وڵاتی دراوسێی ئیسرائیل کە بووبوە پێگەی هێزەکانی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت داگیرکردنی بەشێك لەسوریا و لوبنان بەناوی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلەوە، بەڵام نەیتوانی حەماس لەناو ببات و هەموو بارمتەکان بگێڕیتەوە کە دوو ئامانجی هێرشەکەی ئیسرائیل بوو بۆسەر غەززە و کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی غەززە بوو!
هاوکات بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا بەتایبەت بەدوای هەلومەرجی سوریادا، ئیتر نەخشەیەک کەئەمانە هەیانە بەناوی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پێویست بە هەلومەرجێکی ئارام دەکات بۆ خستنەگەڕی سەرمایەو بازرگانی و بازاڕەکانیان، بۆیە ئیتر بازاڕی جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵكی فەلەستین بەوشێوەیە ناتوانێت بەشێوەی کۆمەڵکوژی بەردەوام بێت.
هەربۆیە ئەگەر سەرکەوتنێک بۆ ناتانیاهۆو حکومەتەکەی و ئەمریکاو و رۆژئاوا تۆماربکرێت، سەرکەوتنیانە لە کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و کاولکاری ماڵ و قوتابخانەو نەخۆشخانەکاندا لەم سەدەی بیست و یەکەدا کە هاوتوهاواری دنیای دیموکراسی بۆرژوازی و حزب و حکومەتەکانی سەرمایەداری و سەرکردەکانی وەک؛ ترەمپ و ستارمەر و پۆتین، خەڵكی دنیایان سەرقاڵ کردوە، ناوەرۆکی بۆش و گاڵتەجاڕی دیموکراسیەکەیان لای خەڵکی ئازادیخوازی جیهانی ریسواتر بووە.
حەماسیش بەهەمانشێوەی ئیسرائیل سەرکەوتوی شکستخواردووەکانە، دەبێت بە کۆمەڵکوژیەک و وێرانکاریەك کە لەغەززە روویدا کام سەرکەوتنی تۆمارکردبێت، جگە لەوەی ئیسرائیل ئاگربەستی لەگەڵدا کردوە!؟ ئەگەرچی ئەمە جۆرێك داننانی ئیسرائیلە بەتوانای مانەوەی حەماس وەکو هێزێکی سەربازی، بەڵام بە بەراورد بەو وێرانکاری و جینۆسایدەی لە غەززە ڕویدا، تەنانەت بە بەراورد بە دەسەڵاتی پێشووی حەماس لە غەززە، تەنها دڵخۆشکردنە بەوەی کە ماونەتەوە و هیچی دیکە! بەڵام دیارە بۆ حەماس وەکو هێزێکی ئیسلامی بۆرژوازی، کە بەرژەوەندیەکانی خۆی لەسەروو ژیان و گوزەران و سەلامەتی وئایندەی خەڵکی فەلەستینەوە دەبینێ، مانەوەی خۆی بە قیمەتی کاولبوون و کوشتاری دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی وەکو سەرکەوتن و بردنەوە هەژمار دەکات!
بێگومان ئایندەی خەڵكی فەلەستین، بە غەززەو جەنینیشەوە کەئێستا لەژێر ئاگری جەنگی ئیسرائیلدایە، بەستراوە بە چارەسەری کێشەی فەلەستینەوە، بۆ دووبارەنەبوونەوەی کۆمەڵکوژی 15 مانگی رابردوو و دەیان ساڵەی پێشتریش، ئەویش بەچارەسەری یەکجاری ئەم کێشەیەو دامەزراندن و بەڕەسمیەت ناسینی دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ئەمەش کاری نەک تەنها خەڵکی فەلەستین، بەڵکو ئەو ریزی ملیۆنیەی خەڵکی ئازادیخوازی دنیایە کە زیاتر لە ساڵێکە لەپاڵ خەڵک فەلەستیندا وەستاون و بەدژی کۆمەڵكوژی ئیسرائیل و پشتیوانی بێدرێغی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا لە ئیسرائیل وەستاونەتەوە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
- Latest Posts by وتاریکورد
دیدگای شی جینپینگ بۆ ساڵی حیکمەت
-پێشڕەو ئیساعیل: هێشوویەک وشە، نەوتنی نەوتراوەکان.
-محەمەد عەبدولقادر: چین مۆدێلێک بۆ جیهان.
- All Posts