نەوزادی موھەندیس: دیدێکی باشوورییانە، ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریای نوێدا بەرەو کوێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ڕۆژئاوای کوردستان یان بەتەنھا (ڕۆژئاڤا) لە ئێستادا بۆتە سیمبولێکی دیار و ناسراوی قوربانیدان و بەرخۆدان و مقاوەتکارێکی سەرسەخت لەناوچەکە و لە جیھانیشدا و ھەموان بە سەرۆک و سەرکردە و شەقامی ئەو وڵاتانە پێیان سەرسامن و ھەموان داوای پشتیوانی و پشتگیریان بۆدەکەن بۆ مانەوە و بەردەوامبونیان وەک ناوچە یان ھەرێمێکی خودموختاری یان فیدڕاڵی لەناو سوریای نوێدا.تەنھا لەبەرئەوەی شەرڤانانی کچ و کوڕ و لەگەڵیشیاندا پیاو و ژن ھەموان پێکەوە ماوەی ١٤ ساڵە قوربانی و خەبات و مقاوەمەتی سەرسەختانە دەکەن لەلایەک دژی ڕژێمی بەعسی ئەسەدی ڕووخاو و لەلایەکی تریش دژی داعش و ھەموو گروپە چەکدارە توندڕەوەکان و چەتەکانی سەر بەتورکیا و زیاد لە 10 ھەزار قوربانی و برینداریان بەخشیوە.ھەربۆیە بونەتە سیمبولی ئازادی و بەرەنگاری لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە و جیھانیشدا.
لە ئێستادا و لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەعسی ئەسەدی لە 8 کانونی یەکەمی 2024دا و ھاتنە سەر دەسەڵاتی سوریا لەلایەن دەستەی تەحریری شام بەسەرۆکایەتی محەمەد جۆلانی و دامەزراندنی حکومەتێک دوور لە شەرعیەتی جەماوەری و ھەڵبژاردن و دیموکراتی و بەبێ بەشداری پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیەکانی تر و بەتایبەتیش کورد و ناوچەی ڕۆژھەڵات و باکوری سوریا، کە بونەتە مایەی نیگەرانی و دوودڵی لای کورد و پێکھاتەکانیش ھەربۆیە ئەو پرسانە ھاتونەتە ئاراوە کە:
ئایا دەبێت ڕۆژئاوای کوردستان لەناوخۆی خۆیدا چی بکات؟ئەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دەبێت چۆن بێت؟دواتریش ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دیمەشق و جیھاندا پەیوەندیەکانی بە چ ئاڕاستەیەک بێت؟ و دەیان پرسیاری تریش.
بەمەبەستی مانەوە و بەھێزبوون و درێژەدان بەو ئەزموونە سەرکەوتوە لە ئیدارە و خۆبەڕێوەبەریدا بۆماوەی زیاد لە 11ساڵە لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و باکوری سوریادا کە پێکھاتەی دانیشتوانەکەی تێکەڵەیەکە لە کورد و عەرەب و تورکومان و ئێزیدی و سریان و ئاشوری و ئەرمەن و… ھتد. پێویستە،حوکمڕانیەکی دامەزراو لەسەر بنەماکانی دیموکراتیکی ڕاستەقینە و ئازادیەکان و دادپەروەری و یەکسانی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و سەروەربوونی یاسا بەردەوامی ھەبێت کە ھەموان بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئاین و مەزھەب ھەست بە شکۆ و کەرامەت و ھاوڵاتیبوونی خۆیان بکەن،بەھەمان شێوە پێویستە دژایەتی دیاردە قێزەونەکانی گەندەڵی و قۆرخکاری دەسەڵات و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و ناوچەگەری دەمارگیر بکەن و ڕێگەنەدەن سەروەت و سامانی وڵات بە ھەدەر بڕوات و دزین و تاڵانی ڕووبدات و زۆرینە بێبەش و کەمینەیەکی دەستڕۆیشتوش دەوڵەمەندبن،گرنگە کە پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی لەنێوان ھەموو پێکھاتەکاندا چێبکرێت و بەکردارەکیش ھەموان ھەستی پێبکەن و ھەموانیش ئینتیمایان بۆ خاک و کۆمەڵگا و حوکمڕانیەکەیان ھەبێت و متمانەی پێبکەن کە ئاسایش و ئارامیان دەپارێزێت و ژیان و گوزەرانیشیان بۆ دابین دەکات و ئەوانیش لەکاتی تەنگانەدا پشتیوان و بەرگریکاری سەرسەختی دەسەڵاتەکەیان بن.خۆشبەختانەش ڕۆژئاوا لەھەردوو ڕووی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە خاوەن کەرەسە خاوەکانی نەوت و غازی سروشتی و دەشتی بەپیت وبرنج وگەنم و جۆ و لۆکە و ئاوی شیرینیشی ھەیە،کەئەم دوو کۆڵەکەیە وەک چەکێکی ئابوری و پایەیەکی گرنگی دەوڵەت و حوکمڕانیەکی سەرکەوتوە بۆیە گرنگە بیپارێزن و گەشەشی پێبدەن.
تایبەت بە پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاواش نەک پێویستە بەڵکو ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوایەتی و کوردایەتیە کە بەبەردەوامی پەیوەندیە ھەمەجۆرەکانی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و سەربازی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی ھەبێت و ھەمیشە سنورەکان و دەروازەکان کراوەبن و ھاوکاری و پشتیوانی بەردەوامی یەکتر بن لە خۆشی و ناخۆشی و تەنگانەکاندا،گرنگە کە ڕۆژئاوا نەکەوێتە ژێر کاریگەری و ھەژموونی ھیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا کە ھەمیشە دوژمنایەتی خۆی نەشاردۆتەوە بۆ کورد و کوردستان لەھەر چوارپارچەکەی کوردستاندا. ھەروەھا گرنگە کە ڕاوێژوپرس بە براکانی خۆی بکات بە مەبەستی نەکەوتنە ھەڵە و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییان بەڵام ھیچ سەرکردە و لایەنێک نەکەنە دەمڕاست و ڕیش سپی خۆیان، چونکە خۆیان باشتر لە دۆخی ڕۆژئاوا شارەزا و تێدەگەن.
تایبەت بە پەیوەندیەکانی ڕۆژئاواش بە دیمەشقی پایتەختی سوریا و جیھانیشەوە،گرنگە کە بەڕێوەبەری خۆسەری و سەرکردایەتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ((ھەسەدە)) بە ڕابەرایەتی جەنڕاڵ مەزڵوم عەبدی پەیوەندی بەردەوام و دەرگای گفتوگۆ و دیبلۆماسی لەگەڵ دیمەشقدا دانەخەن و ھەمیشە ئامادەگی سیاسی و ئابوری و ئەمنیان لە دیمەشقدا ھەبێت و لە نوسینەوەی دەستوری نوێی سوریادا ھاوبەشی کارا بکەن و بتوانن دەستورێکی مەدەنی و گونجاو بۆ کۆمەڵگای سوریای نوێ بنوسنەوە و مافەکانی کوردیش و پێکھاتەکانی تریشی تیادا بچەسپێنن و بتوانن شێوازی حوکمڕانی سوریای نوێ لەسەر بنەمای فیدڕاڵی بچەسپێنن وەک مۆدیلێکی گونجاو و پەسەندکراوی ناوچەکە و جیھانیش بۆ ئایندە و لەو سیستەمەشدا کورد یان ناوچەی ڕۆژھەڵات و باکوری سوریا جێگە و پێگەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی خۆی بپارێزێت و بەھیچ شێوەیەک دەستھەڵنەگرێت لە چەک و ھێزە سەربازیەکەی خۆی چونکە ھێشتاش نازانرێت ئاڕاستەی ڕووداو و پێشھاتەکان و نیاز و مەرامی ئەم گروپە چەکدارە توندڕەوانە بە چ ئاڕاستەیەک دەچن و ھیچ زەمانتێکیش نیە بۆ چەکدادانان و تەسلیمبونیان.
لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیش گرنگە کە ھەسەدە پەیوەندی توندتۆڵی ھەبێت لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری ئەو وڵاتانەداو بەتایبەتیش ئەمریکا و ئەوروپیەکان، چونکە پشتیوانیەکانی ئەوان و بەردەوامیان گرنگە و زامنی مانەوە و بەھێزبونی ڕۆژئاوایە.
بەم شێوەیە دەکرێت کە ئەزموونی حوکمڕانی و خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوا گەورەتر و بەھێزتر و گەشاوە تربێت و ھەروەک 14 ساڵی ڕابووردوو کە زۆر بەباشی و دوردبینی و ژیرانەوە مامەڵەیان لەگەڵ ھەمواندا کردوە و سەرکەوتوش بوون و گەرەکە ئاوھاش بۆ ئایندە بەردەوامبن و بتوانن ئایندەیەکی ڕۆشنتر و گەشاوەتر بۆخۆیان مسۆگەر بکەن و ببنە نمونە جوانەکەی دیموکراتی و پێکەوە ژیان وئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئارامی لە سوریای نوێدا و ھەموو کوردیش شانازیان پێوەبکات.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی