زاهیر باهیر: کتێبی توێژینەوەی مێژوویی و خوێندنەوەیەکی کورت.
مێژووی بزوتنەوەی بەرگری کورد بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان’ ، کتێبێکی 310 لاپەڕەییە لە قەوارەیەکی مامنەوەندیدا لە لایەن مامۆستا ئەحمەد عەلی هەورامییەوە پارەکە کەوتە بەردەست خوێنەری کورد.
پێشەکی من زۆر سوپاسی بەڕێز مامۆستا ئەحمەد دەکەم کە لەو دوورەوە منی بە ناردنی کتێبەکەی وەکو دیارییەك بەسەرکردەوە، هاوکاتیش داوای لێبوردنی لێدەکەم کە لە خوێندنەوەی دواکەوتم.
بێ گومان ئەم کتێبە یەکەم بەرهەمی مامۆستا ئەحمەد نییە، گەر تەمەنیش بواری بدات، کە هیوای ئەوەی بۆ دەخوازم، بەرهەمی تریشی دەبێت ئەو هەر لە سەردەمی گەنجێتیەوە تا ئێستا دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانی ئێستا و پێشتریش لە سەردەمی بەعس-دا نوسیوە سەبارەت بە سیاسەت و مەسەلەی پەروەردە و مافی منداڵان و مافی گەلانی چەوساوە و مێژوی ڕووداوەکان. تا ئێستا پێنج کتێبی سەبارەت بەوانەی سەرەوە بە چاپ گەیاندووە. لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا وەکو مامۆستایەکی بە ئەزموون و سەرکەوتو و خاوەن هەڵوێست بەردەوام ڕۆڵی خۆی هەبووە. تەنانەت لە ئێستاشدا کە تەمەنی هەڵکشاوە ڕێڕەوی خۆی بەرنەداوە و کۆڵی لە تێكۆشان نەداوە و ئەندامی ناوەندی ئەنجومەنی باڵای خانەنشینی مامۆستایانە.
خودی ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە و بەردەوامبوونیشی وەکو کەسێکی کارا و چالاک لە کۆندا ماوەیەكیش لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی و نقابەی مامۆستایان، شاهیدی توانا و قەڵەمی بوێرانە و شارەزایی نموونەیین لە مێژوی بزوتنەوە کۆنەکانی کورد و بزونتەوەی ئەم دوایەی کورد لە شاخ و مێژوشیان لە شار.
سەرەڕای ڕەخنە و کەم و کوڕییەکانی ئەم کتێبە هەرکەس دەیخوێنێتەوە بۆی دەردەکەوێت کە نوسەر لە نوسینی ئەم کتێبەدا زۆر ماندوو بووە بە پشکنینی سەرچاوەیەکی زۆر و دۆکۆمێنتێکی بێ شوومار لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی کەسانی دیبلۆماسی و کاربەدەست و سیاسیی و دەسەڵاتدارانی حکومەت چ لە عێراق و ناوچەکە و چ لە ئەوروپا و ئەمەریکا و ولاتانی دیکە. دەکرێت بە کورتی بڵێین ئەوی وشەیەکی لەو بوارانەدا نوسیبێت یاخود وتبێت کە مامۆستا ئەحمەد مەبەستی بوون، ئەم بە ئاگا بووە و وەکو خۆیان و لە شوێنی خۆیاندا بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسە و نوسینەکانی وەکو بەڵگەیەك بۆ ناو کتێبەکەی گواستراونەتەوە.
هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئەم کتێبەی مامۆستا ئەحمەد دەکرێت وەکو سەرجاوەیەك لە هێنانەوەی بەڵگە سەبارەت بە ڕووداوەکان و مێژووی کۆنی کورد و ئەم دواییەی، بە بەروار و ناوی کەسەکان و شوێنی ڕاگەیاندنەکانەوە بەکاربهێنرێت. ئەوە ڕاستییە گەر بڵێم ئەو ئاماژەی بە هەندێك دۆکۆمێنت و قسە و ڕاگەیاندنی سیاسەتمەداران کردووە کە دڵنیام زۆرێکمان نەمان بیستون .
مامۆستا ئەحمەد هەر لە سەر بزوتنەوەی کوردی لە کۆن و نوێدا قسە ناکات، هەر لەسەر ئەو پەیمانانەی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی و عوسمانی قسە ناکات کە سەبارەت بە ڕێکەوتنیان کە زیاتر لەسەر حسابی کورد بووە، بەڵکو قسە لەسەر زمان و کولتور و ژنانی چالاک و ئازادیخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش دەکات.
کتێبەکە پەلی بۆ زۆر لایەنی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور و کورد لە سۆڤییەت و خودی عێراق و دۆستەکانی کورد لە جیهان و دۆخی هەرێم و ناوچەکە و تا دەگاتە کارایی جەنگی غەززە و ئیسرائیل لەسەر چارەنووسی عێراق کێشاوە.
لەسەر هەموو ئەمانە مامۆستا ئەحمەد قسەی کردووە و ڕای خۆشی دەربڕیوە. لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە دەتوانیت بۆچوون و ڕوانگە و چارەسەری کێشەکانی کورد و لێکدانەوەیان لای مامۆستا ئەحمەد بزانیت.
سەرەڕای ئەوانەی کە لە سەرەوە وتم، دەتوانم بڵێم هێشتا کتێبەکەی مامۆستا ئەحمەد بی کەموکوڕی نییە، بگرە لە هەندێك ڕووەوە لەبەر ڕۆشنایی تایتڵی کتێبەکە و کەسایەتی مامۆستا ئەحمەد وەکو کەسێك کە ماوەیەك شیوعی بووە و وەکو لە لاپەرەی پێشودا ئاماژەم پێداوە بە بەردەوامیش لەسەر مافی منداڵان و گەلان و چەوساوان نوسیوێتی و بە جۆرێك لە جۆرەکانیش خەباتی بۆ کردون و تا ئەم ساتەش کەسێکی چالاک و بە ئاگایە لە بارودۆخەکە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەندێك کەموکوڕی دەبێت دەستنیشان بکرێت.
تایتڵی کتێبەکە ” بزوتنەوەی بەرگری کورد بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان” سەبارەت بە و بەرگریکردن و بەگژاچوونەوەی دەسەڵات و دەوڵەتە جیاجیاکان زۆر گرانە بۆ زۆرێکمان بە خۆشمەوە بتوانین بە بەڵگە و دۆکۆمێنتی فرە ڕەنگ و فرە زمانەوە ئەوە بسەلمێنین کە ئایە بزوتنەوەکانی کۆنی کورد کە دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەك بەرگریی بووە لە میللەت یاخود ڕاستکردنەوە و هاندانیان بووە لە لایەن دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانەوە دژ بە دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانی دیکە. بۆیە من لێرەدا من خۆم نادەم لەو لایەنە فرە ڕەهەند و ئاڵۆزەی کتێبەکە.
ئەوەی کە دەکرێت و گرنگە لێرەدا قسەی لەسەر بکرێت و تێبینی لەسەر نوسینەکەی مامۆستا ئەحمەد دابنرێت، ئەو لاپەرانەی ئەم کتێبەیە کە بۆ بزوتنەوەی کوردی ئەیلوولی 1961 تەرخانی کردوون. من دەڵێم ئەو تایتڵە رەنگە بزوتنەوەی ئەیلول و ئەم دوایەشش قەرزار بکات بۆیە دەکرێت جێی تێڕامان بێت لای زۆرێك لە خوێنەری کتێبەکەی مامۆستا ئەحمەد سەبارەت بەم بزوتنەوەیە دەکرا زۆر بە زەقی وەکو مێژوی خودی بزوتنەوەکە و هەم وەکو ئەزموونداریی خۆی و بە ئاگایی، لەسەری بنوسیایە، چونکە گەر لە سەرەتادا گەلێك لە پەیوەندی و هاوکاری بزوتنەوەکە لە لایەن دەوڵەتان و لایەنەکانەوە و چونێتی دروستبوونی شاراوە بووبێت، بەڵام ئییستا ئەوەی کە لەژێر بەرەدا بوو هەمو هاتۆتە سەر بەڕە.
بزوتنەوەی ئەیلول نەك هەر بزوتنەوەیەکی بەرگری لە میللەتی کورد نەبووە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی وێرانکاری و ڕێگر لە هەموو چەشنە پێشکەوتن و ئازادییەك بووە و هەر لە سەرەتاوە پەیوەندییەکی زۆر گەرمی لەتەك دەزگە سیخورییەکانی دەوڵەتانی دەر و دراوسێ بە ساواکی ئێرانی و موسادی ئیسرائیلی و تا دەگاتە سی ئای ئەی ئەمریکاشەوە هەبووە، لە هەندێك حاڵەتیشدا بەکارهێنراوە. دەتوانین بڵێین بزوتنەوەی کوردی، کوردی بە قڕان دا، لاو و کەسانی کامڵ و دڵسۆزی بۆ هیچ، بە کوشت دا و نیشتمانیانی بە وێرانکردن دا، بە هاوکاری بەعس کیمیابارانی هەڵەبجە و گەرمیان و سێوسێنان و شوێنەکانی دیکە و ئەنفالی بەدناوی بەسەر هێنان .
لام وایە ئەوەی بزوتنەوەی ئەیلول بە بەرگریی و بزوتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز و شۆڕش دەزانێت، ئەوە چاوپۆشیکردنە لە لایەنە خراپەکان و مێژووە ڕەشەکەی و غەدرێکی گەورەشە هەم لە کورد و هەم لە خودی مێژووش .
لایەنێکی دیکەی ئەم کتێبە کە شیاوی باسکردنە ئەوەیە کە مامۆستا ئەحمەد بە هەر هۆکارێك بێت خۆی لە زوڵم و زۆر و تیرۆر و کوشتن و بڕینی نێو بزوتنەوەکە هەر لە سەرەتایەوە تا هاتنەوەیان بۆ شار و بەڕێکردنی هەمان سیاسەت، بواردووە. مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتی مێژوویەکی ڕەشە هەر لە سەرەتایەوە (1961) تاکو ئێستا نەك هەر دەستی بەکوشتنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵات و ڕادەسستکردنەوەیان بە ڕژێمی ئەو کاتەی شا و مامەڵە و مامەڵەکاری لە سەر حسابی ئەمان و کردنی شەڕی نێوخۆ و قەسابخانەکانی کانی ماسی و پشتئاشان و شەڕی دوایشیان لەگەڵ پەکەکە و تیرۆرکردنی کەسانی نێو ڕیزەکانی خۆشیان، ئەم بزوتنەوەیە درێغی نەکردووە.
بەداخەوە مامۆستا ئەحمەد بەسەر هەموو ئەمانەدا بازی داوە، لە خاڵی ” شۆڕشی ئەیلول 1961-1975 ” واهەست دەکەم کە نوسەر لە ناکۆکیدایە لەگەڵ خۆیدا لە پێشەکی کتێبەکەدا لاپەڕە 8 دەڵێت ” مێژووی ڕاپەڕین و بزوتنەوەکانی گەلی کورد دەری خستووە کە مێژووی هیچ نەتەوەیەك بە ئەندازەی نەتەوەی کورد دووبەرەکی و بێگانە پەرستی تێدا نەبووە. وەکو سەرکردەکانی کورد لەشکری بێانی داگیرکەری وڵاتەکەیان پەلکێش کردبێ بۆناو خزاکی ولاتەکەیان شانازی بە سوپای داگیرکەری نیشتمانەکەیانەوە کردبێ بۆ لێدانی نەیارەکانی خۆیان ، ئەم خەیانەتە و بێ هەڵوێستییە لەسەرانی کورد دا ڕوویداوە ” هەر ئاوا لە لاپەرە 185یشدا لە بەشی ‘ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە ‘ دەڵێت ” مێژووی ڕابوردوی گەلی کوردستان سەلماندی کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەناوی شەرعیەتی شؤڕشگێڕی لە شاخ و شەرعیەتی دەسەڵات لە شار بەرپرسن لە هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە لە باشووری کوردستاندا ….ڕوودانی مەرگەساتی کوشندەی کیمیا باران و ئەنفال کە تەنها فاشستەکانی بغداد خولقێنەری نەبوون و وێران کردنی هەزارەها گوند و باخ و کانیاو و ڕاگواستنی سەدەها خێزان بۆ ئۆردۆگا زۆرە ملێکان و تاڵان کردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان ” پرسیار ئەوەیە کە ئایا دەکرێت بزوتنەوەیەکی ئاوا بە شۆڕش ناوببرێت یا تەنانەت بە بزوتنەوەی بەرگریش؟ کە دواتریش ئەو هەر پێداگری لە سەر ئەوە دەکات و بەناوی ‘ شوڕشی نوێوە’ ناونوسی بزونتەوە تازەکە دەکات.
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا مامۆستا ئەحمەد شتێکی وای سەبارەت بەو ” شۆڕشە” باس نەکردووە زیاتر باسی عێراق و بەیاننامە و ڕێکەوتنی 11ی ئازار دەکات. ئەمەش کەلێنیکی مێژوویی گەورەی لە کتێبەکەیدا دروست کردووە. ناکرێت ‘ مێژووی بزوتنەوەی کورد و بەرگری لە کوردستان’ بنوسیتەوە بە پەڕاندنی وردەکارییەکانی بزوتنەوەی ئەیلولی 1961 و ئاشبەتاڵی و هەستانەوەی دوای ئاشبەتاڵەکە. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا مامۆستا ئەحمەد باس لە سەرهەڵدانەوەی بزوتنەوەی کوردستان دەکات ( شۆڕشی نوێ و گوڵان و بەرەی کوردستان ) بێ ئەوەی بە وشەیەکیش باس لە ڕۆڵی ‘کۆمەلە’ بکات کە دینەمۆی دروستکردنەوەی بزوتنەوەی چەکداریی بووە و ڕۆڵی سەرەکییان بووە، قوربانییەکی ئێکجار گەورەشیان داوە، ئەوان بڕبڕەپشتی بزوتنەوەکە بوون .
لەگەڵ ئەوەشی کە مامۆستا ئەحمەد باسی ئەوانەی سەرەوەی نەکردووە و ڕەخنەی جددی لە بزوتنەوەکە نەگرتووە، بەڵام لە لاپەڕەکانی کۆتایی کتێبەکە دا، وەکو پێشتر ئاماژەم پێداوە، لە بەشێکی دیکەدا درێغی لە ڕەخنەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم نەکردووە و دەستی لێ نەپاراستوون. هاوکاتیش دەکرێت بڵێین کە مامۆستا ئەحمەد وەکو کەسێکی زۆر وریا و خاوەن ڕابوردوویەکی پاك و بە ئەزموون و پڕا و پڕ لە زانیاری چۆن دەرکی بەوە نەکردووە کە ئەمەی لە هەردوو زۆنەکەدا دەگوزەرێت و میللەتیان بێ کەرامەت و ڕووت و ڕەجاڵ کردوە، درێژەی سیاسەتی شاخیانە؟
نوسەر کە باسی ڕوخاندنی ڕژێمی صەدام و دەوری کورد دەکات، هاتنی ئەمەریکییەکان و هاپەیمانەکانی بە ڕزگارکەر دەزانێت و دەڵێت عێراقیان ئازاد کرد. کتێبەکەی نوسەر ئەوەندە تازەیە هاڵاوی لێهەڵدەسێت کە پاش 20 ساڵ نەك هەر بۆ نوسەر بەڵکو بۆ هەموو کوردێك و عێراقییەك دەرکەوت کە ئەوە داگیرکردن بوو، ئەوە وێرانکردنی عێراق بوو، ئەوە سەرهەڵدانەوەی کینە و ڕق و جەنگی نەبڕاوەی نێوانی شیعە و سوونە و دروستبوونی چەندەها گروپی تیرۆریستی بوو، کە لەم ناوەندەشدا نەك هەر کورد وەکو میللەت قازانجی نەکرد بەڵکو ئەو دەستکەوتانەشی کە لە سەردەمی صەدام دا هەیبوون هەمووی لە دەستچوو. ئەوە ساڵانێکی دوور و درێژە خەباتی جددی خەڵکی لە کوردستاندا بۆ بەشێکی کەمی ئەوانەیە، نەك هەمووشی. دیارە کە من ئەمە دەڵێم مەبەستم بەرگری لە ڕژێمی پێشوو نییە و ناڵێم ئەو ڕژێمە باش بووە، بەڵام بە بەڵگەوە دەڵێم ئەوانەی کە میللەت لە سەردەمی صەدام دا هەیان بووە لە سای حوکمی خۆماڵیدا لە دەستیان داوە، ڕاستییەکی ئاشکران.
هەر لە لاپەرەی دواتردا، لاپەڕە82 دەڵێت ” .. بەڵام ئێستا کوردەکان، لەناوخۆیاندا یەکگرتوون و لە بەغداد دەورێکی هاوسەنگی گرنگ دەگێڕن پێگەیان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیدا دیارە” من تێناگەم مامۆستا ئەحمەد بە چ بەڵگەیەك ئەوە دەڵێت چونکە ناتەبایی کورد لە نێو خۆیاندا کە جاری وا هەبووە لە لێواری شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی گەڕاوەتەوە، ئەو یەکێتییە کامەیە و کامە بووە؟ ئەوەندەی من بە مێژووی کورد شارەزا بم نەك هەر لەم سێ دەیەی دواییدا بەڵکو هیچ وەخت کورد یەککەوتوو نەبووە و شەڕی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازیی ئەوەندەی دیکە کوردی داغان کردووە و بە سەدەها هەزار کەس لەو ڕێگەیەدا بوونەتە قوربانی.
هەر لەو لاپەڕەیەدا نوسراوە ” جگە لەوەش ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیمۆکراسییەوە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە و ئەمەریکا دەیەوێت ئەو نموونەیە لە شوێنەکانی تری عێراق و تەنانەت لە هەندێ وڵاتانی ناوچەکە پەرە پێ بدات”
ئەم برگەیەی نوسەر پێویستی بە بەرپەرچدانەوە نییە، چونکە لە مێرد منداڵێکەوە تاکو خودی مامۆستا ئەحمەد ئەوە دەزانێت هەرچی پێی بڵێیت دیمۆکراسی لە کوردستاندا نە لەسەردەمی شاخ و نە لەسەردەمی شار و حوکمڕانییاندا نەبووە . پێویست ناکات ئاماژە بە قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵی و دزی و دروستبوونی مافیا و کوشتن و بڕینی ئەوانەی دەنگیان لە دژیان هەڵبڕیوە بکەم، ئەمە جگە لە هێنانی لەشکر و سیخوری ڕژێمی دەرودراوسێ بۆ ناو کوردستان. ئەمەی کە مامۆستا ئەحمەد نوسیوێتی نەك هەر لەگەڵ لاپەرەکانی کۆتایی کتێبەکەیدا نایەنەوە بەڵکو دژیشن بە یەك .
دوو لاپەڕە دوای ئەوە، واتە لاپەرەی 84 نوسەر نوسیوێتی ” کوردستانی عێراق هەرچەندە بەناو بەشێکە لە عێراق بەڵام لە کردەوەدا سەربەخۆیە هەرچەند کە پەیوەندی سیاسی و ئابووری لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی هەیە” من نازانم مامۆستا ئەحمەد چ پیوەرێك و پێناسەیەکی بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەیە؟ هەرێمێک کە لە خۆیدا دووبەش بێت، دوو هێزی پێشمەرگە، دووهێزی سیخوڕیی هەبێت، دوو هێزی دژە تیرۆری هەبێت، نەتوانێت مووچەی مووچەخۆران بدات، نەتوانێت پارێزگاری لە خاك و میللەتەکەی بکات، لە ترس و لەرزی هێڕشی داگیرکاری حکومەتی ناوەند و ئێران و تورکیا و میلیشیاکانیاندا بژی، نەتوانێت پێگەیەکی نێودەولەتی هەبێت، نەتوانێت سیاسەت و ئابوورییەکی تا ڕادەیەك سەربەخۆی هەبێت، ڕۆژانە سەدان خەڵک لە دەستی بێ کاری و گرفتەکانی دیکە بەرەو ئەوروپا مل دەنێن … دەبێت سەربەخۆییەکەی کامە بێت؟ سەیرە هەر نوسەر لە لاپەڕە 126 دەڵێت ” ئەمڕۆ پێشمەرگە بە سەرکەوتنەکانی بۆتە سومبولی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەرچەندە کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە زۆربەی وڵاتان وەك….. ”
لە لاپەڕەی 127دا لە باسی دوەری پاڵەوانانەی پێشمەرگە لە لاوازکردنی داعش دا و گرنگیدانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان، مامۆستا ئەحمەد بە بێ بەڵگە دەنوسێت ” ئەم گرنگیپێدانەی هاوپەیمانان بۆ کورد لە ئاستی تەکنیکی تێپەڕاند و کوردی کردە شەریك و هاوبەشی ڕاستەقینەی ستراتیژی بۆ بەرقەراربوونی ئارامی و ئازادی گەلانی ناوچەکە کە هاوتەریب هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵی تێدا دەبینن و دەبێتە هاوسەنگی ئەو ستراتیژە. ڕووداوەکانی ناوچەکە بەتایبەتی شەڕی دژی داعش بەڵگەی ڕاستییە لەوەی کوردستان چووەتە ناو نەخشەی سیاسی وجوگرافی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا دەبینین زۆر لە وڵاتان باس لەوە دەکەن کورد مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە لە کۆمەڵگەی نیونەتەوەییدا. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کوردستان بەرەو ئایندەیەکی ڕۆشن هەنگاو بنێت” لە کاتێکدا کە مامۆستا ئەحمەد ئەمەی نوسیوە خۆی لەوێ دەژی و خۆی بە وردی ئاگەداری بارودۆخەکەیە و ڕۆژانەش دوای هەواڵ و رووداوەکانیش دەکەوێت، دەبێت بپرسین ئەو بە چ بەڵگەیەك گەیشتۆتە ئەو سەرەنجامە؟
هەڵەی ڕێزمانی گرفتێکی دیکەی سەرەکییە لە نوسینی ئەم کتێبەدا هەر وەك لە سەراپای وتار و کتێبە کوردییەکانی دیکەدا هەیە. زۆر زەحمەتە کتێبێك بخوێنیتەوە بێ هەڵە بێت، هۆکاری ئەمەش من لە وتار و نوسینی دیکەدا پەنجەم بۆ ڕاكێشاون. لێرەد هەر ئەوەندە دەڵێم پاشاگەردانی کۆمەڵی کوردی لە کوردستانی باشووردا، پرسی زمان و ڕێزمانی کوردیشی گرتۆتەوە، ئێستا سەردەمی فێربوونی زمانی دایك نییە، سەردەمی فێربوون و بایاخدانە بە زمانە بێگانەکان.
هەڵەکانی ئەم کتێبە زۆرن کە هەندێکیان سەرەکین و هەندێکیشیان لاوەکین . بەڕای من سەرەکییەکان وەکو نوسینی وشەی ‘وڵات’ کە بە دوو واو ‘ ووڵات’ نوسراون ، وشەی ‘ داگیرکردنی’ بە ‘ داگیر کردنی’ ‘ وێڕانکردنی’ بە وێران کردنی ‘ نوسراوە ، لە چەشنی وشەی ئاوا دووبارەبوونەوە زۆرن. بێ گومان رەنگە بەشێکی هەڵەی ڕێزمانی بکەوێتە ئەستۆی چاپخانەکان چونکە زۆر جار فۆنتەکان دەگۆڕێن و دەبنە هۆی ڕوودانی ئەو هەڵانە، دەنا باوەڕ ناکەم مامۆستا ئەحمەد هەڵەی ئاوا گەورە بکات.
سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە کە وتم سەبارەت بەم کتێبە، بێ گومان هەندێك خاڵی دیکە هەن کە جێگای سەرنج و روونکردنەوەن بەڵام ئەوەی لە لای من مەبەست بوو ئەو خاڵە سەرەکیانەی سەرەوە بوو کە ڕۆشنایم خستە سەریان .
لە کۆتاییدا دەڵێم، لەگەڵ دیاریکردنی هەندێك لە کەلێنەکانی نێو ئەو کتێبە هێشتا خوێندنەوەی سوود و بایاخی تایبەتی خۆی هەیە بۆ خوێنەری جددی، بۆیە هیوادارم ئەوانەمان کە تاقەت و حەوسەڵەی خوێندنەوەمان هەیە و بە هەر مەبەست و بۆ هەر مەبەستێك بێت کاتێك بۆ خوێنینەوەی تەرخان بکەین.