ئاوارە پیرۆت: حیکمەت و چاکسازی چین.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکانی پلینیۆمی سێیەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی چین، وتەیەکی ناپۆلیۆن پۆناپارت-م بیرکەوتەوە کە گوتبووی: هێواش قسە بکەن با چین خەبەری نەبێتەوە، بەخەبەر بێت، جیهان دەلەرزێت. ئەمە گوتەیەکە لە ئاستێکی بەرکەماڵی سیاسییدا گوتراوە، گوزارشت لەوە دەکات کە ناپۆلیۆن بەباشی لە توانا کلتوریی و فەرهەنگی و مێژوویی وڵاتی چین تێگەیشتووە، وەک وڵاتێکی خاوەن شارستانییەتێکی ڕەسەن، هەمیشە پێشەنگ بووە لە پێشخستنی توانا مرۆییەکان بە پاشخانێکی حیکمەتی چەندین هەزار ساڵە، کە لە ئەمڕۆدا لە کەسایەتیی هاوڕێ “شی جینپینگ” و حیزبی شیوعی چین، خۆی پێشانی جیهان دەدات. ئەمڕۆ لەناو ئەم هەموو جەنگ و ململانێیە سەخت و دژوارەدا، لە ناو جیهانێکدا کە پڕە لە قەیران و ئاڵۆزیی، سۆسیالیزمی چینی پەیامی ئاشتی و ئارامی بۆ جیهان بڵاو دەکاتەوە و چەلەنگانە تێدەکۆشێت بۆ جیهانێک کە یەک چارەنووسی هەیە و یەک ئامانجی هەیە کە بریتییە لە ئاشتی کۆمەڵایەتیی و ئارامی بۆ هەموو کۆمەڵگاکانی جیهان، شتێکی سەیر نییە وڵاتی چین لە باروودۆخەی ئیستای جیهاندا پەیامی ئاشتی و گەشبینی بە گوێی مرۆڤایەتیدا دەدات، ئەمە زیاتر لە کلتور و مێژووەکەیدا نزیکە و ڕەنگ دەداتەوە کە بەسەدان نموونەی مێژووی لە خۆ دەگرن، “ساڵانەی بەهار و پایز” و ” سەردەمی دەوڵەتانی شەڕخواز” لە مێژووی چیندا بەناوبانگن، لەوەها دۆخێکدا کە کوشتار و ڕەشبینی، برسیەتی، یەکتر قبوڵنەکردن باڵی بەسەر سەرزەمینی چیندا کێشا بوو، حیکمەتی “تاو” و “کۆن فووشی” و سەت قوتابخانەی هزری دەرکەوتن و کۆمەڵگە و بەها ئەخلاقیەکانیان دووبارە بە مرۆڤ ئاشنا کردەوە، لە ئێستای جیهانەکەماندا، کە جەنگ، فیتنەیی، ئاڵۆزیی، قەیرانی ئابوری و سیاسیی باڵی کێشاوە بەسەرماندا، هاوڕێ “شی” بە پاشخانێکی حیکمەتی چینی هەمان ڕۆڵ دەبینێت و بە ئارامی و ئەوپەڕی داناییەوە لەسەر کلتوری حەکیمانی وڵاتی چین، چارەسەریی و پرۆژەی چارەسەریی پێشدەخات. گەڕان بەدوای حەقیقەت و ئازادیی ئەقڵەکان، ئۆقرەیی کۆمەڵایەتیی و ئاشتی هەمیشەیی بۆ جیهان، جەوهەری سۆسیالیزمن بە تایبەتمەندێتی چینی کە هەر مرۆڤێک پاڵپشتی لێدەکات و خوازیارە سەرکەوتوو بێت.
پڕۆژەی ئەم چاکسازیانە کە پەسەندکراون و بەڵێندراوە کاری بۆ بکرێت، پرۆژە و چاکسازیی زۆر گرنگ و بونیادین بۆ وڵاتی چین و بۆ جیهان بەگشتی، کە زۆر هیوادارین تیایدا سەرکەوتوو ببێت، دڵنیاشین لەوەی وڵاتی چین بە پێشەنگایەتی هاوڕێ “شی جینپینگ” هێز و توانای ئەوەیان هەیە سەرکەوتوو ببن، بۆ جیهان ئاشکرابووە کە وڵاتی چین هێزێکی سەرسامکەری لە پێشکەوتن و خۆگونجاندا هەیە، لایەنێکی گرنگ و بەهێزیشە بۆ ئارامی و ئاشتی جیهانیی، لەبەر ئەم هۆکارانەیە، کە جیهان پێویستییەتی، پێشخستن و دابینکردنی زەمینەی گونجاو بۆ بازاڕ تاکوو دەگات بە گرنگیدان بە خوێندن و زانست و پەروەردە، نەک هەر دەتوانن وڵاتی چین پێشبخەن، بەڵکوو سەرجەمی گەلانی جیهان تیایدا سوودمەند دەبن، هەروەک چۆن بەدرێژایی” ڕێگای ئاوریشمی” گەلان سوودمەند ببوون لە مێژووی کۆندا، ئێمە بە پەسەندکردنی ئەم ىڕیارانە خۆشحاڵین، هیوادارین هەموو مرۆڤێکیش خۆی بە بەرپرسیارببینێت لە ئاستی ئەم چاکسازیانەدا و بەشێک بێت لێی، تاکوو جیهان لە قەیرانە قورس و مەترسیدارەکانی ئابووری و ژینگە دەربازی ببێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت