عوسمانی حاجی مارف: داوای چەکدانانی هەسەدە.
ئیدارەی نوێی سوریا پێداگری لەسەر چەکدانانی هێزو لایەنە چەکدارەکان لە سوریا دەکات، هەر لەم بارەیەوە ئەحمەد شەرع پێنج شەمە لە 23. 1 لە بەیاننامەیەکدا بۆ میدیاکانی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە دیمەشق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بوونی چەک نادات لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا، هەروەها ڕێگە بە دابەشکردنی سوریاش نادات.
هەر لەم بارەیەوە ئەحمەد شەرع دوپاتی کردەوە کە هەسەدە تەنها لایەنە وەڵامی بانگەوازی ئیدارەی سوریای نەداوەتەوە بۆ چەکدانان، هەروەها شەرع دەڵێت کە پەکەکە و یەپەکە پرسی ڕێکخراوی داعش بەکار دەهێنن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
لەهەمان کاتدا بەرپرسێکی باڵای هەسەدە ڕایگەیاندوە کە ئامادەنین هێزەکانیان هەڵبوەشێننەوە و چەک ڕادەستی حکومەتی دیمەشق بکەن. بەڵام دەتوانین بەشێک بین لە سوپای داهاتووی سوریا، بە مەرجێک حکومەتی ناوەندی نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و گروپەکان بکات!.
لەڕاستیدا ئەم سەوداو مامەڵەیەی هەیئەی تەحریری شام دەیکات، ئاماجی سەرەکیان ڕۆشنە بەدوای چیەوەن، دەیانەوێت چۆن و کام جۆر لە دەسەڵاتی سیاسی لە سوریا یەکلایی کەنەوە، ئەو هەنگاوانەش ئێستا دەیانەوێت پیادەی بکەن، ئاشکرایە سەپاندنی باڵادەستی دەسەڵاتی یەکلایەنەی هەیئەی تەحریری شامە بەسەر تەواوی سوریادا، کە لە ڕێگەی هێزە میلیشیاکانی خۆیانەوە بەرجەستەی دەکەنەوە.
هەیئەی تەحریر لەلایەک بە ووردی خەریکی دامەزراندنی حکومەتی سوریایە بە جۆرو شێوازێک کە دەبێتە بەهێزکردنی پێگە و نفوزی سیاسی هێزەکەیان، کە خەریکن دەستوری ئیسلامی دەکەنە بنەمای پێکهێنانی “دەوڵەتێکی نوێ” لە سوریادا و لەسەر بنەمای شەریعەی ئیسلامی کۆمەڵگە بەڕێوە ببەن. هەر لەو ئاراستەیەوە لە هەوڵی ئەوەدان هێزو لایەنەکانی تر لە سوریا تەریک کەنەوە بەناوی پاراستنی یەکگرتویی سوریا.
ئەوەی جێگای سەرنجی جدیە لە بەرامبەر بانگەوازی هەیئەی تەحریر بۆ چەکدانانی هەسەدەو هەر لایەنێکی تر و بە دەوڵەتکردنی هێزی سەربازی، هیچ گومانی تیا نیە کە ئەم جۆرە لە بانگەوازیان ئاشکرایە، یەکەم دەیانەوێت هیچ هێزێکی چەکداری لە بەرامبەرایاندا نەمێنێت، بەم شێوەیە نەکەونە بەرامبەر شەڕی چەکداریەوە. دووەم ئەو هێزە سەربازیەی دەیانەوێت فەرمی کەنەوە و حکومی بێت، ئەوە، هێزە میلیشیاکەی هەیئەی تەحریرە کە دەیانەوێت شەریعەی ئیسلامی پێ بسەپێنن، نایانەوێت هیچ هێزێکی تری جەکدار لە بەرامبەریاندا هەبێت، کە رەتی پەیڕەوکردنی شەریعەی ئیسلامی کاتەوەو بەر بەدەسەڵاتی یەکلایەنەیان بگرێت، هەڵبەتە لەوبارەیەوە ئاسۆی شارستنی بونی هەسەدە ڕۆشنە، بەتایبەتی دەربارەی یەکسانی ژنان و پیاوان کە پێچەوانەی شەریعەی ئیسلامیە.
هەروەها لەلایەکی ترەوە ئەم بانگەوازەی هەیئەی تەحریر هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڕەشەو هێرشانەی حکومەتی تورکیا دەیکات بۆ سەر هەسەدە و لە هەوڵی کۆتایی هێنانیانە، تورکیاش بەدوای جێگیرکردنی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوەیە بۆ دڵنیابون لە پاراستنی دەخالەتی بەردەوام لە سوریا و لە ناوچەکەدا، وە بۆ ئەم ئامانجەیان، مانەوەی هەسەدە بەقازانجیان نیە.
ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەدۆخی سوریا پێشهاتووە بەدوای داگیرکاریەکانی ئیسرائیل و پاشەکشە بەدەوری ئێران، وێنایەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا پێکهێناوە، کە لە بەردەم ئاڵۆزی و ئایندەیەکی نادیاردا وەستاوە، هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکەدا دەورانێکی تازەی بەخۆوە دیوە، کەهاوسەنگی هێزەکان مانایەکی تر لە پێگەو دەوری هەڵسورانی سیاسیاندا بۆ هاتۆتە پێشەوە.
هەیئەی تەحریر بەدوای چونە ناو دیمەشق و ڕوخانی ئەسەد لە پرۆسەی پێکهێنانەوەی دەسەڵاتەوەیە، هەر لەو ئاراستەیەوە هەنگاوەکانی بۆ پەیگیریکردنی دەسەڵاتی یەکلایەنەیە، تا بە بەرژەوەندی ئەحمەد شەرع تەواو ببێت، هەروەها لایەنەکانی تر کێش دەکەن بۆ ژێر ڕکێفی ئەو سیاسەت و ئامانجانەی دەسەڵاتی سیاسی هەیئەی تەحریر بەرجەستە دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا ئەو دۆخەی بۆ هەسەدە هاتۆتە پێشەوە، لەنێو کێشمەکێش و گەمەی سیاسی و دەخالەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و تورکیا و دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعدا دەرگیر بووە، لە چاوەڕوانی پشتیوانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادایە تا لەو قەیرانە دەریانکێشن، واتە چارەنوسی خۆی داوتە دەست ئایندەی ململانێ و دەخالەتی ئەو ووڵاتانەی چۆن پارێزگاری لەبەرژەوەندیەکانیان دەکەن و دۆخەکە بەرەو کوێ دەبەن، ئەم ئاراستەیەش لە درێژماوەدا ناتوانێ جێگای متمانەی پاراستنی ئیدارەی خۆجێیی لایەنە کوردیەکان بێت.
بەجیا لەوە هەر ئاڵوگۆڕێک و پێشهاتێکی تر لەناوچەکەدا دێتە پێشەوە، گرنگترین هەنگاو و هەڵوێستێک کە هەسەدە لەم دەورەیەدا پێویستە پەیگیری لەسەر بکات، یەکەم بەهیچ جۆرێک لە سایەی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعدا نەچێتە ژێر باری ئەوەی هێزە چەکدارەکانی هەڵوەشێنێتەوە یان بیکات بە بەشێک لە هێزی سوپای حکومی، بەناوی ئەوەی دەبێتە هۆی سوریایەکی یەکگرتوو!. دووەم پەیگیری کردنە لەسەر ئەو ڕێبازە سوکولار و شارستانیەی پەیڕەویان کردوە، تا ئەو ئاستەی بیکەنە فشار لەسەر حکومەتی ئێستای سوریا کە بەدوای چەسپاندنی شەریعەی ئیسلامیەوەن، لەهەمان کاتدا ئایندەی سیاسی خۆیان گرێ نەدەنەوە بە سیاسەتەکان و بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە.
ئەوەی لە هەمانکاتدا پێویستە جەختی لەسەر کەینەوە پرسی ئەو داعشانەیە کە زیندانین، حکومەتی تورکیا و حکومەتی ئێستای سوریا داوادەکەن مەزلوم عەبدی تەسلیمیان بکات، ئەم داوایەش مەترسیەکەی لەوەدایە کە گومانی تیانیە دواتر ئەو زیندانیانە دەکەنە بەشێک لەو هێزی سوپایەی ئەحمەد شەرع ناوی ناوە سوپای فەرمی و نیشتمانی.
- Latest Posts by عوسمان حاجی مارف
عوسمانی حاجی مارف: کۆبونەوەی عەبدی و بارزانی.
-عوسمانی حاجی مارف: پلانی ئیسرائیل لە سوریا.
-عوسمانی حاجی مارف: ئەگەری هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی!
- All Posts