ئەحمەد ڕەسوڵ: جەستەی سەرۆک، جەستەی دەسەڵات.
کاتێک دەسەڵات یەکساندەکرێت بە سەرۆک، ئیتر نەک هیچ مانایەک بۆ دامودەزگا یاسایی و دەستوریەکان نامێنێتەوە و کایەی سیاسی دەبێتە جەستەیەکی ووشک و مردوو، بەڵکو هیچ بەهایەکیش بۆ هەڵبژاردنی ئازادانەی تاک و ئیرادەی گروپەکان و کۆمەڵگا نامێنێتەوە. لەو دۆخانەدا کە دیسپۆتیزم بووەتە خودی دەسەڵاتی سیاسی و جەستەی سەرۆکیش بووەتە جەستەی دەسەڵات، ئیتر نەک هەڵبژاردنی ئازادانە و ڕاستەقینە لە وەهمێک زیاتر نیە، بەڵکو دیموکراسی، پەرلەمان و دەزگا یاسایی و دەستورییەکان، خۆیان دەبنە کێشەی ڕاستەقینە.
لەو کۆمەڵگایانەدا کە مۆدێرنیزەیشن تەواوی کایەکانی گرتووەتەوە، جەستەی کۆمەڵگا بووەتە جەستەی دەسەڵات. واتە کایەکان بە ماهییەت و سروشتی ڕاستەقینەی خۆیانەوە هەن. دامودەزگاکان، جەوهەری خۆیان دەژین و پرەنسیپە پێکهێنەرەکانی خۆیان جێبەجێدەکەن.
کۆمەڵگای ئێمە، لە ڕاستییدا لەمێژە بەڵام ڕۆشنتر لە هەر کاتێکی دی، ئێستا لەحزەکانی کەشفبوونی ئەو کێشە قووڵەی خۆی دەژی کە لە دوای ڕاپەڕینەوە دەسەڵاتی سیاسی جگە لە دیسپۆتیزمی سادیستی ڕووت چی دیکە نەبووە. لەحزەیەکە کە تیایدا تێدەگەین ئەم دەسەڵاتدارێتیە کارکردنێکی قووڵ و ڕیشەیی کاریکردووە لەسەر بەتاڵکردنەوەی دەزگا یاسایی و دەستورییەکانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن لە شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان و کردنی هەڵبژاردن، دیموکراسی و مافە فەردی و سیاسیەکان بە بۆدی بۆش و بەتاڵ و زۆر کۆنسێپتی تریش لە بابەت (ئازادی سیاسی، ئازادی ڕاگەیاندن، دەسەڵاتی دەزگایی، ڕەوایەتی یاسایی، ئیرادەی کۆمەڵگا،…) بە چەمکگەلی سواو و بێمانا.
ئەو دۆخەی کە تەواوی دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵات و بڕیارە دەزگاییەکان لە خودی جەستەی سەرۆکدا کورتبکرێنەوە و ئیرادەی کۆمەڵگا یەکسانبکرێت بە خواست و ئیرادەی سەرۆک بە نموونە لە پارتیدا مەسعود بارزانی بۆ مەسرور بارزانی، یەکێتی لە مام جەلال بۆ بافڵ تاڵەبانی، لە حسدک کاکە حەمە، لە کۆمەڵ عەلی باپیر، لە یەکگرتوو سەلاحەدین بەهادین و لە نەوەی نوێ بە ئەو تەمەنە کەمەوە جەستەی دەسەڵات و دەزگا حزبییەکەی بزووتنەوەکە بووە بە خودی شاسوار و لە جەستەی سەرۆکەکەیدا چڕبووەتەوە، بەڵام ئەوەی سەرەکیی و ماکە سەرەتانییەکەیە بە جەستەبوونی دەسەڵاتە لە دوو حزبخێڵی پدک و ینک دا چونکە ئەوان تەواوی دەزگاکان و پەیکەری دەسەڵاتدارێتییان کۆنتڕۆڵ کردووە.
فەلەجکردنی دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتیی و دامەزراوە کارگێڕییەکان لە پەرلەمان تا وەزارەتخانە و دەزگا قەزاییەکان و هەر ڕووبەرێکی دیکەی دەزگایی و پێکهێنی دەسەڵات لەلایەن کەسی یەکەمی دوو حزبخێڵەکەوە، بۆ نموونە بڕیاری پلەبەرزکردنەوە، بڕیاری دابەشکردن یان ڕاگرتنی مووچە، کەمکردنەوە و لێبڕینی مووچە، هەژماری من، دامەزراندن، بڕیاری بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبە ر و مامۆستایان، ڕێککەوتن یان ڕێککنەکەوتن لەگەڵ بەغدا، تورکیا یان ئێران، ڕێککەوتن یان ڕێککنەکەوتن لەگەڵ خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا، بڕیاری ئازادکردن یان زیندانییکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەوانان، بڕیاری بەلێشاو خانەنشینکردنی فەرمانبەران، تەنانەت بڕیاردان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریی، عیمرانیی، پیشەسازیی، گەشتیاریی، ئاودێریی و کشتوکاڵییەکان … هتد هەمووی لە دەستی کەسێکدایە و تەواوی دەزگاکان ئیرادە و دەسەڵاتیان سفر کراوەتەوە.
- Latest Posts by ئەحمەد ڕەسوڵ
ئەحمەد ڕەسوڵ: فیاسکۆ.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: ڕووتبوونەوەی سیاسەت.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: خۆڕاپسکاندنی پدک.
- All Posts